بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ نزمەپاڵەپەستۆیەک لە تورکیا و دەریای سوورەوە کاریگەری لەسەر کەشی ھەرێم دەبێت و ئاسمان بەدێژایی کاتەکان ھەوردەبێت لەگەڵ بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم.
کەشناسی دەشڵێت، ئاستی دابارین لەسەر بەشەکانی باشووری ھەرێم بەتایبەت سنووری پارێگای ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و سنووری پارێزگای کەرکوک ئاستی دابارینی زیاترە و لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییە سنورییە بەرزەکانیش ئەگەری بەفر بارین ھەیە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، خێرایی با زیاددەکات و پلەکانی گەرما شەش بۆ ھەشت پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە کەرکوک تۆماردەکرێت کە ٢٠ پلەی سیلیزییە و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە نۆ پلەی سیلیزییە.
مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ھەرێم لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەکرد، بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشدارییان لە دانوستانەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەکردووە و لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکان دەکەن و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی دەکەن.
وتیشی تا شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت کارەکانیان نەوت دەستپێناکەنەوە و حکومەتی ھەرێم بڕی ملیارێک دۆلار قەرزاری کۆمپانیا نەوتییەکانە و تا ئێستا ھیچ بەڵێنێکیان پێنەدراوە بۆ پێدانی شایستە داراییەکان.
وتەبێژی کۆمپانیا نەوتییەکان ئاشکراشیکرد، پێشنیاریان بۆ بەغدا کردووە نەوت بفرۆشن بە بەغداد و ئەوان ھەناردەی بکەن بەپێی رێککەوتنێک لە نێوانیاندا و ھەر گۆڕانکارییەکیش لە گرێبەستە نەوتییەکان پێویستی بە گفتوگۆیە.

سبەینێ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان لە سلێمانییەوە رادەگەیەنێت، کە لەژێر ناونیشانی "دەستپێشخەری شۆڕشی داتا و چارەسەرە زیرەکەکان" بەڕێوەدەچێت و یەکەمین کۆنفرانسە لەو شێوەیە لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ئەنجامبدرێت.
ئامانجی کۆنفرانسەکە داڕشتنی ستراتیژێکە بۆ کۆکردنەوە و بەردەستخستنی داتا و زانیاری لەسەر بنەمایەکی زانستی و دروست، ھەروەھا بەکارھێنانی چارەسەری زیرەکە بۆ کێشەکانی گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان، کە دەبێتە شۆڕشێک لە بواری داتا لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئەمەش دروستکردنی مۆدێلێکە بۆ ئەوەی لە شار و پارێزگاکانی تر دووبارەبکرێتەوە، ھەروەھا بڕیار وایە قوباد تاڵەبانی دوو پڕۆژەی گرنگ لە کۆنفرانسەکەدا رابگەیەنێت.
دوای ھەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی گەرمیان لەپێناو بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و بەرەوپێشچونە بەردەوامەکان گۆڤاری پاسەر بۆ زانستە بنەڕەتی و کارپێکراوەکان لەسەر پلاتفۆرمی سکۆپوس چالاککرا، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە ستافی گۆڤارەکە توانیان لە ماوەی ساڵێکدا لە وەرگرتنی نازناوەکەدا ئەو دسکەوتە بەدەستبھێنن.
جێگەی ئاماژەیە ئەم دەستکەوتە گرنگییەکی بەرچاوی ھەیە بۆ زانکۆی گەرمیان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گۆڤارەکە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە، CiteScoreی ئێستای گۆڤارەکە لە (٠.٥ )وەستاوە، بە پەرۆشییەوە کاردەکرێت بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی گۆڤارەکە بۆ زیادکردنی نمرەکانی ھەڵسەنگێندراو .
گۆڤاری پاسەر ساڵانە یەک بەرگ بڵاودەکاتەوە، کە دوو ژمارەی تێدایە و لە ئێستادا، بەرگی پێنجەم (ژمارەی دووەم) لە پرۆسەی تەواو بوندایە.
سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان سوپاس و پێزانینی ئاراستەی تەواوی ستافی گۆڤاری پاسەر جۆرناڵ دەکات، لەوانەش ئەندامانی دەستەی سەرنوسەر، سەرنوسەری تەکنیکی، و دیزاینەری پەیج و ھەوڵە بەکۆمەڵەکانیان رۆڵێکی سەرەکییان ھەبووە لە بەدیھێنانی ئەم دەستکەوتە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵی، گەیشتنە ھەرێم و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازییان لێکرا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند، ئامانجیان لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکانە سەبارەت بە ھەناردەی نەوت و لێکتێگەیشتنی سەرەتایش ھەیە و لە قۆناغی سەرەتادا دەیانەوێت ھەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە.
ھاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمیش وتی، کێشەی سەرەکی بەردەم ھەناردەی نەوت تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەکەیەتی.
