ماڵپەڕی تانکەر تراکەرز بۆ چاودێری جووڵەی کەشتییەکان رایگەیاند، کە وڵاتی کوەیت لە مانگی نیسانی رابردوودا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی هەناردە نەکردووە، ئەمەش وەک یەکەمین روداوی لەو شێوەیە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 هەژمار دەکرێت.
ماڵپەڕی تانکەر تراکەرز لە "ئێکس" بڵاویکردەوە: لە ماوەی مانگی نیسانی 2026 دا، کوەیت بۆ یەکەمجار لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی کەنداو، سفر بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە.
ئەم پاشەکشە توندەی هەناردە لەکاتێکدایە کە وڵاتانی کوەیت، قەتەر، بەحرەین و عیراق بە گەورەترین زیانلێکەوتووی داخستنی گەرووی هورمز دادەنرێن، چونکە ئەم وڵاتانە کەمترین رێگەی بەدیلیان لەبەردەستە بۆ گەیاندنی بەرهەمە نەوتییەکانیان بۆ بازاڕەکانی جیهان بەبێ تێپەڕبوون بەو گەرووەدا.
لە بەرامبەردا، شرۆڤەکارانی بانکی "گۆڵدمن ساکس"ی ئەمریکی پێشبینی دەکەن کە وڵاتانی سعودیە و عومان سودمەندی سەرەکی بن لە داخستنی گەرووەکە، لەکاتێکدا وڵاتانی وەک ئیماراتیش رووبەڕووی زیان دەبنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کە "هاوکێشە و یاسای تایبەت"یان بۆ بەڕێوەبردنی نوێی ئاوەکانی کەنداو داناوە.
شایەنی باسە، ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی 2026لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، بووەتە هۆی پەککەوتنی نیمچە تەواوی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی نەوت لەسەر ئاستی جیهان هەبووە و نرخی وزەی بەرزکردووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم قەیرانەدا، دامەزراوەی پەترۆڵی کوەیت رایگەیاند کە تەندەری بۆ 15 پرۆژە بە بەهای 190 ملیۆن دیناری کوێتی راگەیاندووە، ئەمەش لە نێوان کێبڕکێیەکی بەهێزی کۆمپانیا جیهانییەکاندا دێت.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونی عیراق دەڵێت، داهاتی نانەوتی نابێتە رێگر لە بەردەم ناردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم.
بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق ئامادەیە كەمتر لە 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی مانگی چوار لە حكومەتی هەرێم وەربگرێت.
دڵنیاییشیدا كە حكومەتی عیراق موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت و داهاتی نانەوتی نابێتە رێگر لە ناردنی.
بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەكە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت 125 دۆلاری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی كۆشكی سپی ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆیەكی درێژخایەن بۆ سەر گەرووی هورمز كرد.
لەگەڵ كردنەوەی بازارەكانی ئاسیادا نرخی نەوت لە جیهاندا بە رێژەی 5.6% بەرزبوویەوە، بەجۆرێك نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 125.2 دۆلار، نرخی بەرمیلێك خاوی تەكساسیش بە 110.1 سەنت مامەڵەی پێوە كرا، ئەمەش بەرزترین ئاستە لەم دواییانەدا تۆماری كردبێت.
ئاژانسی بلۆمبێرگ هۆكاری بەردەوامیی هەڵكشانی نرخی نەوتی بۆ ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و مەترسییەكان سەبارەت بە پچڕانی درێژخایەنی دابینكردنی وزە لە گەروی هورمز گەڕاندووەتەوە، بەتایبەت بە بنبەست گەیشتنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران.
ئابووریناسان ئەم بارگرژییە بە گەورەترین پشێوی و شڵەژانی بازاڕەكانی وزە لە جیهاندا دادەنێن كە لە چەند دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا رایگەیاند، بەهای تمەنی ئێرانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد و گەیشتە ملیۆنێک و 810 هەزار ریاڵ بەرامبەر یەک دۆلار، بەمەش تەنها لە دوو رۆژدا 15٪ی بەهاکەی لەدەستداوە.
ئەم پاشەکشەیە دوای ماوەیەک لە جێگیری دێت و بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی خواست لەسەر دراوە بیانییەکانی وەک یۆرۆ و دەرەمی ئیماراتی دەگەڕێتەوە.
لە ئێستادا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران لە نێوان ملیۆنێک و 760 هەزار بۆ ملیۆنێک و810 هەزار تمەندا یاری دەکات.
