ڕاپۆرت

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێن، زۆرینەی ئەو شوێنانەی لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراون بریتین لە وێستگەکانی بەرھەمھێنان و دابەشکردنی کارەبا و ئاو و غاز، ئەوە جگە لە بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانە، گرتوخانە و پاڵاوگەکانی بەرھەمھێنانی نەوت و بنکە خزمەتگوزارییەکانی تر.

شاری قامیشلۆ بووەتە ئامانجی سەرەکی ھێرشەکان و لەو ماوەیەدا بە ٣٦ ھێرشی ئاسمانی ٢٩ پڕۆژەی خزمەتگوزاری شارەکە  خاپوورکراون، ھەروەھا لە دێرک ١٢ پڕۆژە و لە کۆبانێش ٩ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆردومانکراون.

ھەروەھا لە تل تەمر نۆ پڕۆژە، حەسەکە شەش پڕۆژە، منج چوار پڕۆژە، عەین عیسا پێنج پڕۆژە، ١٥ پڕۆژەی دەروبەری باکوری حەلەبیش بە ١٧ ھێرشی ئاسمانی بۆردومانکراون.
لای خۆیەوە رێکخراوی پزیشکانی بێسنور دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیا ١٧٠ بیری ئاو و ٣٨ نانەواخانە بەھۆی نەبوونی کارەبا و غازەوە لەکارکەوتوون و ٢٧٠٠ گوند و ١٩٠٠ خوێندنگەش بێ کارەبا بوون، بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە ھێرشەکانی ئەنقەرە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رابگرێت.

پەیوەست بەو بابەتەش مەحمود مەسڵەت، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند، تورکیا سەرقاڵی جیھان بە شەڕی غەززەوە بۆ ھێرشکردنەسەر باکوری سوریا دەقۆزێتەوە و لەرێگەیەوە کێشە ناوخۆییەکانی ھەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مەترسیشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی ئیدارەی خۆسەر، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیاوە خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و غاز لە تەواوی شار و گوندەکانی ھەرێمی جەزیرە بڕاوە، چونکە ئەو پاڵاوگانەی بۆردومانکراون سوتەمەنییان بۆ  زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دابین دەکرد.

ئیدارەی خۆسەر داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە ئەرکی بونیادنانەوەی دامەزراوەکان لە ئەستۆ بگرێت و ئارامیش بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پڕۆژەکانی ژێرخان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات، لە دوایین پێشھاتیشدا بەھۆی بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک لە تربەسپی ١٨٢ گوند بێ کارەبا بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرکردەی ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی نوێ نیگەرانن لەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان سستە لە ناردنی بەڵگەنامەکانیان بۆ دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، ئەوەش دەرفەتیان بۆ ناھێڵێتەوە خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە بکەن. بەڵام کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دەڵێت لە بابەتی تۆمارکردنی حزبەکان بەیەک ئاست لەبەرامبەر حزبە سیاسییەکان وەستاوە. 

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ھیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم تۆمارکردنی حزبەکاندا نیە، بەڵام کۆمەڵێک رێکار ھەیە پێویستە حزبە سیاسییەکان جێبەجێی بکەن بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکانی تۆمارکردن.

بەوتەی جومانە غەلای یەکێک لەو رێوشوێنانە بەپێی یاسا و رێنماییەکانی فەرمانگەی تۆماری حزبەکان، ناردنی ناو و بەڵگەنامەی ئەندامانی حزبەکەیە کە دەبێت ژمارەیان ٢ ھەزار ئەندام بێت. جگە لەوەش  ھەندێ فۆڕم ھەیە پێویستە حزبەکە پڕیانبکاتەوە تاکو بتوانن رەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بکەن بە مەبەستی وردبینیکردن.

وتەبێژی کۆمیسیۆن رونیشیکردەوە، ٢٦٩ حزبی مۆڵەتپێدراو لە عێراقدا ھەیە و داواکاریش بۆ دامەزراندنی ٧٧ حزبی نوێ پێشکەشکراوە، ھاوکات کۆمیسیۆن ١٥١ داواکاری بۆ تۆمارکردنی حزبی نوێ رەتکردوەتەوە، داواکاریش بۆ دامەزراندنی ١٨ حزب کشێنراوەتەوە و ٣ حزبیش خۆیان ھەڵوەشاندوەتەوە و ٢ حزبیش چالاکییەکانیان ھەڵپەساردووە.

