ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئیمزایان کۆکردۆتەوە و بە یاداشتێک ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردووە و دەڵێن، حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە سەرۆکایەتی (مستەفا کازمی) بە ئارەزوی خۆی ھەڵسوکەوت دەکات و کاروبارەکانی دەوڵەت بەڕێوە دەبات، ئەنجومەنی نوێنەرانیش وەک لایەنێکی چاودێری حکومەت پەکخراوە و ناتوانێت چاودێری کارەکانی بکات.
ڕاشیانگەیاند، بە پێویستی دەزانن جارێکی دیکە ئەنجومەنی نوێنەران کارابکرێتەوە و کۆبونەوەکانی دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران بتوانن ئەرکەکەیان لە بواری یاسادانان و چاودێری کردنی حکومەت جێبەجێ بکەن.
موعین کازمی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کاتێک ناکۆکی لەسەر پرس و بابەتێکی نیشتیمانی و ستراتیژی دەبێت، پێویستە ھەموو لایەنەکان بە یەکەوە بڕیاری لەسەر بدەن و یەکلایی بکەنەوە، نەک تەنھا یەک یان دوو لایەن خۆیان بکەن بە خاوەنی پرسە نیشتیمانییەکان.
وتیشی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو پرسی نیشتمانی و گرنگن و تایبەت نین تەنھا بە رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، کە یەکێکیان داوای ئەنجامدانی بکات و ئەوی دیکەش رەتی بکاتەوە، بەڵکو پێویستە ھەموو لایەنەکان بەیەکەوە بڕیار بدەن لەسەر رەتکردنەوە یان ئەنجامدانی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسایەکی ئامادە کردوە، کە لە رێگەیەوە وڵاتانی ھاوکار و پشتیوانی تیرۆر ناچار و پابەند دەکات قەرەبووی ھەموو ئەو زیانە ماددی و گیانییانە بکەنەوە کە بەھۆی شەڕی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعشەوە بە عێراق گەیشتووە، لەگەڵ ھاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لە بنیاتنانەوەی سەرجەم ئەو ناوچە و شار و شارۆچکانەی بەھۆی شەڕ و کردەوە تیرۆیستییەکانی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.
راشیگەیاندوە، لە ئێستادا چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و بکرێت بە یاسا و دواتر ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆئەوەی وڵاتانی ھاوکار و پشتیوانی تیرۆر جێبەجێی بکەن.
ھیشام روکابی بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە تویتەر بڵاویکردەوە، نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بە ھیچ شێوەیەک محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە ماڵەکەی خۆیدا دەرنەکردووە و رەفتاری لەو جۆرەش دوورە لە مالکییەوە.
ھیشام روکابی وتیشی، بەشێک لە سەرچاوەکانی ھەواڵ ئەو دەنگۆیەیان بڵاوکردۆتەوە کە ناڕاستە، ھۆشداریشیدایە سەرچاوەکانی ھەواڵ لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی نادروست.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق بە عەرەبی جەدید-یان راگەیاندووە، چەند لایەنێکی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی فشاری زۆر لەسەر حەلبوسی دروست دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە داخستنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی دانیشتنێک، تایبەت بە دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی محەمەد شیاع سۆدانی بۆ پێکھێنانی حکومەت.
"عەلاوی" لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رەوشی سیاسی ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر دواکەوتن یاخود پەکخستنی پێدانی مووچە بە ھاووڵاتیان درووست نەکردووە.
سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەش، عەلاوی وتی، ئەگەر بەبێ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بچنە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، ئەوا بەپێی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ خەرجییەکان دەکەن، کە لەڕێیەوە دەتوانن ١٠٠ بۆ ١٢٠ ترلیۆن دینار بۆ خەرجییەکان تەرخان بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ بوونی بودجە حکومەت ناتوانێت پڕۆژە و وەبەرھێنانی نوێ ئەنجام بدات.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆکن لەگەڵ موقتەدا سەدر کە خراپی رەوشی سیاسی ئەنجامی پێشێلکارییە دەستوورییەکانە بۆ تەواوکردنی پێکھێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پێکھێنانی حکومەت بەپێی دەستوور، کە ئەوەش پەسەند نییە و پێویستە چارەسەر بکرێت و رێگە بە دووبارەبوونەوەی نەدرێت، بۆئەوەش پێشنیازی ھەمووارکردنەوەی ھەندێک ماددەی دەستووریان کردووە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەبارەی داواکارییەکەی موقتەدا سەدر، رایگەیاند، دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان نییە، راشیگەیاند، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەیەک دووریی لە ھەمووان دەوەستێت، بۆیە داوا لە ھەموو ھێزە سیاسیەکان و راگەیاندنەکان دەکەن، دادگا تێکەڵی ململانێ سیاسیەکان نەکەن.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاشکرایکرد، زیاتر لە ٦٢٠ کەسی ھەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی لە کەسوکارەکانی داعش، کە لە کەمپی ھۆڵی سوریا دەستبەسەرکرابوون، کەمپەکەیان بەرەو عێراق بەجێھێشتووە و لەژێر چاودێری چڕی ھێزە ئەمنییەکان دەگەیەندرێنە کەمپی جەدعە لە باشوری شاری موسڵ.
بە گەیشتنەوەی ئەو ژمارەیە لە کەسوکارەکانی داعش بۆ عێراق، کاروانی چوارەمی گواستنەوەی کەسوکارە عێراقییەکانی تیرۆریستانی داعش کۆتایی دێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سێ کاروانی خێزان و کەسوکارەکانی داعش لە کەمپی ھۆڵەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٢٨ ھەزار و ٨٠٠ کەس.
بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە، "نسار روبەیعی" ئەمینداری گشتی کوتلەی سەدر سکاڵایەکی یاسایی دژی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێشکەش کردووە، داواشی کردووە سەرۆک کۆمار ناچار بکرێت وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری بکات، بە پێی ماددەی ٦٤ی دەستور.
ئەمینداری گشتی کوتلەی سەدر لە سکاڵاکاندا داوای ھەڵوەشانەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشی کردووە.
دەقی پەیامەکە...
فەخامەتی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر
بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، رووداوی دڵتەزێنی ئاگر کەوتنەوە لە کەنیسەی ئەبو سەیفین مان بیست کە بووە ھۆی گیانلەدەستدان و بریندار بوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیل.
بەم بۆنە خەمبارەوە، بە ناوی خۆم و گەلی عێراقەوە، پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە دەکەم و داواکارین لە یەزدانی مەزن کۆچکردووەکان بەر رەحمەتی خۆی بخات و ھەرچی زووە شفای بریندارەکان بدات، ھەروەھا سەبووری و دڵنەوایی ببەخشێتە کەسوکاری قوربانیان، ھاوکات بەرێزتان و گەلی میسری لە ھەموو ناخۆشییەک بپارێزێت و ھەمیشە تەندروست باش بن.
د. بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
(تورکی عەتبی) سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، ھەموو لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی پێیانوایە پەکخستنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبەرژەوەندی عێراقدا نیە، لەکاتێکدا دەیان پرۆژەیاسا لە چاوەڕوانیدان دەنگیان لەسەر بدرێت، لەوانەش پرۆژەیاسای بودجە کە بە بڕبڕەی پشتی ژێرخانی ئابوری وڵات دادەنرێت و میکانیزمێکە بۆ پشتیوانیکردنی ملیۆنان ھاووڵاتی.
وتیشی، لایەنەکان سەبارەت بە بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەرەوەی باڵەخانەی ئەنجومەنەکە گفتوگۆیان کردووە و ئەگەر گەمارۆدانی ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوام بێت و گۆڕانکاری لە رەوشەکەدا روونەدات، ئەگەری زۆرە لایەنەکان پەنا بۆ ھەنگاوێکی لەو جۆرە ببەن.
