لە سلێمانی نرخی ئەمپێری کارەبای مووەلیدە بۆ مانگی شەش دیاری کرا و بەپێی راگەیەنراوی کارەبای سلێمانی، نرخی یەک ئەمپێری مووەلیدە لەنێوان حەوت هەزار و 750 دینار بۆ نۆ هەزار دیناردا دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دیاریکردنی نرخی کارەبای مووەلیدە ئەهلییەکاندا نرخی ئەمپێری کارەبا دیاریکراوە و یەک ئەمپێری کارەبای مووەلیدەی گەڕەکەکان لەنێوان حەوت هەزار و 750 بۆ نۆ هەزار دیناردا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خشتەی کارکردنی مووەلیدەکان بۆ مانگی حەوت 24 سەعاتی دەبێت و هەرکاتێک کارەبای نیشتمانیی کوژایەوە، پێویستە مووەلیدەکان کارەبا بدەنە هاووڵاتیان.
لەبارەی موولیدەی ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سنوری پرۆژەی رووناکییەوە کارەبای سلێمانی ئەوەی خستووەتە روو، پێویستە پاکتاو بکەن، چونکە چیتر مووەلیدەکان کار ناکەن.
شەوی رابردوو سێ کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی کەرکوک کران، کە دووانیان لە فڕۆکەخانە و یەکێکیشیان لە ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە گەڕەکی عروبە کەوتە خوارەوە. لەلایەکی دیکەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدین.
کەمپی دەرکاری زاخۆ:
شەوی رابردوو دوای ئەوەی قوتابخانەیەک لەناو کەمپی دەرکار لە نزیک زاخۆ بە درۆن کرایە ئامانج، سێ کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی کەرکوک کران، کە دووانیان لە فڕۆکەخانەکە ولەنێوان فڕۆکەخانەی شارستانی و سەربازی کەوتنە کەوتە خوارەوە.
لەبارەی کەپمی دەرکاری زاخۆ، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "سەعات 12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکار لە سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، کە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە."
کەمپی دەرکا تایبەتە بە کوردانی ئێزدی، کە ساڵی 2014 دوای چوونە ناوەوەی تیرۆرستانی داعش بۆ شنگال؛ ئاوارە بوون.
فڕۆکەخانەی کەرکوک:
لەبارەی کاتیۆشاکانی فڕۆکەخانەی کەرکوکیشەوە، بەپێی راگەیەنراوی فڕۆکەخانەکە، بۆردومانەکە زیانی ماددی هەبووە و یەک کارمەندی فڕۆکەخانەش بە سوکی بریندار بووە.
یەکێکی دیکە لە کاتیۆشاکانیش بەر ماڵی هاووڵاتیەک کەوت لە گەڕەکی عروبەی کەرکوک، کە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام زیانی ماددی بەر ماڵەکە کەوت و بەشێکی دیوار و بنمیچەکانی رووخان.
بەپێی لێدوانی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، گوماندەکرێت ئەو کاتیۆشایانە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە هەڵدرابن، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای داعش لە سنوری کەرکوک کوژرا.
پاڵاوگەی بێجی:
لەلایەکی دیکەوە لەدوای سەعات 2:00ی بەرەبەیان، لەرێگەی چەند درۆنێکەوە کە بەپێی لێدوانی عادل ئەحمەد قائیمقامی قەزای بێجی؛ ژمارەیان زیاتر لە 10 درۆن دەبوو، هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.
قائیمقامی قەزای بێجی باسی لەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە بەو جۆرە هیرش بکرێتە سەر پاڵاوگەی بێجی.
ئەوەشی خستە روو، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاڵاوگەکە توانیویەتی درۆنەکان بخاتە خوارەوە و زیان بە پاڵاوگەکە نەکەوتووە.
راشیگەیاند، لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەکەوتووەتەوە.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: لە دونیادا هیچ حکومەتێک نییە موچە نەدات بە موچەخۆرانی.
