بەپێی نوسراوێکی رەسمی بانکی ناوەندی عێراق، ھەشت بانکی عێراقی بەشداریکردنیان لە پەنجەرەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی لێ قەدەغەکراوە و رێگەپێدراو نین بە کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.
بانکەکان پێکھاتوون لە: بانکی وەبەرھێنانی عێراقی و بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی ئیسلامی و بانکی یەکێتی عێراق، بانکی ھودا و بانکی وەبەرھێنانی نێودەوڵەتی ئاشور و بانکی باشوری ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و دارایی و بانکی ئیسلامی عەرەبی لەگەڵ بانکی بازرگانی حامورابی.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری ئۆپیک پڵەس تایبەت بە چاودێری نرخی نەوت کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، باسی لەوەکرد، بەمەبەستی پاراستنی ھاوسەنگی لە خواست و خستنەڕوی نەوت لە بازارەکانی جیھان، ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا بۆ دوو مانگی داھاتوو ھەناردەی نەوت بەجێگیری بھێڵێتەوە.
وتیشی، سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ جارێکی دیکە لیژنەکەیان ھەڵسەنگاندن بۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھاندا دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەش راسپاردەی خۆی بۆ کەمکردنەوە یان زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت پێشکەش بە وەزیرانی نەوتی وڵاتان دەکات.
ئەمرۆ نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت کە پێوەرێکی جیھانییە لە بازارەکانی جیھاندا ٨٣ سەنت بەرزبۆتەوە و گەیشتۆتە ٨٤ دۆلار و ٣٨ سەنت و نرخەکەی بەراورد بە رۆژێک پێشتر بەرێژەی لە سەدا ١ زیادیکردوە.
ھەروەھا نرخی نەوتی تەکساس بە بڕی ٧٨.٧٩ سەنت بەرزبۆتەوە و نرخی ھەر بەرمیلێک لەو نەوتە گەیشتۆتە ٧٨ دۆلار و ٧٩ سەنت .
ھۆکاری بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش بۆ ئەو ھێرشە موشەکییە دەگەرێندرێتەوە کە لە دەریای سور کرایە سەر کەشتیەکی سوتەمەنی سەر بە کۆمپانیای ترافیجورا و دوای ئەو ھێرشەش کۆمپانیاکە رایگەیاند، مەترسییە ئەمنییەکان ھەڵدەسەنگێنن ، پێش ئەوەی بەردەوامیی بە کارەکانیان بدەن لە دەریای سوردا .
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەھۆی کردنە ئامانجی کەشتی نەوتھەڵگری بەریتانی بەناوی مارلین لواندا کە کەنداوی عەدەن کە بەتەواوی تێکشکا و سوتا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان ئاستێکی پێوانەیی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمارکرد و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ٨٣ دۆلاری تێپەڕاند.
ئاماژە بەوەشکراوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت یەک دۆلار و ١٢ سەنت بەرزبووەتەوە کە دەکاتە ١.٣٦٪و نرخەکەی گەیشتووەتە ٨٣.٥٥ دۆلار، نرخی نەوتی خاوی تەکساسیش ٦٥ سەنت بەرزبووەتەوە کە دەکاتە ٠.٨٤٪ و گەیشتووەتە ٧٨.١ دۆلار.
کۆمپانیای ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە کە بە کۆمپانیای "تاقە" ناسراوە، ئامادەکاری دەکات بۆ فڕۆشتنی پشکەکەی لە کێڵگەی ئەتروش بۆ نەوت.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، رێککەوتنێکی کۆتاییان لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ ئێکسپلۆرەیشن پارتنەرز کردووە بۆ فڕۆشتنی تەواوی پشکەکانی لەو کێڵگە نەوتییە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستووەتەڕوو.
کۆمپانیای تاقە بەڕێژەی ٥٣.٢% پشکی بەکاربردنی لە کێڵگەکە کڕیبوو، لە بەرامبەر ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیای جەنەراڵ ئێکسپلۆرەیشن.