عەلی حسین ساعدی پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشانەوەی رەوتی سەدر، وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە کە ھۆشداریان دابوو لە ڕاوەستانی مووچە بەھۆی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت و ڕایگەیاند، دابەشکردنی مووچە لە ھیچ ڕەوشێکدا ڕاناوەستێت، تەنانەت ئەگەر پێکھێنانی حکومەت و پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەش دوابکەوێت.
ڕونیشیکردەوە، دابەشکردنی مووچە وەک کاروبارەکانی تری دەوڵەت لە رێگەی یاسای ئیدارەی دارایی و لەسەر بنەمای یەک لەسەر ١٢ بەردەوام دەبێت و ئەمساڵیش مووچە ھیچ گرفتێکی نابێت، ھەرچەندە یاسای بودجە نیە و حکومەت کاربەڕێکەرە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان ٥٠ تیرۆریستی داعشی بە رەگەز عێراقی لە ڕێگەی دەروازەی رەبیعە لە حکومەتی سوریا وەرگرتووەتەوە کە لە ناو خاکی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی لە وەزارەتی ناوخۆ بە مەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنە پێویستەکان، تیرۆریستەکانیان وەرگرتووەتەوە.
ڕۆژی ھەینیش زیاتر لە ١٥٠ خێزانی داعش کە پێکھاتبوون لە ٦٣٠ کەس لە دەروازەی رەبیعەوە رادەستی حکومەتی عێراق کرانەوە و گواسترانەوە بۆ کەمپی جەدعەی سەر بە ناحیەی گەیارە لە باشوری موسڵ.
رەوتی حیکمەی نیشتیمانی کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات و بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی سەرەکی خۆپیشاندانی لایەنگرانیان، تەنھا بۆ ئەوەیە کە پشتیوانی یاسا و دەستور و پێکھێنانی حکومەتی نوێ بکەن و لایەنە سیاسییەکانیش ھانبدەن بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بھێنن.
راشیگەیاندوە، وەک چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیانەوێت پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی کە خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات بە بێ جیاوازی و ھیچ لایەن و پێکھاتەیەکیش پەراوێز نەخرێت.
باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا دەستپێشخەرییەکیان پێشکەش کرد کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەوەی دەستەیەکی دانوستانکار لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی و کورد و سوننە پێکبھێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کە لە سەرەتادا پشتیوانییەکی زۆر کرا، بەجۆرێک بەشێک لەلایەنەکان رازی بوون پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەربەخۆکان بدرێت.
وتیشی، کشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و زیادبوونی ژمارەی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و کشانەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆش لە پشتیوانیکردنی ئەو دەستپێشخەرییە، نەیانتوانی بگەنە ئەنجام و دەستپێشخەرییەکەیان شکستیھێنا، کە باشترین دەستپێشخەری بوو بۆ رەوشی سیاسی ئێستای عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاشکرایکردووە، ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ھەیە و ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ھێوربوونەوەی گرژییەکانی ئەم دواییەی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، کۆتایی ئەم ھەفتەیە ھادی عامری لە نەجەف چاوی بە موقتەدا سەدر دەکەوێت و ڕەنگە پێش سەردانەکەی، پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوانیان ئەنجام بدرێت.
ھاوپەیمانی فەتح لە بەرەی چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە داوای پاراستی دامەزراوەکان و دەوڵەت و پێکھێنانی حکومەت دەکەن.
لەبەرامبەردا ڕەوتی سەدر داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراق رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی عێراق و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان، کاروانێکی دیکەی ژن و منداڵی داعشە عێراقییەکان لە کەمپی ھۆل لە رێگەی دەروازەی رەبیعەی سوریاوە بە پاس گەڕێنرانەوە بۆ کەمپی جەدعە لە عێراق.
وتیشی، ھێزێکی زۆری ئەمنی بەوردی چاودێری گەڕانەوەی ئەو کاروانەی ژن و منداڵی داعشە عێراقییەکانیان کردووە کە لە کەمپی جەدعە نیشتەجێ دەکرێن.