بە وتەی پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق و تیمەکەی دوو بۆ سێ رۆژ لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانیان کێشەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت و رێکارەکانی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمە.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم راگەیاند، درێژبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆی لاوازی تورکیا کە کاریگەرییەکەی لە درەنگانی شەوی سێشەممە دەستپێدەکات بۆ ڕۆژی چوارشەممە کاریگەری زیاد دەبێت وباران بارین بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند لەسەرجەمی ناوچەکەمان دەبارێت وھەورە بروسکە لەکاتی باران دەبێت پلەکانی گەرما بە نزیکەی (٤-٦) پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابەزینی پلەکانی گەرما زیاتردەبێت.
ڕاشیگەیاند، کاریگەری ئەم شەپۆڵە بە دووقۆناغ دەبێت قۆناغی یەکەم تا ڕۆژی پێنج شەممە دەبێت پاشان لە ڕۆژی ھەینی لە کاتی نەگۆڕانی کەشەکە قۆناغی دووەم دەستپێدەکات پێشبینی دابارین لەم قۆناغە زیاتر دەبێت لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ھاتنی شەپۆڵی دووەم پێشبینی لەسەر ئاست و کاریگەری ئەم شەپۆڵە بڵاودەکەینەوە.
دەقی پەیامەکەی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان...
بەداخەوە ئەمڕۆ جارێکی تر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە سنووری بادینان رێگری لە ئازادی راگەیاندن کراو ھێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە پێنج تیمی راگەیاندن کرد، کە بریتی بوون لە پەیامنێرو وێنەگر و تیمی راگەیاندنی ھەریەکە لە کەناڵەکانی ( رووداو، کوردسات نیوز، ئێن ئاڕتی، کەناڵ ٨، دەزگای ٩٦٤+) کە بە نیازبوون بۆ رووماڵکردنی گردبونەوەی ھاووڵاتیانی یازدە لادێی سنوورەکە لە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەستیانگرت بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانی بەشێک لە وێنەگران.
بەناوی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، دووبارە سەرکۆنەی ئەم رێگریکردنە دەکەین چونکە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ھاوڵاتیان بە یاسا رێگە پێدراوە و روماڵکردنی یاساییە.
داوا لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لێپێچینەوە لە پێشێڵکاری ھێزە ئەمنییەکان بکەن و کەشێکی پڕ لە ئازادی و ئاسووەیی لە ناوچەکەدا فەراھەم بکەن.
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان
١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا شەوی رابردوو گوندەکانی "گەڵی ڕەش، کەمکۆڕان، تالستا و خنێرە و لۆلان"یان لە سنوری برادۆست بە چڕی بۆردومانکرد.
وتیشی، بەھۆی بۆردومانەکەوە زیانێکی زۆر بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە، ھاوکات بۆردومانەکە ترس و دڵەراوکێی لە نێو ھاوڵاتیان و جوتیارانی ناوچەکە دروستکردووە، کە بەھۆی ئاژەڵدارییەوە ھاتوچۆی ئەو گوندانە دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای بۆردومانەکە بۆ ماوەیەکی زۆر فڕۆکە جەنگییەکان بە نزمی بە ئاسمانی سنووری برادۆستدا سوڕاونەتەوە.
شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراویکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەپێی یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی دروستکردنی خانووی لە سنووری گوندەکانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا راگرتووە، چونکە فراوانکردنی سنووری ئەو گوندانە تەنیا رێکاری ئەندازەییان بۆ کراوە، ھێشتا رێکارە یاساییەکانیان تەواونەکراوە.
راشیگەیاندووە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ فراوانکردنی حەرەمی ٢٩ گوند، ھێشتا پەسەند نەکراوە، بۆیە لە رووی یاساییەوە ئەو سنوورە فراوانکراوانە بە سنووری حەرەمی گوند دانانرێن و بەر یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان دەکەون، نەوەک یاسای تاپۆکردنی حەرەمی گوندەکان.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ ئەوەیە کە خانووەکە پێش ٣١/١٢/٢٠٢٠ دروستکرابێت، لەبەرئەوە شارەوانی ناتوانێت رێگەپێدان بدات بە دروستکردنی خانوو لەو سنوورە فراوانکراوانەدا ھەتا فەرمانیان بۆ دەردەچێت بە ئەژمارکردنیان بە سنووری حەرەمی گوند.
شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، پێویستە موختاری ئەو گوندانە رێگە نەدەن بە کاریی نایاسایی لە گوندەکانیان و شارەوانی چاوەڕوانی پەسەندکردنی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگایە لەو بارەیەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی بە ھێز لە فڕۆکەخانەی ھەریر بیستراوە و دوکەڵێکی زۆر لە فڕۆکەخانەکە بەرزبوەتەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش ھەواڵەکەی بۆ کوردسات نیوز پشتڕاستکردوەتەوە، کە درۆنێک لەناو فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەخوارەوە و تائێستا زیانەکانی نەزانراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی پێنج شەممەش بە درۆنی بۆمبڕێژکراو ھێرشکرایەسەر فڕۆکەخانەی ھەریر و ئاگر لە کۆگای فڕۆکەخانەکە کەوتەوە، مقاوەمەی ئیسلامیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە راگەیاند.
