فەخرەدین کۆجە وەزیری تەندروستیی تورکیا، لە تویتێکدا رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٥٣ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە پێنج ھەزار کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون،
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی گەورە لە ئامارەکانی گیان لەدەستدان و توشبوون بە کۆرۆنا بەدی دەکرێت و نزیکبوونەتەوە لە شکستھێنان بەو ڤایرۆسە.
تورکیا لە دوای ھندستان دووەم وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەراستە بۆ زۆری ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تائێستا نزیکەی پێنج ملیۆن و ٣٣١ ھەزار کەس لەووڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
٣١ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی ئەندام، لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە "ناتۆ" لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا دەستیپێکرد و سەرکردەی ٣٠ وڵاتە ئەندامەکە، گفتوگۆ لەبارەی ھەژموونی چین و روسیا و تیرۆر لە وڵاتانی ئەفغانستان و عێراق دەکەن، پێش دەستپێکردنی لوتکەکە یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبۆوە و رایگەیاند، ناتۆ بەھێزتر دەبێت و لە دوای جەنگی ساردیشەوە، ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ روسیا لە نزمترین ئاستدایە، جۆ بایدنیش رایگەیاند، ناتۆ ھاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە.
بڕیاریشە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ، ژمارەیەک دیداری گرنگ لە نێوان سەرکردە بەشدارەکاندا ئەنجام بدرێت، وەک کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا.
جیک سۆلیڤان ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا لەسەر چەند بنەمایەک دیاری دەکات، کە دیارترینیان بەرژوەندی ھاوبەشە.
دەشڵێت، ئامادەن لەسەر دۆسیەکانی سەقامگیری ستراتیژی و قەیرانی سوریا و دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە بەستەڵەکی باکور، لەگەڵ روسیا کار بکەن .
یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی دوپاتیشیکردووەتەوە کە ناتوانن گرەنتی ھەڵوێستەکانی روسیا بکەن لە دیاریکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دەتوانن بەڵێنی ئەوە بدەن کە واشنتۆن بەپێی سیاسەتەکانی روسیا ھەڵوێستی دەبێت و ھەر کاتێک زیانی بەربکەوێت وەڵامی دەبێت .
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنور رایگەیاندوە، تیمەکانیان لە حەوت ھەڵمەتی جیاواز لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا، ٤١٠ کۆچبەریان لە دەریای ناوەراستدا رزگارکردوە کە ھەوڵیان داوە بەشێوەیەکی نایاسایی بگەنە ئەوروپا.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە نێو کۆچبەرەکاندا ژن و منداڵ ھەن، بەڵام رون نەکراوەتەوە دوای رزگارکردنیان ئەو کۆچبەرانە بۆ کوێ دەگوازرێنەوە .
ھاوسەرۆکی ھەدەپە سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگا لە بارەی دۆزی کۆبانێ ڕایگەیاند، ھەر بڕیارێکی دادگا ئایندەیی دیموکراسی لە تورکیا دیاریدەکات و ھیوایان وایە ئەو بڕیارانە لە چوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا بدرێن.
جەختیشیکردەوە، لە دۆزی کۆبانێدا تەنیا کورد و ئەندامانی ھەدەپە و لایەنگرانی دادگایی ناکرێن و پرسەکە تەنھا پەیوەندی بە کوردەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە ھەموو تورکیاوە ھەیە.
ڕوونیشیکردەوە، دەسەلاتدارانی تورکیا لە دادگاییکردنی دۆزی کۆبانێدا ھەرگیز ئەو ئەنجامەیان دەستناکەوێت کە چاوەڕێی دەکەن.
لە دۆزی کۆبانێ ١٠ ھاوسەرۆکانی پێشووی ھەدەپە و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی و بەڕێوەبەرانی ھەدەپە و ١٠٨ سیاسەتمەدار داگایی دەکرێن کە ٢٨ کەسیان لە زینداندان.
میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانانی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین ٩ کەس لە ئامەد دەستگیرکران.
بە پێی زانیارییەکان، ئەو چالاکوانانە لە بنکەی پۆلیسی ئامەد دەستبەسەرکراون، بە بیانوی بەشداریکردن لە ڕێکخستنی قەدەغەکراو و ھاوکاریکردنی ڕێکخستنەکان، بەڵام تا ئێستا ھێزەکانی پۆلیس بە ڕەسمی ھۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە.
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵەی سووری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت سەرچاوەی موشەکەکە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریایە و مەزڵووم کۆبانێش ڕایگەیاندووە، بە قووڵی خەمبارن بە گیان لە دەستدانی کەسانی مەدەنی و بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانە دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام تورکیا دەڵێت ھێرشە موشەکییەکە لەو ناوچانەوە کراوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی یەپەگەدان کە کەتوونەتە باکوری پارێزگای حەلەبەوە.
حکومەتی تورکیا لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٨وە شاری عەفرینی داگیر کردووە و ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەنقەرە بە کوشتنی ھاوڵاتینی عەفرین و گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە و بڕینەوەی دار زەیتوونەکان تۆمەتبار دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئیسڕائیل متمانە بە حکومەتی نوێ ببەخشێت، کە لە ٨ حزب پێکدێت و کۆتایی بە ١٢ ساڵەی دەسەڵاتی "بنیامین ناتانیاھۆ" وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل دەھێنن، بەوەش چەقبەستوویی سیاسی وڵاتەکەش کۆتایی پێدێت.