کێلگەی ئەتروش کە دەکەوێتە نزیک ھەولێر، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرھەمدەھێنا.
فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، ھاوردەی نەوتی ئەمریکا لە ھەفتەی رابردوودا لە ٩ وڵاتەوە بووە و گەیشتۆتە ٦ ملیۆن و ٢٠١ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ھەناردەی نەوتی عێراقیش بۆ ئەمریکا لەو ھەفتەیەدا رۆژانە ٦٤ ھەزار بەرمیل بووە کە بەراورد بە ھەفتەیەک پێشتر بە بڕی ١٢٨ ھەزار بەرمیل کەمیکردوە، چونکە لەو کاتەدا تێکرای ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ١٩٢ ھەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا .
عەدنان ئەسعەد، بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدراڵ جددییە لە بەرەوپێشبردنی کەرتی دارایی و بانک و ھەنگاونان بەرەو پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان سەرجەم کێشە و گرفتەکانی سەکۆی پارەدانی ئەلیکترۆنییان چارەسەرکردووە، ئەوەش سەقامگیری ئابووری زیاتر بۆ وڵاتەکە دەستەبەر دەکات.
بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی بانکی ناوەندی جەختیلەوەشکردەوە، ساڵی ٢٠٢٤ کەرتی دارایی و بانک لە عێراق بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و دەچێتە قۆناغێکی نوێیوە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ھەمواری یاسایی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەخرێتەروو و تاوتوێی ئەو بڕگە و ماددانەی یاساکە دەکرێت، کە پێویستییان بە ھەموارکردنەوەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی وەزیران دوای کۆبوونەوەکە ھەمواری یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ پێداچوونەوە و دواتر پەسەندکردنی.
وەزیری وزەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، بۆرییەکانی نەوت ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا ھەناردەکردنە دەستی پێنەکردووەتەوە.
وتیشی، لە ئێستادا ھیچ بەربەستێکی تەکنیکی و ھونەری لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە نییە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق ھۆکارن بۆ راگرتنی ھەناردەی نەوت تا ئەم ساتە.
جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەوان ھانی ھەرێم و بەغداد دەدەن بۆ ئەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدان.
تورکیا لە ٢٥ی ئاداری ساڵی رابردووەوە لەسەر بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی راگرت.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بە کاریگەری کەمبوونەوەی نەوت لە کۆگاکانی ئەمریکا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی ٢٪ بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی ٧٨ دۆلار، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش بە ٧٢ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
پەیمانگای پترۆلی ئەمریکیش بڵاویکردەوە، کۆگاکانی وڵاتەکەی ٥.٢ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ھەفتەی رابردوودا کەمیکردووە، ئەوەش ھۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا.
ئاژانسی زانیارییەکانی وزەش پێشبینییەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، خواستی جیھانی لەمساڵدا ١٢٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تێدەپەڕێنێت، پێشبینیشی کردووە نرخی نەوتی برێنت لە مانگی ئاداری داھاتوودا بگاتە ٨٥ دۆلار.
ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ھەفتەی رابردوو لە نۆ وڵاتەوە نەوتیان ھاوردە کردووە کە رۆژانە ٥.٩٠٩ ملیۆن بەرمیل بووە و ھاوردەکردنی نەوتیش بە بەراورد بە ھەفتەی پێشووتر یەک ملیۆن و ٣٧ بەرمیلی رۆژانە زیادیکردووە و کەنەداش لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین نەوتی بۆ ئەمریکا ھەناردە کردووە کە رۆژانە ٣.٧٩٦ ملیۆن بەرمیل بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە ھەفتەی رابردوودا رۆژانە ٢٣٩ ھەزار بەرمیل بووە و پێش سعودیە کەوتووە کە رۆژانە ١٣٩ ھەزار بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا ھەناردە کردووە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، بازرگانی نەوتی نێوان چین و ئێران وەستاوە، دوای ئەوەی تاران داوای بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی نەوتی لە چین کردووە کە گەورەترین ھاوردەکاری نەوتە لە جیھاندا.