بە بڕوای چاودێران، سەرەڕای بوونی خواست و ئامادەکاری حزبە بچوک و نوێکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام بەراورد بە حزبە گەورە و باڵادەستەکان کە خاوەنی پارە و ھەژموونن چانسێکی ئەوتۆیان نیە، لەبەرئەوە سوپرایزی گەورە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا روونادات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یاسای ھەڵبژاردنەکان حکومەتی پابەندی کردووە کە دەبێت تا ٢٠-١٢-٢٠٢٣ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدات، بەڵام لە ماوەی رابردودا گفتوگۆکانی بودجە سەرنجەکانی لەسەر دۆسیەی ھەڵبژاردن لابردبوو کە لەم کاتەدا بووەتە گەرمترین دۆسیە لەلای شەقام و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت کە کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی.

کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەڵێت، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ٣٠٠ داواکارییان ئاڕاستەی حکومەت کردووە و سەرجەمیان پەسەندکراون، بەڵام پێدەچێت وادەی ھەڵبژاردن لەلایەن ژمارەیەک سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە رەتبکرێتەوە چونکە ناڕازییەکان داوا دەکەن ھەڵبژاردنەکە بۆ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ دوابخرێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "مەدا" ی عێراقی.
ناڕازییەکان دەڵێن، تازە ناکۆکییەکانی یاسای بودجە کۆتاییھاتووە و ئامادەکاری ھونەری و سیاسی پێویستیش نییە بۆ ھەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەش ئەو وادەیەی دیاریکراوە ھاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتەکەی سودانی کە بەھۆی نەبوونی بودجەوە کاریگەری لەسەر کارەکانی دروستبووە.

لەڕوانگەی سیاسیشەوە ئەوانەی ناڕازین باوەڕیان وایە نابێت لە ھەڵبژاردنەکە پەلە بکرێت چونکە مەترسی ئەوە ھەیە رێژەی بەشداری ھاوڵاتیان لە ئاستی پێویستدا نەبێت، بەتایبەت کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٢١دا سەرەڕای بەشداری سەدرییەکانیش، بەڵام رێژەی بەشداری ھاوڵاتیان کەمتر لە ٤٠% بووە.

چاوەڕوان دەکرێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، رەوتی سەدر بەشداری پرۆسەکە بکات و لەگەڵ ژمارەیەک رەوتی تازەدا ھاوپەیمانی ئەنجام بدات، بەشداری سەدرییەکانیش رێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکە بەرزدەکاتەوە و لەوانەیە لە ژمارەیەک ئەنجومەنی پارێزگاشدا ببن بە زۆرینە.

ماڵی سوننەکانیش بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەسەر سێ لیست دا دابەش بوون کە ئەوانیش لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، لیستێک بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و لیستی یەکگرتوی ئەنباریش بە سەرۆکایەتی رافع عیساوی.

"زۆرینەی بێدەنگ" لە ھەڵبژاردنی رابردو کە مافی دەنگدانیان ھەبوو و بەشداری پرۆسەکەیان نەکرد رێژەیان دەگاتە ٦٠ بۆ ٧٠%  و لەم کاتەدا زۆربەی لایەنە سیاسیەکان دەیانەوێت کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دابنێن تا بچن سەر سندوقی دەنگدان.

چاوەڕوان ناکرێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەیەک لیست بەشداری بکەن، بۆیەش لەئێستاوە کار بۆ خۆرێکخستنەوە دەکەن و دروشمی روبەڕوبونەوەی گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە، چاویشیان لەوەیە لەرێگەی زیادکردنی دامەزراندنی کەرتی حکومی و پڕۆژەکانی حکومەتەوە، پێش ھەڵبژاردنەکە ئارامی سیاسی ھەبێت و باوەڕ بە دەنگدەر بھێنن کە متمانەیان پێبداتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین راپۆرتی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، ٣٠٧ کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون. 
بە تەنھاش لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ١٤٢ کەس لەسێدارەدراون، کە دەکاتە چوار کەس لە رۆژێکدا، ئەوەش بەرزترین ئامارە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە مانگێکدا، تۆماربکرێت. 

لەو ١٤٢ کەسەی لەسێدارەدراون، ٣٧%ی ئەو ژمارەیە بەندکراوی کورد و بلووچ بوون، کە ٣١ کەسی بەلووچ و ٢٢ کورد و نۆ تورک و شەش کەسی ئەفغانی لە بەندیخانەکان لەسێدارەدراون و لەو ژمارەیەش تائێستا ناسنامەی ٣٧ کەسیان ئاشکراکراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ٥٩%ی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارەدراون، واتە ١٨٠ کەس، تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەریان لەسەر بووە. 

لە ٢٠%ی ئەوانەشی لە مانگی ئایار روبەڕوی لەسێدارەدان بوونەتەوە، لە نەتەوەی بەلووچ بوون و ژمارەیان ٣٠ کەسە. 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ساڵی رابردوو لە ھەمان ماوەدا ١٧٤ کەس لەسێدارەدراون، واتە بەرێژەی ٧٦% لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لە پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا، زیادیکردووە.

