سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی یەکشەممە لە گوندی مامەی سنوری قەزای دوبز ھێزێک کراوەتە ئامانج کە پێنج کەس بوون و سەرجەمیان کوژراون.
لای خۆیەوە، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی ھێرشێکی ئەمریکاوە ٥ چەکداریان کوژراون و بەڵێنیش دەدات ھێرشی زیاتر بکاتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.
ھاوکات ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە سێ سەرچاوەی ئەمنی عێراقەوە گواستییەوە، چەکدارەکان لەکاتێکدا کراونەتە ئامانج کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ھەڵدانی موشەک دژی ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و گومان دەکرێت ھێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام درابێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی عێراق پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات و داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕی غەززەش دەکات.
راشیگەیاند، "کێشەی سەرچاوەکانی ئاومان ھەیە بەھۆی ئەوەی زۆربەی سەرچاوەکانی ئاو لەدەرەوە سەرچاوە دەگرن، کەمبوونی ئاو و گۆڕانی کەشوھەواش کاریگەری ھەبووە لەسەر زیادبوونی ئاوارەبوون لە عێراق بەڵام ئێمە بە چەند قۆناغێک ھەوڵمان داوە ئاوارەبوون زۆر کەمبکەینەوە و ئەنجامیشی ھەبووە، لە ھەمان کاتیشدا ھەوڵدەدەین ئاسایشی ئاو لە وڵاتدا دابینبکەین و زۆنگاوەکان ببوژێنینەوە".
مستەفا جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە سکاڵایەکەدا داوایکردووە دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بە نادەستوری لەقەڵەم بدات، کە تیایدا بڕیاردراوە بە سێ قۆناغ دوو تریلیۆن و سەد ملیار دینار مانگانە ٧٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت.
سەرەتای ئەمساڵیش ئەو پەرلەمانتارە سکاڵایەکی ھاوشێوەی تۆمارکردبوو، ئەو کات دادگای فیدڕاڵی بڕیاری حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ ناردنی پارە بۆ ھەرێم بە "نادەستووری" لە قەڵەمدا.
ئەیاد پۆڵانی، بەڕێوەبەری بەرنامەی کارتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەکە مانگێکی دیکە بەرەسمی دەکەوێتەبواری جێبەجێکردنەوە و ھەموو پارێزگاکانی عێراقیش دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەموو جوتیارێک کارتێکی کشتوکاڵی بۆ دروست دەکرێت و لەو کارتەدا ھەموو چالاکییەکانی جوتیار وەک زەوییەکانی، پلانی داچاندن، وەرگرتنی بنەتۆو و قەرزکردنەکانی لەرێگەی ئەو کارتەوە راییدەکرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، کارتی کشتوکاڵی دەبەسترێتەوە بە وەزارەتی بازرگانیشەوە و شایستەی دارایی جوتیاران لەرێگەی ئەو کارتەوە خەرج دەکرێت.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە، محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران لە بەغداد لەگەڵ عەبدولئەمیر یاروڵا سوپاسالاری عێراق كۆبووەتەوە و گفتوگۆیان كردووە لەبارەی رێكارەكانی مانۆڕی هاوبەش و سەقامگیریی ئەمنیی لەسەر سنوورەكان.
لەلایەكی ترەوە، عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چاوی كەوتووە بە محەمەد باقری و گفتوگۆیان كردووە لەبارەی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی هەردوو وڵات بە تایبەت بۆ پاراستنی سنوورەكانی نێوانیان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، لە بەرامبەردا سوپاسالاری ئێران سووربوونی وڵاتەكەن بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لە پاراستنی سنوورە هاوبەشەكان دەربڕیووە.
درەنگانی شەوی رابردوو محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران گەیشتە بەغداد و بڕیاروایە سێ رۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و چاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراق بكەوێت.
