ئیخڵاس دلێمی جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دوای میوانداریکردنی زۆربەی وەزارەت و دەستەکان، گفتوگۆکانی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ گەیشتوەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و تەنھا چەند شتێکی کەم ماوە.
وتیشی، لیژنەکەیان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کەمکردنەوەی قەبارەی خەرجییەکان ئەستەمە، لەبەرئەوەی بۆیان دەرکەوتووە خەرجییەکان راستەقینەن و دەوڵەت پێویستییەتی.
ئەو ئەندامی لیژنەی دارایی رونیشیکردەوە، قەبارەی بودجە ١٩٨ ترلیۆن دینارەو زۆر ئەستەمە کەمبکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵدەدەن بە زیادکردنی داھات قەبارەی کورتھێنان کەمبکەنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی ھێڵی ئاسمانی ماھان ئەیر، گەشتیاری عێراقی لە کاتی گەشتکردن لەسەر ھێڵی ئاسمانی ماھان ئەیر بۆ ئێران، پێویستی بە ڤیزا نابێت و ھیچ مۆرێک لەسەر پاسپۆرتەکەی نادرێت، بڕیارەکەش لە رۆژی شەممە ١٣ی ئایار چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
راشیگەیاندوە، بڕیاردراوە بە ھەڵگرتنی پشکنینی کۆرۆنا و کارتی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە ھەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ھەولێر، سلێمانی و کەرکوکەوە گەشتی تاران بکەن.
د. نەرمین مەعروف بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، تا ئێستا گفتووگۆکانی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی درێژەیان ھەیە چاوەڕێدەکرێت لە ١٧ بۆ ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٣ تەواو بن و پرۆژەکە بۆ دەنگدان ئامادەبێت لە پەرلەمانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا گفتوگۆ دەکرێت لە سەر گواستنەوەی ئەو پشکانەی بۆ دامودەزگاکان تەرخانکراوە، ئەو دەزگایانەی پشکی زیادیان بۆ تەرخانکراوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی پشکی کەمیان بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بودجە کەمناکرێتەوە.
لەبارەی پشکی کوردەوە ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت: پشکی کورد گۆڕانکاری بەسەردانایەت، بەڵام ھەوڵدەدرێت ئەو بڕگانەی لەبەرژەوەندی کورد نین دەستکاری بکرێن یان لاببرێن.
حەیدەر کەرعاوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی ١٠ رۆژ جارێک گوژمەیەکی ٥٠٠ ملیار دیناری دەداتە وەزارەتی بازرگانی بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی جوتیاران و تائێستاش دوو گوژمەیان وەرگرتووە و چاوەڕێی گوژمەی سێیەمن.
وتیشی، رێکارەکانی خەرجکردنی شایستە داراییەکان، لە رۆژی وەرگرتنی دانەوێڵە یاخود رۆژی دواتر تەواودەکرێت، ئەوەش جاری یەکەمە لە عێراق روودەدات.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەی وەرگرتنی دانەوێڵە دوو ھێندە زیادیکردووەو ھەر پارێزگایەک پێشتر ١٠٠ بارھەڵگر دانەوێڵەی رادەستکردبێت ئەمساڵ بۆ ٢٠٠ بارھەڵگر زیادکراوە، ھیچ گرفتێک لە وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیاران رووینەداوە و بەھۆی باراینی بارانی باش و بەکارھێنانی ئامێری نوێ بۆ ئاودێری ئەمساڵ باشترین بەرھەمی دانەوێڵەیان دەبێت.
دەزگای راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سامەڕا پەلامارێکی تیرۆریستانی داعشیان بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی سامەڕا شکستپێھێناوە و لە رووبەروبوونەوەیەکیشدا سێ تیرۆریست کوژراون کە یەکێکیان پشتێنی تەقینەوەی بەستبوو، بەڵام بەرلەوەی خۆی بتەقێنێتەوە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەفسەرێکیش کە بۆ پاراستنی بنکەکە لە ناوچەکەدا بووە کوژراوە.
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئوپراسیۆنەکان لە سامەڕا بەردەوام دەبن تا رێگە بە تیرۆریستان نەدرێت جموجۆڵ بکەن.
حەیدەر ئیسماعیل قائیمقامی قەزای (بەلەد)_ی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، پێنج حاڵەتی نوێی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە قەزاکەیاندا تۆمارکراوە کە سیانیان بەخێوکەری ئاژەڵ و دووانیشیان پزیشکن و بەرکەوتەی ھاووڵاتیە تووشبووەکانن.
