شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ژمارەیەک پێگە و بنکەی سەربازیی حوسییەکانی لە نزیک سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومان کرد، ھاوپەیمانیەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بۆردومانەکان وەڵامی ھەڕەشە و پەلاماری حوسییەکان بووە و توانیوویانە دوو سەکۆی ھەڵدانی مووشەکە بالیستییەکانی حوسییەکان لەناو ببەن.
ھاوکات عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیماڕات، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای کرد جارێکی تر حوسییەکان لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا پۆلێن بکرێن.
ڕۆژی دووشەممە حوسیەکانی یەمەن بە ھەشت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، چەند ناوچەیەکی نزیک ئەبو زەبییان بۆردومان کرد، بەھۆیەوە ئاگر لە سێ تانکەری گواستنەوەی بەرھەمە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەوتی ئیماڕات و ناوچەیەکی خانووبەرەی نزیک فڕۆکەخانەی ئەبو زەبی کەوتەوە، و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لە دەستدا، و شەش کەسی تریش بریندار بوون.
ویلایەتی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین لە بەرژوەندی ئێرانە و پێویست ناکات ھیچ نیگەرانییەک ھەبێت لەبارەی ئەو پەیوەندییانەوە، چونکە ئەوە دەستوەردان نیە لە کاروباری ئێران بەڵکو پەیوەندی دوو لایەنە و یەکسانن.
دووپاتیشیکردەوە، سەرباری سزاکان، لە مێژووی ئێراندا بەم بەھێزیەی ئێستا نەبوون و ئەمڕۆ ئێران ھێزێکی گەورەی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھەیە.
نەشیشاردووەتەوە کە ئێران پشتگیری گروپە چەکدارەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات و ڕایگەیاندووە، بێگومان ئێران ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە پێکھێنانی ھێزی بەرەنگاربوونەوە لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکا و ئەوروپا بڵاویکردەوە، "تاران" مەرجی ئەوەی بۆ "واشنتۆن" داناوە کە لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نوێ، جارێکی تر نەکشێتەوە و سزاکان نەگەڕێنێتەوە، ئەو مەرجەش ئاستەنگی لە بەردەم دانوستانەکانی "ڤییەنا" دروست کردووە.
ئەمریکاش لە زاری چەند لێپرسراوێکەوە ڕایگەیاندووە، دەبێت دانوستانەکان لە "ڤییەنا" لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بێت، نەک ڕێککەوتنی تر بە مەرجی نوێ.
خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە دوێنێوە دەستیپێکردووەتەوە و تا ئێستاش ھیچ ئەنجامێک یاخود بەرەوپێشچوونێک ڕانەگەیەندراوە.
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا (جەیمس جیفری) وتی، ئەمریکا ستراتیژیەکی سیاسی و ئابوری توکمەی لە سوریا ھەیە بەڵام تا ئێستا لەبارەی نەوتی سوریا کە زۆرینەی لە ژێرکۆنترۆلی (ھەسەدە) دایە ستراتیژیەکی رونی نییە، وتیشی،ھەندێک کێشەی بچوکی لە بارەی پەرەپێدان و بازارکردنی یەدەکی نەوتی باکوری خۆرھەلاتی سوریا ھەیە.
ئاماژە بەوەشکردوە چەندین دەستپێشخەری ئەمریکا ھەیە بۆ پشتیوانی سەقامگیری باکور و خۆرھەلاتی سوریا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەھەپە لە کۆبوونەوەی ھەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، تورکمانەکان لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقدا حەوت نوێنەریان گەشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەم ژمارەیە کەمترە لە پێگەی تورکمانەکان.
وتیشی، پێویستە لە حکومەتی داھاتووی عێراقدا زیاتر لە یەک وەزارەت بە تورکمانەکان بدرێت و ئەمەش ناچارییەکی سیاسیی و مێژووییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.باخچەلی باسی لەوەشکرد، تورکمانەکان خەڵکێکی بەڕێز و شکۆمەندی عێراقن.
سوپای کۆریای باشور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆریای باکور دوو مووشەکی مەودا کورتی لە فڕۆکەخانەی پیۆنگ یانگەوە رەوانەی دەریا کردووە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش رایگەیاندووە، پێدەچێت موشەکەکان لە جۆری بالیستی بن، پاسەوانی سنورە ئاوییەکانی ژاپۆنیش ھۆشداری داوەتە ئەو کەشتییانەی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە ھاتوچۆ دەکەن.
راشیگەیاندووە، تا ئێستا ھیچ راپۆرتێکیان لەبارەی زیانی ئەو تاقیکردنەوەیە پێنەگەیشتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە رۆژانی ٦ و ١٢ و ١٥ی ئەم مانگەش، کۆریای باکور چەند موشەکێکی بالیستی تری تاقیکردەوە.
پڕۆسەی دادگایکردنی عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە دادگای تاوانە قورسەکانی ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا کاڤاڵا ئامادەی دادگاییکردنەکە نەبووە و دادگاش بڕیایداوە ماوەی دەستبەسەرکردنی درێژ بکاتەوە و دانیشتنی دواتریش لە مانگی شوبات بەڕێوەبچێت.
کاڤاڵا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دەستگیرکرا، لە تشرینی دووەمی ھەمان ساڵ بە تۆمەتی بەشداریکردن و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی دەستگیرکرایەوە و دواتریش بە تۆمەتی ھەوڵدان بۆ ڕوخاندنی حکومەت و دەستوری تورکیا دەستبەسەر کرا.
تا ئێستا چەند جارێک دانیشتنی دادگایکردنی کاڤاڵا و بەڕێوەچووە و سەرەڕای بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش بۆ ئازادکردنی بەڵام تورکیا ئامادە نییە ئازادی بکات.
وەزارەتی تەندروستی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە ، سێ ھاوڵاتی لە شارەکانی تەبرێز و یەزد و شەھرکورد، بە ئۆمیکرۆن گیانیان لە دەستداوە، لە ئەھوازیش چەند کەسێک دوای تووشبوونیان بە ئۆمیکرۆن باری تەندروستیان لە مەترسیدایە.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، تا ئێستاش ١١٦٢کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بوون.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردوەتەوە، لە رێگەی ١٦ فرۆکەی بارھەڵگری جەنگییەوە دەستیان کردوە بە کشانەوەی سوپا و کەرەستە سەربازییەکانیان لە کازاخستان.
ھێزەکەی رووسیا ٦ی ئەم مانگە لەسەر داواکاریی سەرۆکی کازاخستان و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاسایشی بەکۆمەڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران چونە شاری ئەڵماتی و ئەرکی پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان پێ سپێردرا، لە ئێستاشدا و دوای کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە رووسیا ھێزەکانی کشاندوەتەوە.
گرانبوونی نرخی سووتەمەنی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی رژاندە سەر شەقامەکان و بەھۆی توندوتیژییەکانەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون.