سەرۆککۆمارسەرۆککۆمار

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە زیاد هاب ئەلریح وەزیری ناوخۆی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان رووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، بارودۆخی خاکی فەلەستین له رووی ئەمنی و ئابووری و مرۆییەوه تاوتوێکرا و د.لەتیف رەشید بۆچونی عیراقی له پشتیوانی لە فەلەستین و مافی گەلەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووپاتکردەوه.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت و ئاسایش و سەلامەتی ئەوان دەستەبەر بکرێت، ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیرکردنی بارودۆخی فەلەستین تاکە رێگایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فەلەستین سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار بۆ پرسی فەلەستین و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لەداکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق هیوای سەرکەوتن بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازێت و بەبۆنەی ساڵی نوێی بابلی-ئاشووری پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل دەکات.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ پێنجشەممە، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی-ئاشوورییەوە، پیرۆزبایی لە بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ فێستیڤاڵەکە خواست ،  داوایکرد کە ئەم فیستڤاڵە بەشداربێت لە بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی عیراق.

وتارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن سەکفان موراد جوندی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکرا کە سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری گەیاندە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ، جەختیشی لە پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆماری کردەوە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مەدەنی لە نێوان هەموو عیراقییەکان و پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە عیراق شانازی پێوە دەکات، وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ ئێستا و داهاتووی خۆی.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆکایەتی کۆمارە:

بەڕێزان لێپرسراوان

بەڕێزان، ئامادەبوانی بەڕێز

سەرەتا، شەرەفی ئەوەم پێدراوە  کە سڵاوی سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ بگەیەنم. ئەو مەبەستی  بوو لەگەڵ ئێوە بەشداری چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە پڕ شکۆیە بکات، ئەگەر دەرفەت بگونجایە.

هەروەها پیرۆزبایی بەڕێزیان  بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی-ئاشووری و سریانیمان دەگەیەنم بە رۆڵەکانی کلدانی و ئاشووری و سریانی و هیوای سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازین،  کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، هەروەها چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیان و پاڵپشتیکردنی فرەیییە لە وڵاتەکەماندا،  کە ئەمەش هەوڵەکان  چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ پشتگیریکردن لە یەکێتی نیشتمانی.

ئەمڕۆ بە دروشمی (فێستیڤاڵی ئەکیتو.. فێستیڤاڵی شارستانیەتی عێراقی) لە یەکەم فێستیڤاڵی ئەکیتودا کۆدەبینەوە بە واتا گەورەکانیەوە کە ئاماژە بە قووڵایی و ڕەسەنایەتی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا دەکەن، کە تیایدا یەکەم پیتی نووسین دەستیپێکرد و یەکەم یاسا و ڕێسای بەڕێوەبردنی کاروباری مرۆڤایەتی ناسێنرا، جگە لە گەشەسەندنی هونەر و ئەدەب و زانستەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەم شێوەیە پشکێکی گەورەیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەکەوێت کە تا ئەمڕۆش دیارە.

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەمان و گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورە بوونەتەوە لە شەڕ و توندوتیژی و ستەمکاری  کە ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقمانیان رەتدەکردەوە .

ئەو فرەچەشنییەی کە وڵاتەکەمان شانازی پێوە دەکات، بەهۆی سیاسەتی گۆشەگیری و جیاکاری و پەراوێزخستن و گومان خستنە سەر رۆڵەکانی گەل کە تاکە تاوانیان ئەوەیە کە سەر بە پێکهاتە ڕەسەنەکانی خاکی دوو ڕووبارن شێوێندراو کە بەم هۆیەوە فرەڕەنگیان شێواند ، بۆیە سەیر نەبێت لاتان کە ئەم دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە  لە ئەنجامی قۆرغکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون روخاو لەناوچوو .

دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەت،  عێراقییەکان بە هەموو بیروراجیاوازەکانیەوە دەستوورێکی نوێیان بۆ وڵات داڕشت، کە یەکێک لە بناغە گرنگەکانی بریتی بوو لە پاراستنی فرەچەشنی و پاراستنی تایبەتمەندی و سەرکەوتنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون، بەو پێیەی هەمووان یەکسانن لە ماف و ئەرکەکاندا ، سەرەڕای کێشە و ئاڵەنگارییە گەورەکان، بە تایبەت ئەو پەلامارە  تیرۆریستییە تاریک پەرستانەی کە بێهودە هەوڵی تێکدانی ویستی عێراقییەکان و شکستپێهێنانی تاقیکردنەوە نوێیەکەیان دا.

عێراقییەکان بەهێزتر لەم ئاڵەنگارییانە دەربازبون، ئەمەش لە سایەی خۆڕاگری و پابەندبوونیان بە ژیان و شکۆمەندی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەوە بوو، بە ویستێکی پتەوەوە بۆ ژیان بە ئازادی و شکۆمەندییەوە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمە تیرۆریستییە تاریک پەرستەکان یەکیانگرت و قوربانییەکی یەکجار زۆریان دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

سەرۆکایەتی کۆمار ویستی پتەو و نەگۆڕە لە چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و مەدەنی بون و تائێستا پێشوازی لە دەیان وەفدی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵ کردووە بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرێت و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە چارەسەر بکات، لەسەر بنەمای باوەڕی سەرۆک کۆمار بە پێویستی پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە لە وڵاتەکەماندا بونی هەیە، بەو پێیەی سەرچاوەی هێزە بۆ ئێستا و داهاتووی وڵات.

ئەمڕۆ ئێمە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان هەیە، هەریەکە لە پێگەی خۆیەوە، بۆ چەسپاندنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و زامنکردنی ئازادی و مافەکان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی وڵات. ئەمەش بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتە کە  بریتیە لە : یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری.

لەم نێوەندەدا سەرۆک کۆمار گرنگییەکی زۆر بە مافەکانی مرۆڤ دەدات و سەرۆکایەتی کۆمار کار لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بە داواکارییەکانی هاوڵاتیان کردووە و کاری کردووە بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ١٥ هەزار دەستگیرکراو و زیندانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.

هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار چەندین پرۆژە یاسای گرنگی پەیوەست بە ماف و داواکاری عێراقییەکان بە هەموو پاشخان و مەزهەبەکانەوە پێشکەشی پەرلەمان کردووە و دەرگای سەرۆکایەتی کۆماریش بەڕووی هەموواندا کراوەیە.

لە کۆتاییدا سڵاوی سەرۆک کۆمار بەئێوە دەگەیەنم و هیوای سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئێوە دەخوازم. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی لێپرسراوانی ڕێکخستنی فیستفاڵەکە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان  بۆ دەخوازم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق بە ئامانجی چاودێریكردن و ئامادەبون لە یادی رۆژی جیهانی شارستانییەتی بابل گەیشە ئەو شارە و بەشداری ژمارەیەك چالاكی كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق گەیشتە ناوەندی پارێزگای بابل و لەلایەن پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسانی شارەكەوە پێشیوازی لێكرا.

لە پەراوێزی كۆبونەوەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق ژمارەیەك دیداری لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی پلاندانان و چەند راوێژكارێكی سەرۆكایەتی كۆمار ئەنجامدا و رایگەیاند، بەرزڕاگرتنی ئەم رۆژە بیرهێنانەوەی مێژوی دێرینی ئەو شارە و میراتی كولتوری و ئەو زانستانەیە كە بۆ مرۆڤایەتی دابینی كردوە.

ئاهەنگی یادی رۆژی شارستانیەتی بابل بە ئامادەبونی ژمارەیەك وەزیر و پارێزگار و دیپلۆماتكار بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆك كۆمار لە مەراسیمێكدا پێشانگایەكی گوڵ و كشتوكاڵی كردەوە و بەشداری چەند چالاكیەكی جۆراوجۆری تری كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. کامل دولەیمی بە نوێنەرایەتی سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆنفرانسی زانکۆی توراس سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی دەکات.

