جۆو بایدن لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و کۆمەڵەی نیشتیمانیی حاکمی ویلایەتەکان ڕایگەیاند، پلانیان ھەیە لە مانگی داھاتووەوە بە خێرایی ٥٠٠ ملیۆن پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن.
ھەموو پشتیوانیەکی بۆ سەرجەم ولایەتیەکانیش دەربڕی لە بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن.
بە پێی ھەواڵێکی میدیاکانی تورکیا، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە کەناراوەکانی سەر بە پارێزگای (ئایدن) لە باشوری خۆرئاوای تورکیا ، ٣٢ کۆچبەر کە لەناو بەلەمێکی لاستیکیدا بوون و ڕەوانەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابونەوە رزگارکران .
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کۆچبەرەکان کە کەسانی بیانی بوون ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی کۆچی پارێزگای ئایدن کراون.
وەفدێکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) بە سەرۆکایەتی (پەروین بۆڵدان و میدحەت سەنجار)ھاوسەرۆکانی گشتی ھەدەپە سەردانی پارتی گەلی کوماری (جەھەپە)یان کرد و لەگەل (کەمال کلیچدارئۆغلو) سەرۆکی جەھەپە کۆبونەوە.
لە کونفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پەروین بۆڵدان، رايگەیاند، ھەدەپە پێشنیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئاراستەی (کەمال کلیچدار ئۆغلو) کردووە و چاوەڕیێ وەڵامی ئەوانن. (پەروین بۆلدان) جەختی لەوەشکردەوە، تورکیا پێویستی بە فەرمانڕەواییەکی نوێ ھەیە و ئەوەش بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت.
ئاژانسی ھەواڵی ئێرنا رایگەیاند، تیمی دانوستانکاری ئێران لە ڤییەنا نیەتپاکی خۆیان سەلماندووە لە خولەکانی پێشودا، بەڵام دەبێت لایەنی بەرامبەریش نیەتپاکی بسەلمێنێت سەبارەت بە ھەڵگرتنی سزاکان، لێپرسراوانی ئێرانیش ھیوادارن لەم خولەی دانوستانەکاندا، فەڕەنسا رۆڵی باش ببینێت لە گەیشتن بە رێکەوتن.
ئنریکی مورا رێکخەری یەکێتی ئەوروپاش جەختی کردوەتەوە لە گرنگی خێراکردنی دانوستانەکان و بەرەو پێشبردنی.
خولی حەوتەمی دانوستانەکان چەند رۆژێک لەمەوبەر راگیرا، دوای ئەوەی عەلی باقری سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئێران گەڕایەوە تاران بۆ گفتوگۆکردن، گەورە دیبلۆماتکارانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیاش راگرتنی دانوستانەکەیان بە نەرێنی وەسفکرد.
ڕاپۆرتەکە لە لایەن ئاژانسی سەرژمێری سەر بە یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە "یۆرۆ ستات" بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا لە ئەڵمانیا، ١٠٠ ھەزار و ٢٤٠ کەس داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییان کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکراشیکردووە، ڕێژەی داواکردنی مافی پەنابەریی لە ئەڵمانیا لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بووە و گەیشتووەتە ٢٨.٢٪ لە کاتێکدا ڕێژەکە ساڵی ڕابردوودا لە ھەمان کاتدا ٢٤.٣٪ بووە.
لە دوای ئەڵمانیا فەڕەنسا دێت کە ٧٣ ھەزار و ٢٥٥ کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، دوای ئەویش ئیسپانیا دێت، کە ٣٩ ھەزار و ٧٥٥ کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کەمترین داواکاریش لە ئیتاڵیا تۆمارکراوە و ژمارەکە گەیشتووەتە ٢٨ ھەزار و ٦٤٥ داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، موشەکی زیرکۆنیان بە سەرکەوتوویی تاقی کردووەتەوە، کە خێرایییەکەی لە سەروو خێرایی دەنگەوەیە و دژە کەشتییە. وتیشی، سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە ھەنگاوێکە بۆ بەھێزکردنی توانای بەرگری و موشەکیی ڕووسیا.
دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشکی کرملینیش ڕایگەیاند، ڕێگە بە ھیچ ھێزێک نادەن، ھەڕەشە بۆ سەر مافەکانی ڕووسیا دروست بکات.
