نوسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دواین پێشھاتە سیاسییەکان و ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لە نێویاندا پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ( ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥) گفتوگۆی لەبارەوەکراوەو جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بودجە لە نزیکترین کاتدا، بەو پێیەی پەیوەندی راستەوخۆی بە کاری حکومەت و گوزەرانی ھاووڵاتیان و بەدیھێنانی داخوازییە خزمەتگوزارییەکانەوە ھەیە.
ھاوکات ئامادەبووان جەختیانکردووەتەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان لە پێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیان ، پشتیوانیکردنی حکومەت لە جێبلەجێکردنی بەرنامەی وزارییەکەی کە لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەدراوە، رێزگرتن لە دەسەڵاتی یاسا و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆییەکان لەسەر ئەو بنەمایە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشت بەستن بە داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، مانگی نیسانی ئەمساڵ کۆی ئەو بڕە نەوتەی فرۆشراوە، ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ ھەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوت بووە، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تێکڕای نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت ٧٨ دۆلار بووە، داھاتەکەشی حەوت ملیار و ٦٩٩ ملیۆن و ٢٧٢ ھەزار دۆلارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەوتەکە لە رێگەی ٣٦ کۆمپانیای جیھانییەوە ھەناردەی وڵاتانی کڕیار کراوە.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی سێشەممەی داھاتوو لە ھەریەک لە فڕۆکەخانەکانی بەغداد، نەجەف، بەسڕە، کەرکوک، ھەولێر و سلێمانی حاجییان بەڕێدەکەون و کاتێک گەیشتنە سعودییە لە رێگەی ٦٧١ پاسەوە دوای تەواوبوونی رێککارە کارگێڕییەکانیان دەگوازرێنەوە بۆ مەککەی پیرۆز.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودییە، حاجییەکان دەبێت رێکەوتی یەکی حوزەیران لە دەروازەی عەرعەر ئامادەبن تاکو دەستبکەن بە پرۆسەی حەجەکەیان.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی حەج و عومرەی عێراق، ئەمساڵ بڕیارە ٣٧ ھەزار حاجی لە عێراقەوە بچنە سعودییە و دەستەکەش دەڵێت، ئامادەکاری تەواوییان بۆ حاجییان کردووە.
ھادی سەلامی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی داواکاری گشتی کردووە ئەوەی خستوەتەڕوو، کە داواکارییەکەی شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ راگرتنی کارەکانی لیژنەی دارایی، پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و نایاساییە.
باسی لەوەشکردووە، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی ئەوەی نییە داوای راگرتنی کاری لیژنەکان بکات، بەکارھێنانی پۆستەکەشییەتی بۆ مەبەستی نایاسایی کە دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە، بۆیە داوا لە داواکاری گشتی دەکات شاخەوان عەبدوڵا بدات بە دادگا و رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە یەکی مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە، قۆناغی یەکەمی پێکەوە بەستنەوەی ھێڵی کارەبای عێراق بە ئوردن ئامادە دەبێت و لە قۆناغی یەکەمیشدا بە قەبارەی ٥٠ مێگاوات دەکەوێتەکار و دەگاتە قەزای رووتبە لە پارێزگای ئەنبار.
ڕاشیگەیاند، پێشبینیان دەکرد، لە سەرەتای مانگی حوزەیران، پێکەوە بەستنەوەی کارەبا بکەوێتەکار، بەڵام ھەندێک رەوشی کەشوھەوا و بەربەستی لایەنی ئوردنی، کەوتنەکاری ئەو پڕۆژەیەی بۆ مانگی تەممووز دواخست.
وتیشی، پێکەبەستنەوە لەگەڵ لایەنی تورکی ئامادەیە، بەڵام چاوەڕوانی کەوتنەکاری دەکەن، بەڵام پێکەوەبەستنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە ماوەی داھاتوودا ئاماد دەبێت و پێنج گرێبەستیان ھەیە، کە بۆ کەوتنەکاری قۆناغی یەکەمی ١٢ مانگیان پێویستە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەراندا ئاماژەی بەوەشکرد، نەوتی کەرکوک و ھەرێمی کوردستان بەو ناوچانەدا تێدەپەڕێت کە بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات زیانی پێگەیاندووە، بەوھۆیەش ھەناردەی نەوت بە تەواوی راگیراوە.
