"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی "یاھو نیوز" لەسەر کوژرانی "قاسم سولەیمانی" ڕایگەیاند، ڕەوتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوشتنی "سولەیمانی" لە دەزگای دادی ئێران وناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دانوستانی دوو لایەنەی سیاسی و یاسایی و ئەمنی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامە.
وتیشی،ھەڵسەنگاندن بۆ زۆربەی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە لە بارەی ئەو ڕووداوەوە بڵاودەکرێنەوە و ھەر کەسێک ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە ھەر وڵاتێک دەستی لە کوشتنی "سولەیمانی" ھەبوبێت، سزا دەدرێن.
ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس" لە زاری لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکردوە ، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و لە دوای وەرگرتنی وتەی ئەو کەسانەی لە کەشتیەکەدا بون ، دەرکەوتوە کە ئەو کەشتیە پر لە چەکەی لە دەریای عەرەب دەستی بەسەردا گیرا لە ئێرانەوە چەکی بۆ حوسییەکانی یەمەن گواستۆتەوە .
ڕۆژی یەکشەممە ھێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عەرەبدا دەستی بەسەر کەشتییەکی پر لە چەکدا گرت کە بەرەو یەمەن ئاراستەکرابوو . بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ھێزی دەریایی ئەمریکا ، کەشتییەکە چەندین جۆر چەکی تێدابووە وەک کڵاشینکۆف و موشەک ھاوێژ و نیشانەشکێن .
ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: ھێزەکانیان بە بەشداری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆژی یەک شەممە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و سەربازیی فراوانیان لەناوچەی دۆڵی عەجیج لە ریفی دێرەزوور، دەستپێکردووە.
بە پێی راگەیاندراوەکەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە، لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعشە لەناوچەکەداو رێگرتنە لە جموجۆڵەکانیان لەسەر سنووری ھاوبەشی نێوان عێراق و سوریا. باس لەوەشکراوە: ئۆپراسیۆنە ئەمنیی و سەربازییەکە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆتایی مانگی ئاداری رابردوش، ھێزەکانی ئاسایش کە لەلایەن ھەسەدە پشتیوانی دەکرێت، ھەڵمەتێکی ئەمنییان لە کامپی ھۆل لە باکووری سوریا، ئەنجامداو بەدەیان تیرۆریستی داعشیان لەناوچەکەدا، دەستگیر کردبوو.
بەرەبەیانی ئەمرۆ، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەرگای خۆرئاوای مزگەوتی ئەقسایان لە قودس بە ڕووی نوێژخوێناندا داخست، لە نێو گۆڕەپانەکانی مزگەوتەکە، پێکدادانی توند لە نێوان ھاوڵاتیانی فەڵەستین و سەربازانی سوپای ئیسرائیل ڕوویدا.
سوپای ئیسرائیل بە گازی فرمێسکرێژ و فیشەکی دەنگی، ھەوڵیاندەدا بڵاوە بە نوێژخوێنان بکەن، بەوھۆیەوە نزیکەی ٥٠ فەڵەستینی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکان کران.
پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەقسا کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەوپێیەی مزگەوتی ئەقسا یەکێکە لە شوێنە ئاینیە پیرۆزەکانی موسڵمانان، لە چەندین وڵاتی ئیسلامی خۆپیشاندانی پشتیووانی لە فەڵەستین بەرێوەچوو.
وتەبێژی کەتائیبی قەسام باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ھێزەکانیان مووشەکبارانی ھەردوو شاری قودس و سدیرۆتیان لە ئیسرائیل کردووە، وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ھێرش و پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ھاوڵاتیانی فەلەستین لە مزگەوتی ئەقسا.
ھاوکات سەرای قودس باڵی سەربازی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە فەلەستین رایگەیاند، ٣٠ مووشەکیان ئاراستەی شاری سدیروتی ئیسرائیلی کردووە.
لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەشدا فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی کەرتی غەزەیان کردوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لە بۆردومانەکەدا نزیکەی ١٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکی تریش برینداربوون.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو گروپەی بەرپرسیاربووە لە ھەڵدانی مووشەکەکان کراوەتە ئامانج.
وتیشی، سەکۆی دژە مووشەک لەناوەراستی ئیسرائیل جێگیر دەکەن.
فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوەو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە گفتوگۆیەکی راوێژکارییان ئەنجامداو بڕیارە راگەیەنراوێک بڵاوبکەنەوەو داوا لە ئیسرائیل بکەن دەستبەرداری رێگری لە فەلەستینییەکان بێت و دان بەخۆیدا بگرێت و رێز لە رەوشی مێژوویی پێگە پیرۆزەکان بگرێت.
تەلەفزیۆنی رەسمی چین لە زاری لێپرسراوانی نوسینگەی چین بۆ ئەندازیاریی بۆشایی ئاسمانی ئاشکرایکردوە، دوای چاودێریی و لێکۆڵینەوە، گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە سەعات ٢:٢٤ خولەک بە کاتی گرینیچ موشەکی "لۆنگ مارش فایڤ بی یاو تو" کە لە کۆنترۆڵ دەرچووبوو ، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی ھەرەمەکی چووەتە بەرگە ھەوای زەویەوە، بەشێکی گەورەی لەسەر زەریای ھندی تێکشکاوە.
