سەعید بەرخوری سەرۆکی رێکخراوی جیھادی کشتوکاڵی لە باشوری کرمان رایگەیاند، سەردانی وەفدە بازرگانییەکەی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئێران، بە مەبەستی پتەوکردنی ھاریکاری کشتوکاڵی و رێککەوتن بوە لەو بوارەدا.
وتیشی لەبارەی باجی گومرگی لە سەر کاڵاکان گفتوگۆیان کردوە، ئەو کاربەدەستە ئێرانییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، کە ساڵانە لە باشووری کرمان ٥ ملیۆن تۆن بەرھەمی کشتوکاڵی کۆ دەکرێتەوە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی توێژینەوەی ئابووری بلومبێرگ سەبارەت بە بەرزترین رێژەی ھەڵاوسان لە جیھاندا لەسەر بنەمای ساڵانە حەوت وڵات زۆرترین رێژەی ھەڵاوسانیان ھەیە، ئەوانیش ڤەنزوێلا و زیمبابۆی و لوبنان و سۆرینام و ئێران و ئەرجەنتینە.
ڕێژەی ھەڵاوسانی ڤەنزوێلا نزیک بووەتەوە لە ٣٠٠٠ % و چەند ساڵێکە لە پلەی یەکەمدایە و پاشان سۆدان بە پلەی دووەم دێت بە رێژەی ٣٦٣ % و لوبنان و ئێرانیش بۆ ئەمساڵ لە ریزبەندی چوارەم و شەشەمدا ھاتوون بە رێژەی ١٥٠ % و ٥٥ % . .
کۆمپانیای شامارانی کەنەدیش لەلای خۆیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات چاوەڕێ دەکرێت بەرھەمی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ٢٠٢١دا لە ١١ ھەزار و ٩٠ بەرمیلی ڕۆژانەوە دوو ھێندە زیاد بکات، ئەویش دوای فراوانکردنی کێڵگەی سوارەتووکە لە بلۆکی سەرسەنگ لە ناوەراستی ساڵی داھاتوودا.
کێڵگەی سەرسەنگ ٦٢٪ی لەلایەن کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن HKN)ی ئەمریکی و ١٨٪ی لەلایەن (شاماران)ی کەنەدییەوە خاوەنداری دەکرێت و ٢٠٪ی دیکەشی پشکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
ئەم کێڵگەیە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ تێکڕای بەرھەمی ٢٧ ھەزار و ٨٩٢ بەرمیل نەوت و بووە، و چاوەڕێ دەکرێت تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرھەمی ڕۆژانەی بگاتە ٥٠ ھەزار بەرمیل.
ڕۆژی سێشەمە بە ئامادەبوونی ٢٧ وەزیری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، ڕێککەوتن لەسەر ١٢ دۆسیەی تایبەت بە باشکردنی ڕەوشی دارایی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
لەو بارەیەوە (پاولۆ جینتیلۆنی) کۆمیسیاری کاروباری ئابووری و دارایی لە یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، پەسەند کردنی ئەو پلانە دەبێتە ھۆی بەھێز کردنی متمانە بە بازاڕەکان و دەستپێکردنەوەی وەبەرھێنان، بۆ ئەو مەبەستەش باشکردنی سندوقی یەکێتی ئەوروپا لە دوای پەتای کۆڤید-١٩ باشترین ڕێگەچارەیە و لە ئێستادا ئەو سندوقە پێوستی بە (٨٨٧ ملیار) دۆلار ھەیە، کە ئەو کات وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە دەتوانن داوای قەرز و ھاوکاری بکەن بۆ بەرنامەی گەشەی ئابووری وڵاتەکانیان.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ڕایگەیاند، بەھۆی پابەندنەبوونی ھەرێم بەڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەسەوە، قەرەبووەکانی سەر عێراق کەڵەکە بووە.
عەلی نزار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی باسی لەوەکرد، بەھۆی پابەندنەبوونی ھەرێمی کوردستان بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، دەبێت عێراق مانگانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئاستی ھەناردەی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە.
باسی لەوەشکرد، پەرلەمانی عێراق شەرعیەتی بە ھەرێمی کوردستان داوە پابەند نەبێت بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە.
ناوبراو وتیشی، لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسدا، پشکی عێراق لە وەبەرھێنانی نەوتدا بڕی سێ ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
بەپێی پشکی ئۆپێک پڵەس، ئاستی ھەناردەی نەوتی عێراق لە دوو ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار بەرمیلەوە دەبێت بە سێ ملیۆن بەرمیل.
نرخی نەوتی خاو بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ ٧٦ دۆلار و ٢٧ سەنت بەرزبووە، نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٧٥ و ٣٤ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و
نرخی نەوتی خاوی برێنت لەبازاڕەکانی جیھاندا بە رێژەی زیاتر لە ٢% بەرزبووەتەوە، نرخی نەوتی ئەمریکیش زیاتر لە ٣% بەرزبووەوە .
