مۆرگان ئۆرتاگۆس، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند کە حزبوڵا بەرپرسیارە لە تێوەگلانی لوبنان لە شەڕە دووبارەکاندا. ئەو جەختی کردەوە: "لوبنان دەبێت سەروەری خۆی بپارێزێت و رێگری لە گروپەکان بکات بۆئەوەی جارێکی دیکە روبەروی شەڕ نەبێتەوە".
لە لێدوانێکدا، ئۆرتاگۆس رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی بریکارە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی لایەنە داراییەکانی حزبوڵا.
ئۆرتاگۆس ئاماژەی بەوەشکرد: "حزبوڵا بەرپرسیارێتی تێوەگلانی لوبنان لە شەڕە دووبارەبوەکاندا لە ئەستۆدایە. لە ماوەی 20 ساڵدا حزبوڵا دوو جار لوبنانی بەرەو شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بردووە و هەر جارێکیش باشور بووەتە قوربانی".
جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو: "حزبوڵا، لوبنانییەکان دەکێشێتە ناو ئەو شەڕانەی کە نایانەوێت بیکەن و دەیانخاتە بەردەم مەترسی و چاوپۆشی لە بۆچوون و هەڵبژاردنەکانیان دەکات".
ئۆرتاگۆس ئاشکراشیکرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات و قەتەر هاوڕان لەسەر ئەوەی لوبنان لە شەڕ دوور ناخرێتەوە تا حزبوڵا بە تەواوی چەک دانەنێت.