ھۆشدارییەکەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئیسڕائیل ھاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کۆتایھاتنی دەسەڵاتە ١٢ ساڵییەکەی بنیامین ناتانیاھۆ و بە ڕاشکاوی بە ھەموو لایەکی ڕاگەیاندووە کە ڕێگا بە ھیچ وتار و کارێک نادەن توندوتیژی بخاتە وڵاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا پەرلەمانی ئیسڕائیل متمانە بە حکومەتی نوێ بدات کە لە ھاوپەیمانی نێوان "یایر لاپید" سەرکردەی پارتی (یەش عەتید) و "نافتالی بینێت" سەرۆکی پارتی (یەمینا) دروستبووە.
"سەدات پەکر" ڤیدیۆیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی "ئەردۆغان" و دەڵێت، خزمێکی نزیکی سەرۆکی تورکیا تێوەگلاوە بە ناردنی چەک بۆ بەرەی "نوسڕە" کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی "قاعیدە" لە سوریا ھەبووە.
لە بەشێک لە ڤیدیۆکەدا کە ماوەکەی نزیکەی ١٣ خولەکە، ئەو خزمەی "ئەردۆغان" بۆ "سەدات"ی دووپاتکردووەتەوە کە بەشداری لە دابینکردنی چەک بۆ گروپە توندڕەوەکانی سوریا کردووە.
ئەو گەورە مافیایەی تورکیا، بە تۆمەتی تێوەگلان لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ی ئەو وڵاتە، چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی ھەیە و ئێستا لە شاری دوبەی لە ئیماڕات دەژی، ھەشت تۆماری ڤیدیۆیی لە یوتیوب بڵاوکردووەتەوە، و وەک خۆی دەڵێت، دۆسیەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و کەسە نزیکەکانی حکومەتی تورکیا ئاشکرا دەکات.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٥٤٦ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و حەوت تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٥٧٥ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکرا و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە لە پێناو ئارامی و ئاشتی لە ناوچەکە.
بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی گرفت و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ئاماژەی بە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی کرد لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و ڕایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە پێکەوە ھەموو ھێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندوی گشتی لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدەینەوە و پەیوەندییەکی دۆستانە بونیادبنین و وڵات بەرەو دۆخێکی باشتر ببەین، چونکە لەم دۆخە پڕ لە کێشمەکێش و مەترسییەدا تەنھا گفتوگۆ و زمانی ھاوبەش دەمانگەیەنێتە کەناری ئارامی.
ھەر لە دیدارەکەدا ھەردوولا تەئکیدیانکردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوانیان و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و سەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پێگەی تايبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیوێتی رووداوەکەی چیای مەتینا رووداوێکی دڵتەزێن بوو کە بووە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، گەلەکەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەھۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکرێت، دۆخەکە وا دەخوازێت ھەموو لایەکمان لە قسە و کردار و ھەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و لەم دۆخەدا لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و بیرکردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن ھەیە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد بەگشتی لەو مەترسیانەی ھەن پارێزراوبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرھەمی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی رابردوومان تەنیا شکست و بێھیوایی بووە بۆ گەلەکەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردوومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر ھەڵە کوشندەکانی رابردوو بێ گومان دەرەنجامەکەی شکست و بێھیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ ھەموو کورد. بۆیە ئێستا ھەموو لایەکمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەداین و دەبێت ھەموو ھەوڵێکمان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بێت نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و کوردانە و بەرپرسیارانە کێشەکان چارەسەر بکەین.
قوباد تاڵبانی لە کۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێت، لەدڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری پێشمەرگە شەھیدەکانی چیای مەتینا دەکەم و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم و ھیوادارم بە حیکمەت و دانایی پێش بە دووبارەبوونەوەی رووداوی دڵتەزێنی دیکە بگرین.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ئامادەیبوون گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەسەر دۆخی گشتی و پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان کرا و کێشەکانی ھەرێم و عێراق و بونیادنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانەی نیشتمانی و زاڵبوون بەسەر کێشە و ناکۆکییەکان تاوتوێکران.
