عەلی عەباس جیھانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی کار بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانە ئێزدییانە دەکات کە ئارەزومەندانە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، تاکو ھەر خێزانێک بە بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار کۆمەک بکرێن.
وتیشی، ھەماھەنگییان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکاندا ھەیە بەمەبەستی گەرەنتی گەڕانەوەی ھەموو ئەو ئاوارانەی خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پشتیوانی سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکان دەکات بە تایبەت ئاوارە ئێزدییەکان لە رێگەی گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزومەندانە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە ھونەری و ئەمنییەکان لەناوچەکان بنەڕەتییەکانی خۆیان.
کەریم شکور لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محمد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین بە نووسراوێکی رەسمی داوای لێکردوە، کە بودجەیەک بۆ بەگەرخستنەوەی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی رژێمی لەناوچووی بەعس دابین بکرێت.
وتیشی، ھەر لە بەر رۆشنایی داواکارییەکە، وەزیری دارایی عێراق بریاریداوە ٢٥٠ ملیار دینار بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەم یاسایە تەرخان بکات کە تێیدا ھەموو زیانلێکەوتوانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق لێی سوودمەند دەبن لە سەرتاسەری عێراقدا بەتایبەت، خەڵکی خورماتوو کە زەرەرمەندی سەرەکی دەستی رژێمی لەناوچووی بەعسن.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای باڵای تاوانەکانی پارێزگای بابل بەپێی حوکمەکانی ماددەی چوار لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەی دروست و چەند دانیشتنێکی دادگا، سزای لە سێدارەدانی بەسەر سەرکردەیەکی گرووپی تیرۆریستی داعشدا سەپاندووە کە لێپرسراوی سەربازیی ولایەتی جەزیرە بووە لە سنوری پارێزگای ئەنبار.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا بێت، ئەگەری چاکبوونەوە زۆر زۆرە، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە دواکەوت لە ئاشکراکردنی ئەگەر مردن بەو ھۆیەوە زۆرە.
دەشڵێت، ئەرکی سەرەکی لە رووبەربوونەوەی پەتاکە دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەویش لە رێگەی بنبڕکردنی ئەو مێروانەی نەخۆشییەکە دەگوازنەوە.
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی کرد لەبارەی گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند، چەند ماددەیەکی نوێ بۆ پرۆژەیاساکە زیادکراوە و دەنگیشیان لەسەر دراوە، کە یەکێکیان بریتییە لە شایستەی خانەنیشینبووان بەوانەشەوە کە لە ژیاندا نەماون و پێشتر بەھۆی زۆری تەمەنیانەوە لەسەر میلاکی رەسمی ھەژمار نەکراون.
مەندەلاوی جەختیشیکردەوە لەسەر پەلەکردن لە یەکلاییکردنەوەی پڕۆژەی بودجە و بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەسەندکرد.
لای خۆیەوە، ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییش رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕگەی پابەندکردنی وەزارەتی دارایی بە دامەزراندانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست بەو مەرجەی تائێستا لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن و زیاتر لە دوو ساڵیش خزمەتیان ھەبێت و لەرۆژی ئیمزاکردنی گرێبەستەکەیەوە تائێستا لەکارەکانیان دانەبڕابێتن.
سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ و وەرزی دروێنەوەی گەنم بوژانەوەی زۆری بەخۆوە بینیوە، ھۆکارەکەشی بۆ شەپۆلەکانی بارانبارین دەگەڕێتەوە، کە ئەمساڵ رێژەکەی زۆر بووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ وتیشی، سەرباری بارانبارین، بەڵام ھێشتا وشکەساڵی مەترسییە لەسەر عێراق، چونکە بۆ ساڵانی داھاتوو رەنگە عێراق دووچاری کێشەی گەورە ببێتەوە، ئەگەر بێتو رێککەوتن سەبارەت بە پرسی ئاو نەکرێت، بە تایبەت لەگەڵ تورکیا، چونکە ھەوڵەکانی حکومەت لەوبارەیەوە لە ئاستی پێویستدا نییە.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ تاوەکو ٢٠٢٢ داھاتی کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی لە پارێزگای بابل ٢١٠ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە لیستی داھات و خەرجییەکاندا بە ١٢٧ ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، زۆرینەی بەڵگەنامەکان لەلایەن کارمەند و بەرپرسانی کۆمپانیاکەوە دیارنەماون یان لەناوبراون، بەڵام دەستەکەیان لە داتای ناوەندی وەزارەتی پیشەسازییەوە خەرجی و داھاتی کۆتایی کۆمپانیاکەی دەستکەوتووە و بۆی دەرکەوتووە کە گەندەڵی ئەنجامداوە.
ھاوکات دەستەی دەستپاکی دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەدا بەردەوامە و ئەوانەی کەمتەرخەمبوون روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیھانی تورکیاوە، ئاستی بەرھەمھێنان لە کێڵگەی خورمەڵە نزیکەی ٥٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە.
وتەبێژی کۆمپانیای "گەنەڵ ئێنێرجی" بەریتانیش بە ئاژانسەکەی رایگەیاندووە، کێڵگەی تەق تەق بەرھەمھێنانی نەماوە.
رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەشداوە، تائێستا تورکیا وەڵامی داواکارییەکەی عێراقی نەداوەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم. ئاماژەیەکی کەمیش ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە، چونکە ئەو بابەتە چەند ھەفتەیەکی دیکەی دەوێت نەک چەند رۆژێک، کێشەکەش زیاتر سیاسییە نەک تەکنیکی.
بەپێی رۆیتەرز ، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتەوە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
د. عەبدوڵا عەلیاوایی راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەموو ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی باس لە تێکچوونی رەوشی تەندروستیی د.لەتیف رەشید دەکەن دوورن لە راستییەوە و رەتیاندەکەنەوە، بە پێچەوانەوە تەندروستیی سەرۆک کۆمار زۆر باشە و ھیچ گرفتێکی تەندروستیی نییە.
راشیگەیاند، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی دووشەممە لە بەغداد زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ھەبووە و ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە خشتەی کارەکانی نەگۆڕاوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ھەیە.
راشیگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی تەندروستیی سەرۆککۆمار بڵاوکراونەتەوە، تەنھا بۆ چەواشەکردنی خەڵکە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، لیژنەکەیان راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر زۆرینەی برگە و ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە کردووە، ئەمڕۆش ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێم یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم و ھەمواری چەند بڕگە و ماددەیەکی دیکە، لەکۆتایی ئەم ھەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان ئامادە دەبێت و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
شەوی رابردوو لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر چەند ماددەیەکی بودجە کە پەیوەستن بە دانانی باج لەسەر بەرھەمەکانی نەوت، بەنزین و گاز لەگەڵ دانانی باج لەسەر ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن.
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی سەبارەت بە کەشوھەوای ناوچەکانی وڵاتەکە تا کۆتایی ھەفتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەشوھەوای سبەینێ ھەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و ئەگەری باران بارینیش ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ رۆژی چوارشەممەش، ئەگەر ھەیە باران بارین بەردەوام بێت لە ناوچە جیاوازەکان و ھەورە بروسکەشی لەگەڵدا بێت، پلەکانی گەرماش روو لە نزمبوونەوە دەکەن بە چەند پلەیەک، بەراورد بە رۆژی پێشتر.
کەشناسی عێراق دەشڵێت، بۆ رۆژانی پێنجشەممە و ھەینیش پێشبینییەکان ھاوشێوەن و پێشبینی باران بارین و ھەورە بروسکە و بەرزبوونەوەی پەلەکانی گەرما، لە چەند ناوچەیەک دەکرێت.
ئەمیر مەعموری، ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجە سەپاندنی باج بە بڕی ٢٥ ھەزار دینار بۆ ھەر ھاووڵاتییەکی عێراقی لەخۆدەگرێت، کە بیەوێت گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات.
وتیشی، ئەو باجە ناوی باجی فڕۆکەخانەی لێنراوە و ھێشتا نازانن چۆن ئەو پارەیە لە ھاووڵاتیان دەسەنرێت، کە ئایا لەڕێی تکتی فڕۆکەوە دەبێت یاخود لەڕێی باجی ناو فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان.
مەعموری باسی لەوەشکرد، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نیگەران و ناڕازین لەسەر ئەو بڕگانەی باج لەسەر ھاووڵاتیان زیاد دەکەن، بە تایبەت ئەم باجە نوێیە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاری بۆ وزە بە سەرپەرشتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت پێنج بڕیار دەرکراون، وەزیری نەوتیش دەڵێت، بڕیارەکان گرنگ و ستراتیژین لە بواری نەوت و وزەدا کە بریتین لە دانانی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ پلانەکانی وەزارەتی کارەبار و کاراکردنەوەی گرێبەستی ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت بە بەرھەمھێنانی کارەبا بە وزەی خۆر.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوە پرۆژەی بۆری سێیەمی دەریایی جێبەجێ بکرێت کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی عێراق بۆ زیادکردنی ھەناردەی وزە بە نزیکەی ٥٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە، لەگەڵ جێگیرکردن و خستنەکاری یەکەی چارەسەری نەوت بۆ کێڵگەی ناسریە کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زیادبوونی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز لەکۆمپانیای نەوتی زیقار.
محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست رایگەیاند، ھەموو پارێزگاکانی عێراق پلانی پرۆژەکانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامادەیە و چاوەڕوانی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقن، داواشیان کردووە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە پرۆژەیاسای بودجەدا زیاد بکرێت، چونکەی ئەوەی ئێستا دیاریکراوە بڕێکی زۆر کەمە و سەرجەم پارێزگارەکانیش رەخنەو گلەییان لێی ھەیە و داوای زیادکردنیان کردووە.
وتیشی، ئەگەر ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە وەک خۆی پەسەند بکرێت، بۆ پارێزگایەکی وەک واست بەشی ٣٠% پێداویستییەکانی و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ناکات کە پلانی پێشوەختیان ھەیە و ھەموو ئامادەکارییەکیشیان کردووە.