باسی لەوەشکردوە، لەئێستادا چاوەڕێی ھاتنی وەفدێکی تورکیان بۆ عێراق بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە.
لای خۆیەوە کازم توکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە کە تورکیا تا ئەو کاتەی عێراق لەو ١.٥ ملیار دۆلارەی خۆش نەبێت کە دادگای پاریس بەسەریدا سەپاندویەتی، راگرتنی ھەناردەی نەوت وەک کارتی فشار دژی بەغدا بەکاردەھێنێت.
بەپێی راگەندراوێکی ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کردووە کارئاسانییان بۆ بکرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو پارانەی ئێران کە لە بانکی بازرگانی عێراق دانراون، بۆسەر ھەژماری یەکێک لە بانکەکانی سعودیە، بەڵام ھۆکارەکەی رووننەکراوەتەوە.
سەحاف ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا باسی کەمبوونەوەی ھەناردەی غازی ئێران کراوە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران وتویەتی، کەمبوونەوەی ھەناردەی غاز بە بڕیاری حکومەتی ئێران نەبووە، بەڵکو تەنھا کێشەیەکی ھونەرییە و بە زوویی چارەسەر دەکرێت.
وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، وەفدێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر یاروڵا و جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و فەرماندەی ھێزی زەمینی و بەڕێوەبەری ھەواڵگری سەربازی گەیشتوونەتە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک.
رونیشیکردووەتەوە، ئامانجی سەردانەکە بەدواداچوونە بۆ رەوشی ئەمنی و دواین ئۆپراسیۆنی سەربازییەکانە دژ بە پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش، ھاوکات گفتوگۆ لەبارەی بڵاوکردنەوەی یەکە ئەمنی و سەربازییەکان لە کەرکوک دەکرێت.
ئەمڕۆ لە بەغداد کۆنگرەی رێگای گەشەپێدان دەستبەکارەکانی دەکات کە ١٠ وڵات بەشداری دەکەن، تائێستاش وەفدی سعودیە و ئیمارات و کوەیت و سوریا گەیشتوونەتە بەغداد، بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بە وتارێک کارەکانی کۆنگرەکە دەستپێبکات کە ئامانج لێی زیاتر گەشەپێدانی سەرجەم کەرتەکانی عێراق و بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیەتی لەگەڵ ئەو وڵاتە.
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و وزە، لە بەندەری فاو لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بە ١٠ پارێزگاری عێراقدا تێدەپەڕێت و دەبەسترێتەوە بە تۆڕی رێگەوبانەکانی تورکیا و لە تورکیاشەوە بۆ ئەوروپا.
ھەروەک ئاماژەی کردوە بەوەی، کە پێشنیازکردنی مادەکانی نێو پرۆژەی بودجەی عێراق لە لایەن زۆربەی ئەندامانی لیژنەی داراییەوە بوە و حزبی زۆر گرنگی ھەرێم پشتگیرییان کردووە.
یوسف کیلابی دەڵێت، تەنیا دوو ئەندامی پارتی ناڕازی بوون، سەرەڕای ئەوەی کە پێشنیازەکە زامنی گەیشتنی پارە دەکات بۆ گەلی عێراق لە ھەرێم، ھەروەھا راستکردنەوەی کارەکانە بەجۆرێک کە گونجاوە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتننامەیەی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیداڵ.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ئەو راگەیەندراوانە، دوورن لە واقیعەوە، و ئەگەریان ھەیە ببنە مایەی ئاڵۆزکردنی دیمەنەکە، بەتایبەتی ئەوەی لەلایەن جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاوکرایەوە، وەک ھەوڵێک بۆ راگرتنی کاری لیژنەکە بە پاساوی بێبنەما، لەڕێگەی خستنەڕووی بابەتی نا قانوونی و نا لۆژیکی، ئەمەش پشتگیریی دوژمنایەتی بێپاساو دەکات کە ھەندێک ئەندامی پارتی کاری بۆ دەکەن.