د.موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، تەیف سامی و دیوانی چاودێری دارایی عیراق موچەی هەرێمیان راگرتووە، دەشڵێت بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، عیراق دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات.
وتیشی، بەغداد بۆ نەهێشتنی کەلێنەکانی لیستی موچە داوای بە بانکیکردن دەکات، هەروەها چونکە ت ئێستا حکومەتی هەرێم لیستێکی موچەی بێ کەموکورتی نادات بە عیراق.
د.موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم هیچ کارتێکی فشاری بەرانبەر بە بەغداد بەدەستەوە نییە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێککەوتن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند، بڕیاردراوە نیوەی داهاتی هەرێم رادەستی بەغداد بکرێت، هاوکات دەبێت حکومەتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوت هەرناردەبکات.
كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم لە بەغداد كۆتاییهات و توانرا لەزۆرینەی دۆسیەكانیشدا لە نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن دروست بووە.
بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، وەفدی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لە سێ رۆژی رابردوودا چەندین كۆبوونەوەی داخراویان لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی و نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ ئەنجامداوە، بڕیاریشە لە كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تیشك بخرێتە سەر گفتوگۆكانی نێوان وەفدی هەرێم و حكومەتی عیراق، چاوەڕوانیش دەكرێت هەر لەو كۆبونەوەیەدا رەزامەندی بدرێت لەبارەی ناردنی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێم.
هەر بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆ و پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامیان هەبێت بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن و كۆتاییهێنان بە گرفتی ناردنی موچە و خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لانی كەم تا كۆتایی 2025.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم روونیکردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان وەفدە دانوستانکارەکانی هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. جەختیشی کردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فەرەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەکرد رێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچکە کەمتر گەشەسەندووەکانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
ساڵانە لەگەڵ سەری ساڵی نوێدا حکومەتی هەرێم رۆژمێری رەسمی ساڵەکە دیاری دەکات و لە رۆژمێرەکەدا رۆژانی بۆنە و پشووە رەسمییەکان رێکدەخات.
بەپێی رۆژمێری رەسمی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025، مانگی حەوت دوو رۆژ پشووی تێدایە.
یەکەم پشووی رەسمی مانگی حەوت لە رۆژی 5ی مانگەکەدا دەبێت بەبۆنەی رۆژی عاشوراوە، بەڵام بەر رۆژی شەممە دەکەوێت، کە ئەو رۆژە هەر خۆی دەوامی رەسمی لە ناوەندە حکومییەکان و بەشێکی ناوەندە تایبەتەکاندا نییە.
دووەم پشووی رەسمیش لە رۆژی 14ی مانگ، دووشەممەدا دەبێت بەبۆنەی یادی شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958.
شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958 ئەو شۆڕشە بوو کە تیایدا کۆتایی بە حوکمی پاشایەتی هێنرا لە عیراقدا.
پۆلیسی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتیە دەکات، کە 10 رۆژ بەر لە ئێستا ئۆتۆمبێل لێیدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، پەیوەندی بکەن بە بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، هاووڵاتییەکە لە رەگەزی نێرە و تەمەنی لەنێوان 45 بۆ 50 ساڵدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسە هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنامەیەکی پێ نییە، تەنها ئەوەندە نەبێت چەند تاتۆیەک بە جەستەوەیەتی و نوسراوە "دیلان".
رۆژی 20ی ئەم مانگە پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، هاووڵاتییەک لەبەردەم شەقامی پارێزگای سلێمانیدا ئۆتۆمبێل لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی پۆلیس تەرمی ئەو کەسە لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانییە و داواش لە کەسوکاری دەکات پەیوەندی بکەن بە بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما زیاتر لە شەش پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بوونى تۆزێکى سوک لە هەوادا، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە ئەگەری چالاکبوونی خێرایی با هەیە تاوەکو کاتەکانی ئێوارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەکات و بەگشتی لەنێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا، هەندێک جاریش دەگاتە سەروو 30 کیلۆمەتر.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ لە کاتەکانی بەیانی زوو لە زۆربەی ناوچەکان، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت.