وتیشی، فەرمانگەی تەندروستی قەزاکەیان ژووری کەرەنتینەی بۆ تووشبووەکان دروستکردووە، ئەو ناوچەیەشی نەخۆشییەکەی تێدا تۆمارکراوە دابڕێنراوە و چێشتخانەیەکی نزیک شوێنەکەش داخراوە و لەگەڵئەوەشدا ھەڵمەتی شتن و دەرمانکردنیش ئەنجامدراوە، ھاوکات رێگەنادرێت ئاژەڵ و مەڕوماڵات بێتە قەزاکە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٤٠ حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، تائێستاش حەوت تووشبووش گیانیانلەدەستداوە.
موزەر کەرەوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کورتھێنانی دارایی لە بودجەی ٢٠٢٣ لە پێشینەی کارەکانی لیژنەی داراییە لەبەرئەوەی قەبارەکەی زیاتر لە ٣٠٪ کە بڕەکەی زیاتر لە ٦٣ ترلیۆن دینارە و بەرزترین قەبارەی کورتھێنانە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣_ وە.
وتیشی، لە سێ رۆژی داھاتوودا بڕی کورتھێنانی بودجە دیاریدەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەت و دەستەکان و گەیشتن بە نەخشە رێگایەکی تەوافوقی لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان .
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە پێدەچێت قەبارەی کورتھێنان بۆ ٢٠٪ کەمبکرێتەوەو پشتیوانی بژاردەکانی کەمکردنەوەی کورتھێنان دەکەن لە پێناو بەھێزکردنی تواناکانی حکومەت لە رووبەرووبونەوەی ھەر قەیرانێک بەتایبەت کە تا ئێستا نرخی نەوت جێگیر نیە و ئەگەری زۆرە دابەزێت.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھێزەکانی سوپای عێراق دەستیان وەرداوەتە کێشەی جووتیارانی کورد لە پێنج گوندی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان و ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کتوپڕ ھێزێکی فەوجی چواری لیوای ٣٢ی سەر بە فرقەی ٨ی سوپای عێراق ھەڵیکوتاوەتە سەر جوتیارانی کورد لەو ناوچەیە.
بە وتەی محەمەد ئەمین، بڕیاری راگرتنی کاری کشتوکاڵی جوتیارانی کورد لەسەرگەڕان لەئێستادا بۆ پێنج گوندی کوردنشین دەرچووە کە ئەوانیش گوندەکانی پەڵکانە و سەربەشاخ و گابەڵەکە و خەرابە و شەناغەیە و روبەروی زەوی ئەو گوندانە لەنێوان ٥٠-٦٠ ھەزار دۆنم زەویدایە کە کێڵدراون.
وتیشی، ھێزەکە بە ھەمەرەوە چوونەتە سەر جووتیاران و ئاگاداریانکردوون، دەستبەجێ ھەموو کارێکی کشتوکاڵی رابگرن و سێ جووتیاریشیان دەستگیرکردووە کەسەرقاڵی کاری کشتوکاڵی خۆیان بوون.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامدراون، ١٠٠ تیرۆریست کوژراون.
وتیشی، زۆربەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە میانی ئەمساڵدا کوژراون، ھەڵگریی رەگەزنامەی عێراقین.
لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەشکردووە، ساڵی ٢٠٢٣، ساڵێکی تایبەتە لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە، بۆیە کوژرانی ئەو ١٠٠ تیرۆریستەی داعش، دەستکەوتێکی باشە بۆ ھێزە ئەمنییەکان.
ھاوکات وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، راشیگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی عێراق کە خۆیان تیایدا حەشارداوە لەناودەبرێن.
لێپرسراوێکی عێراقی بە پێگەی "ئێس ئاند پی گڵۆباڵ کۆمیدتی" راگەیاندووە، پێناچێت تێکڕای ھەناردەی نەوت لە مانگی ئایار، ٣ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تێپەڕێت، ئەوەش بەھۆی بەردەوامی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، کە زیاتر لە مانگێکە وەستاوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراقیش، مانگی رابردوو عێراق زیاتر لە ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ ھەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە بەھۆی راگیرانی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوکەوە، فرۆشتنی نەوتی عێراق کەمیکردووە، واتا بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٨٨ ھەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە وەرزی یاسادان درێژبکرێتەوە تا ئەو کاتەی پرۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت.
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، سێ ئەندامی لیژنەی دارایی دیاریکراون بۆئەوەی بەشدار بن لە لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق بۆئەوەی ستراتیژی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ تا ٢٠٢٦ دابڕێژن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوە کردووە، کە پێویستە گفتوگۆی جددی لەسەر بودجەی بەکاربردن بکرێت و یەکلایی بکرێتەوە کە لەپرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ دیاریکراوە و بڕەکەی نزیکەی ١٣٣ ترلیۆن دینارە، بەڵام تائێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند نەکراوە.
