جیهانجیهان

رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی وزەی نێودەوڵەتی ئەتۆم رایگەیاند، پێویستە ھەوڵەکانی بوژانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ چاوەڕێی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ئێران بکات، چونکە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی ھەموو لایەنەکانە. "رافایل گروسی" بە دووریشی زانی تا مانگی ئاب رێککەوتن بێتە ئاراوە، وتیشی، لە دانوستانەکانی "ڤییەنا" چەندین بابەتی تەکنیکی و ھەستیار باس کراون.

ویلایەتی ئێستای "حەسەن روحانی" سەرۆکی ئێران لە ٣ی ئابی داھاتوو کۆتایی دێت و چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی نوێ لە ناوەڕاستی مانگی ئاب پێکبھێندرێت، تا ئێستاش ٦ خولی دانوستانەکانی "ڤییەنا" لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجامدراوە و ھیچ رێککەوتنێک رانەگەیەندراوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکان بڵاویانکردەوە، چەکدارێک ھێرشی کردووەتە سەر نوسینگەی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە ناوچەی "ئزمیر" و تەقەی لە کارمەندان کردووە و ھەوڵیداوە ئاگر لە نوسینگەکە بکاتەوە، بەھۆی ئەو ھێرشەشەوە ژنێک کە کارمەندی "ھەدەپە" بووە کوژراوە.


پارتی دیموکراتی گەلانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا و وەزیری ناوخۆ کردووە بۆ بە ئامانجکردنی پارتەکەیان و ھاندانی ئەو جۆرە ھێرشانە. 


بە پێی زانیارییەکانیش، ئەو کەسەی ئەو ھێرشەی ئەنجامداوە دەستگیرکراوە و کارمەندێکی پێشووی تەندروستی بووە لە سوریا لەناو گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بووە. 


"ھەدەپە" دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا و ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتەوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە و ھەوڵی داخستنی دەدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی سوریا ڕایگەیاند: نرخی زیاتر (١٢) ھەزار جۆر لە دەرمان بە ڕێژەی لە ٥٠٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش لەسەر داوای کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنان و بەھۆی دابەزینی بەھای لیرەیە لە بەرامبەر دۆلار.


بەھای دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر ٣ ھەزار و ٢٠٠ لیرەی سورییە، ئەوەش نرخی کاڵا و شتومەکی گرانتر کردووە و گوزەرانی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی سەختتر کردووە کە ماوەی ١٠ ساڵە لەناو جەنگی ناوخۆیدا دەژین.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ زیاتر لە ٥٩ ملیۆن ھاوڵاتی ئێران ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، زۆترین ژمارەی دەنگدەرانیش لە تارانە کە نزیکەی ١٠ ملیۆن ھاوڵاتییە.  ھاوکات بۆ پاراستنی ئاسایشی پڕۆسەکەش ٢٥٠ ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێدەکرێت.


دوای کشانەوەی سێ کاندید لە کۆی ٧ کاندید، ڕکابەری لە نێوان (ئیبراھیم ڕەئیسی) سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و کاندیدی پارێزگاران، و (عەبدولناسر ھیمەتی) سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران و کاندید ڕیفۆمخوازەکان چڕبووەتەوە و بە پێی ڕاپرسییەکانیش زۆربەی خەڵکی ئێران پشتیوانی لە ئیبراھیم ڕەئیسی دەکەن.


(عەباس عەلی خودای) وتەبێژی ئەنجوومەنی پێداچوونەوەی دەستور ڕایگەیاند: ئەنجامدانی ساختەکاری و یاریکردن بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەستەمە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(ئەردۆغان) ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ (جۆو بایدن) بە ڕوونی پەیامیان گەیاندووەتە واشنتۆن، کە ئەنقەرە لە بەھێزکردنی سیستمی بەرگری وڵاتەکەی بە ئێس ٤٠٠ی ڕووسی پاشگەزنابێتەوە و ھەڵوێستی جێگیرە.


سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "یەکێتیی ئەوروپا بە بێ تورکیا ناگاتە ئامانجەکانی خۆی وەک ناوەندێکی بەھێز، بۆیە چاوەڕوانن تا زووە یەکێتییەکە لەو ستراتیژە کوێرانەیییە بێتە دەرەوە کە تێی کەوتووە و بڕیاری کۆتایی بدات لەسەر ئەندامیەتی تورکیا لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، ئەو قاچاخچییە تەمەنی ٢١ ساڵە و بە نیاز بووە لە فەڕەنسا و بەلجیکاوە کۆچبەرەکان بپەڕێنێتەوە بۆ بەریتانیا. بەڵام لە کاتی گەیشتنیاندا بۆ سنوری بەریتانیا ئەفسەرانی ھێزی سەر سنوری بەریتانیا لۆرییەکانیان پشکنی و ١٢ کۆچبەری عێراقی خوار ١٨ ساڵیان دۆزیوەتەوە.


ھاوکات وەزیری یاسا و بڕیاردانی کۆچی بەریتانیاش ڕایگەیاندووە، ئەو قاچاخچییە بێڕێزی بە یاسای بەریتانیا کردووە وەک سزایەک بۆ کردارەکەی دوای تەواو بوونی سزاکەی دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی ھاوپەیمانی ناتۆ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ھاوپەیمانێتییەکە بڕیاریدا بە، زیادکردنی ئەرکە سەربازییەکانی لە عێراق بۆ جەنگی پاشماوەکانی داعش بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ. 


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، راھێنانکردن  بەھێزە ئەمنییەکان  لە پێشەنگی زیادکردنی ئەو ئەرکانە دەبێت، کە ناتۆ لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش فراوانتریان دەکات.


ھاوپەیمانی ناتۆ بڵاویکردۆتەوە، بەرزکردنەوەی تواناکان لەسەر خواستی عێراق و بە ڕێزگرتن لە سەروەرییەکەی دەبێت، بۆ ئەوەی ھێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی کاریگەرتر بن

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، "موحسین میھر عەلیزادە" و "عەلی رەزا زاکانی" کە کاندیدی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بوون لە کێبڕکێی ھەڵبژاردن کشاونەتەوە، ئەوەش بەر لە دوو رۆژ لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە، کە بڕیارە رۆژی ھەینی بەڕێوەبچێت.


"موحسین میھرعەلیزادە" ٦٥ ساڵە و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوچەی ئازادی کیشە، "عەلی رەزا زاکانی"ش ٥٦ ساڵە و ئەندام پەرلەمان بووە، ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکانیشیان نەوتووە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پلانێکی کاری ھاوبەشیان راگەیاند بە ئامانجی سنوردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی راگەیەندراوەکە "واشنتۆن و برۆکسل" بە نیازن تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ سێیەکی دانیشتوانی جیھان بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوتن ، بەڵێنیشیاندا بە ھەماھەنگی کردن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی. 
رێکخراوی "یونسێف"یش پێشوازی لە بڕیارەکانی وڵاتانی  جی ٧ کردووە بۆ خێراکردنی ھەڵمەتەکانی کوتان بە نرخی گونجاو و بۆ وڵاتە ھەژارەکان، ئەوەش لە پێناو کۆتایھێنان بە کۆرۆنا کە نزیکەی ٢ ساڵە جیھان پێوەی گیرۆدە بووە.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"غولام حسێن ئیبراھیمی" وتەبێژی دادگای ئێران رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەسەر دزەپێکردنی چاوپێکەوتنێکی نھێنی "زەریف" بەردەوامە، کە تێیدا رەخنەی لە سوپای پاسداران گرتبوو. وتیشی، لە سەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان، لێپرسراوانی ئێران گەشتکردنیان لەسەر ٢٠ لێپرسراو قەدەغە کردووە، کە پەیوەندییان بەو دۆسیەیەوە ھەیە.
"عەلی روبەیعی" وتەبێژی حکومەتی ئێرانیش بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارە دەنگییەی بە پیلان دژی حکومەت و رژێمی وڵاتەکە وەسف کردبوو. 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بەر لە کۆبوونەوەکەش، "پوتن" ھیوای خواستن کۆبوونەوەیەکی بیاتنەری لەگەڵ "بایدن" ھەبێت، "دیمتری بیسکۆڤ" وتەبێژی کۆشکی کرملنیش رایگەیاند، دانوستانەکان ئاسان نابن.
دوایین کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکە لە ساڵی ٢٠١١ بووە ئەو کاتە "بایدن" جێگری سەرۆک و "پوتن" سەرۆک وەزیران بوو.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"فلیپۆ گراندی" کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری ئاوارە بوونی ھاووڵاتیانی ئەفغانستان، لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە. 
"گراندی" جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی پشتیوانی کردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی "ئەفغانستان" و "تاڵیبان" و چارەسەری سیاسی لە بری جەنگ. 


بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کۆچبەر و ئاوارەی ئەفغانی لە جیھان تۆمارکراون، لە ناوخۆی وڵاتەکەش ٤ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس ئاوارەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور نیگەرانی دەربڕیوە لە بەردەوامی قەیرانی کۆچبەران لە دوورگەکانی یۆنان و داواشی لە حکومەتی ئەو وڵاتە و سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە، سیاسەتە توند و بکوژەکانیان ڕابگرن بەرامبەر بە کۆچبەران، بە تایبەت کە کۆچبەران لە کەمپە قەرەباڵغەکان دەستبەسەر دەکرێن. 


ئەو ڕێکخراوە داواش دەکات تەواوی کەمپەکان لە دوورگەکانی "لیسبۆس و ساموس و خیوس و لیروس و کوس" لە "یۆنان" چۆڵ بکرێن و کۆچبەران بگوازرێنەوە بۆ ناوچە وشکانییەکان یاخود وڵاتانی تری ئەوروپی، داواشی کرد دروستکردنی کەمپی نوێ ڕابگرن و کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران بێنن چونکە زۆر مەترسیدارە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بایدن لە کۆتایی لوتکەی ناتۆ لە بڕۆکسل کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا باسیان لە چۆنیەتی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات کردووە.


وتیشی، لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیدا لەگەڵ ڤیلادێمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەو بوارانە ڕووندەکاتەوە کە دەکرێت ھەردوو وڵات ھەماھەنگی یەکتر بکەن بەڵام ھیچ ھەڕەشەیەکیش لەو وڵاتە قبوڵ ناکەن و وەڵامی دەستبەجێیان دەبێت.


بایدن ئاماژەی بە کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کرد و ڕایگەیاند، چیتر ڕێگە نادەن ئەو وڵاتە ببێتە مۆڵگەی گروپە تیرۆریستییەکان کە ھەڕەشە لە ئاسایشی لە وڵاتەکەیان بکات. جەختیشی کردەوە، ناتۆ یەکگرتووە لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی چین و ڕووسیا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"بینی گانتس" لە تویتێکدا بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ "مایکڵ ڕاتنی" نێردەی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە خاوەنداریەتی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دووپاتکردەوە و وتی "تەلئەبیب" و "واشنتۆن" ھەماھەنگی دەکەن و ڕێگە نادەن "تاران" ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و دانوستانی داخراو و گرنگ لەو بارەیەوە دەکەن.


پێشتریش "یائیر لابید" وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل وتبووی، ھەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە "ئێران" بکەن بگاتە چەکی ئەتۆمی، وتیشی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ زۆر خراپە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەتڵەسی لە لوتکەی "برۆکسل" نیگەرانیان دەربڕی لە ھەژموونی چین، نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات ناتۆ بە ئاقڵانە لە گەشەکردنیان بڕوانێت و زیادەڕەوی نەکات لەوەی پێیوایە چین بووەتە ھەڕەشە لەسەر جیھان، نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا ناتۆی تۆمەتبار کرد بە گەڕانەوە بۆ عەقڵیەتی جەنگی سارد و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوە.


وڵاتانی ناتۆ لە کۆتایی لوتکەکەیاندا لە "برۆکسل" ڕایانگەیاند، نیگەرانن لە ھەژموونی ڕووسیا و چین و پێیانوابوو ھەژموونی چین ئاڵنگاری بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتی دروست کردووە.


"یەنس ستۆڵتنبێرگ" ئەمینداری گشتی ناتۆش وتبووی، چین دوژمنمان نییە بەڵام دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ھەڕەشە ئەمنییانە ببینەوە کە دروستی دەکات.


"جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش پێیوابوو، ڕووسیا و چین دەیانەوێت ناکۆکی لە نێو ئەندامانی ناتۆ دروست بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...619620621622623...640