حکومەتی ئێرانیش تۆمەتبارکراوە بەوەی، دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی لە زۆر تۆمەتدا جێگیرکردووە، وەک  تۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینەکان و دەربڕینی بیروڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھەروەھا لەسێدارەدانی کەسێک بە تۆمەتی پەیوەندی سێکسی، مەودای ئەو تۆمەتانەی فراوانترکردووە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بەکاردەھێنێت، ئەوەش لەپێناو ترس و تۆقاندنی خەڵک و درێژەدان بە بوونی خۆی.

مافی مرۆڤی ئێران ھۆشداریشیدا لەپەرەسەندنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و  داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە کاردانەوەی توند و ھەنگاوی جدی و کرداریی، لەسێدارەدان لە ئێران رابگرن. 

ھاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دەڵێت، بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان جێی شەرمەزارییە، ئامارەکەش سێ ھێندە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەرزبووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی بۆرسەی جیھانی لە دواین گۆڕانکاری دراوەکاندا ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە دووھەزار و ٣٠ لیرە و بەو نرخە مامەڵەی پێوەکراوە، لەماوەی رابردووشدا بەتایبەتیش لەکاتی خولی یەکەمی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی تورکیا، پشک و قەواڵەی سیادی ئەو وڵاتە کە بە دۆلار کڕیویەتی دابەزینی زۆری تۆمارکرد و لە بەرامبەریشدا تێچووی بیمەی قەرزە دڵنیابووەکانی تورکیا زۆر بەرزبووەتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵیچدارئۆغڵو دوو رکەبەری سەرەکی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا یەکێک لە تەوەر و بەڵێنە سەرەکییەکانیان چارەسەرکردنی کێشەی دابەزینی بەھای لیرە بووە، بەشێوەیەک ئەردۆغان بەردەوام بەڵێنی داوە ھەموو کارێک دەکات لە پێناوی گەشەپێدان و سەقامگیری بەھای لیرە و ھەڵاوسانیش لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا بەرێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، کڵیچدار ئۆغڵوش بەڵێنی داوە لە ئەگەری سەرکەوتن و بوون بە سەرۆککۆمار، بانکی ناوەندی تورکیا سەربەخۆ دەبێت کە ئەوەش رێگەیەکی سەرەکییە بۆ بەرزکردنەوەی بەھای لیرە و رێگرتن لە زیاتر دابەزینی.

لەمانگی چواری ئەمساڵدا کاتێک ١٠٠ دۆلار گەیشتە ھەزار و ٩٥٩ لیرە، میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بۆ یەکەم جارە بەھای لیرە بەو ئاستە داببەزێت و بە دابەزینێکی مێژوویی وەسفیان دەکرد.

ئەم دابەزینەی بەھای لیرەی تورکی بەو ئاستە مێژووییە لەکاتێکدایە کە تەنھا دوو رۆژی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە ٢٨ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، لە خولی یەکەمیشدا کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو ھیچ کام لە سێ کاندیدەکەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٥٠+١یان بەدەستنەھێنا، بەشێوەیەک رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٩.٥٢% و کەمال کڵچدارئۆغڵو ٤٤.٨٨% و سینان ئۆغان ٥.١٧%ی دەنگەکانیان بەدەستھێنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لیژنەکەیان لە رۆژی چوارشەممەوە گفتوگۆکانی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە و بە سێ ئاراستە کە بریتین لە کەمکردنەوەی بودجەی بەکاربردن و وەبەرھێنانی ناپێویست و قەرزەکان کار بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان دەکات کە بڕەکەی ناسروشتییە و لەوانەیە لە داھاتوودا کێشە بۆ ئابوری وڵات دروستبکات .

ھەروەھا جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، پەسەندکردنی بودجە دواناکەوێت لەبەرئەوەی تەنھا ئەو وەزارەت و پارێزگارانە بانگھێشتدەکەن کە گواستنەوە لە بودجەکەیاندا دەکرێت، ئەوەش ماوەی زەمەنی پەسەندکردنی بودجە کەمدەکاتەوە.

وتیشی، لیژنەیەکەیان دەسەڵاتی کەمکردنەوە و گواستنەوەی ھەیە و کاری لەسەر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان، دووپاتیشیکردەوە سەرۆک وەزیران ھەموو نەرمییەکی بۆ لیژنەکەیان نواندووە و ئامادەیی پیشانداوە کادری پێشکەوتووی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان رەوانەی کۆبوونەوەکانی لیژنەکەیان بکات ئەگەر پێویست بکات.

جەمال کۆچەر راشیگەیاند، حکومەت داوای پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵی کردووە لەبەر ئەوە پێویستە وردبینی جدی بۆ ژمارەکان بکەن تاکو ھیچ ھەڵەیەک روونەدات و پێویستە پێداگربن لەسەر کەمکردنەوەی کورتھێنان لەبەرئەوەی ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن نرخی نەوت بەجێگیری نەمێنێتەوە و لە ساڵانی داھاتوودا دادەبەزێت.