بافڵ تاڵەبانی خواستی یەکێتی تەئکیدکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لە بەردەم تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و قەیرانەکان و ڕوونیکردەوە، یەکێتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و مێژوویی دەمانەوێت وەحدەیەکی نیشتمانی بونیادبنێن و بە بەشداری ھەموولایەک ھەوڵبدەین بەسەر گرفتەکان زاڵبین و چارەسەری کێشەکان بکەین و پەنا بۆ دیالۆگی نیشتمانی ببەین.
ھاوسەرۆک بونیادنانی پەیوەندیەکی بەھێز و پتەوی لە نێوان ھەرێم و بەغدا بە فاکتەری پێشخستنی ھەرێم و عێراق لە قەڵەمدا و ئاماژەی بە بووژاندنەوەی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و کۆتایھێنان بە دەمارگیری مەزھەبی، نەتەوەیی و ئایینی کرد و بۆ ئەوەش پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانیی بەزەروور لە قەڵەمدا. داواشیکرد دەستوور چەتری کۆکەرەوەی ھەمووان بێت و چیتر ڕێگەنەدرێت بەرژەوەندی خەڵک و پرسە نەتەوەییەکان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیبوون جەخت لە پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم بە پابەندبوون بە یاسای بودجە و دابینکردنی مووچەی ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی بەھێزکردنی پەیوەندی و ھاریکاری دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی دووپاتکردەوە لە پێناو سەرخستنی ھەنگاوەکانی خزمەتکردن و چاکسازی ڕیشەیی لە جومگەکانی بەڕێوەبردن. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد شایستە داراییەکانی ھەرێم، قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان و ڕێککەوتنی ھەرێم و عێراق بکرێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ھەموو کێشەکان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە کۆدەنگی ھێز و لایەنەکان کردەوە لە پێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق کە ماندووی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانن و ئەرکی ھەموومانە لەو پێناوەدا ھەوڵبدەین.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە" لەبارەی رووداوەکەی چیای مەتین روونکردنەویەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، رۆژی ٥ی حوزەیران ھێزە سەربازییەکانی پارتی بەبێ ھیچ زانیارییەک و بەشێوازی ئۆپەراسیۆن ویستیان بچنە ناوچەی گەریلا لە مەتینا، ئەوەش ھەڵەیە و خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی ناکات.
لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا ھاتووە، راستە ھێزەکانیان لەوێ چەند فیشەکێکیان بۆ ئاگادارکردنەوە تەقاندوە، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەو چەکەی بووەتە ھۆی شەھیدبوونی پێشمەرگە و تێکشکاندنی ئەو ئۆتۆمبێلە، لەلایەن ھێزەکانیانەوە بەکارنەھاتووە، بەڵکو ئەو ئۆتۆمبێلە لە رێگەی ھەوا و موشەکەوە لێیدراوە.
جەختیش دەکاتەوە، بۆ پرسی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە، پێویستە وەفدێکی ھاوبەش یان وەفدێکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و رونکردنەوەی لەسەر بدەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ھاوپەیمانیی فەتح ئامادەبوون، بارودۆخی سیاسی، ئەمنی و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و زیاترکردنی ھەماھەنگی و ھاریکاری ھاوبەش تاوتوێکران و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی پرس و کێشەکان گۆشەنیگای یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ دیالۆگی نیشتمانییە بۆ چارسەرکردنی کێشەکان و داڕشتنی پرۆژەیەکی ھاوبەش کە ھەموولایەنەکان بەشداری بکەن و ھەرێمی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکان دووربخەنەوە.
ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و ھاوسەرۆک جەختی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کردەوە لە وادەی خۆیدا و رەخساندنی کەشێکی لەبار و دوور لە دەستتێوەردان، کە ئەمەش فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیری سیاسی لە عێراق و پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز کە رەنگدانەوەی ھەموو بۆچوون و رەنگەکان بێت.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا مەترسی پاشماوەکانی داعش تاوتوێکرا و ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بەپێویست زانرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فەراھەمکردنی ئاشتی و ئارامی زیاتر لەناوچەکە.
بە پێی میدیاکانی ڕۆژئاڤا، شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندەکانی "مەزن و خراب شەمس و مەیاسێ"یان لە ناوچەی شێراوا سەر بە عەفرین لە ڕۆژئاڤای کوردستان تۆپباران کردووە.