کیلابی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردوەتەوە، کە بەردەوام دەبن لە رێگرتن لە ھەر لایەنێک ھەوڵی دواخستنی بودجە بدات و بیەوێت کاروباری حکومەت لەڕووی خزمەتی خەڵک و شایستە داراییەکانیان دوابخات.
پەیمانگەی پارەدارکردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەکرێت بەھۆی بەرزبوونەوەیەکی کەمی خواست لەسەر نەوتی جیھانی و کەمکردنەوەی بەردەوامی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن (ئۆپێک پڵەس)_ەوە، نرخی نەوتی خاو بەرزببێتەوە و لە ٧٨ دۆلارەوە بگاتە ٨٤ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک، بەڵام عێراق ناتوانێت خۆی لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بگونجێنێت بەتایبەتی لەئێستادا کە نرخی ئێستای بەرمیلێک نەوت لە خوار ٨٠ دۆلارەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە عێراق، ھەناردەکارە گەورەکانی تری نەوتیش لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ناتوانن بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت بگرن بەتایبەتی ئەگەر نرخی ھەر بەرمیلێک لە ٧٥ دۆلار زیاتر داببەزێت.
حسێن سەعبەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا، ٤٠ بۆ ٤٥ ترلیۆن دینار وەک بودجەی وەبەرھێنان دیاریکراوە کە ئەوەش بڕێکی زۆر کەمە و لە ئاستی پێداویستی و خواستی پارێزگاکان نییە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و لە چوارچێوەیەدا کێشەی زۆر دروست دەبێت.
وتیشی، یەکێک لە چارەسەر سەرەکییەکان بۆ کەمککردنەوەی کورتھێنان و کاراکردنی کەرتی تایبەت ئەوەیە بەشێک لە پرۆژەکانی وەبەرھێنان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بدرێتە کەرتی تایبەت و لەلایەن ئەوانەوەی جێبەجێ بکرێن.
فەرھاد عەلادین، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری قەتەر رایگەیاند، دانوستان ھەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی سعودیە کە لە ساڵانی حەفتاکاندا بوونی ھەبووە.
ھەروەھا، بیر لە کاراکردنەوەی بۆری نەوتی لە ڕێی سوریاوە دەکرێت، لەگەڵ ھێڵی "بەسرە_عەقەبە"، سەرجەم ئەو بژاردانەش لە توێژینەوەدان لەلایەن راوێژکارانەوە.
سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیش، راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران وتی، لایەنی تورکی دەڵێت کێشەی تەکنیکی ھەیە کە ئاستەنگە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەڵام پێدەچێت ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لەئێستادا ئەولەویاتی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە بن.
سەبارەت بە غازیش، "فەرھاد عەلادین" وتی، عێراق ھەوڵدەدات ئەو غازە بقۆزێتەوە کە لە پڕۆسەکانی بەرھەمھێناندا بەھەدەردەچێت و نزیکەی ١٦٠٠ بۆ ١٨٠٠ ملیۆن پێ سێجا دەبێت.
عەلی عەباس جیھانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی کار بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانە ئێزدییانە دەکات کە ئارەزومەندانە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، تاکو ھەر خێزانێک بە بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار کۆمەک بکرێن.
وتیشی، ھەماھەنگییان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکاندا ھەیە بەمەبەستی گەرەنتی گەڕانەوەی ھەموو ئەو ئاوارانەی خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پشتیوانی سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکان دەکات بە تایبەت ئاوارە ئێزدییەکان لە رێگەی گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزومەندانە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە ھونەری و ئەمنییەکان لەناوچەکان بنەڕەتییەکانی خۆیان.
راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا ھەموان بە شێوەیەکی سەرەتایی گەیشتن بەو دیدەی کە پرۆژەکە بەرز بکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و وادەی دانیشتن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەکە دیاریبکرێت.
ھاوکات نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، مادەکانی ١٣ و ١٤ کە پەیوەستن بە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە یەکلایی نەکراونەتەوە و گفتوگۆکردن لە بارەیانەوە بەردەوامە.