وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی لە لۆس ئەنجلوس، ھەنتەر بایدنی کوڕی سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بە خۆدزینەوە لە باج لە ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩ و بڕەکەشی یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەنتەر بایدن بە نۆ تۆمەت تۆمەتبارکراوە و لە حاڵەتی ساغبونەوەی تۆمەتەکان، رووبەڕووی سزای ١٧ ساڵ زیندانی دەبێتەوە و خۆدزینەوە لە باج دووەمین گەورەترین کەیسە لەسەری.
ھەنتەر بادین دەبێتە یەکەم کوڕی سەرۆکی ئەمریکا کە دادگای بکرێت و لە ساڵی ٢٠١٨ش تۆمەتبار کرا بە کڕینی چەک و پێدانی زانیاری ھەڵە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی کردووە، تیایدا نوسیویەتی، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە خاکی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی ناتۆ ٩٠ ھەزار سەربازە و بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٤ ، ١٠ ھەزار سەرباز لەو وڵاتانە کەمدەکاتەوە.
بەھۆی جەنگی ئۆکراین و روسی، ساڵی ٢٠٢٢ ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی لە وڵاتانی ناتۆ زیادکرد و بایدن لە نامەیەکیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ٨٠ ھەزار سەربازەی ئەمریکا کە لە وڵاتانی ناتۆ دەمێننەوە، وەکو دڵنیاییەکە بۆ ھاوپەیمانانیان و رێگریکردن لە ھێرشی روسیا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، نزیکەی ٤٤ خوێنکاری زانکۆ لە شارەکانی ئێران لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و سزای بەندکردن و لێدانی قامچیش بۆ ٣٥ خوێندکار ئامادەکراوە و بە دەیان خوێندکاری دیکەش لە زانکۆ دوورخراوەنەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنێوان ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون، ٢١ خوێندکاریان کوردن و شەشیان خوێندکاری تورکن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە رۆژئاوای حەلەب چەکدارانی دەستەی تەحریر شام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەیەکی سوپای سوریایان بۆردومانکرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئەنجامی بۆردومانەکەش ١١ سەربازی سوریی و ٥ چەکداری نزیک لە حکومەتی دیمەشق کوژراون.
دادگای دەستووری تورکیا لە دوایین بڕیاریدا بڕگەی شەشی لە ماددەی ٢٢٠ـی یاسای سزای وڵاتەکەی ھەڵوەشاندەوە کە تیایدا ئاماژە بەوەکرابوو، ھەر کەسێک بەناوی رێکخراوێکەوە تاوان بکات بەڵام ئەندامی ئەو رێکخراوە نەبێت، بە تاوانی ئەندامییەتی لەو رێکخراوە سزا دەدرێت.
بەھۆی ئەو ماددەیەی یاسای تیرۆری تورکیاوە سەدان کەس لە سیاسەتمەدار و چالاکوانی باکوری کوردستان بە تۆمەتی ئەندامییەتی "رێکخراو" دەستگیرکرابوون و سزادرابوون، بەڵام دادگای دەستووری تورکیا دەڵێت، ئەو ماددەیە دژی دەستوور و ئازادی رادەربڕین و مافی خۆپیشاندان و رێپێوانە.
ئاژانسی نۆرس پرێس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەواڵگری تورکیا بە ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای نیستمانی لە رۆژئاوای کوردستان، بەیانی ئەمڕۆ ١٢ دەستگیرکراوی کوردیان لە زیندانی کەفر جەنە لە عەفرین گواستووەتەوە بۆ خاکی تورکیا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەستگیرکراوە کوردانە پێشتر بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە، ماوەی سێ مانگ لە عەفرین لە زینداندا بوون و سییان لە دەستگیرکراوەکانیش کچن و تەمەنیان لەنێوان ٢٠ – ٢٧ ساڵدایە.
