دۆناڵد ترەەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر بە تاران تووندتر دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ئارەزووی درێژکردنەوەی ئاگربەست ناکات، بەڵام پێشبینی دەکات لە کۆتاییدا "رێککەوتنێکی مەزن" ئیمزا بکەن.

پێش دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستانەکان، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "CNBC" رایگەیاند کە ئەمریکا لە پێگەیەکی بەهێزی دانوستاندایە. ترەمپ ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی چەندین جار "ئاگربەستی پێشێل کردووە" و وتی: "من و سوپا ئامادەین بۆ دەستێوەردانی سەربازی دژی ئێران، کاتمان نییە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست."

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی گەمارۆ دەریاییەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەمارۆیانە رۆژانە ملیۆنان دۆلار زیان بە تاران دەگەیەنن.

وتیشی: "ئێمە هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێرانمان تێکشکاندووە و سەرکردەکانیانمان کوشتووە."

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس، جەختی کردەوە "ئێران یان دەبێت دانوستان بکات، یان رووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە کە وێنەی نەبووە."

 هیواشی خواست ئێرانییەکان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بنیاد بنێنەوە، بەڵام دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەلایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاند، ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لە بەدیهێنانی رێککەوتنێکی "زۆرباش ".

وتەبێژی کۆشکی سپی هۆشداریشی دا کە ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، ترەمپ چەندین بژاردەی تری لەبەردەستە و سڵ لە بەکارهێنانیان ناکاتەوە، وەک چۆن پێشتر سەلماندوویەتی کە ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەکات.