کاردانەوەکان بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی
سام
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیداهێنا و هەرزوو حکومەتی هەرێم هەڵوێستی خۆی دەربڕی و وەزیری دادی عیراقیش دەڵێت، "تاقیکردنەوەکان وەک ساڵانی رابردوو ئەنجام دەدرێن".
ئەمڕۆ شەممە 26ـی 7ـی 2025، وەزارەتی خویندنی باڵای عیراق بڕیاریدا کە دانانی پرسیار و وەڵامدانەوە بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی پارێزگای (کەرکوک – موسڵ – دیالە) قەدەغە بکرێت.
بڕیارەکە پێچەوانەی دەستورە
د. عومەر نەجمەددین ئینجە راگری کۆلێژی ئادابی زانکۆی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بریارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق پێچەوانەی دەستوری عیراقە، کەئاماژەی بەوەداوە عەرەبی و کوردی دوو زمانی رەسمین لە عیراق، هاوکات پێچەوانەی یاسای زەمان ژمارە 7 ی ساڵی 2014یە کە دوو زمانی سەرەکی لە عێراق عەرەبی و کوردییە، نەک عەرەبی و ئینگلیزی، وەک لەرێنماییەکان ھاتووە.
حکومەتی هەرێم: بڕیارکە نادەستورییە
لە هەمان کاتدا ئەکادیمیای کوردی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی بڕیارێکی نایاسایی و نادەستورییە.
وەزیری دادی عیراق: کێشەکە چارەسەر دەکرێت
سەبارەت بە بڕیارەکە، خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، دەربارەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زانکۆکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ رایگەیاند: وەزیری خوێندنی باڵا بڕیای چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و تاقیكرنەوەكان بە هەمان میكانزمی ساڵانی رابردوو بەڕێوە ئەچێت .
پێشهاتێکی مەترسیدارە
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەبارەت بە بڕیارەکە دەلێت، "بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی و رێگریکردن لە خوێندکاران و قوتابیان کە بەزمانی کوردی وەڵامی تاقی کردنەوەکان بدەنەوە، جگەلەوەی خەرقێکی روونی مادەی چواری دەستوری عیراقە، لە هەمان کاتدا پێشهاتێکی مەترسیدارە و بەلامانەوە جێی پرسیارە کە وەزارەتێکی گرنگی وەک وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقی و بە نوسراوی رەسمی و بەڕۆژی رووناک بڕیارێکی لەم جۆرە دەردەکات".