ھەروەھا سالم عەنبەکی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد، ھێشتا ژمارەیەک بڕگە لە بودجەدا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە دیارترینیان قەبارەی کورتھێنانە کە لە٣٣%ی بودجە پێکدەھێنێت لەگەڵئەوەشدا ھەوڵێکی جدی ھەیە تاکو کەمبکرێتەوە بۆ ٢٠% بەتایبەت کە حکومەت بەڵێنی داوە روپۆشی کورتھێنان بکات و بەپێی داڕشتنە داراییەکان چارەسەری بکات.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٨ی ئەم مانگە خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای بودجە کردووە و چاوەڕواندەکرێت لە مانگی ئایاردا پەسەندبکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەرباری داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست، شەڕ و پێکدادان لە خەرتوومی پایتەختی سودان بەردەوامە و عێراق و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتیش تریش باڵیۆزخانەکانیان لە خەرتووم چۆڵکرد، ئینتەرنێتیش لە سەرانسەری وڵات پچڕاوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سودان، ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لەو وڵاتە داخست و دیپلۆماتکارەکانی کشاندەوە، لەو بارەیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم کارمەندان و دیپلۆماتکارەکانیان لە سودان کشاندووەتەوە و کارکردنی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتووم ھەڵپەساردووە، داوایشی لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد، پابەندی ئاگربەست بن و شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن.

ھێزەکانی پشتیووانیی خێراش رایانگەیاند، کشانەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و خێزانەکانیان لە سودان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ئەوان و لەڕێگەی شەش فڕۆکەوە ئەنجامدراون، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو لێدوانەی رەتکردەوە.

جگە لە ئەمریکا، چەند وڵاتێکی دیکەش دەستیان بە کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و ھاوڵاتیانییەکانیان لە سودان کردووە، لەوانە فەڕەنسا و عێراق..

ھاوکات ئەندرێ چیرنۆڤڵ باڵیۆزی روسیا لە خەرتووم رایگەیاند، سەرجەم ھاووڵاتییە روسییەکانیان لەو ناوچانەی پێکدادانی تێدایە گواستووەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی روسیا لە خەرتووم، لەبارەی بردنەدەرەوەشیان لە سودان وتی، نایانەوێت قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن، بەڵام ھەموو ئەگەرێک لەبەرچاوو دەگرن.

تورکیاش بە ھەمان شێوە دیپلۆماتکار و ھاووڵاتیانی خۆی لە سودان  کشاندووەتەوە بەتایبەت لەو خەرتوومی پایتەخت و ئەو ناوچانەی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیان تێدایە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپا و ھێزەکانی پشتیووانیی خێرا لە سودان، پێ دەنێتە ھەفتەی دووەم، بەیانیی رۆژی یەکشەممەش لە دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتیی لە خەرتووم دەنگی تەقە بیستراوە.

ھاوکات لیژنەی سەرەتایی لە سەندیکای پزیشکانی سودان، نوێترین ئاماری قووربانییەکانی پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان بۆ ٢٦٤ کەس بەرزبووەتەوە، ھەروەھا ھەزار و ٥٤٣ کەسی تریش بریندار بوون، بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماری جیاوازتر بڵاودەکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ھێڵەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری سودان پچڕاون، بەڵام ھێشتا خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن بەردەستن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە لە شەوی یەکشەممەوە دەستیپێکرد و بە کراوەیی ھێڵرایەوە و پەرلەمانتاران پێشنیازی خۆیان لەسەر پڕۆژەکە خستەڕوو، شەوی دووشەممەش خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە کۆتاییھات.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر لە ١٣٠ پێشنیاز لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانەوە ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کران، بۆ ئەوەی لە بودجەدا جێگەیان بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای جەژن لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە و رەشنوسی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادە دەکات، تائێستاش ھیچ وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەر یاسای بودجە دیارینەکراوە.

رۆژی ٥ـی نیسان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کرد، لە پڕۆژەی بودجەدا کە قەبارەکەی نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە، پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٦ ترلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردوودا داوای لە لیژنەی دارایی کرد، دوای جەژن میوانداری وەزیرەکان و پارێزگاری بانکی ناوەندی بکات و لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بودجە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات.

دیارترین تێبینی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران لەسەر بودجە بریتییە لە زۆری کورتھێنانەکەی کە زیاتر لە ٦٣ ترلیۆن دینارە، بۆیە بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنان حکومەت بەرنامەی وایە ٤١ تریلیۆن دینار قەرز بکات، بەوپێیەش قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق بۆ ١٣٦ تریلیۆن دینار بەرزدەبێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی دارایی لە راپۆرتەکەیدا کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە رەخنە لە وەزارەتی دارایی دەگرێت و دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە تێبینییەکانیان لە رەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا لەبەرچاوونەگیراوە، لەوانە: 

١. چاکسازی لە کەرتەکانی ئابووری و دارایی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بانکی و پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت.