ئاژانسی نۆرس پرێس راشیگەیاندووە، مانگی رابردوو تورکیا زیاتر لە ٦٠ دەستگیرکراوی کوردیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە گواستووەتەوە بۆ ناو زیندانەکانی تورکیا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا کە بڵاویکردووەتەوە، روونیکردووەتەوە، ئەمریکا بە بەھای ١٧٥ ملیۆن دۆلار جارێکی ترھاوکاری سەربازیی نوێ پێشکەشی ئۆکراین دەکات.
راشیگەیاند، پاکێجە نوێیەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی تۆپخانە و چەکی دژە تانک پێکھاتووە .
ئاماژە بەوەشکراوە، گرنگە کۆنگرێس بە خێرایی ھەنگاو بنێت بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی پشتیوانی لە ئۆکراین و قبوڵکردنی داواکاری زیادە بۆ یارمەتییە سەربازییەکانی ئۆکراین، چونکە پێشوتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو تا کۆتایی ئەمساڵ لە توانایاندایە ھەیە ھاوکاریەکانیان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامی ھەبێت.
ئەم پاکێجە نوێیەیە دەبێتە ٥٢ یەمین ھاوکاریی سەربازیی کە لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە پێشکەشی ئەو وڵاتە کرابێت کە دەکاتە ٤٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی.
رۆبەرت جێنریک وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا، رۆژی چوارشەممە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی حکومەتەکەی سوناک کرد، دوای ئەوەی حکومەت یاسایەکی خێرا و بەپەلەی بڵاوکردەوە، کە پەیوەندی بە رێککەوتنێکی نوێی بەریتانیا و روانداوە ھەیە و گرنگترین خاڵەکانی ناردنی کۆچبەرانی بەریتانیایە بۆ وڵاتی رواندا لە رۆژھەڵاتی ئەفریقا.
ئەو رێککەوتنە بەریتانیا لەگەڵ رواندا، دووەم رێککەوتنە دوای ئەوەی دادگای باڵای بەریتانیا پلانی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا رەتکردەوە و رایگەیاند، ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە نایاساییە و ژیانی کۆچبەران دەخاتە مەترسییەوە.
رۆژنامەی زە وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاوکردەوە، ھەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا داوای ئاگربەستی تەواوەتی نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھەفتەی ڕابردوو بە بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ئیدارەی بایدن پێی وایە دەبێت لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا ململانێکان کۆتایی پێبھێنن و نەگەیەندرێت بە چەند مانگێک.
رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئارەزووی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی بۆ بلینکن دەربڕیوە و نایانەوێت ئیسرائیل بکەوێتە قەیرانێکی ئابووری درێژخایەنەوە، بەڵام گەرەنتی تەواوەتییان بە بلینکن نەداوە بۆ ئەوەی بەمنزیکانە شەڕ رابگیرێت.
ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، حکومەت بەڵێنی داوە ھاتنی نایاسایی کۆچبەران رابگرێت و بۆ بەدیھێنانی ئەو بەڵێنەش ھەرچییەک پێویست بکات، ئەنجامی دەدات.
وتیشی، ئەو پڕۆژەیەی حکومەت پێشکەشی پەرلەمانی کردووە و تایبەتە بەکاراکردنەوەی بەرنامەی رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا، متمانەی خەڵکی بەریتانیا بە سیستمێکی دادپەوەر بۆ ھەمووان بەھێزتر دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە رۆبەرت جەنریک، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە بەھۆی ئەوەی لە پڕۆژەکەی حکومەت ناڕازیی بوو.
پەرلەمانی دانیمارک دوای سێ مانگ لە گفتوگۆ و چەندجارێک ھەموارکردنەوەی، دواجار لەکۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا بە دەنگی ٩٤ بەڵێ بەرامبەر بە ٧٧ دەنگی نەخێر، یاسای قەدەغەی سوتاندنی قورئان و کتێبە ئاینییەکانی تری پەسەندکرد کە لە جیھاندا شوێنکەوتووی زۆریان ھەیە.
بەگوێرەی یاساکە ھەرکەسێک قورئان و کتێبی تری ئاینیی بسوتێنێت سزای دارایی دەدرێت یان بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت.
