ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، نزیکەی پێنج مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی کابوڵ کراون و توانیویانە لەڕێی سیستمەکانی دژە مووشەکەوە بەرپەرچیان بدەنەوە، ھێرشەکەش ھیچ زیانێکی بە سەربازانی ئەمریکا نەگەیاندووە.
ئاراستەکردنی ئەو مووشەکانە لەکاتێکدایە کە سبەینێ دوایین وادەیە بۆ کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش لە ١٤ی ئابەوە پێنج ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتی ئەمریکی لەو وڵاتە گواستراونەتەوە.
زریانی ئایدا خێراییەکەی ٢٤٠ کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و با و بارانێکی زۆری لەگەڵدایە، بەھۆیەوە کارەبای تەواوی ناوچەکانی نیو ئۆرلینز بڕاوە، کە شارێکی سەر بە ویلایەتی لویزیانایە و زۆرترین دانیشتووی تێدایە.
بایدنیش ھۆشداریدا لە ئەگەری روودانی کارەسات لەو ویلایەتە و فەرمانیدا بە پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ روبەڕوبوونەوەی زریانەکە، ھاوکارییەکانیش دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی و چاککردنەوەی ماڵە زیان لێکەوتووەکان و پێدانی قەرز و چەندین ھاوکاری تر بۆ خاوەن کۆمپانیاکان لەخۆدەگرێت.
میدیاکان بڵاویانکردەوە، ئەو بۆردوومانەی سوپای سوریا بۆ سەر دوایین پێگەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرعا توندترین بۆردوومان بووە و مووشەک و چەکی قورس بەکارھاتووە و کوژرانی لانی کەم شەش کەسی لێکەوتووەتەوە.
سوپای سوریا ھیچ لێدوانێکی لەبارەی بۆردوومانەکەوە نەداوە و تەنھا لەڕێی راگەیەندراوێکەوە ئاماژەی بەوەکردوە، ئارامگرتنیان بەرامبەر گروپە چەکدارەکان و تیرۆریستان لەو شارۆچکەیە بەرەو کۆتایی دەچێت.
لیژنەی دانوستانکاریش لە دەرعا رایگەیاندووە، دانوستانەکانیان لەگەڵ روسیا و حکومەتی سوریا راگرتووە، چونکە سوریا بە پێشنیازەکانی روسیا رازی نییە و دەیەوێت مەرج و پێشنیازەکانی خۆی بەسەر شارۆچکەکەدا بسەپێنێت و پابەندی ئاگربەست نییە.
زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە چەند بەشێکی فڕۆکەخانەی کابوڵ کشاونەتەوە و ئەو بەشانە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندایە، بەمنزیکانەش لە دوای کشانەوەی سەرجەم ھێزە بیانییەکان، تەواوی فڕۆکەخانەکە کۆنترۆڵ دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندوە، بەردەوامیی مانەوەی دیبلۆماتکارانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە، لە دوای ٣١ی ئابەوە پەیوەست دەبێت بە ھەڵوێست و سیاسەتەکانی تاڵیبان لە داھاتوودا.
میدحەت سەنجار ھاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە رایگەیاند، ھەدەپە لە سەردەمی نوێیدا دەیەوێ بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە تورکیا بەڕێوەببات و بۆ ئەو مەبەستەش بەھەموو شێوەیەک ئامادەن بۆ ئەوەی کورد و گەلانی تورکیا ببنە دامەزرێنەری تورکیای نوێ.
لە بارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی تورکیا و دۆسیەی داخستنی ھەدەپەش، ھاوسەرۆکی ھەدەپە وتی، پارتەکەی لە ھەموو کات زیاتر لە ژێر ھەموو مەرجێکدا بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە و دۆسیەی داخستنی ھەدەپەش ھیچ کاریگەرییەکی بۆ داھاتووی پارتەکەیان نابێت.