بە نوێنەرایەتی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، د.کامل کەریم دولەیمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4- 2025 بەشداریکرد لە چالاکییەکانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی کە لەلایەن زانکۆی توراس لە بەغداد بە ناونیشانی ' بەرەنگاربونەوەی توندڕەوی و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەڕێوەچو'.

لە وتارێکدا کە بەناوی سەرۆک کۆمارەوە پێشکەشی کرد، د. دولەیمی سڵاوی سەرۆک کۆماری گەیاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆنفرانسەکە خواست و  پاڵپشتی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی کەلتوری ئاشتی کۆمەڵایەتییە، جەختیکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی کردۆتە ئامانجی قۆناغی داهاتوو.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە عیراق دەستی کردوە بە پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتی کە لە دەرئەنجامی جەنگی تائیفی و تیرۆرەوە دروست بوە و بە متمانەوە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵێکی دادپەروەرانە هەنگاو دەنێت کە مافی هاووڵاتیانی خۆی دەستەبەر بکات، د. دولەیمی رایگەیاند، "دامەزراوە پەروەردەییەکان و زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە لە بنیاتنانی مرۆڤ و چاندنی بەهاکانی گفتوگۆ و رەتکردنەوەی توندوتیژی".

د. دولەیمی لە کۆتایی وتەکەیدا جەختیکردەوە لەسەر باوەڕی سەرۆکایەتی کۆمار کە ئاشتی کۆمەڵایەتی تەنها لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی بەدی نایەت، بەڵکو لە رێگەی چەسپاندنی کەلتووری نەتەوەیی لێبوردەیی کە هاندەری هاوبەشی راستەقینەیە  لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵدا، هیواشی خواست کە راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە بگۆڕدرێن بۆ هەنگاوی کردەیی کە بەشدار بن لە بنیاتنانی عیراقێکی ئاسایش و دادپەروەر و ئاوەدان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد کۆبوونەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیە سیاسی و ئەمنیی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات و ناوچەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و پابەندبوون بە دیدی هاوبەش و رێککەوتن لەسەر پرۆژەی نیشتمانی لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا جەختی لەسەر کرایەوە.

 

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا خرایەبەر باس و هەردوولا پەرۆشبوون بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ببێتە مایەی بوژاندنەوە و بەهێزترکردنی هاوبەشیەتی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە کارکردن بە بنەما دەستووریی و یاساییەکان کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی سیاسەتی هاوسەنگی و پاراستنی ئارامی و ئاسایش پەیڕەو دەکات کە ئەمەش بۆ زامنکردنی مافی هەموولایەکە.

 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری عیراقی کرد بۆ پەرۆشی و بەدواداچونی بەردەوامی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی پرسی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، کارنامەی باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عیراق، عیرفان سدیق-ی وەرگرت.


لەمیانی دیدارەکەدا که فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا دووپات کردەوه، لەپێناو خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و وڵاتانی دۆست و هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیدا بۆ خواست.


لەلای خۆیەوە باڵیۆزی نوێی بریتانیا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و دوپاتی لە کارکردنی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە رەزاق محەیبس، وەزیری گواستنەوەی عیراق کرد.

لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر مەسەلە پەیوەندیدارەکان بە کەرتی گواستنەوەی وڵات کرا، هەروەها تاوتوێکردنی ئەو پلانانەی کە بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە گرنگە دانراون.

سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ باشترکردنی دۆخی کەرتی گواستنەوە، تا بتوانێت بەردەوام لە پێشکەوتندا بێت.

د.لەتیف رەشید جەختیشی کردەوە لە گرنگی بەکارهێنانی شارەزایی نێودەوڵەتی تۆکمە لەم بوارەدا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.

لای خۆیەوە، وەزیر محەیبس رونکردنەوەیەکی وردی پێشکەش بە سەرۆک کۆمار سەبارەت بە رەوتی کاری وەزارەت کرد و باسی لە پلانەکانی داهاتوو کرد بۆ پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە لە هەموو رویەکەوە.

وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی شەهیدکردنی محەمەد باقر سەدر لەگەڵ کچەکەی و خوشکێکیدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندووە، "بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی  سەماحەتی سەید محەمەد باقر سەدر و عەلەویەی کچی هودای خوشکی لە رۆژی رووخانی رژێمی ستەمکاردا، هەڵوێستی بوێرانەی شەهید سەدر لەبەرامبەر ئەو دیکتاتۆرییەی کە وڵاتی خستە ناو شەڕ و ململانێی بێ مانا و رێوشوێنی هەڕەمەکیەوە دژی عێراقییەکان بە شانازییەوە وەبیر دەهێنینەوە".

ئەوەشی خستووەتە روو، "بەم بۆنەیەوە جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ئەزموونی دیموکراسی لەوڵاتدا دەکەینەوە، پێویستە دەستکەوتە نیشتمانییەکان بپارێزین و پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کارەساتەکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە و بەرەو بنیاتنانی ئاییندەیەکی خۆشگوزەران هەنگاو بنێین، کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بەئارامی و ئاسودەییەوە بژین".

محەمەد باقر سەدر یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوە و بیرمەند و سیاسییەکی دیاری عیراق بوو.

لە ٩ـی نیسانی ١٩٨٠ و بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دەستگیرکرا و دواتر لەگەڵ خوشکەکەیدا لەسێدارەدران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 8 ی نیسانی 2025 لە بەغدا پێشوازیکرد لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو.

لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی تەواوی بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی کرا و هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی پشتیوانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە عەبدوڵڵا مەتەر مەزروعی باڵیۆزی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە عیراق.

لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 8-4-2025 لە  کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو،  سەرۆک کۆمار بەهێزی پەیوەندیی برایەتی نێوان هەردوو وڵاتی دووپات کردەوە، هەروەها پەرۆشی خۆی نیشاندا بۆ درێژەدان بە پتەوکردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە لە بوارە جیاجیاکاندا، لەسەر بنەمای یەکانگیری بەهێزی نێوان هەردوو گەلی برا.

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد  بە گەشەسەندن و پەرەپێدان چۆنیەتی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردولا، کە لەگەڵ ویستی هەردوو وڵات و بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش بێتەوە.

سەرۆک کۆمار جەختیشیکردەوە لەسەر کاری لە پێشینە بۆ کەمکردنەوەی گرژیی و چەسپاندنی بنەمای سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ویستی گەلان بکات.

لە بەرانبەردا باڵیۆز مەزرویی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان عیراق و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی و جەختیکردەوو لە ویستی وڵات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی و فراوانکردنی هاریکاریی لەسەر مەسەلەکانی  جێی بەرژەوەندی هاوبەش.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دادوەر سدقی سەلیم خان وەک ئەندامێکی نوێی دادگای فیدڕاڵیی عیراق، لە بەردەم سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغدا ئەندامی دادگای فیدراڵی دادوەر سدقی سەلیم خان نوعمان لەبەردەم د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بە ئامادەبوونی دادوەر جاسم محەمەد عەبود ئەلئەمیری سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، سوێندی یاسایی خوارد.

سەرۆک کۆمار لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت بەهێز بکرێت، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی دەستور.

هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری یاسا کردەوە، بەشێوەیەک کە بەدیهێنانی دادپەروەری مسۆگەر بکات و مافی هاووڵاتیان بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند فەراهەم بکات و پێویستی رێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون بە بڕگەکانی وەک رێگایەکە بۆ عێراقێکی ئارام و سەقامگیر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی باڵیۆزی کۆماری سربیا لە عیراق و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە دەسەڵاتی دانوبی سربیا کرد و بانگهێشتنامەی رەسمی سەرۆک کۆماری سربیایان پێشکەش بە د.لەتیف رەشید کرد بۆ کۆنفرانس و پێشانگەی نێودەوڵەتی EXPO 2027.

