د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، دوای کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە ناوپۆل، وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە بە ھاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی دەکەن، بە پێی بەدواداچونەکانیش پابەندبوون بە رێنماییەکان لە ئاستێکی باشدایە.
راشیگەیاند، ھەرچەندە ھەڵسەنگاندنی ئامارەکانی بەرزبونەوەی کۆرۆنا یاخود نزمبونەوەی رێژەکەی پێویستییان بە دوو ھەفتە ھەیە، بەڵام تا ئێستا پابەندبوونەکان لە ناوەندەکانی خوێندن لە ئاستێکی باشدایە و کاریگەری خراپی دروست نەکردوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێم لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢١ بە مەرجی پابەند بوون بە رێنماییەکان دەرگای خوێندنگەکان کرانەوە و پرۆسەی خوێندن لە ناوپۆل سێ رۆژ لە ھەفتەیەکدا دەستیپێکردەوە.
سەرکۆ ئازاد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی بەدواداچونەکانیان وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی بودجە، پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١یان تەواوکردوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ھەموو ئامادەکارییەکی کردوە بۆ گەیشتنی پرۆژەیاساکە، بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند نەکراوە.
وتیشی، یەکێک لە ھۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران، نەناردنی پشکی ھەرێمە لەلایەن بەغدادەوە، پرسی کورتھێنان و پلەبەرزکردنەوە و پرسی لێبڕینی مووچەش ھۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەیە.
راشیگەیاند، ھیچ بیانویەک نەماوە بۆ نەناردنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئێستاش چاوەڕوانی ناردنی پرۆژەکە دەکەن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
لیوا (تەحسین خەفاجی) وتەبێژی ژوری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد، رایگەیاند، ناوەندەکانی ھەماھەنگی ئەمنی ھاوبەش لە خانەقین و کەرکوک و مەخمور و خۆرئاوای نەینەوا کارەکانیان دەستپێکرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی ھەڵمەتی ئەمنی و گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگریی.
وتیشی، ناوەندەکانی ھەماھەنگی لەلایەن سوپاوە بەڕێوە دەبرێن و ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی تێدا دەبێت و ئەرکیان ھەماھەنگی و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە.
ھەروەھا (لیوا یەحیا رەسوڵ) وتەبێژی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند: ناوەندە ئەمنییە ھاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە، لەلایەن (مستەفا کازمی) سەرپەرشتی دەکرێت، وتیشی، داعش تەنھا شانەی نوستوی ھەیە، ئەرکی سەرەکی ھێزە ئەمنیەکان و پێشمەرگەش، لەناوبردنی پاشماوەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیەیە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا دەربارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی چاکسازی و یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و جەختکرایەوە لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕووبەرووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان.
ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ پەیامە ڕاشکاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی خاتوو جینین ھێنیس پلاسخارت کە لە پێناو گەشەکردنی دیموکراسی و ھەرێمی کوردستانێکی بەھێز و ھێنانەکایەی سەقامگیریی سیاسی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر قەوارەی ھەرێم، بە پەرۆشەوە دەستی خستە سەر کێشەکان و داوای نەھێشتنی ناکۆکییە سیاسییەکان و یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکانی کرد.
ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی جەختیشیکردەوە کە ئەوەی خاتوو پلاسخارت داوای دەکات ھەمان داواکاریی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبونی ھەردوولا بە ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوانیان دووپاتکرایەوە.
ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی خواستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی چاکسازیی ھێزەکانی پێشمەرگە بە ڕەچاوکردنی بنەمای ھاوسەنگی و دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی حزبی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
لە دیدارەکەدا ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر کارکردنی ھەموو لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە وادەی خۆیدا لە ژێر چاودێری کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پڕۆسەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ببێتە نموونەیەک بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی لە وڵاتدا و داھاتویەکی باشتر و خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتییان لێبکەوێتەوە.
لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ھەرێم و عێراق، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق کرا.
ھەردوولا ھاوڕابوون لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی گرژی و ناکۆکییەکان و رەخساندنی زەمینەی دیالۆگی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندی ھاوبەش کە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.
بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی و خواستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی حکومڕانی لە ھەرێم و یەکخستنی ھێز و تواناکان دووپاتکردەوە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەو ھەنگاوەشی گەڕاندەوە بۆ دروستکردنەوەی متمانە و ھاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینە لە بڕیاردان و ئیدارەدان و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ھەرێم کە ئەمە خواستی ئەمڕۆی کۆمەڵانی خەڵکە.
ھەر لە دیدارەکەدا پرسی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکھاتەکان گفتوگۆی لەبارەوەکرا و ھاوسەرۆک روونیکردەوە یەکێتی لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و پاراستنی بنەماکانی ئازادی و کەلتووری یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە.
ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو کە ھەردوولا جەختیانکردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە دووربێت لە دەستێوەردان و لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆڵی چاودێر ببینێت.
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژانە نزیکەی ٦٠٠ کەس بە مەبەستی پشکنین سەردانی نەخۆشخانەی ھیوا دەکەن و لە ماوەی مانگی رابردوودا ٢١٣ حاڵەتی نوێی توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە.
وتیشی، ئەو ٢١٣ نەخۆشە دانیشتووی قەزا و ناحیە و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی مانگی ڕابروودا ٤٨٧ حاڵەتی نا شێرپەنجەیی تۆمار کراون کە کەمی خوێن و ڤیتامین و نەخۆشی تریان ھەبووە.
عەمید دیار ئیبراھیم بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندا، دوای ئاگر کەوتنەوە لە بەشی سەرەوەی مۆتیل ناسا لە سەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود لە سلێمانی تیمەکانیان توانیوێتی لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن.
لەبارەی ھۆکاری ئاگر کەوتنەوەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە تائێستا نەزانراوە و تیمەکانیان لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستپێکردووە تا ھۆکارەی بزانن.
وتیشی، رووداوەکە ھیچ زیانێکی گیان نەبووە و تەنھا زیانی مادی بەر مۆتیلەکە کەوتووە.