لەو راگەیەنراوەی کە بڕیارە لە مانگی ئەیلولدا بڵاویبکاتەوە، ھەدەپە ئامانجی سیاسی و نەخشەڕێگەی پارتەکەی بە رونی رادەگەیەنێت بە تایبەتی لە بواری ئاشتی و دیموکراسی و دادوەریدا.
ئاژانسەکە لە راپۆرتی ساڵانەیدا بڵاویکردەوە، لەو کۆمەڵگە ئەتۆمییەی دەکەوێتە ناوەندی کۆریای باکورەوە، ھیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان نەبووە تا سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەدوای ئەو کاتەشەوە چەندین ئاماژە ھەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کورەی ئەتۆمی بۆ بەرھەمھێنانی ماددەی پۆلۆتنیۆم بۆ چەکی ئەتۆمی.
لە دوای دەرکردنی لێکۆڵەرەکانی لەلایەن پیۆنگ یانگەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە نەیتوانیوە بچێتە کۆریای باکور، مانگی پێشووش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو، چەندین ئاماژە ھەن بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی پیۆنگ یانگ.
بایدن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ (نەفتالی بینیت) سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ڕێگەچارەی دیپلۆماسییان لە پلەی یەکەم داناوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و چاوەڕێ دەکەن بزانن ڕەوشەکە بە کوێ دەگات، بەڵام ئەگەر ھەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیان ھێنا، پەنا بۆ بژاردەی تر دەبەن.
لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، دژایەتی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و جەختیکردەوە ئێران بە کردەوە ھەنگاوی ناوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و کەمکردنەوەی سزا سەپێنراوەکان، ھەر ڕێککەوتنێکیش لەگەڵ ئێران دەرفەتی پێدەبەخشێت تواناکانی بەکاربھێنێت بۆ پشتیوانیکردنی نەیارەکانی ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، ڕەوشی ئەفغانستان کارەساتبارە و گرنگی گەیشتنی پێداویستییە مرۆییەکانیش زیاتر دەبن، لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکەشیان داوای ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ ھاوکاریکردنی ئەفغانییەکان، بەڵام تەنھا بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریان بە دەست گەیشتووە و پێویستیان بە ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری ترە.
کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت نیو ملیۆن ئەفغانی ڕوو لە سنورەکان بکەن و وڵاتەکەیان بەجێبھێڵن، ئەوەش خراپترین سیناریۆیە کە ڕوودەدات، ئاماژە بەوەش کراوە، ڕووداوەکانی ئەفغانستان چاوەڕوان نەکراون و زۆر خێرا دەگۆڕێن.
سوپای ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ھەرێمی نەنگەھار لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕکەوانەوە ھێرشیان کردووەتە سەر گروپی تیرۆریستی داعش و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا پلانداڕێژەری تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ کوژراوە.
کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو داعش لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ دوو تەقینەوەی ئەنجامدا و بەھۆیەوە ١٣ سەربازی ئەمریکی کوژران و ١٨ سەربازی تریش بریندار بوون. بە پێی سەرچاوەکانی ئەفغانستانیش لە تەقینەوەکاندا ١٧٠ کەس کوژراون.
دوای تەقینەوەکانی کابوڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەرپرسانی تەقینەوەکە دەستگیر دەکەن و دەیانکوژن.
ئەم ڕاگەیەندراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دوای ئەوە ھات ئەمریکا لە بارەی ئەنجامدانی تەقینەوەی تر لە فڕۆکەخانەی کابوڵ ھۆشداری دابوو.
پیتەر فۆرد باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە سوریا ڕایگەیاندووە، واشنتن ھاوکارییەکانی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان زیاتر کردووە بۆ ئەوەی بە ھاوبەشی ڕووبەڕووی داعش ببنەوە و ڕێگر بن لە ئەنجامدانی ھێرشی ھاوشێوەی ھەفتەی ڕابردووی فڕۆکەخانەی کابوڵ کە تیایدا ١٧٠ کەس کوژران و ١٣ کەس لە کوژراوەکانیش سەربازی ئەمریکی بوون.