پێشتریش زانایان پێشبینیان کردبوو ئەو موشەکە لە زەریای ھندیدا بکەوێتە خوارەوە چونکە ئاوی ئەو زەریایە لە سەدا ٧٠ ی روکەشی زەوی دادەپۆشێت.
ئاژانسی "وەفا"ی فەلەستینی رایگەیاند، بۆ یادکردنەوەی شەوی قەدر، زیاتر لە ٩٠ ھەزار فەلەستینی لە مزگەوتی "ئەقسا" کۆبوونەوە و نوێژی بە کۆمەڵیان ئەنجامدا، ئەوە سەرباری ئەوەی لێپرسراوانی ئیسرائیل ئاستەنگی زۆریان لەبەردەم ھاووڵاتیان دروست کرد و دەیان بەربەستیان لەسەر رێگەکان بەرەو شاری "قودس" دانا و سەدان کاروانی پاسیش کە بەرەو ئەو مزگەوتە بەڕێکرابوون، گەڕێندرانەوە.
ھاوکات بۆ دوەمین شەو لەسەر یەک پێکدادان لە نێوان فەلەستنییەکان و پۆلیسی ئیسرائیل لە "قودس" روویدا و بەھۆیەوە ٩٠ کەس برینداربوون.
موجتەبی زونور وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر تا ٢٣ی ئەم مانگە دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئەنجامی نەبێت، ئەوا سەرجەم کامێراکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە وێستگە ئەتۆمییەکانیان دادەخەن، دەبێت ئەو پارچە ڤیدیۆیانەش لەناوببرێن کە لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا لە وێستگەکانیان تۆمارکراون.
موجتەبی زونور راشیگەیاند، ھیچ شتێکی نوێ لە دانوستانەکانی "ڤییەنا" نەھاتووەتە ئاراوە، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت "تاران" چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاتر دەکات و ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ وێستگەکانیان دروست دەکەن.
لە بەرامبەردا، "ویندی شیرمان" یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتن لە دانوستانەکانی "ڤییەنا" ھەیە بەڵام ھێشتا رێگەیەکی دوور و درێژیان لەبەردەمدایە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، ئاماری قوربانیانی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە بەردەم خوێندنگەیەکی کچان لە "کابول" گەیشتە ٥٨ کوژراو و ١٥٠ بریندار، شایەتحاڵانیش رایانگەیاند زۆرینەی قوربانییەکان خوێندکار بوون و دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە.
ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی خستە ئەستۆی بزووتنەوەی "تاڵیبان"، بەڵام وتەبێژی بزووتنەوەکە بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی رەتکردەوە و وتی ئیدانەی ھەموو جۆرە پەلامارێک دەکەن بۆ سەر ھاووڵاتیان.
ئەو تەقینەوەیە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە کە ژمارەیان ٢٥٠٠ سەربازە.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی ئێران بە داخراویی دەبێت و تەوەری سەرەکی بریتی دەبێت لە تاوتوێ کردنی دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە رێککەتنی ئەتۆمی و تۆمارە دەنگییەکەی "زەریف" کە ماوەیەکە ئەو وڵاتەی پێوە سەرقاڵ بووە.
ھاوکات ئەو کۆبوونەوەیە بەبێ ئامادەبوونی "زەریف" دەبێت و لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان بەشدار دەبن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لەبارەی تۆمارە دەنگییەکەوە دەکرێن.
"فێدریکا تۆسکانۆ" سەرۆکی کەمپینی کۆچ لە پڕۆژەی منداڵانی ونبوو لە ئەوروپا ڕایگەیاند، گروپ و ڕێکخراوە تاوانکارەکان لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرفراوان منداڵانی کۆچبەر بە ئامانج دەگرن و بەشێکی زۆری منداڵە تەنیاکان دەبنە قوربانی و بە زۆر کرێکاری و سواڵ و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن و ژمارەیەکیشیان مامەڵەی سێکسییان پێوەدەکرێت.
ڕێکخراوی پڕۆژەی کۆچبەر لە ھەرێمی کوردستان کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ھۆشیارییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڕوو لە ئەوروپا بکەن، ئاشکرای کرد، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە تاوەکو کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ١٨ ھەزار و ٢٩٢ منداڵی کۆچبەر لە ئەوروپا بێسەروشوێن بوون، واتە ڕۆژانە ١٦ منداڵ لە ئەوروپا بوونەتە قوربانی.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند، ئیدارەی واشنتۆن پێی وایە تاران جدی بێت لە دانوستانەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵام دیار نییە ئێران تا چەند جددیە لە پابەند بوونی بەم پرسە. ڕوونیشیکردەوە، تاران و واشنتۆن تا ئێستاش لە قۆناغی دانوستاندان.
لەلایەکی تریشەوە، ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڵاویکردەوە، ئەگەری زۆرە ئێران و ئەمریکا لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا پرسی پابەندبوونی ھەردوو وڵات بە دانوستان و ڕێککەوتنی ئەتۆمی، یەکلایی بکەنەوە.