ھەروەھا بەپێی راگەیەندراوێکی مقاوەمەی ئیسلامی ئەمڕۆ شەممە لە رێگەی دوو درۆنەوە ھێرشیان کردوەتە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە رمێلان لە سوریا، راستەوخۆ ئامانجەکانیان پێکاوە.
ھاوکات بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تائێستا، ٤٨ جار لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و لەئاکامی ئەو ھێرشانەش ٥٦ ئەمریکی برینداربوون.
تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، رەوشی کەرتی تەندروستی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە غەززە بە رەو داڕوخانی یەکجاری دەچێت و زیاتر لە نیوەی نەخۆشخانە سەرەکییەکانی ئەو شارە بەھۆی ھێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون لە کارکردن وەستاون و ناتوانن نەخۆش و بریندارەکان چارەسەر بکەن.
تیشی ھەندێکجار بریندار و ئەوانەی پێویستییان بە نەشتەرگەرییە بەبێ سڕکردن چارەسەریان بۆ دەکرێت کە ئەوەش لە بواری تەندروستیدا زۆر مەترسیدارە بەڵام ناچارن بەو شێوەیە کار بکەن.
تیدرۆس ئەدھانۆم باسی لەوەشکردووە، رەوشی منداڵانی غەززە لە زۆربەی چین و توێژەکانی تر مەترسیدارترە و بەپێی بەڵگە و ئەو ئامارە رەسمی و باوەڕپێکراوانەی کۆیان کردوونەتەوە، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە ھەر ١٠ دەقەیەکدا لە غەززە منداڵێک دەکوژرێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ریاز، لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبوەوە، لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و چۆنییەتی پەرەپێدانیان و دوایین پێشھاتەکان لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و رەوشی فەلەستین و تاووتوێ کران.
لە دیدارەکەدا د. لەتیف رەشید جەختیکردەوە لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و سوریا و پێویستی پەرەپێدانی ھاریکاری لە ھەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک، خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو گەلی برا بکات، ھەروەھا گرنگی بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، دوپاتکردەوە.
ھاوکات ھەڵوێستی عیراقی لە پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین، دوپاتکردەوە.
سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی سوریا بە توندی ئیدانەی دەستدرێژییەکانیان کرد بۆسەر غەززە، کە خەڵکی مەدەنی و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی دەستبەجێ راگرتنی بۆردومانەکان و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانە گەمارۆدراوەکان و دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆیان.
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی یەکشەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و تیمێکی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، سەردانەکەش لەسەر رێککەوتنی ھەردوو سەرۆکوەزیران بووە.
وتیشی، وەزیری نەوتی عێراق و تیمەکەی دوو بۆ سێ رۆژ لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش کێشەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت و رێکارەکانی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمە، تاکو دۆسیەی نەوتی ھەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، لە نزیک گوندی ساڵەیی لە ناحیەی لەیلان، ژنێک بەدەستڕێژی گولە کوژراوە کە لەگەڵ براکەیدا بووە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان رۆگیان پێبووە.
دەشڵێت، ژنەکە تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی پەنجاعەلیی شاری کەرکوکە، ساڵێک لەمەوبەریش ھاوسەرەکەی کوژراوە.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەوانەی ئەو ژنەیان کوشتووە، دوو کەسی خزمی ژنەکەن و بە دەمانچە و کڵاشینکۆف تەقەیان لێکردووە و ١٥ قەوانی فیشەک لە شوێنی رووداوەکە دۆزراوەتەوە.
ئاشکراشیکرد، ھۆکاری کوشتنی ئەو ژنە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و بکوژەکانیش ناسراون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئامێدی رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تورکیا سنوری گوندەکانی چیای گارە و مەتینای لە رۆژھەڵاتی ئامێدی تۆپباران کرد، ئەوەش ترسی لای دانیشتووانی گوندەکان دروستکردووە.
ھاوڵاتیانی گوندەکانی چیای گارە و مەتینا دەڵێن، ئەگەر بۆردومانەکان بەردەوام بن زیانی زۆر بە کشتوکاڵ و باخدارییەکانیان دەگات و بۆ پاراستنی گیانی خۆشیان بێت، ناچارن گوندەکانیان چۆڵ بکەن، بۆیە داوای راگرتنی ھێرشەکان لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق دەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەشکرد، ماوەیەکە سوپای تورکیا ئامێر و کەلوپەلی تایبەت بە دروستکردنی رێگای سەربازیی ھێناوەتە سنوری گوندەکانی نھێلی و دەیەوێت بەدروستکردنی رێگەی سەربازی، ئەو ناوچانە بە باکوری کوردستانەوە ببەستێتەوە.