نرخی نەوتی برێنت رۆژی پێنجشەممە دابەزی و ھەر بەرمیلێک بە ٦٧ دۆلار و ١٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ھەروەھا نەوتی تەکساسی ئەمریکاش بە ٦٤ دۆلار و ٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی نرخی نەوت لە کاتێکدایە کە بازرگانانی نەوت بە تووندی نیگەرانی تەشەنەکردنی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری دێلتان، بووەتە ھۆکاری ئەوەی وڵاتانی جیھان رێوشوێنەکانی ھاتووچۆ دووبارە تووند بکەن و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی خواست بۆ نەوتی خاو داناوە.
بەرزبوونەوەی قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکاش یەکێکی دیکە لەو ھۆکارانە بووە کە نرخی نەوتی لە رۆژی پێجشەممە دابەزاندووە و کارگێڕیی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا ھەفتەی رابردوو ٦٩٦ ھەزار بەرمیل زیادیکردووە .
رێکخراوی ئۆپیک ئاشکرایکردوە، قەبارەی بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٨٥ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بەراورد بەھەمان مانگی ساڵی رابردوو لەسەدا ٢٨ زیادیکردووە.
رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت کە بە ئۆپیک ناسراوە، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماری بەرھەمھێنانی نەوتی ئێرانی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا ھاتووە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و ٢١٤ ھەزار بەرمیلی بەرھەمھێناوە، ھەروەھا توانیویەتی لە چارەکی دووەمدا بۆ دوو ملیۆن و ٤٤٣ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکاتەوە.
ئامارەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەھۆی سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ھەناردەی نەوتی ئێران دابەزیووە، بەڵام توانیویەتی قۆناغ بەقۆناغ قەرەبووی ئەو دابەزینە بکات و ئاستی ھەناردەکردنی بەرز بکاتەوە.
پێشتریش بێژەن زەنگەن وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندبوو، ھەرچەندە بەھۆی گەمارۆ توندەکانی ئەمریکا و کەرتی پیشەسازی نەوت زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام بەردەوام بووە لە کارەکانی و پارێزگاری لە ئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت کردووە.
بە کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دەلتا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان و گرتنەوەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوت بە رێژەی ١٪ دابەزی و ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٦٩ دۆلار و ٤٨ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، نرخی نەوتی ئەمریکیش بە رێژەی لە سەدا ١٦.١٪ دابەزیوە و ھەر بەمیلێک بە ٦٧ دۆلار و ٨٣ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بە وتەی چاودێران، زیادبونی ئامارەکانی کۆرۆنا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بەگشتی و لە چین بە تایبەتی کە خاوەنی دوەم گەورەترین ئابوری جیھانە، ھۆکارە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا.
لە ماوەی ڕابردوودا نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، لە ھەفتەی ڕابردوودا ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ٨٢ ھەزار بەرمیل بووە، ئەمە لە کاتێکدا ھەفتەیەک پێشتر ئەم بڕە ١٤٥ ھەزار بەرمیل بووە، بەو پێیەش ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ٦٣ ھەزار بەرمیل کەمیکردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمریکا لە ھەفتەی ڕابردوودا پێنج ملیۆن و ٥٨٨ ھەزار بەرمیل نەوتی لە دەرەوەوە ھاوردە کردووە و زۆرترینی لە کەنەداوەوە بووە کە سێ ملیۆن و ٢٢٨ ھەزار بەرمیل بووە.
کۆمپانیای ھواوی کە لە ساڵی ٢٠١٩وە لە لیستی ڕەشی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندایە، ڕایگەیاند ٤٩ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار داھاتیان ھەبووە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ و قەبارەی داھاتەکانی کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ٣٠٪ دابەزیوە.
"ئێریک شۆ" بەڕێوەبەرێکی گەورەی کۆمپانیای ھواوی کە بە سەرۆکی کاتی کۆمپانیاکە ھەژمار دەکرێت ڕایگەیاندووە کە پلانی پێنج ساڵی داھاتووی کۆمپانیاکەیانی داناوە و ئامانجیانە بەرگەی ھەلومەرجی تووند بگرن و زیندوو بمێننەوە.
لە ٢٠١٩دا بەھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە بواری بازرگانیدا، ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، کۆمپانیای ھواوی خستە ژێر تووندترین گوشار و ئەوەش زیانی گەورەی لەو کۆمپانیایە داوە.
تورکیا یەکێکە لەوڵاتە گەشتیارییەکانی جیھان و ساڵانە نزیکەی ٣٥ ملیار دۆلار داھاتی لە کەرتی گەشتیاری دەستکەوێت، بەڵام ساڵی رابردوو بەھۆی کۆرۆناوە داھاتی ئەو کەرتە بۆ ١٢ ملیار دۆلار دابەزی ، ئەمساڵیش سووتانی دارستانەکانی ھێندەی تر کەرتی گەشتیاری تورکیای دووچاری قەیران کردەوە و لەم وەرزی گەشتیاریەدا دووبارە دەرگای لەسەر گەشتیاران داخستەوە.
بەکر باکدەمیرلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاماژەی بە زیانەکانی سووتانی دارستانەکان داوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٤٢ ناوچەی نیشتەجێبون و گەشتیاری گرتووەتەوە و بە تەواوەتی چۆڵکراون و زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی ئەو ناوچانە گەیاندووە و کەرتی گەشتیاری بەتەواوەتی وەستاوە.
بەوتەی شارەزایانیش، زیانی ئەو ئاگرە لەزیانەکانی کۆرۆنا زۆر زیاترەو ئەو کەرتەی ڕووبەڕووی ھەرەسھێنان کردووەتەوە و سووتانی دارستانەکان ٥٠ بۆ ٧٥ ساڵ کەرتی گەشتوگوزار دەباتەوە دواوە.
خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا کە نرخی نەوت گەیشتووەتە نزیکەی ٧٥ دۆلار، دەبێت کورتھێنانە ٢٨ ترلیۆن دینارییەکەی بودجەی ئەمساڵی پێ پڕبکرێتەوە.
وتیشی، ئەگەر نرخی نەوت بگاتە ١٢٠ دۆلاریش نابێت ھەڵەی حکومەتەکانی پێشوو دووبارە بکرێتەوە و دەبێت ئەو پارەیە خەرج نەکرێت و پێویستە ھەڵبگیرێت بۆ دوو ساڵی تر کە ڕەنگە تەنگەژەی ئابووری ڕوو لە عێراق بکاتەوە.
بەتال باسی لەوەشکردووە، نابێت بوترێت بۆچی نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پارەکەی دیار نییە، چونکە پارەی نەوت دوو مانگ دواتر بە دەستی عێراق دەگات، بۆیە کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە دوای دوو مانگ ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.