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لیژنەکەیان میکانیزمی ھەژمارکردنی ئەو نەوتەی ھەرێمی کوردستان نازانن کە ھەناردەکردنی وەستاوە، وتیشی، ناڕوونییەک لە رێککەوتنەکەدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی فەرمانبەران لە ھەرێمی کوردستان سێ ھێندەی ژمارەی فەرمانبەرانە لە بەغداد، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی بەغداد نۆ ملیۆنە و ژمارەی دانیشتووان لە ھەرێمی کوردستان ھەشت ملیۆنە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پڕۆژەیاسای بودجەی بە بۆمبڕێژکراو ناوبرد کە کورتھێنانەکەی دەگاتە ٦٤ ترلیۆن دینار و وتیشی، پڕۆژەیاساکە تائێستا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ناو لیژنەی دارایی، یەکلانەکراوەتەوە.
مەسعود حەیدەر بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، وەکو وەزارەتی دارایی رۆژی یەکشەممە رێنماییان داوەتە بانکی ناوەندی بۆ دیاریکردنی حیسابی ھەرێمی کوردستان و پێشبینیدەکات لە ماوەی دوو رۆژدا بانکەکان ئەو پارەیە بنێرنە سەر حسابی حکومەتی ھەرێم لە لقی بانکی ناوەندی لە ھەولێر.
جەختی لەوەشکردەوە، دەبێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بابەتی مووچە بکرێت، ئەوەش بە دانانی یاسای نەوت و غاز و ھەموارکردنی ھەندێک لە یاساکانی دیکە، وتیشی، ئەگەر لە عێراقدا رێزگرتنی تەواو ھەبێت لە دەستور و یاساکان، ئەو گرفتانەی کە ھەیە لە ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە سەریھەڵداوە، دەتوانرێت بە یەکجاری ئەم دۆسیەی مووچەیە دابخرێت تەنانەت مووچەی فەرانبەرانی ھەرێم ببێتە بەشێک لە کۆی مووچەی دەوڵەتی عێراق.
سەبارەت بەوەی کە ئایا گرەنتی ھەیە بۆ خەڵکی ھەرێم سەبارەت بەناردنی بەشە بودجە، "مەسعود حەیدەر" وتی، لە عێراق ھیچ شتێک گرەنتی نییە، بەڵام عێراق و ھەرێم ئیرادەیان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەبارەت بە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیش وتی، پێویستە حکومەتی عێراق بەزووترین کات ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەگەڵ تورکیا چارەسەربکات، چونکە کاریگەری نەرێنی ھەیە لەسەر ئابوری عێراق.
کازم فەیاز،ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لە بەرژەوەندی گشتیدایە کە کورتھێنانی بودجە کەمبکرێتەوە، ئەویش لە رێگەی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و کۆکردنەوەی سەرجەم داھاتی وەزارەتەکان کە تائێستاش بەشێکیان ناچنە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر سیاسەتی ھەڵەی حکومەت بۆ کۆکردنەوەی داھاتە نانەوتییەکان باشتر بکرێت، دەتوانرێت داھاتی ساڵانەی دەوڵەت ٣٠ ترلیۆن دینار زیادبکرێت.
لیژنەی دارایی پێوایە لە رێگەی جێبەجێکردنی سیستمێکی کارای گومرگ و باجیشەوە، دەکرێت کورتھێنانی بودجە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە.
محەمەد خوزاعی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتەکەیان پلانی فراوانی ھەیە بۆ زیادکردنی روبەڕوی کشتوکاڵ، ئەوەش کاریگەری ھەبووە لەسەر زیادبوونی بەرھەمی گەنم لەمساڵدا.
باسی لەوەشکردووە، ئەگەر بەرھەمی ئەمساڵی گەنم بەشی تێکڕای پێداویستی ناوخۆی نەکرد، رێژەیەکی سنوداری گەنم لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ ھەر تۆنێک گەنم بە 850 ھەزار دینار لە جوتیاران بکڕێتەوە، بڕیاریشە لە دوو ھەفتەی دوای رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان، پارەی گەنمی جوتیاران خەرجبکرێت.
عەلی زوبەیدی سەرکردە لەھاوپەیمانی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، سەرنج و تێبینییەکی زۆر لە سەر شێوازی کارکردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە و چەند ئاماژە و بەڵگەیەکیش ھەیە کە حەلبوسی لە چەند دۆسێیەکی گەورەی گەندەڵی لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە تێوەگلابێت.
وتیشی، ئاراستە و جوڵەیەکی سیاسی و کۆدەنگیش لە نێوان زۆربەی لایەنەکاندا دروستبووە بۆئەوەی لە دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە حەلبوسی لە پۆستەکەی دوربخرێتەوە.
پێشتریش ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ٣٥ پەرلەمانتاری سوننە ھەوڵیاندا حەلبوسی لە پۆستەکەی دوربخەنەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، ھەر ئەندامێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینەی رەھای ژەمارەی پەرلەمانتاران لادەبرێت دوای تاوانبارکردنی لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە پێشێلکردنی سوێندی یاسایی یان پێشێلکردنی دەستوور یاخود ناپاکی گەورە.