کۆشکی کرملن رایگەیاند کە روسیا بە هیچ شێوەیەک پلانی نییە لە هاوپەیمانی "ئۆپیک پڵەس" بکشێتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیمارات بڕیاری دا لەو رێکخراوە بچێتە دەرەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە هاوپەیمانێتییەکە و پێی وایە ئەم چوارچێوەیە گرنگە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕەکانی نەوتدا.
پێسکۆڤ بە کورتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باسیان لە کشانەوەی روسیا دەکرد و وتی: نەخێر، بیر لە کارێکی وا ناکەینەوە.
سەبارەت بە کشانەوەی ئیمارات کە بڕیارە لە یەکی ئایارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێسکۆڤ وتی: "ئێمە رێز لە بڕیاری سەروەریی ئیمارات دەگرین، ئیمارات دەیەوێت بەم هەنگاوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیاد بکات بەبێ ئەوەی پابەندی ئەو بڕە دیاریکراوانە بێت کە ئۆپیک پڵەس بۆی دیاری کردووە.
پسپۆڕانی وزە پێیان وایە مانەوەی روسیا لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا، دوای کشانەوەی کتوپڕی ئیمارات، هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە هەرەسھێنانی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
وڵاتی ئیمارات، ئەمڕۆ سێشەممە، کشانەوەی خۆی لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و هاوپەیمانی (ئۆپیک پڵەس) راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام)، لە بەیاننامەیەکدا، بڵاویکردەوە: دەوڵەتی ئیمارات بڕیاری خۆی بۆ چوونە دەرەوە لە رێکخراوی (ئۆپیک) و (ئۆپیک پڵەس) راگەیاند"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "بڕیارەکە لە رێکەوتی 1ی ئایاری 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "ئەم بڕیارە لەگەڵ دیدگای ستراتیژی و ئابووری درێژخایەنی دەوڵەتی ئیمارات و پەرەسەندنی کەرتی وزە لە وڵاتەکەدا دەگونجێت، لەوانەش خێراکردنی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وزەدا.
هەروەها جەختکردنەوەیە لە پابەندبوونی ئیمارات بە رۆڵی خۆی وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرپرسیار و جێگەی متمانە کە پێشبینی ئاییندەی بازاڕەکانی وزەی جیهان دەکات".
هەروەها روونکراوەتەوە کە "ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئیمارات و تواناکانی ئێستا و داهاتووی هاتووە، و لەبەرژەوەندی نیشتمانی و پابەندبوونی دەوڵەتە بۆ بەشدارییەکی کارا لە دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی بازاڕ، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناجێگیرییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە کورتخایەندا بەردەوامن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز کە کاریگەرییان لەسەر جوڵەی خستنەڕوو هەیە".
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئاراستە سەرەکییەکان نیشانی دەدەن کە خواست لەسەر وزە لەسەر ئاستی جیهان لە مەودای ناوەند و درێژخایەندا بەردەوام لە گەشەکردندا دەبێت.
سوتەمەنییە شلەکە، کە سەرچاوەی یەکەمی وزەیە لە جیهاندا نرخەکەی بەردەوام لە گۆڕاندایە و بەراورد بە دوێنێش هەریەکە لە نەوتی خاوى برێنت و تەکساسی ئەمەریکیش بەرزبونەوەیان تۆمار کرد و بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرو 105 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە و داخستنی گەروی هورمز، نەەگشتە رێککەوتنی ئێران وئەمریکا بۆ کردنەوەی گەروەکە، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەرچاوی تۆمارکردوە و بەراورد بە هەمان کاتی دوێنێ، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بە 109 دۆلار و53 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوكات جیا لە نەوتی برێنت، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێكساسیش بە 97 دۆلار و 79 سەنت لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی نەوت بە ڕێژەی سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە نیگەرانییەكان لە زیادبوونیاندایە كە ڕەنگە دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران شكست بهێنن.
ئەمرۆ لەگەڵ كردنەوەی بازارەكانی ئاسایدا، نرخی بەرمیلێك نەوت لە جیهاندا بە رێژەی لە 3% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 108 دۆلار و دوو سەنت، هەروەها نرخی نەوتی تەكساسیش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێك نەوتی تەكساس بە 96 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.
