بەهۆی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاو لەچین زیاتر لە 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 80 هەزار کەس بەناچاری ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە.

ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە ناوچەکانی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین  44 کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

راشیگەیاند، دەسەڵاتدارانی پەکین بەهۆی لافاوەکەوە 80 هەزار و 232 کەسیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لافاوی تێدا دروستبووە گواستووەتەوە بۆ جێگەیەکی دیکە.

ئاژانسی شینخوا ئاماژەی بەوەشکردەوە، چەندین رێگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و خانووی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەبەهای دەیان ملیار دۆلار زیانیان بەرکەتووە.

لێپرسراوێکی شارەوانی پەکین ئاشکرایکرد، رێژەی باران بارین بەراورد بە ساڵی رابردوو 67٪ زیادی کردەوە، تەنها لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا  543 ملیمەتر باران لەو ناوچانەدا باریوە.