لە ئەگەری پێدانی متمانە بە حکومەتی نوێ، "نەفتالی بینیت" بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و بۆ دوو ساڵی داھاتووش "یائیر لبید" لە ٢٠٢٣ دەسەڵات دەگرێتە دەست.
لای خۆشیەوە، "بنامین ناتانیاھۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ڕایگەیاندبوو، گەورەترین ساختەکاری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵ کراوە.
لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئیسرائیلدا لە کۆی ١٢٠ دەنگ، بە ٦٠ دەنگ حکومەتی نوێی ئیسرائیل پەسەند کراو و نافتالی بێنیت بە سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە ھەڵبژێردرا کە دوو ساڵ لەو پۆستەدا دەبێت و دواتر یائیر لەبید سەرۆکی پارتی ھوناک موستەقبەل کە ھاوپەیمانی نافتالی بێنیتە، لە دوو ساڵی داھاتوودا دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ھەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەھێزتر بکەن.
بە پێی ھەواڵێکی میدیاکانی تورکیا، ھێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە ٧٣ کۆچبەری نایاساییان لە ناوچەی دۆشیمە ئالتی لە سنوری پارێزگای ئەنتاڵیا دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا ئەو کۆچبەرانە لە ھەوڵی ئەوەدابوون بە قاچاغ خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.
پۆلیسی تورکیاش ئاشکرایکردووە، کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاتانی عێراق و ئێران و ئەفغانستان و پاکستان و سوریا بوون، لە ئێستاشدا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەو قاچاغچییانەدا دەگەڕێن کە کۆچبەرەکانیان ھێناوەتە ئەو سنورە.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕووسیا كە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە جنێف لەگەڵ بایدن كۆببێتەوە، وەسفی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەكات و دەڵێت، تڕەمپ كەسێكی تایبەت و لێهاتوو بووە. لە بارەی ناوهێنانی لەلایەن بایدنیشەوە بە بكوژ، پوتین وتی، پێشتر تۆمەتی زۆری لەو شێوەیەی گوێ لێبووە، بۆیە هیچ گرنگییەكی پێنادات.
جۆو بایدن بەر لە ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ ئەوروپا وتی، نایانەوێت بكەونە ململانێ لەگەڵ ڕووسیا و هەوڵی جێگیركردنی پەیوەدنییەكانیان دەدەن، بەڵام ئەگەر ڕووسیا ئەو كارانە بكات زیان لە وڵاتەكەی دەدات و بە توندی وەڵام دەدەنەوە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی جی حەوت، لە دوورگەی کۆرنۆواڵ لە بەریتانیا، شاژنە ئێلیزابێس شاژنی ئەو وڵاتە، سەرکردەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیھانی بینی و وێنەی یادگارییان پێکەوە چرکاند، کە یەکێک لەو سەرکردانە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەوەش یەکەمین جارە جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا چاوی بە شاژنی بەریتانیا بکەوێت.
ھاوکات لە پێشوازی سەرکردەکانی جی حەوتدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا ئامادەبوون، لەوانە شازادە چارلز شازادەی جێنشین و ھاوسەرەکەی، ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی لەو جۆرەی ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیایە، دوای کۆچی دوایی شازادە فیلیپ ھاوسەری شاژنی بەریتانیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ.
وەفدەکەی تورکیا کە بە فەرمانی (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆکی تورکیا سەردانی لیبیای کردووە و پێکھاتووە لە (مەولود چاوشئۆغڵو) وەزیری دەرەوە، (خوڵوسی ئاکار) وەزیری بەرگری، (سولیمان سۆیلو) وەزیری ناوخۆ، (یاشار گویلەر) سەرۆک ئەرکانی سوپا، (ھاکان فیدان) سەرۆکی میت و چەند بەرپرسێکی تر.
وەفدی تورکیا لەگەڵ (عەبدولحەمید دیبەیبە)، سەرۆک وەزیرانی لیبیا و (محەمەد مەنفی)، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا کۆدەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لیبیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دەسپێکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.
ئەمڕۆ خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان، وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت، (عەباس عێراقچی) سەرۆکی وەفدی ئێران لە دانوستانەکانی ڤییەنا ڕایگەیاند، لایەنە بەشدارەکانی دانوستانەکان ڕاوێژی خۆیان بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی تەواوەتی و کاراکردنەوەی ڕێکەوتننامەکە کردووە، چونکە زیاتر لە دوو ھەفتەیە دانوستانەکان بە بیانوی ڕاوێژی ناوخۆیی وڵاتە بەشداربووەکان ڕاگیراوە، وتیشی، دانوستانەکان بەردەوامن و بەرەوپێشچوون لە ھەندێک بابەتدا ھەیە.
ڕۆژی ھەینی (وانگ یی) وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ڤییەنا لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەوەش دوای ھەوڵە دیپلۆماسیەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشە ڕێگەیەکی گشتگیر.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی حەج و عومەرەدا ھاتووە، ئەو کەسانەی بەشداری فەرزەی حەجی ئەمساڵ دەکەن، دەبێت تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٥ ساڵ بێت و ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایان وەرگرتبێت و دووریش بن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
ماوەی دوو ساڵە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگە بە ھاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە نادرێت بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوو لە شاری مەککە بکەن.