لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ ژاپۆانی ھەژاند، بەھۆیەوە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٤ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
سەبارەت بە زیانە ماددیەکانیش حکومەتی چین رایگەیاند، بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی ھێڵی ئاسن و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان ڕاگیراون.
ھاوکات، ئاژانسی بومەلەرزەزانی چینیش رایگەیاند تەنھا لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا زیاتر لە ١٥٥ بومەلەزە بە گوڕی جیا جیا لە روویانداوە.
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند بە دەیان موشەکی ئاڕاستەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل کردووە. سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیش وەڵامی ھێرشە مووشەکییەکەی حەماسی دایەوە.
لای خۆیەوە، دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا بەشێک لەو سەربازە یەدەگانەی رەوانەی شەڕی غەززە کراون لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا پێویستە پلان بۆ داھاتوو دابنێت، چونکە ئەرکەکانی لە ساڵی داھاتوودا زیاتردەبێت بەو پێیەی درێژایی ساڵی ٢٠٢٤ شەر دژی حەماس بەردەوامی دەبێت.
میدیای رەسمی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرجەم لێپرسراو و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی باسی لە و مەترسی و ھەڕەشانە کردووە کە لەسەر کۆریای باکوور ھەن لەگەڵ چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە.
جەختیشیکردووەتەوە، ھەر کاتێک دووژمنان بژاردەی سەربازییان ھەڵبژارد و بڕیاری رووبەڕوبوونەوە و شەڕیان لە دژی کۆریای باکوور راگەیاند، پێویستە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەبێ ھیچ سڵکردنەوەیەک ئەمریکا و کۆریای باشوور بە تەواوی لەسەر نەخشەی جیھان بسڕنەوە بۆئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ سەرجەم دوژمنانی تری کۆریای باکوور.
مقاوەمی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە چەکی گونجاو شاری "ئیلات" لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و بەردەوامیش دەبن لە ھێرشەکانیان بۆ سەر دوژمن.
بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا ھیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانەکانی ھێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
لە چەند سەعاتی رابردووشدا، حزبوڵای عێراقی بنکەی "رمێلان"ی لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج.
بەیانی یەکشەممەش، کێڵگەی عومەری نەوتی لە رۆژھەڵاتی دێرەزوور روبەڕووی سێ ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە.
لە زۆرینەی ھێرشەکانیشدا، مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی بەرپرسیارێتی رادەگەیەنێت و ھێرشەکانیان لە وەڵامی ئەو بۆردوومان و ھێرشانەیە کە ئیسرائیل دەیکاتە سەر غەززە.
زیلینسکی لە پەیامێکیدا بۆ ساڵی نوێ رایگەیاند، ھێزەکانی روسیا تێکدەشکێنن و ھۆشداریشیدا لە ھەموو ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی ھەماھەنگی جیھان.
زیلینسکی وتیشی، ساڵی نوێ دوژمن روبەڕووی گورزی گەورە دەبێتەوە و ئۆکراینیش دەبێتە خاوەنی یەک ملیۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جگە لە فڕۆکەی جەنگی لە جۆری ئێف ١٦، کە لەلایەن ھاوپەیمانەکانییەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا پێشکەشی دەکرێن.
پەیامەکەی زیلینسکی دوای کەمتر لە ٧٢ سەعات بووە لە ھێرشێکی فراوانی مۆسکۆ بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین، کە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستە کردن و بەھۆیەوە لانی کەم ٣٩ کەس کوژران، ئەو ھێرشانەش بە فراوانترین ھێرشی ئاسمانی دانران لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە.
ھاوکات ئۆکراین خستنەخوارەوەی ٢١ درۆنی لە کۆی ٤٩ درۆنی دروستکراوی ئێرانی راگەیاند، کە لەلایەن روسیاوە ئاڕاستەی شاری بیلگۆرود کرابوو، بەھۆشیەوە ٢٤ کەس کوژران.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ھێزەکانی ھەسەدە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمان توانیویانە بەرپرسێکی ھەواڵگری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری حەسەکە دەستگیر بکەن، کە بەرپرسیار بووە لە کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری لە سنووری نێوان سوریا و عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە ھەواڵگرییە، توانای پلااندانانی رێکخراوی تیرۆریستییەکە بۆ کردەوەی تیرۆریستی رادەگرێت.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە، داعش ھێشتا مەترسییە بۆ سەر ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش ئۆپراسیۆنەکانیان لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھەڕەشانەی لەسەر ناوچەکەن.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، لە درێژەی ھێرشەکانیان دژی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و وەک کاردانەوەیەک دژی جەنگی غەززە، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ھێرشیان کردووەتەسەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە باشوری شاری حەسەکە.
لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، ١١٠ جار ھێرشکراوەتەسەر بنکە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
دانیال ھاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپی چەکداری حەماس بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت و سوپای ئیسرائیل پلانی پێشوەختە بۆ تەواوی ساڵەکە دادەڕێژێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بە دەیان ھەزار سەربازی یەدەگی سوپای ئیسرائیل ئامادەن بۆ شەڕ، لەو ژمارەیەش ھەندێکیان لەئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ جەنگی درێژخایەن لە غەززە.
ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەی حزبەکەی وتی، سیاسەتی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانی غەززە لە دەرەوە، ئاسانکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی جولەکەکانی تەنیشت سنووری غەززە و گەڕانەوەی سوپای ئیسرائیل کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە غەززە کشایەوە، لەماوەی ئەم ھەفتەیەدا، ئەوە دووەم وەزیری ئیسرائیلە کە لەوبارەیەوە لێدوان بدات.