مستەفا عاتی، سەرۆکی دەستەی پیشەسازی جەنگ عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، دەستیانکردوە بە دروستکردنی چەکی رۆژھەڵاتی و رۆژئاوایی ئەوەش گرنگە بۆ ژێرخانی ئابوری و دوای بەرھەمھێنانیان پشکنینیان بۆ دەکرێت بەمەبەستی کوالێتی و ھەڵسەنگاندنی ھێزەکەی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵی داھاتودا ھاوەن و تانک و زرێپۆش و دوربین و کامێرای حەراری و فرۆکەی بێ فرۆکەوان دروست دەکرێن لەگەڵ چەند پرۆژەیەکی دیکەی وەکو دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی و پەیوەندی.
مستەفا عاتی دەشڵێت، بەپێی یاسای کۆمپانیاکان دەرگای بەشداریکردن بە رووی کۆمپانیاکاندا کراوەتەوە بۆئەوەی بەشداری لە دروستکردنی پێداویستی جەنگ بکەن.
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانێکی دەوڵەتییان دەرکردووە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ماددەی ٧١ی یاسای بودجە، کە تایبەتە بە راگرتنی دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکانی ئەو دامەزراوانەی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن.
راشیگەیاند، ئەو دامەزراوانەی وڵات کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، تا ئەوکاتەی دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە و حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە کابینەکانی حکومەتدا، چەندین پۆست بەھۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە بە وەکالەت پڕکراونەتەوە.
موسەنا جەبار، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، گەنم بەشێوەیەکی ستراتیژی کۆگاکراوە کە بەشی بەشەخۆراکی مانگانەی ھاوڵاتییان دەکات و پێویسیتییەکانی ھاوڵاتییان دابین دەکات تا سەرەتای وەرزی دروێنە و بەبازاڕکردنی گەنم.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گەنمی پێویست تا مانگی نیسانی ٢٠٢٤ لە کۆگاکاندا ھەیە و نزیکەی یەک ملیۆن تۆن گەنم بەردەستە لە سایلۆکاندا پارێزراوە.
راشیگەیاند، بەھۆی گەنمی ناوخۆی ئەمساڵەوە، عێراق پێویستی بە ھاوردەکردنی گەنم نییە.
عەلی جاسم، بەڕێوەبەری توێژینەوە و پەرەپێدانی نەوتیی، لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئاستی یەدەگی غاز لە عێراق دەگاتە ١٣٢ ترلیۆن پێ سێجایە و لە رووی زۆری بڕی یەدەگی غازەوە، لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدایە، لەسەر ئاستی جیھانیش لە پلەی دەیەمدایە.
راشیگەیاند، ساڵانە لە عێراق نزیکەی ١٤ ملیار پێ سێجا غاز دەستوتێندرێت و بەفیڕۆ دەچێت، بەوەش عێراق چوارەم وڵاتی جیھانە لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی ساڵانەی بڕێکی زۆری غاز دەسوتێنن.
لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ئەو بڕە زۆرەی غاز لە عێراق بەفیڕۆ دەچێت، بەڵام عێراق ساڵانە بۆ دابینکردنی کارەبا بڕێکی زۆری غاز لە ئێران دەکڕێت.
دەستەی حەشدی شەعبی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ھێزێکی ھاوبەش لە لیوای ١٦ لە سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و رۆژھەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی، بە ھاوبەشیی ھێزەکانی سوپای عێراق، ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە ھەردوو بەرەی باکوور و رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکوک دەستپێکردووە، راشیگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە بە ئامانجگرتنی پاشماوەکانی داعش و کۆتاییھێنانە بە جموجوڵەکانیان و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەیە بەشێوەیەکی تەواوەتی.
کۆتایی ھەفتەی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ ئاستی مەترسییەکانی داعش لە کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین ٩٥% کەمیکردووە، ھەر دوای ئەو قسەیە داعش پەلامارێکی لە سنووری ناحیەی شارەبانی پارێزگای دیالە ئەنجامدا و بەھۆیەوە چەندین کەس کوژران.
