حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، پێشتر لە رێگەی دابەشکردنی فۆڕمێکەوە بەدواداچوونمان بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان کردووە و ئەو فۆڕمەش بە سەرجەم پلە باڵاکان پڕدەکرێتەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەش ئەوانەی پلەدارن و خانەنشین کراون.
باسی لەوەشکرد، ئەو فۆڕمەی دابەشکراوە زیاتر لە ١٥٠٠ فۆڕم بووە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان گەڕاوەتەوەەو چاوەڕوان گەڕانەوەی سەرجەم فۆڕمەکان دەکەن.
ئاشکراشیکرد، بەردەوام کۆبوونەوەمان ھەیە لە بارەی خانەنشینی پلە باڵاکان و ھەر کەسێک بەدەر لە یاسا خانەنشین کرابێت دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کارەکەی پێشتری و خانەنشینی ھەڵدەوەشێتەوە.
د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و دەرامەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە ئێستادا لێخوشبوون بۆ ھیچ کۆمپانیایەک نەماوە لە پێدانی باج و ئەوانەشی پێشتر لێخۆش بوونیان بۆ کرابوو سەرجەمیان ھەڵوەشاوەتەوە جگە لەوانەی بەپێی یاسا دیاریکراون.
باسی لەوەشکرد، ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانەی پێشتر لێخوش بوونیان ھەبوە و لە ئێستادا لێخوشبونەکانیان ھەڵوەشاوەتەوە سکاڵایان کردبوو لە دادگا بەڵام سکاڵاکانیشیان ھەڵوەشاوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی باج و دەرامەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد، ھەر کۆمپانیایەک باجی ناڕاست پێشکەش بکات و ئاشکرا بکرێت دەدرێتە دادگاو بۆ ئەوەش ساڵی رابردوو ١٥٠ کۆمپانیا دراونەتە دادگاو ٣٠٠ کۆمپانیاش غەرامە کراون.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان ئامادەن لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا گفتوگۆ بکەن، بە حکومەتی دیمەشقیشەوە.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، پشتگیری گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن بۆ ئەوەی ھەسەدە ئەرکی شکستپێھێنانی داعش جێبەجێ بکات.
وتیشی، بەھۆی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و خۆرھەڵاتی سوریا ڕوبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان توانیویانە روبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببنەوە.
مەزڵوم کۆبانێ ھۆشداریشیدا لە مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا.
وتیشی، ١٠ ھەزار تیرۆریستی داعش لە زیندانەکانی ھەسەدەن، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش رێگە بدات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەرێک بۆ ئەو دیلانە بدۆزێتەوە.
عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە کوردسات نێوزی راگەیاند، پاڵپشت بەزانیارییەکی ھەواڵگری، ھێزێکی تایبەتییان توانیویانە لەناو شاری کەرکوک ئەو گەورە تیرۆریستە دەستگیر بکەن.
وتیشی، ئەو گەورە تیرۆریستە بەرپرسی گواستنەوەی تیرۆریستان و تەقینەوەکانی داعشە لەنێوان کەرکوک و جەزیرە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، وەزارەتی کارەبا رۆژانە ٣٥٠٠ تا ٣٦٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا دەگاتە ٥٠٠٠ مێگاوات، بەو ھۆیەشەوە رۆژانە ١٤ بۆ ١٥ سەعات کارەبای نیشتیمانی دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، خەرجی مانگانەی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان ٨٥ ملیۆن دۆلارە و ئەو قەرزەشی لە ماوەی ساڵانی رابردوو کەوتەسەر ھاوبەشانی کارەبا دەکرێت بە قیست، بۆ ئەوەی بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم روونیشیکردەوە، یەکێک لە ھۆکارەکانی بەرزی خواست لەسەر کارەبا، ئەو ئامێرانەی کارەبایە کە بەبێ تێپەڕبوون بە کوالێتی کۆنترۆڵ ھاوردەی ھەرێم دەکرێن و بۆ کارکردنیان کارەبایەکی زۆریان پێویستە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم رایگەیاند، مانگانە ٧٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکرێت و حکومەتی ھەرێم ساڵانە ٣١١ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن خەرج دەکات و لەمساڵیشدا ١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و کەمئاوی تەرخان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رۆژانە ٢٤٠ ملیۆن دینار بەھۆی بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن بەھەدەر دەدرێت و ساڵانەش ئەو بڕە پارە دەگاتە ٩٠ ملیار دینار.
سکرتاریەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی لە رونکردنەوەیەکدا بۆ ئەندام و لایەنگران و سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی یەکێتی رایگەیاندووە، رۆژانە لە چەند شوێنێک بە ناوی سەرچاوەیەکی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی راگەیەندراو و لێدوان بڵاودەکرێتەوە، ئەوانە ھیچ پەیوەندییەکان بە ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەر راگەیەنراوێکیان ھەبێت لە کەناڵە رەسمییەکانەوە بڵاویدەکەنەوە.
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەکی پارەی قۆناغی یەکەمی گەنمی جوتیارانی ھەرێم لە بەغدادەوە گەیشتووە و سەرقاڵی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکەن بۆئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
وتیشی، ئەگەر لەم رۆژانەدا دابەش نەکرێت، بە دڵنیایی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دابەشدەکرێت.
راشیگەیاند، بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو ئەمساڵ عێراق زووتر پارەی جوتیارانی ناردووە و بڕەکەی پێنج ملیار دینارە، ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ سنووری پارێزگای ھەولێر و ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بۆ سلێمانی و ملیارێکیش بۆ جوتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک دەنێرن.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ٣٠٧ ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لای حکومەتی عێراق ماوە و وەزارەتی بازرگانی بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ دابینکردنی.
قایمقامیەتی قەزای رانیە رایگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ٤٨ یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکات.
قایمقامیەتی قەزای رانیەش داوای لە ھاوڵاتیان و فەرمانبەران کردووە ھەر سکاڵا و تانەیەکیان ھەیە دەتوانن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری راپەڕین سکاڵا تۆمار بکەن و بەدواداچوون بکەن.