ئەنجومەنی نوێنەران کارنامەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردەوە، سێ بڕگەیان تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای مافی مرۆڤ و رێککەوتنی عێراق و تونس و رێککەوتنی دەریایی نێوان عێراق و میسر.
بەپێی کارنامەکە، بڕگەی چوارەم تایبەتە بە لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی.
لە بڕگەکانی پێنجەم تا یانزەیەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی شۆڕشی ھەڵوەشاوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای ماددە ھۆشبەرەکان و ھەمواری یاسای دەستەی دەریایی ساڵی ٢٠١٨ دەکرێت.
لە نۆی ئەم مانگەدا، کۆبوونەوەی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام کاندیدەکان دەنگی پێویستیان نەھێنا و سکاڵای یاسای لەسەر یەکێک لە کاندیدەکان تۆمارکرا بە تۆمەتی پەیوەندی بە رژێمی بەعسەوە.