بانکی ناوەندیی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی و نوێنەرانی بانکە ئەھلییەکانی عێراق و تورکیا رێککەوتن کرا لەسەر پێکەوەکارکردنی بانکەکانی ھەردوو وڵات و کارئاسانی بۆ گەورە بازرگانانی ھەردوولا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قەرزەکانیان بە یۆرۆ و لیرەی تورکی بدەنەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، رێککەوتنیشکرا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانانی بچوک بە دینار بەرامبەر یۆرۆ یان دینار بەرامبەر لیرەی تورکی بێت، بەجۆرێک کاتێک لەعێراق بە دینار پارەی کاڵاکان بە دینار خرایەسەر ھەژماری بانکی، ئەوا لە تورکیا بە یۆرۆ یان لیرە پێی دەدرێتەوە، ئەوەش کارئاسانی بۆ ھەزاران بازرگانی عێراق دەکات و لەمەترسییەکانی پارەدانی ناڕەسمی دوریان دەخاتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە سەردانەکەیدا دوبەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی کۆپ ٢٨، بەشی عێراقی لە شاری ئێکسپۆی دوبەی کردەوە و رایگەیاند، کردنەوەی ئەو بەشە ھەلێکی دیکە بۆ فراوانکردنی ھاریکاری لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی جیھان دەڕەخسێنێت.
وتیشی، ئاسایشی ئاو و خۆراک و وزە پەیوەستن بەیەکەوە و روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەش لە پێشینەی کارەکانی عێراقە، ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ژینگە سەرەکیترین کێشەی مرۆڤایەتییە و تەنھا بۆ وڵاتێک نییە و پێویستە ھەنگاو بنرێت بۆ باشکردنی ژینگە و پلانی بۆ دابنرێت و بە بەردەوامی گرنگی پێبدرێت.
سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زۆر گرنگە رێککەوتنی نوێی نێودەوڵەتی بکرێت بە تایبەتی بۆ دابەشکردنی ئاوی روبارەکان و بەکارھێنانی، عێراقیش بە دەست کێشەی پشکی ئاوەوە دەناڵێنێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، بەڵام پێویستی عێراق بۆ ئاو خەمڵاندنی بۆ ناکرێت و کاریگەری لەسەر وڵات ھەیە.
مەسعود حەیدەر لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی مادەی ٧١ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداون، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لە بەرواری ٠١-١٢-٢٠٢٣ـەوە، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و دەسەڵاتی ئەو پۆستانە بەکاربێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەش کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان و ئەویش پابەندی یاسا دەبێت.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، رۆژی ٣٠ی تشرینی دووەم، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە وەکالەت سەندەوە.
میدیاکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە، محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران بە بانگھێشتێکی رەسمی گەیشتووەتە بەغداد و لەلایەن حامید محەمەد جێگری سوپاسالاری عێراق و محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغداد پێشوازی لێکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، محەمەد باقری سێ رۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە و چاوی بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی ئەمنیی عێراق دەکەوێت و گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشھاتە ھەرێمییەکان و پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان عێراق و ئێران و ھاریکارییەکانیان لەبارەی سنوورەکان دەکەن.
عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جیھانی تورکیا و پەلەکردن لەو پڕۆسەیە.
وتیشی، لە ھەوڵی چڕدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و تەکنیکی و داراییەکانی تایبەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو گرێبەستانە جیاوازن لە گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و پێویستە فۆڕمی گرێبەستە نەوتییەکان بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی وەزارەتی نەوت.
رۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە راگیرا و تائێستا دەستیپێنەکردووەتەوە، بەپێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، ئەو راگیرانە زیانی حەوت ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە.
غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات نۆی ئەمشەو لە نێوان گوندی عەلیەڕەش و دووسەرە لەدەشتی قەراجی سەربە مەخموور، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و تیرۆرستانی داعش روویداوە.
وتیشی، شەڕەکە ماوەی سەعاتێکی خایاندووە، بەپێی زانیارییەکان چەند بریندارێک لەڕیزی سوپای عێراقدا ھەیە و بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی مەخمور کراون.