٢. رێکخستنەوەی پەیکەربەندیی بودجەی گشتی و ئیدارەی دارایی گشتی بۆ کەمکردنەوەی فشاری خەرجییەکانی بەکاربردن، لەپێناو بەرژەوەندی پڕۆژەکان و کارنامەی تایبەت بە گەشەپێدانی بەردەوام و کەمکردنەوەی فشاری قەرزەکان.

٣. پشتبەستن بە ھەژمارکردنی خەرجی-داھات لە خەرجییەکانی حکومەت

٤. ھێشتنەوەی کورتھێنان لە ئاستێکی قبوڵکراوی ئابووری و دارایی

٥. رەخساندنی ھەلی کاری نوێ لە کەرتی تایبەتدا

٦. تەواوکردنی پڕۆسەی دانەوەی قەرزە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی قەرزە دەرەکییەکان

٧. نەخشەرێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەست بە داھاتی نەوت بۆ ٨٠%، لە رێگەی ھەمەجۆرکردن و پەرەپێدانی داھاتی نانەوتی

٨. دانانی دەقی یاسایی بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت

٩. پابەندکردنی وەزارەتی کار بە دیاریکردنی رێژەی دانیشتووان و رێژەی ھەژاری

لیژنەی دارایی دەشڵێت، ژمارەیەک تێیبینیان ھەیە، لەسەر پڕۆژە یاساکە کە بریتین لە: 

١. کەمکردنەوەی بودجەی گەشەپێدانی ھەرێمەکان بۆ دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، لەکاتێکدا لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ چوار ترلیۆن دینار بووە 

٢. بەردەوامبوون لە پشتبەستن بە داھاتی نەوت بە رێژەیەکی زۆر، لە داھاتی خەمڵێندراو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ 

٣. دانانی ھەندێک پڕۆژە لە بودجەی وەرھێنانی ساڵی ٢٠٢٣، کە راستەوخۆ پشت بە قەرز دەبەستێت

٤. بەرزبوونەوەی زۆری قەرزە گشتییەکان کە مەترسیە بۆ ئابووریی داھاتوو، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە ٩٥ ترلیۆن دینار کە ٧٠ ترلیۆن دیناری قەرزی ناوخۆیی بوو

٥. بەرزبوونەوەی کۆی خەرجییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە رێژەی ٥٣% بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، کە کاریگەری نەرێنیی دەبێت لەسەر:

زیادبوونی تێکڕای ھەڵاوسانی ئابووری

زیادبوونی فشار لەسەر کۆی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی

وەزارەتی دارایی لە راپۆرتەکەیدا ژمارەیەک راسپاردەی ھەیە و جەخت لە گرنگیدان بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکاتەوە، ھەروەھا لە بەشێکی تری راسپاردەکانیدا دەڵێت:

١. چاوبخشێندرێتەوە بە قەبارەی خەرجییە پلان بۆ دانراوەکان بۆ کەمکردنەوەی کورتھێنان

٢. چاوبخشێندرێتەوە بە ھەیکەلیەتی داھاتی گشتی و پەرەپێدانی داھاتی نانەوتی

٣. چاوبخشێندرێتەوە بە دەقی یاسایی پێشنیازکراوی تایبەت بە فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت

٤. بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی فۆڕمی خۆراک و ناردنی بۆ چینە ھەژارەکان

٥. پێویستە لە پڕۆژە یاسای ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥، ھەندێک دەقی یاسایی لیژنەی دارایی ھەبن، بۆ پاڵپشتیکردن لە داھاتی نانەوتی

٦. زیادکردنی پشکی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان

٧. پەرەپێدانی داھاتی نانەوتی و کارکردن لەسەر پەرەپێدانی چالاکییەکانی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان و پاڵپشتیکردن لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان

٨. سەپاندی باجی پارچە بەسەر ھەموو مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و ھەموو ئەو کۆمپانیانیانەی لە عێراق کاردەکەن، جگەلە کۆمپانیاکانی نەوت

٩.پێویستە پەرە بە سیستمی بانکیی بدرێت لە رێگەی:

فراوانکردنی چالاکییە بانکییەکان

ناچارکردنی بانکەکان بە کردنەوەی ھەژمار بۆ ھەموو ھاووڵاتیان، لەپێناو گۆڕان بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی لە مامەڵە رۆژانەییەکانی ھاووڵاتیان

١. چاوخشاندنەوە و وردبینکردن بە ھەموو گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا

٢. چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان

٣. کەمکردنەوەی ئاستی کورتھێنان و رێکخستنەوەی ریزبەندی ئەولەویەتەکانی خەرجییە گشتییەکان

٤. کارکردن بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی وڵات و ھەمەجۆرکردنی بە تایبەت پێشخستنی داھاتی نانەوتی

٥. پشتگیریکردن لە کەرتی تایبەت و ھاوبەشیکردنی لە گەشەپێدانی ئابووری

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

لیژنەی دارایی ھەنگاوە کردارییەکانی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێکرد، ئەندامێکی لیژنەکەش رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت و لەدوای جەژنی رەمەزانیش ئەنجومەنی نوێنەران یاسای بودجە پەسەند دەکات.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و چاوەڕێش دەکرێت ھەفتەی داھاتوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە پەرلەمانتاران تێبینییان لەسەر نرخی نەوتی خەمڵێندراوی نەوت و زۆری کورتھێنان لە بودجەدا ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە لە زوترین کاتدا تێپەڕێنرێت، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان و لەمانگی ئایاردا پەسەند دەکرێت.
پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بڕەکەی نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و بە گەورەترین پڕۆژەی بودجە لە مێژوی وڵات دادەنرێت، لەو رێژەیەش نزیکەی ٦٥ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە، ئەوەش پێدەچێت گرفت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە لە پەرلەمان دروست بکات.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، زۆرینەی فراکسیۆنەکان جدین لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی بودجە بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، بۆیەش پێشبینی دەکات لەکۆتایی مانگی ئایاردا یاسای بودجە پەسەند بکرێت.

ئەندامانی لیژنەی دارایی باوەڕیان وایە دانانی نرخی نەوت بە ٧٠ دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخێکی باشەو دەکرێت پشتی پێببەسترێت، لە پڕۆژەی بودجەشدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٦ ترلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە.

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوایکرد کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەزوترین کات راپۆرتی لیژنە لەسەر پڕۆژەی بودجە ئامادە بکرێت.
وتیشی لەماوەی کەمی داھاتوودا پڕۆژەی بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق، یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، زیندووکردنەوەی ھێڵی (کەرکوک-بانیاس)ـە لە رێگەی سوریاوە کە نەوت دەگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست، پێشنیازێکی دیکەش بریتییە لە گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ کۆگاکانی باشوری عێراق و دواتر ھەناردەکردنی، پێشنیازی سێیەمیش بریتییە لە تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبە و ھەناردەکردنی نەوت لەرێگەی ئوردنەوە.

سوھەیلە سوڵتانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی رەزامەند نییە بە تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبە، چونکە باوەڕی وایە پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا بەھەدەردانی سامانی گشتییە و تێچوویەکی زۆری ھەیە، ھەروەھا پڕۆژەکە کە درێژییەکەی زیاتر لە ١٧٠٠ کلیۆمەترە و باشوری عێراق بە باشوری ئوردنەوە دەبەسێتەوە، ھیچ سودێکی ئابوری بۆ عێراق نابێت.

ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆیە ئەگەری بەھێز کاراکردنی ھێڵی (کەرکوک-بانیاس)ـە کە لەئێستادا ھەناردەکردنی نەوت لەرێگەی ئەم ھێڵەوە راگیراوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە ھەیە.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە زیاتر لە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک لەرێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە رەوانەی بازارەکانی جیھان دەکرا، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداش بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام حکومەتی عێراق بەھۆی کێشەی یاسایی و تەکنیکی پەیوەست بە دوو سکاڵای دیکەی لەگەڵ تورکیا، تائێستا ھەناردەی نەوتی کوردستانی دەستپێنەکردووەتەوە.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوری دەڵێت، دوو سکاڵاکەی تورکیا و عێراق لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دوو ساڵی دیکە دەخایەنێت رەنگە تا ئەو کاتەش ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە کێشەی بۆ دروست ببێت، بۆیە دەکرێت چارەسەری خێرا بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە لەوانەش بەکارھێنانی نەوتی ھەرێم لە پاڵاوگەکانی بێجی و کەرکوک و گواستنەوەی بەشێکی دیکەی بۆ باشوری عێراق، تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبەش دەتوانێت کێشەی ھەناردەی نەوت چارەسەر بکات.

بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، رۆژانە بودجەی عێراق نزیکەی ٣٥ ملیۆن دۆلار کورتھێنانی بۆ دروست دەبێت، ئەوەش لەکاتێکدایە خودی پڕۆژەیاسای بودجە ٦٥ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە، بۆیە شارەزایانی ئابوری دەڵێن، بۆ ئەوەی  کورتھێنانی بودجە زیاتر نەبێت دەبێت لە زوترین کاتدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم و کەرکوک چارەسەر بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٤ بەھۆی نەبوونی بودجە ناچاربووە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بکات، ئەو گرێبەستانەش نادادپەروەری و زەوتکردنیان تێدایە، چونکە کۆمپانیاکانی نەوت ناچارییەکەی ھەرێمی کوردستانیان قۆستەوە بەتایبەتی بەھۆی شەڕی داعش و راگرتنی بودجەکەی لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراقەوە.