نرخی زێریش هاوشێوەی نەوت بەڕێژەی 0.13% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی گەیشتووەتە نزیكەی چوار هەزار و 715 دۆلار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئازاری رابردوودا 175 مامەڵەی دارایی ئەنجامداوە، کە تێیدا بڕی 51 ملیۆن دۆلار تاوەکو 161 ملیۆن دۆلاری لە کڕینی قەواڵە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان کردووە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن نوسینگەی رەوشتی حکومەتی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، زۆربەی ئەو سەرمایەیەی ئاشکرا کراوە بریتین لە قەواڵەی شارەوانییەکان، کە لەلایەن ویلایەتەکان، شارستانەکان و ناوەندە پەروەردەییەکانەوە دەرچوون، لەگەڵ قەواڵەکانی خەزێنەی ئەمریکا، کە قەبارەی گەورەترین مامەڵەکانی لە نێوان یەک ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دۆلاردا بووە.
لە پاڵ قەواڵە حکومییەکاندا، ترەمپ پشکی لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا، وزە، تەندروستی و خزمەتگوزارییە داراییەکان کڕیوە.
هەرچەندە بەڵگەنامەکان نرخە وردەکان دیاری ناکەن و تەنها ئاماژە بە مەودای نرخەکان دەدەن، بەڵام ئەم جووڵە داراییانە نیشاندەری بایەخی زۆری ترەمپە بە وەبەرهێنان لە قەواڵە جێگیرەکان و کەرتی تەکنەلۆژیای پێشەنگ.
نوسینگەی رەوشتی ئەمریکا وتویەتی؛ دۆناڵد ترەمپ پشکی کۆمپانیاکانی وەک (Weyerhaeuser) و (General Motors) و وەبەرهێنان لە سندوقێکی گەشەپێدەری قەواڵە جیهانییەکان کریوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم هەوڵانەی سەرۆکی ئەمریکا نیشانەی ستراتیژییەتی ئەو بۆ دابەشکردنی سەرمایەکەیەتی لە نێوان کەرتی حکومی و بازاڕە جیهانییەکاندا.
بۆند یاخود قەواڵە، مەبەست لێی قەرزدانە بە حکومەتە خۆجێییەکان بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دواتر وەرگرتنەوەی، کاتێک زیادەی دەچێتە سەر و بە سەلامەتترین جۆری وەبەرهێنان لە جیهاندا دادەنرێت و گەڕانەوەی پارەکە گەرەنتییە.
سوتەمەنییە شلەکە، کە سەرچاوەی یەکەمی وزەیە لە جیهاندا نرخەکەی بەردەوام لە گۆڕاندایە و بەراورد بە دوێنێش هەریەکە لە نەوتی خاوى برێنت و تەکساسی ئەمەریکیش بەرزبونەوەیان تۆمار کرد و بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرو 105 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە و داخستنی گەروی هورمز، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەرچاوی تۆمارکردوە و بەراورد بە هەمان کاتی دوێنێ، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بە 105 دۆلار و49 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوكات جیا لە نەوتی برێنت، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێكساسیش بە 96 دۆلار و 12 سەنت لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمریكا ماوەی سوككردنی سزاكانی سەر نەوتی روسیا درێژ دەكاتەوە و ئەوروپاش روبەڕووی قەیرانێكی سەختی وزە دەبێتەوە.
سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، زیاتر لە 10 وڵات كە پێویستییەكی زۆریان بە وزە هەیە، داوایان لە ئەمریكا كردووە ماوەی سووككردنی سزاكانی سەر نەوتی روسیا بۆ ماوەی 30 رۆژ بكرێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی روسیا تاوەكو 16ی ئایاری 2026 درێژكراوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ئەلێكساندەر گروشكۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەوروپا بەهۆی رەتكردنەوەی وزەی روسیا خۆی خستووەتە ناو تەڵەیەكی گەورە و قەیرانی گەرووی هورمزیش كێشە ئابورییەكانی ئەوروپا قووڵتر دەكاتەوە و پشتبەستنیان بە سوتەمەنی ئەمریكی زیاتر دەكات.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق کۆبووەتەوە و باس لەوەکراوە: هاوردەکردنی دۆلار بۆ عیراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان رێژەی پێشوو بەردەوامە.