پلەکانی گەرمای سبەینێ بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 35 پلەی سیلیزی
دهۆک : 36 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 38 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە :35 پلەی سیلیزی
سۆران : 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان :39 پلەی سیلیزی
لە 2-7-2025 گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵێ قەتەری دەستپێدەکاتەوە و هەموو رۆژانی هەفتە گەشتییان دەبێت.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد، هێڵی ئاسمانیی قەتەری گەشتە ئاسمانییەكانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی ئەو خشتەیەی كە لەلایەن هێڵی ئاسمانیی قەتەرییەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نێردراوە، وابڕیارە لە 2ـی 7ـی 2025 وە هەموو رۆژانی هەفتە، گەشتە ئاسمانییەكانیان لە فڕۆكەخانەکەدەستپێبكەنەوە.
لە هەولێر 16 کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری گزیکردن دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لە لایەن تیمەکانیانەوە لەسەر ئەو هەژمارانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵاتیەکان بانگەشەی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12 و فرۆشتنی ئامێری تایبەت بە گزیکردنیان دەکرد ،ناسنامەی 16 تۆمەتباریان ئاشکراکرد کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سەرجەم تۆمەتباران لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا دەستگیر کردووە.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەو دواتر دۆسیەکانیان رەوانەی پۆلیسی هەولێر کراوە ، لەکاتی دەستگیر کردنی تۆمەتباران دەستیان بەسەر 37 ئامێری گزیکردندا گرتوە.
وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق گەیشتون بەرێککەوتنی سەرەتایی، بڕیاریشە سبەینێ لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوری عیراق کۆببنەوە.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بەپێی زانیارییەکان، هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق گەیشتون بە رێکەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
وتیشی، بەپێی رێکەوتنە سەرەتاییەکە، رۆژانە بڕی 280 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەردەهێندرێت و رەوانەی دەرەوە دەکرێت، بڕی 150 هەزار بەرمیلی بۆ حکومەتی عیراق دەبێت و تەسلیمی سۆمۆ دەکرێت، 130 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت لەبەرانبەر خەرجی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەییان نیشانداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە مانگانە لەسەدا 50ـی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بکات.
راشیگەیاند، هەر بەپێی زانیارییەکان سبەینێ وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوری عیراق کۆدەبنەوە، کە جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.
لە هەولێر حاڵەتێکی دیکەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا و توشبووەکە پیشەی گۆشفرۆش بووە و کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کردووە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی شاری هەولێرە وتەمەنی 47 ساڵە.
ئاماژەی بەوەشکرد، توشبووەکە پیشەی قەسابە و مامەڵەی کڕین و فڕۆشتن و سەربڕینی گەڕۆکە، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات رێنماییەکانی وەزارەت جێبەجێبکەن و لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای دژە تیرۆری عیراق لەڕووبەڕووبوونەوەیەکدا توانیان "ئامر قاطعى سلێمان بەگ لەگەڵ دوو تیرۆریستی هاوەڵی" بکوژن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای کۆکرنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وردی سەلمێنراو و زانیاری هەواڵگری رۆژی 29ـی 6ـی 2025، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای دەستنیشان کردنی شوێنی حەشارەگە و مانەوەی تیرۆریستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای دژە تیرۆری عیراق، ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لەناوچەی پەڵکانە و تاوێرکەوە ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەستەویەخە، توانرا 'ئامر قاطعى سلێمان بەگ لەگەڵ دوو تیرۆریستی هاوەڵی' لەناوببرێت بەناوەکانی؛ تیرۆریست ئەیمەن جۆرج ئەحمەد ئەلعوبێدی کە نازناوی (ئادەم)ـە و ئامر قاطعى سلێمان بەگ بووە، هەروەها تیرۆیست (حسێن عەلی خەڵەف حەبیب ئەلمەفرەجی) نازناوی (ابو عەزرا)یە و چەکداری گرووپەکە بووە و تیرۆریست (یەعقوب) نازناوی (ئەبو جابان ئیرانی بووە) سەربڕ و گوازەرەوەی تیرۆریستان بووە".