نرخی نەوتی برێنت دوای درێژکردنەوەی کۆبوونەوەی ئۆپێک بەرزبووەوە بۆ سەرووی ٧٦ دۆلار، بەڵام بەھۆی تەشەنەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامانی ئۆپێک، بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە رۆژی ھەینیەوە وەستاوە و چاوەڕوانی گۆڕانکاری و دەرئەنجامەکانی کۆبووەنەی داھاتووی ئۆپیکە لەم ھەفتەیەدا .
دوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی، بەرھەمھێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوە نەیانتوانی بگەنە ھیچ ئەنجامێک سەبارەت بە چۆنێتیی زیادیکردنی ئاستی خستنەڕووی نەوت .
ئەو وڵاتانە بڕیاریاندا رۆژی دووشەممە درێژە بە کۆبوونەوەکەیان بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک کە ھەر ٢٤ وڵاتە ئەندامەکەی ناو ھاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس پێی رازی بن.
ھەموو ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ھاوڕان لەگەڵ درێژکردنەوەی رێککەوتنی پێشووی نێوانیان بۆ ساڵی داھاتوو سەبارەت بە خستنەڕووی نەوتی زیاتر، ئەوەش بەو پێیەی کە خواست لە بازاڕی نەوتدا زیادبووە، جگە لە ئیمارات کە خوازیارە گۆڕانکاری لە پشکی ئەو وڵاتە بکرێت و بە مەرج رازییە بە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی نێوانیان.
ھەموو ئەندامانی ئۆپێک سەرەتا رازیبوون بە زیادکردنی رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داھاتوو بەڵام ئیمارات نارازییە لەو پلانەوە و دەڵێت، دەبێت رێگەی پێبدرێت کە نەوتی زیاتر بخاتەڕوو .
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازارەکانی جیھان گەیشتە ٧٥ دۆلار و ٨٣ سەنت.
ھەروەھا نرخی بەرمیلێک نەوتی خۆرئاوای تەکساس گەیشتە ٧٥ دۆلار و ٢٨ سەنت.
ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی نەوت لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بەرزترین ئاستی تۆمار کرد.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ھەرچەندە دەبوو رۆژی پێنج شەممە ئەندامانی ئۆپیک پڵەس کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە و کۆبوونەوەی داھاتووشیان لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاند، ئەندامانی ئۆپیک پڵەس گفتوگۆ لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت دەکەن.
دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئۆپیک پڵەس بۆ ئەمڕۆ، کاریگەری لەسەر نرخی نەوت ھەبوو.
لە ڕێنماییەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە، بەرێوەبەرایەتی باجی لێبڕینی ڕاستەوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان، بەرپرسیاریەتی وەرگرتنی باجی فرۆشراوەکان بە ڕێژەی ١٠٪ دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئەو شوێنە گەشتیاریانەی لە چوار ئەستێرە بەرەو سەرترن.
ھەروەھا کارگێڕی شوێنە گەشتیاریەکانیش پابەند دەکرێن بە ڕاپۆرتی مانگانە لەسەر کۆی داھاتی خزمەتگوزاریەکانیان و بڕی باجی وەرگیراو لێیان، ھاوکات دەبێت لە کۆتایی ھەموو ساڵێکدا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن بە مەرجێک نەگاتە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی نوێ.
ھەروەھا وەزارەتی دارایی شوێنە گەشتیاریەکان ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر لە وادەی خۆیدا باجەکەیان نەدەن ئەوا بە بڕی ١٠٪ی باجی کەوتوو لەگەڵ ١.٥٪ سوودی بانکیش دەکەوێتە سەریان.
جێی ئاماژەیە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە نوسراوی ژمارە ٥٢١٢ کە بەرواری ٢٤ی ئەم مانگەی لەسەرە ڕێنماییەکی دەرکرد کە تیایدا باجی سەر شوێنەگەشتیەکانی ڕوونکردووەتەوە.
کۆمپانیای سۆمۆ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کڕیارانی نەوتی عێراق بڵاوکردەوە، کۆمپانیا چینییەکان لەناو ئەو کۆمپانیا جیھانییانەی نەوتی عێراق دەکڕن زۆرترینن، لە کۆی ٣٢ کۆمپانیای جیھانی کە نەوتی عێراق دەکڕن ھەشتیان چینین .
بەپێی ڕیزبەندییەکەی سۆمۆ، کۆمپانیا نەوتییەکانی ھیندستان لە پلەی دووەمدان، حەوت کۆمپانیای ھیندی لە مانگی ڕابردوودا نەوتی عێراقیان کڕیوە، دوای ئەوانیش کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەبوونی چوار کۆمپانیا لە پلەی سێیەمدان لە کڕیارانی نەوتی عێراقی .
سۆمۆ ناوی بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئاشکرا کردووە و دەڵێت، لە دیارترین ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی عێراق دەکڕن (کۆمپانیای ئۆیڵی ھیندی، فرۆمۆسای چینی، ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، بی پی بەریتانی، واینی ئیتاڵی و تۆبراسی تورکی.