ھاوینی ئەمساڵ بەھۆی رێگدانیان بە سوتاندنی قورئان، سوید و دانیمارک رووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوان لە وڵاتانی ئیسلامی بوونەوە و لەوکاتەشەوە رێکاری توندییان بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی روداوی ھاوشێوە گرتووەتەبەر.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی داڕمانی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن کار بۆ راگرتنی کارەساتی مرۆیی و راگرتنی شەڕ لەو ناوچەیەدا بکات.
ئیلی کۆھین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەم خولەی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی جیھان و جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە پشتیوانییەکە بۆ حەماس و رەوایەتیدانە بە کوشتنی بەساڵاچوان و رفاندنی منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان.
ماددەی ٩٩ لە ساڵی ١٩٤٥ لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە سان فرانسیسکۆ ئیمزاکراوە، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان دەتوانێت ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداربکاتەوە لەسەر بابەتێک کە ھەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی و کار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانی مرۆیی و راگەیاندنی ئاگربەست.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی دیموکراتەکان کە تەمەنی ٨١ ساڵە، لە میانی ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پارە لە شاری وێستۆن لە ویلایەتی ماساچوستس رایگەیاند، ئەگەر ترەمپ خۆی کاندید نەکردایە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە کۆتایی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت، دڵنیانەدەبوو کە ئەویش جارێکی تر خۆی کاندید دەکردەوە یان نا، بەڵام دوای بڕیاری ترەمپ، خۆی کاندید کردەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی ترەمپ سەرکەوتن بەدەستبھێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ ئەوەی دەیەوێت نایشارێتەوە و نیازەکانی داھاتووی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.
بایدن لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا روبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەوەی کە لە دۆخێکی باشدایە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شکست بھێنێت بە رکابەرەکەی لە کۆمارییەکان.
ھاوکات، زۆرینەی راپرسییەکان ئەوە دەردەخەن، ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا زۆرە.
ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی سێ ھەزار و ٣١٨ ھاووڵاتی لەسەرتاسەری ئێران سکاڵایان لە دژی ئەمریکا تۆمارکردن لەسەر کوشتنی "قاسم سلێمانی" فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەیان لە ساڵی ٢٠٢٠ لە عێراق، لقی ٥٥ی دادگای یاسایی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تاران سزای قەرەبووکردنەوەی بە ٤٩ ملیار و ٧٧٠ ملیۆن دۆلار بەسەر ئەمریکادا سەپاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دادگاییکردنەکەدا بەرپرسیارێتی کوشتنی قاسم سلێمانی خراوەتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ٤٢ لێپرسراو و فەرماندەی سەربازیی دیکەی ئەو وڵاتە.
دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کرملین، رایگەیاند، ئەمڕۆ ڤلادیمیر پوتن سەردانی سعودیە و کەمێک لەمەوبەریش گەیشتە ئیمارات و گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی رەوشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات.
دیمیتری پیسکۆڤ راشیگەیاند، پوتن و سەرکردەکانی سعودیە و ئیمارات، گفتوگۆ لەبارەی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن، وتیشی، بڕیاروایە رۆژی پێنجشەممە پوتن بگەڕێتەوە و لە مۆسکۆ پێشوازی لە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بکات، سەردانەکەی رەئیسیش بۆ مۆسکۆ یەک رۆژ دەخایەنێت.
کریستیان ریچەر یانزەھەمین راپۆرتی سەبارەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خستەڕوو، تیایدا رایگەیاندووە، لە ماوەی ئەو ساڵەی ئەرکەکەیان درێژکراوەتەوە، گرنگی دەدەن بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیان و دەستکەوتنی بەڵگەی زیاتر لەسەر تاوانەکانی داعش.
وتیشی، نابێت رزگاربووانی ژێر دەستی داعش لە عێراق بێ ھیوا بکرێن، لە ماوەی کارکردنیشیاندا چەندین سەرچاوەی جیاواز کۆکراوەتەوە و چەندین کەیس و راپۆرتیان سەبارەت بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە پێشکەش کردووە.