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکیش دەڵێت، بەھۆی بەھێزبوونەوەی رۆڵی جیۆسیاسی وڵاتەکەیەوە، ئێران سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، توانیویەتی ھەناردەی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.
ھەناردەی نەوتی ئێران ١٠٪ی خواستی چین بۆ بەکارھێنانی سوتەمەنی پڕدەکاتەوە، لە ١٠ ساڵی رابردوشدا ھەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بۆ بەرزترین ئاست زیادیکردووە و رۆژانە زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ئێران ھەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ١ دۆلار بەرزبوویەوە و گەیشتە ٧٨ دۆلار و ٤٠ سەنت، ھاوکات نەوتی خاوی تەکساس ١.١٤ دۆلار بەرزبوویەوە و گەیشتە ٧٢ دۆلار و ٥٣ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک.
فراوانبوونی ململانێکان لە غەززە دەتوانێت ببێتە ھۆی داخستنی ڕێڕەوی ئاوی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی نەوت، وەک دەریای سوور و گەرووی ھورمز لە کەنداو، بەوەش نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت کە پێوەرێکی جیھانییە لەکاتی داخستنی بۆرسەی جیھانی لە ٧٧ دۆلاردا جێگیربوو، پێش ئەوەی بەھۆی سەری ساڵەوە بۆرسە و بازاڕە داراییەکان دابخرێن.
ھەروەھا نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا بە ٧١ دۆلار و ٥٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت لە ٢٤ی ئەیلولی ئەمساڵدا بەرزترین ئاستی تۆمارکرد و ھەر بەرمیلێکی بە زیات لە ٩٥ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، نزمترین ئاستیشی لە ١٢ی ئازاردا بوو کە بۆ ٧٣ دۆلار دابەزی.
ھەروەھا نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا لە ٢٤ی ئەیلولدا گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی ئەمساڵدا کاتێک نرخی ھەر بەرمیلێک گەیشتە سەروی ٩٥ دۆلار، نزمترین ئاستیشی لە ٣٠ نیساندا بوو کە بە ٦٣ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
یەکێتی توێژینەوەی وزەی جیھانی بڵاویکردووەتەوە، لەسەر ئاستی ١٠ وڵاتی عەرەبی بەرھەمھێنەری نەوت، سعودیە خاوەنی یەک ترلیۆن و ٧٥٤ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوە و لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش عێراق لە پلەی دووەمدایە کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٤٥ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوە.
راشیگەیاندووە، حکومەتی ئیمارات لە رێگەی گرتنەبەری چەندین رێکارو رێوشوێن بۆ پەرپێدانی کەرتی نەوتی وڵاتەکەی توانیویەتی بگاتە پلەی سێیەمی وڵاتانی عەرەبی لە یەدەگی نەوتدا کە ئێستا خاوەنی ١١٣ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوە.
ھەر بەپێی ئامارەکە کوەیت چوارەم و لیبیا پێنجەم و قەتەر شەشەم و جەزائیر حەوتەم و عومان ھەشتەم و میسر نۆیەم و یەمەن بە پلەی دەیەم دێن لە یەدەگە نەوتی خاودا.
محەمەد رەزا فرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران بە ئاژانسی مھریی ئێرانی راگەیاند، چەند مانگێکە بانکی ناوەندی تاوتوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکات بە دراوی نیشتیمانی لەگەڵ عێراق و ئەفغانستان، تا بازرگانانی ئەو دوو وڵاتە بتوانن پارەی کاڵاکانی ئێران بە دراوی نیشتیمانی ئێران خەرج بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشنیازەکە پەسەندکراوە و چەند بانکێکیش دەستیان کردووە بە وەرگرتنی پارەی بازرگانان بە دراوی نیشتیمانی، لە داھاتووشدا ھەموو بانکەکان دەتوانن بە تمەن پارەی کاڵا ھاوردەکراوەکان لە بازرگانانی عێراق و ئەفغانستان وەربگرن.