هەروەها لە چالاکییەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، شوێنی مانەوە و مۆڵگەی تیرۆریستانیان خاپوور کرد.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ شۆفێران لە مەترسییەکانی بەجێهێشتنی کەل و پەلی جۆراوجۆر لەناو ئوتومبیلەکانیاندا ئاگادار دەکاتەوە.
شارەزایان رایان گەیاندووە کە لە کاتی گەرمای هاویندا، یەکەمین کارێک کە شۆفێرەکان ئەیکەن لە دوای سەرکەوتن بۆ سەر ئوتومبیلەکانیان کردنەوەی سیستەمی ساردکەرەوەیە. بەڵام ئەگەر ئوتومبیلەکە بۆ ماوەی رۆژێک لە بەردەم خۆردا رابگیرێت، ئەو گەرمایە دەتوانێت زیانی گەورە بە هەموو ئەو شتانە بگەیەنێت کە لەناویدان.
پلەی گەرمی دەگاتە چەند؟
بەپێی لێکۆڵینەوەی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی بەشی دەرمانسازی:
- ئەگەر پلەی گەرمی دەرەوە 16پلەی سەدی بێت ناو ئوتومبێل دەگاتە 38 پلەی سەدی
- ئەگەر پلەی گەرمی دەرەوە 30 پلەی سەدی بێت ناو ئوتومبێل دەگاتە60 پلەی سەدی
توێژەرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پلەی گەرمی لەماوەی30 خولەکدا بەتەواوەتی بەرز دەبێتەوە لە کاتی پارک کردنی ئوتومبیلەکان.
هۆکاری گەرم بوونی ئۆتۆمبێل:
کاتێک تیشکی خۆر دەچێتە ناو ئوتومبیلەکەوە و دەست دەکات بە گەرم کردنی بەشەکانی ناوەوەی وەک داشبۆرد و کوشنەکان، ئەم بەشانە گەرمی دەردەدەنەوە. بەهۆی داخستنی جامەکانەوە، ئەو گەرمایە ناتوانێت بچێتە دەرەوە و کۆدەبێتەوە.
هۆشداری و رێنمایی هاتووچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران:
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەجێهێشتنی منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا لە کاتی گەرمادا دەتوانێت ببێتە هۆی کارەساتێکی نەخوازراو.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە شتی ترمان هەیە کە رەنگە شۆفێرەکان کەمتر ئاگاداریبن و دەکرێت زیانیان پێبگات لەناو ئوتومبیلەکانماندا بەهۆی گەرماوە.
وەفدێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە بەغدادە و بڕیارە سبەینێ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت ئەنجام بدرێت.
شیروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: لە ئیستادا وەفدی هەرێم لە کۆبونەوەدان، چاوەروانیش دەکرێت ئەمشەو یان سبەینێ کۆبونەوەی فراوانی نێوان هەولێر و بەغداد لەبارەی پرسی نەوتی هەرێم ئەنجام بدرێت.
هەر لەبارەی کۆبوونەوکە، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق و وەزیری نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەو وەفدەی لە هەرێمەوە چونەتە بەغداد کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت لە دوای کۆبوونەوەکە راگەیەنراوێکی هاوبەش هەبێت سەبارەت بە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە، هاوکات ئامانجی چونی وەفدەکەی هەرێم بۆ بەغداد گەیشتنە بەڕێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، کە ماوەی پێشوودا ناکۆکیەکی زۆر هەبووە لە نێوان هەرێم و عیراق.
جێگەی ئاماژەیە، لەچەند رۆژی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و چارەسەرکردنی موچە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.