د. بڕیاڕ رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە: هاوردەی دۆلار بۆ عیراق رانەگیراوە، هەنگاوەکانمان بۆ کردنەوەی بانکێکی تایبەت بەپارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان لە عیراق بەردەوامە و بە یاوەری عەلی عومەر، نوێنەری سلێمانی لە ئەنجومەنی باڵای گەنجانی عیراق، لەگەڵ د. عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبووینەوە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەداوە: لە دیدارەکەدا جەختمان کردەوە لەسەر خێراکردنی رێکارەکانی چالاککردنی دەستپێشخەری (ڕیادە) لە کوردستان بە مەبەستی پێدانی قەرز بە گەنجانی خاوەن کار، کە پێشوتر رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بۆ وەرگیرا، وەک هەمیشە پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵە دەبین بۆ رەخساندنی هەلی کار و پشتگیریکردنی گەنجان و هاوکات داومانکرد لەگەڵ کردنەوەی بانکی پێشەنگی کە بانکێکی تایبەتی عیراقە بۆ پارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان، گەنجانی کوردستانیش سودمەند بن لە خزمەتگوزاریەکانی.
د. بڕیار رەشید دەشڵێت: دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە قەدەغەکردنی دۆلار دەکەن، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە هاوردەکردنی دۆلار بۆ عیراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان رێژەی پێشوو بەردەوامە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کەباس لەڕێگری بەردەم دۆلار دەکرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە پڕۆسەی تەمویلکردنی بازرگانیی دەرەکی بە دۆلار بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەستانی هاتنی دۆلار لە ئەمریکاوە دەکەن، تەنها پەیوەندییان بە بەشێکی زۆر کەمی پێداویستییەکانەوە هەیە.
ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع) رونی کردەوە: ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەستانی دۆلار دەکەن، تەنها تایبەتە بە نەختینەی گەشتیاران (کاش) کە تەنها 5٪ ی کۆی خواستی سەر دۆلار پێکدەهێنێت، ئەوەش بەهۆی کێشەی لۆجستی و داخرانی فڕۆکەخانەکان و کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکانە کە لە ناوچەکەدا روویداوە.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە 95٪ ی خواستی سەر دۆلار کە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە، بەبێ پچڕان لە رێگەی حەواڵەی بانکییەوە بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە گەشتیاران دەتوانن لەبری دۆلاری نەختینە، کارتە ئەلیکترۆنییەکانی پارەدان بەکاربهێنن کە بەدیلێکی مۆدێرن و ئاسانە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا نرخی نەوت روی لە دابەزین کرد، ئەم دابەزینە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نرخی خاوی برێنت بە 94.53 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نەوتی خاوی تەکساسیش دابەزینی تۆمارکرد و بە 88.07 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە هەردوو جۆرەکەی خاو بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ خاوی برێنت 5.6٪ و خاوی تەکساس 6.9٪ بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران جارێکی تر گەرووی هورمزی داخستەوە.
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی زیاتر لە 5% بەرزبووەوە و نرخی خاوی برێنت گەیشتە 95.46 دۆلار دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێراندا گرت و تاران وەک کاردانەوەیەک بڕیاری داخستنەوەی گەروی هورمزی دا.
ئەم ئاڵۆزییانە نیگەرانییەکی زۆری لای بازرگانان دروست کردووە سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی ئاگرەبەست و پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی و گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا.
هاوکات نرخی زێڕ بە ڕێژەی 1٪ دابەزی و نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە4762 دۆلار ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گۆڕانی پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو بەهۆی کرانەوەی گەروەکە نرخەکان روویان لە دابەزین بوو.
ئەمریكا لێخۆشبوونی لە سزاكانی سەر نەوتی روسیا بۆ ماوەی مانگێك درێژكردەوە و بەوەش روسیا دەتوانێت لەو ماوەیەدا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێخۆشبوونێكی نوێی بۆ نەوتی روسیا دەركرد كە رێگە دەدات بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكانی روسیا بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك و تا 16 مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
راوێژكاری سەرۆكی روسیاش رایگەیاند، درێژكردنەوەی لێخۆشبوون لە سزاكانی سەر نەوتی روسیا بۆ ماوەی مانگێك زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرێتەوە كە ئێستا لە ناو كەشتییە نەوتهەڵگرەكاندان، دەشڵێت، واشنتۆن و وڵاتانی تر درك بە رۆڵی سەرەكی و بنەڕەتیی نەوت و غازی روسیا دەكەن لە سەقامگیركردنی ئابوری جیهاندا.
پێشتریش سكۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، هیچ پلانێك نییە بۆ درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی سزاكانی سەر نەوتی روسیا.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا ئەمریكا بڕیاریدا بە سوككردنی سزاكانی سەر نەوتی روسیا تا 11ی ئەم مانگە، بڕیارەكەش ئەو مامەڵانە ناگرێتەوە كە ئێران، كوبا و كۆریای باكووری تێدا بەشدارن.