بن غەفیر یەکێکە لە ھێماکانی نیشتەجێبوونی زۆرەملێی جولەکەکان لەسەر خاکی فەڵەستین، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو کارە بە نایاسایی دادەنێت.
بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ جەنگێکی ئاڵۆز و پێویستیان بە کاتە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانیان، ھەروەھا بەڵێنیشیدا، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان لە دەستی حەماس رزگار بکات.
ناتانیاھۆ وتیشی، جەنگەکە بۆ چەندین مانگی تر درێژە دەکێشێت، تاکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەن و حەماس لەناودەبەن و سەرکردەکانیان دەکوژن.
ھاوکات شەوی رابردوو، ھەزاران کەس لە شاری تەلئەبیب کە بەشێکیان کەسوکاری بارمتەکان بوون، چوونە بەردەم ماڵەکەی بنیامین ناتانیاھۆ و داوایان کرد، لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووربخرێتەوە و داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەشیان کرد.
تۆماس وایت، بەڕێوبەری دەزگای فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین رایگەیاند، کەرتی غەززە بەدەست برسێتی کارەساتبارەوە دەناڵێنن و ٤٠% دانیشتوانی غەززە مەترسی برسێتییان لەسەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی غەززە بۆ مانەوە رۆژانە دەجەنگن.
راشیگەیاند، دانیشتوانی کەرتی غەززە دەچنە مانگی سێیەمی شەڕەوە، کاولکاری زیاتر چاوەڕێیان دەکات لە ئێستادا نزیکەی ٧٠%ی باڵەخانەکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی وێران بوون.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشە مووشەکییەکەی روسیا لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینی بۆسەر چەند شارێکی ئۆکراین بە کیێڤی پایتەختیشەوە کە بەھۆیەوە زیاتر لە ٣٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٦٠ کەسی تریش برینداربوون، نیشانە و ئاماژەیەکە بۆئەوەی کە روسیا دەیەوێت ئۆکراین بە تەواوی لەناوببات و بیسڕێتەوە.
وتیشی، تائێستا ئەنجومەنی پیران داواکارییەکەی کۆشکی سپی پەسەند نەکردووە بۆ ھاوکاریکردنی بە پەلەی ئۆکراین بە بەھای ١٠٦ ملیار دۆلار و ئەگەر کۆنگرێسیش رێکاری بە پەلە نەگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی جیاوازی و ناکۆکییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ناتوانن ھاوکارییە سەربازییەکانیان بگەیەننە ئۆکراین بۆ بەرگریکردن لەگەلی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر ھێرشەکانی روسیا، بایدن داواشی لە کۆنگرێس کرد بە زوترین کات لەسەر ئەو بابەتە بڕیار بدات و بۆئەوەی بتوانن ھاوکاری ئۆکراین بکەن.
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان لە تورکیا ناسراو بە ئافاد، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سەعات ٤:٢٦ خولەکی ئێوارەی رۆژی شەممە لە شاری خارپێت بومەلەرزەیەک روویداوە.
راشیگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ٩.٣٦ کیلۆمەتری زەوی روویداوە، لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکەش عومەر تورامان پارێزگاری خارپێت رایگەیاند، زیانی نەبووەو ھیچ دۆخێکی نائاساییان پێنەگەیشتووە.
ئیسماعیل قائانی رەفتارەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ناعەقڵانی ناودەبات و دەڵێت ئەگەر ئەمریکا لەو رەفتارانەی بەردەوام بێت، مقاوەمەی عێراقی بەشێوەیەکی جیاوازتر وەڵامی دەداتەوە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە ساڵیادی کوژرانی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران دەستینەبووە لە ھێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆسەر ئیسرائیل و ئەو ھێرشە بڕیاری خودی فەڵەستینییەکان بووە، جەختیش دەکاتەوە کە ھەوڵەکانی ئیسرئیل بۆ تێوەگلاندانی تاران لەو شەڕەدا بێ ئەنجامدەبن.
وتیشی، ئەگەر ئەمریکا لە رەفتارە "ناعەقڵانییەکانی لە عێراق بەردەوام بێت"، مقاوەمەی عێراقی تێبینیەکان وەلا دەنێت و بەڕێگەیەکی جیاوازتر وەڵامی واشنتۆن دەداتەوە.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ئاماری کۆی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاوکردەوە و ئەوەشی خستەڕوو، لەو ساڵەدا بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ٧٣ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجامداوە کە سێ ئۆپەراسیۆنیان فراوانبوون و لە دەرئەنجامیشدا ٣٥٢ چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.
باسی لەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا ١٢ ئەندامی رێکخراوەکەش کوژراون کە چواریان سەرکردەی مەترسیداری داعش بوون.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا دەڵێت، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیران لەدوایین ساتەکانی شەوی پێنجشەممەدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزاری جەنگی وڵاتەکەی ھەڵپەساردووە، چونکە ناوبراو نایەوێت رۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە حکومڕانی غەززەی دوای تەواوبوونی شەڕ، ئاشکرا بکرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ناتانیاھۆ دەیەوێت ئەو پرسە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئەمنیدا تاوتوێ بکرێت، لەم بارەیەشەوە واشنتۆن داوای لە ئیسرائیل کردووە بە خێرایی یەکلایی بکاتەوە، کە دوای جەنگ بەڕێوەبردنی غەززە بە کێ دەسپێرێت.