راشیگەیاند، لەئێستادا لەگەڵ ھەولێر گەیشتوونەتە رێککەوتن و لە یاسای بودجەشدا جێگیرکراوە، یاسای نەوت و غازیش پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەولێر ڕێکدەخات، یاسای بودجەش کۆی کێشەکان چارەسەر دەکات.

سودانی لەبارەی دۆسێی دزیی سەدەش ئاماژەی بەوەکرد، دۆسێی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکانی عێراق کە بە دزیی سەدە ناسراوە، بابەتێکی ھەستیار و پڕ لە لێکۆڵینەوەیە، چونکە ھەوڵدرابوو دۆسییەکە بە بەرگێکی حکومی دابپۆشرێت، وتیشی، داداگانی عێراق دەڵێن تۆڕێکی ناو و لێپرسراوانی گەورەی حکومەتی پێشوو دەستیان لەو دۆسێیەدا ھەیە و ئاسانکارییان کردووە بۆ ئەو کەسانەی دزییەکەیان ئەنجامداوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا سەرجەمیان دادگایی دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو پارەیەی لە دزیی سەدەدا براوە نەگەڕێنرێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو تۆمەتباران نەکرێت، چیتر قسەکردن لەسەر روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لەعێراق پێکەنیناوییە و تەنھا بۆ چەواشەکردنی ھاوڵاتیانی عێراقە.

لەبارەی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و چەک لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی رێگەیان پێداوە بە دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ھێزە بیانییەکان عێراق بەجێبھێڵن، چونکە ئێستا تەنھا بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی ئەمنی پێویستیان بە ئەمریکا ھەیە نەک بوونی ھێزە شەڕکەرەکانیان، ئەگەر ئەو رێککەوتنەش بکرێت ھیچ بیانوویەک نامێنێتەوە بۆ مانەوەی چەک لەدەستی گروپە چەکدارەکان و دەرەوەی سەدەڵایەتی یاسا.

سودانی لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراقیش لەگەڵ ئێران و سعودیە و تورکیا دەڵێت، ئێران پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ عێراق ھەیە و بەھیچ شێوەیەکیش دەستی لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەداوە، بە پێچەوانەوە پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق کردووە، جەختیشیکردەوە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە جەختیکردوەتەوە ئامادەیە بە بەھای ١٠٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە عێراق بکات، وتیشی، لەداھاتوویەکی نزیکدا جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان لەگەڵ تورکیا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی ھەینی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە و رێککەوتوون کە ھەردوو وەزارەتی نەوت و سامانەسروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی نەوتی ھەرێم بفرۆشن.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە و گەیشتوون بە رێککەوتن لەسەر پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان. 

بەگوێرەی رێککەوتنەکە لیژنەیەکی ھاوبەش دروست دەکرێت بۆ دۆزینەوەی کڕیار بۆ نەوتی ھەرێمی کوردستان و نەوتی ھەرێم بە ھەمان نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێشتر ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە ھەرزانتر دەفرۆشت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکە داھاتی نەوتی ھەرێم لە ھەژمارێکی تایبەت دادەنرێت بەو میکانیزمەی کە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ دیاریکراوە، کە دەبێت لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵیدا بێت بەڵام مافی خەرجکردنی لەدەسەڵاتی ھەرێمدا بێت.

رونیشیکردەوە، داھاتی نەوتی ھەرێم کرێی کۆمپانیا نەوتییەکانی لێ جیادەکرێتەوە و پاشان ھەرێم مافی ئەوەی دەبێت ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە خەرجی بکات.

بەوتەی سەرچاوەکە ھەر بەپێی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ھەرێم، سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان بەشێوەی قۆناغ بەندی ھەڵدەوەشێنرێنەوە.

باسی لەوەشکرد، فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەدرێتەوە بەو کۆمپانیایانەی پێشتر نەوتی ھەرێمیان فرۆشتووە، بەمەرجێک رازی بن بە میکانزیمی نوێی فرۆشتن و ئەو نرخەی سۆمۆ دیاریدەکات. 
بەوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە رێککەوتنەکەدا جەختکراوەتەوە کە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ وەک پشکی کورد دیاری بکرێت.

رۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، عێراق ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە تورکیا ناتوانێت بەبێ رەزامەندی بەغدا، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیھانەوە بۆ بازارەکانی جیھان بگوازێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد کە لە ١٥ ماددە پێکھاتووە و تیایدا رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی ھەردوو ھەڵبژاردنەکەی دیاریکردووە.

٧٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتاری بەشێک لە فراکسیۆنەکان ناڕەزاییان دژی یاساکە دەربڕی و لەکاتی دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ھەوڵی راگرتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان دا، بەوھۆیەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەوڵیدا لەرێگەی ھێزی پاسەوانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بیانکاتە دەرەوەی کۆبوونەوەکە.

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن نەدا، لەم بارەیەوە سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان رەزامەند نەبوو لەسەر ئەو بڕگانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کەرکوک دانراون.

بەگوێرەی ھەموارەکە ھەڵبژاردن لە کەرکوک ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە یەک رۆژدا پێکەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام پێویستە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بکرێت بە پشتبەستن بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ و چەند گۆڕانکارییەکی دیکەش لە کەرکوک دەکرێت. 

لەکۆبوونەوەکەدا کە ١٨٩ پەرلەمانتار ئامادەبوون و کۆی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرا، بەگوێرەی ماددەی ٢ و ٦ و ٧ یاساکەش دەبێت پێش ٢٠٢٣/١٢/٢٠ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و بۆ خولەکانی داھاتووش پێویستە ٤٥ رۆژ پێش کۆتاییھاتنی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەڵبژاردن بکرێت.
یاساکە مەرجی خۆکاندیدکردنیشی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان دیاریکردووە، کە دەبێت تەمەنی کاندید لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، ھەروەھا نابێت بە ھیچ سزایەکی تاوانکاری حکوم درابێت.

لە یاساکەدا ھاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت لەو ژمارەیەش ٩ کورسی پشکی کەمینەکان دەبێت، ھەروەھا کۆتای ژنان بە ٢٥% دیاریکراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ماوەیەکی زۆر لە گفتوگۆی نێوان کوتلە و لایەنە سیاسییەکان لە بارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق، دواجار ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ چەند بڕگە و ماددەیەکی پەسەندکرد، و بەپێی یاساکەش لە رۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ ئەو ھەڵبژاردنە لە سەرجەم پارێزگا و قەزاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

لە ھەموارەکەدا چەند مەرجێک بۆ کاندید دانراوە، لەوانە، نابێت بڕوانامەی کاندید لە بەکالۆریۆس کەمتر بێت جگە لە کۆتاکان کە دەتوانن بە بڕوانامەی ئامادەیی بەسەرەوە خۆیان کاندید بکەن، لە لیستی ھەڵبژاردندا رێژەیەک بۆ کاندیدی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کە بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆمیان ھەیە دیاری دەکرێت بەشێوەیەک لە ٢٠% زیاتر نەبێت، ھەروەھا نابێت کاندید بە تاوانی شەرەف و گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی حوکم درابێت.

ماددەی ١٥ی ھەموارەکەش چەند بڕگە و خاڵێک لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان دیاریکردنی کورسی کۆتاکانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک و و ھەولێر و دھۆک و بەغداد و نەینەوا، یەک کورسی بۆ ئێزدییەکان لە نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە بەغداد، یەک کورسی بۆ شەبەک لە نەینەوا، یەک کورسیش بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست.

ئەنجومەنی نوێنەران ماددەی (١٦ی) ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقیشی پەسەند کرد تیایدا ھاتووە، کۆمیسیۆن پشت بە ئامێری خێرا دەبەستێت بۆ ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و لە سەرجەم وێستەگەکانی ھەموو ناوەندێکی دەنگدانیشدا جیاکردنەوەی دەنگ بە دەستیش دەکرێت و دەبێت کۆمیسیۆنیش پابەند بێت بە راگەیاندنی ئەنجامەکان لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا بۆ ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەنجامی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی وەک یەک نەبوون لە وێستگەی دەنگداندا بە رێژەیەک کە کەمتر بێت لە ٥%، پشت بە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەبەسترێت، بەڵام ئەگەر وەک یەک نەبوونی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و دەستی گەیشتە ٥% و زیاتر، کۆی دەنگەکانی وێستگەکە رەوانەی ناوەندی سەرەکی وردبینی پارێزگاکە دەکرێت بۆ دووبارە جیاکردنەوە و ئەنجامەکەشی ھەرچۆنێک بێت کۆمیسیۆن پشت بەو ئەنجامە دەبەستێت.

ھەروەھا بەپیی بڕگەی کۆتایی ماددەی ١٦ ، ئەگەر ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان لە ماوەی شەش سەعاتدا ئەنجامەکانی رەوانەی ناوەندی ئەنجامەکان نەکرد، ھەموو ئەو سندوقانەی ئەنجامەکانیان رەوانە نەکراوە بە ھەر ھۆکارێکی گواستنەوە بێت رەوانەی ناوەندی وردبینی پارێزگاکە دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...678910...77