ھەر بە پێی زانیارییەکان، بەھۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، ھاووڵاتیەک گیانی لە دەستداوە، زیانی ماددی زۆریش بەر گوندەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە.
(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ میدیاکاران ڕایگەیاند، لەسەر حیسابی ھیچ ھاوپەیمانییەک پشتگیری لە ھاوپەیمانییەکی دیکە ناکات و ئەرکی ئەو فراوانکردنی دەرفەتی سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەرە لە وادەی خۆیدا، کە یەکسانی بھێنێتەدی.
وتیشی، بڕیاری داوە، لە نێوان سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان بەرەی بێلایەنی ھەڵبژێرێت و، بەشداری لە ھەلبژاردن ناکات، بەڵام ھەندێک کەس و لایەن ھەوڵ دەدەن تۆمەتی بێ بنەما بخەنە پاڵی، بەوەی کە بەشداری لە ھەڵبژاردندا دەکات.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ھێزێکی پێشمەرگە بە چەکی قورس لە بناری چیای مەتینا لە سنوری ئامێدی جێگیرکراون، بە مەبەستی ئەوەی لە بەرزاییەکانی مەتینا بنکەی سەربازیی دابمەزرێنن و پێنج پێشمەرگەش شەھیدبوون و چەند پێشمەرگەیەکی تریش برینداربوون و بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کراون.
وتیشی، ھەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن ئەو پێشمەرگانە بەھۆی بۆردومانی تورکیا شەھیدبوون و ھەندێک زانیاریی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە ھۆکاری شەھیدبوونی ئەو پێشمەرگانە تەقینەوەی بۆمب بووە.
ھاوکات ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە"ش ڕایگەیاندووە، ھێزێکی سوپای عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵی ئەوەیان داوە ھێرش بکەنە سەر کەمپێکی گەریلا، بەڵام ھێزەکانی ھەپەگە و یەژاستار بۆ ئەوەی ئەو ھێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەی ھۆشیارکردنەوەیان تەقاندووە.
بە پێی زانیارییەکان، پاسە بچوکەکە کۆچبەرە کوردەکانی بۆ سنوور گواستووتەوە و لە ڕێگەدا وەرگەڕاوە، سەرجەم بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی یۆنان کراون و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
ئەم ڕووداوە دوای ١١ ڕۆژ لە وەرگەڕانی پاسێکی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان لە یۆنان دێت کە تیایدا گەنجێکی دانیشتووی قەزای سەیدسادق بە ناوی ھەژین ساڵح گیانی لە دەستدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک ڕایگەیاند لیژنە باڵاکە لە سوپا و پێشمەرگە پێکھاتوون و لیژنەکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەنتەری ھەماھەنگییان لە موسڵ بەسەرکردووەتەوە و ئەمڕۆش کەرکوک بەسەر دەکاتەوە.
ئامانجی سەردانی وەفدەکەش بەدواداچوونە بۆ پێداویستیەکانی ئەو سەنتەرانەی کراونەتەوە. لە ئێستاشدا لە سەنتەری ھەماھانگی ھاوبەشی کەرکوک کە بارەگاکەی لە سەربازگەی کەیوانە ١٠ ئەفسەر دەوام دەکەن کە پێنجیان سەر بەسوپا و پێنجیشیان لە ھێزی پێشمەرگە پێکھاتوون و ئەفسەرەکان لە پلەی لیوا ڕوکن بۆ خوارتر لەخۆ دەگرێت.
بە پێی بڕیارێکی حکومەتی عیراق چەند سەنتەرێکی ھەماھەنگی ھاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان کراونەتەوە و یەکێک لەو سەنتەرانەش لە کەرکوکە و لە ڕۆژی ٢٠٢١/٥/٢٢-ەوە بە فەرمی کراوەتەوە.
کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی شاریا تایبەت بە ئاوارەکانی شەنگال لە دھۆک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، و لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوا دەکات ھاوکاری و کۆمەک بۆ دانیشتوانی کەمپەکە دابین بکرێت.
داواشی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە، ھاوکات شەوی ڕابردووش حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی کەمپەکە.