مانۆڕەکە ھاوکاتە لەگەڵ مەترسییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا بەرامبەر کۆکردنەوەی ھێزەکانی ڕووسیا لە سنوری ئۆکراین.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا ڕایگەیاندووە، تیمەکانیان لە کەناراوەکانی شارۆچکەی ئەجەئابات بەلەمێکی ماسیگرییان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە کە بە شێوەیەکی گوماناوی بە دەریادا دەڕۆیشتووە، دواتر ئاشکرابووە ئەو بەلەمە کۆچبەری ناسایایی تێدابووە.
ڕاشیگەیاندووە، لە ناو بەلەمەکەدا ١٤٣ کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە، کە خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاوازبوون لە نێویاندا ژن و منداڵیشیان تێدایە.
لە ئێستاشدا کۆچبەرەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارەکانیان، ڕەوانەی ناوەندی دووبارە ناردنەوەی کۆچبەرانی شارۆچکەی ئایڤاجک کراون، شەش تۆمەتباریش بە تۆمەتی قاچاخچیەتی و بازرگانیکردن بە کۆچبەرانەوە، دەستبەسەرکراون.
وەک کاردانەوەیەک بۆ ڕاگەیندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی بەریتانیا کە ڕایگەیاندبوو، تاقیکردنەوەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران پێشێلکردنی پڕۆژە بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە پێی پێوێستییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆی کار دەکات و ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە ھیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆژە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە و سیستمی بەرگری مۆڵەت لە ھیچ کەس و لایەنێک وەرناگرێت و ھیچ کاتێکیش لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ و دانوستان ناکات.
سوپای پاسدارانی ئێران لە مانۆڕێکی سەربازیدا کە بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی ئیسڕائیل ئەنجامیدابوو، ١٦ موشەکی بالیستی تاقیکردەوە.
سەرباری ئەوەی خولی ١٧ھەمی دانوستانەکانی ئەستانە کە بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە قەیرانی سوریا لە کازاخستان بەڕێوەچوو، ھیچ بەرەوپێشچوونێکی لە بارەی قەیرانی سیاسی سوریا و خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان وەفدی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە تێدا بەدی نەکرا، بەڵام تێیدا دۆسیەی گروپە تیرۆریستییەکان لە سوریا تاوتوێ کرا.
ئەلکساندەر لاڤرەنتیڤ نێردەی تایبەتی ڕووسیا بۆ سوریا ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا مەترسی بەھێزبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان بە تایبەتی داعش لە سوریا ھەبووە نەک بە تەنھا لە ناوچەکانی باکوری سوریا، بەڵکو لە تەواوی وڵات، بۆیە لایەنە بەشداربووەکانی ئەستانە کە لە ڕووسیا و تورکیا و ئێران پێکدێن ھەڕەشەکانی داعشیان لە سوریا تاوتوێکردووە و پێشنیازیان کردووە پێکەوە ھاوکار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەی گروپە تیرۆریستەکان لەو وڵاتە.
حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوز ڕایگەیاند، یەختێکی تری کۆچبەران کە چارۆکەداربووە، لە دورگەی پارۆس لە دەریای ئیجە ژێرئاو کەوتووە، بە پێی زانیارییەکان ٨٠ کۆچبەری تێدابووە.
وتیشی، پۆلیسی فریاکەوتنی دەریاوانی، بەھانای کۆچبەرەکانەوە ڕۆیشتووە و توانراوە ٦٣ کەسیان ڕزگار بکەن، تەرمی ١٦ کەسیشیان دۆزراوەتەوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی دەریاوانی یۆنان و فڕۆکەیەکی تایبەت لە شوێنی ڕووداوەکەن و بەدوای چارەنووسی کۆچبەرەکاندا دەگەڕێن.
لێپرسراوانی ئۆکراین ڕایانگەیاندووە، وڵاتەکەیان پێویستییەکی زۆری بە بەھێزکردنی توانا سەربازییەکانیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی مۆسکۆ، بۆیە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، وەزیری بەرگری ئۆکراین داوای ھاوکاری سەربازیی کردووە و داواکارییەکە دابینکردنی سیستمی بەرگری دژە موشەکیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لێپرسراوانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە، ئیدارەکەی بایدن تا ئێستا بڕیاری نەداوە و تاوتوێی ئەو ھەنگاوە دەکات.
جین شاھین و ڕۆب پۆرتمان ھەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش، داوایان لە ئیدارەکەی بایدن کردوە چەکی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگری دژی موشەک و فڕۆکە و کەشتی و زریپۆش بداتە ئۆکراین تا بتوانێت بەو شێوەیە ڕێگری لە ھەڕەشەکانی ڕووسیا بکات.