ئەمڕۆ دووشەممە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغدا پێشوازی کرد لە براتیسلاڤ جیگێڵ باڵیۆزی کۆماری سربیا لە عیراق و محەمەد ئەلمحەیسن سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە دەسەڵاتی دانوبی سربیا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار بانگهێشتنامەیەکی رەسمی پێگەیشت، کە لەلایەن هاوتا سربییەکەی ئەلیکساندەر ڤوچیچ بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانس و پێشانگای نێودەوڵەتی "Expo 2027" ئاراستەی کرابوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا، چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان تاوتوێکرا و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان لێپرسراوانی وەبەرهێنان لە هەردوو وڵاتدا کردەوە، لەپێناو رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی وەبەرهێنان و ئاسانکاری رێوشوێنەکان بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاریکاری هاوبەش لە بوارە گرنگەکاندا، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات.

لای خۆیەوە، براتیسلاڤ جیگێڵ خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ عێراق دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، سربیا خواستی هەیە بۆ هاوبەشی ستراتیژی کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 7 ی نیسانی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق کرد.

لەدیدارەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵات و ناوچەکە تاوتوێکران، هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی یەکخستنی هەوڵەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەکان کردەوە، بەمەبەستی خزمەتکردن بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری وڵات و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەل.

لەلای خۆیەوە مستەفا کازمی، سوپاسی خۆی بۆ پەرۆشی سەرۆک کۆمار و گرنگیدانی بە ئاسایش و سەقامگیری عیراق و عێراقییەکان دەربڕی .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە بابلی و ئاشوریی و کلدانیەکان دەکات و هیوای جەژنێکی پڕ خێر و خۆشیان بۆ دەخوازێت. 

لە پەیامی پیرۆزباییەکەی سەرۆک کۆماردا هاتووە؛ "ئەم جەژنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، ڕەنگدانەوەی بەهای کولتووری کۆن و فرەچەشنی ئایینی و کولتووری میزۆپۆتامیایە".

سەرۆک کۆمار هیوا دەخوازێت؛ "جەژنێکی خۆش بێت کە تێیدا هەمووان چێژ لە چاکە و خۆشگوزەرانی و نیعمەت وەربگرن".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی و بنکەی ژینی کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکاری و پێشهاتەکان کراو تەئکید لەسەر گرنگی بەردەوام دیالۆکی نیشتمانیی لە نێوان لایەنەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا .

د . لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، وێڕای ئەوەی سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ میدیای یەکێتی و راگەیاندنکارانی یەکێتی کە پیشەییانە لەگەڵ روداوەکاندا بون، رایگەیان: دۆخەکە وادەخوازێت میدیا بەرپرسیارانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا مامەڵە بکەن و هاوکاربن بۆ سەرخستنی پرۆژەی چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و وڵاتەکەمان.

لەبەرانبەردا عیماد ئەحمەد سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد کە پەرۆشانە لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و پاراستنی مافی هەموولایەک بووە و رونیکردەوە، میدیای یەکێتی وەک هەمیشە هاوکارو پشتیوان دەبێت بۆ سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان بە ویستی خەڵک و زیاترخزمەتکردنییان .

هەر لەو دیدارەدا عیماد ئەحمەد دووپاتی لە سیاسەتی هاوسەنگی یەکێتی بۆ کۆی هاوکێشەکان کردەوە و رایگەیاند: پابەند بە بڕیاری سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی، بە ستراتیژێکی نیشتمانیی هەنگاوە سیاسییەکان دەنێین و بۆ هەموو پرسەکان هاوبەشێتی و شەراکەتی حەقیی دەکەینە بنەماو هەنگاوەکانیشمان لە خزمەتی گشتی و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم دەبێت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە  د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق کرد.

لە دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی عيراق و کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی، باسیان لێوەکرا.

هەر لەو دیدارەدا، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر بنەمای گفتووگۆ و لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن، لەپێناو سەقامگیربوونی دۆخی ئاشتیی و ئاسایش و فەراهەمکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی.

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوایین گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی سوریا، دووبارە گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە و تێوەنەگلان و دوورخستنەوەی عیراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی دەوروبەر، تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2021222324...43