لەسەر سنوری پۆڵندا دەیان عێراقی دەستگیرکران کە ھەوڵی پەڕینەوەیان داوە بۆ بیلاروسیا.
ھێزی پاسەوانی سنوری پۆڵەندا بڵاویکردەوە، لە ناوچە سنورییەکانی (بودرسکا)، ٦٢ کەسیان دەستگیرکردووە، کە ھەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی بپەڕنەوە بۆ ناو خاکی بیلاڕوسیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی ئەو (٦٢) کۆچبەرەی دەستگیرکراون (٥٠)یان کۆچبەری عێراقین و یانزەکەی تریشیان ئێرانی و کامیرۆنین.
ئاشکراشیکردووە، کەسێکی ئۆکرانیش دەستگیرکراوە کە ھەوڵیداوە بە نایاسایی سنوری نێوان (پۆڵەندا و بیلاروسیا) ببەزێنێت، کە گومان دەکرێت قاچاغچی بووبێت.
٧٥ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردوە و جەخت دەکەنەوە، لە پێویستی داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆ بە زووترین کات.
لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ئەمریکا، ٨٠٠ کەس بە تاوانی تێوەگلان لە دۆسیەی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر، بۆ گرتووخانەی گوانتانامۆ گواستراونەوە و لە ئێستاشدا ٣٩ کەسی تێدایە.
لە ماوەی ڕابردووشدا باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بەڵێنی کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانییەکان و داخستنی تەواوەتی گرتووخانەکەیدا.
دوای سێ ساڵ لە دانوستان و بڕیاری ئاگربەست بە نێوەندگیری مۆسکۆ، لە نێوان (حکومەتی دیمەشق و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا)، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو بە ڕەسمی شکستی دانوستانەکان ڕاگەیەنرا و سوپای سوریا ھێرشەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای دەرعا چڕکردەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەو پارێزگایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا نەماوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، لە ماوەی ٧٢ سەعاتی ڕابردوودا بەھۆی سەختی شەڕ و پێکدادانەکان زیاتر لە (١٨) ھەزار مەدەنی لە پارێزگای دەرعا ئاوارەبوون و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکەش بۆ (٥٥) ھەزار ئاوارە بەرز ببێتەوە.
لە یەکەم کاردانەوەی ئەمریکا دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیامی ئەمریکا بۆ ڕەئیسی ھەمان ئەو پەیامەیە کە ئاڕاستەی سەرۆکەکانی پێش ڕەئیسیان کردووە.
وتیشی، دەرفەتی بوژاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران تاھەتایە بەردەوام نابێت، بۆیە پێویستە ڕەئیسی دەرفەتی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان لە دەست نەدات. ڕاشیگەیاند، بۆ چارەسەری کێشەکان ئەمریکا چاوەڕوانی ھەڵوێستی حکومەتی نوێی ئێران دەکات.
ڕۆژی پێنج شەممە ئیبراھیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، سوێندی یاسایی خوارد و ڕاشیگەیاند، گوشار و سزاکانی سەر ئێران شکستیھێناوە، پڕۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەشی بە ئاشتیخوازانە ناوبرد.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبونەوەیەکی کراوە لەسەر خراپبوونی ڕەوشی ئەفغانستان ئەنجام دەدات و تێیدا، کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ئەفغانستان و ھەرێمەکانی سەر سنوری ئێران، لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان تاوتوێ دەکرێن.
ڕۆژی پێنچ شەممەش ھێزەکانی ئەمریکا و ئەفغانستان ھێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر چەکدارانی بزوتنەوە تاڵیبان دەستپێکردەووە، تاڵیبانیش ھۆشداریداوە کە وەک تۆڵەیەک بەرپرسانی باڵای کابوڵ دەکاتە ئامانج.
ڕۆژی ٦ی ئابی ١٩٤٥ و لە درێژەی بەردەوامی جەنگی دووەمی جیھان، ئەمریکا بە چەکی ئەتۆمی شاری ھێرۆشیمای لە ژاپۆن بۆردوومانکرد، بەھۆی بۆردوومانەکەوە زیاتر لە ١٤٠ ھەزار کەس لە ماوەی تەنھا چەند سەعاتێکدا گیانیان لە دەستدا، دوای تەنھا سێ ڕۆژ لەو ڕووداوە ئەمریکا شاری ناکازاکیشی بە چەکی ئەتۆمی کردە ئامانج و بەھۆیەوە زیاتر لە ٧٤ ھەزار کەس گیانیان لە دەستدا.
ئەو دوو بۆردوومانەوە، کاریگەری گەورەیان لەسەر تەرازوی ھێز لە جەنگی دووەمی جیھان دروستکرد و ڕۆژی ١٥ی ئاب و دوای کەمتر لە ھەفتەیەک لە بۆردوومانەکان، ژاپۆن شکستی خۆی لە جەنگی دووەمی جیھانی ڕاگەیاند.
لێپرسراوی یەکەی کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل ڕایگەیاند، لەسەر چەند ئاستێک پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ھەیە و لە ھەوڵی بەھێزکردنیشیدان.
وتیشی، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تەلئەبیب دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا بەھێز بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان و یەمەن و سوریا، لە دەرەوەی ئەو وڵاتە عەرەبیانەن کە تەلئەبیب دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵیاندا ئاسایی بکاتەوە.
لێپرسراوی یەکەی کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل ڕاشیگەیاند، وڵاتانی عەرەبی درکیان بەوە کردووە، بەھێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی تەلئەبیب، دەبێتە بنەمای پەیوەندییەکی متمانە پێکراو لەگەڵ ئەمریکا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان نوسراوێکی ئاڕاستەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد و داوای دابینکردنی مووچەی کارمەندان و خۆبەخشانی نەخۆشخانەی قەڵای کرد، لە بەرامبەردا ئیدارەی دارایی یەکێتی لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری تەرخانکردنی مووچەکەیانیدا.
ئەو بودجەیەی کە داواکراوە بۆ کارمەندان و خۆبەخشانی نەخۆشخانەی قەڵا کە تایبەتە بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ھەر مانگێک ٥٧ ملیۆن دینار تەرخان دەکرێت.
لە بەرامبەریشدا جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاندووە، سوپاسی بافڵ تاڵەبانی دەکەن کە بڕیاریدا بە دابینکردنی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەو کارمەندانە بە بێ مووچە و بە خۆبەخشی خزمەتیان کردووە، ئەم ھەنگاوەی بافڵ تاڵەبانیش خزمەتێکی گەورە بە گەرمیان دەکات و کێشەکانی نەخۆشخانەی قەڵاش چارسەر دەبن و مەترسییەکانی داخستنی بەشێکی نەخۆشخانەکەش نامێنێت.
بە نوسراوێکی ڕەسمی نوسینگەی (موقتەدا سەدر) سەرۆکی ڕەوتی سەدر، داوای لە شوێنکەوتووانی ڕەوتەکەی کردووە، بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی تەندروستی وڵات و زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا، ئەمڕۆ لە تەواوی پارێزگاکان بەشداری لە نوێژی بە کۆمەڵی ھەینی نەکەن، تا کاتێکی نادیاریش ئەو داوایە دەبێت جێبەجێ بکرێت.
ماوەی ھەفتەیەکە ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش لە ھەڵکشاندایە.
لە بارەی تەقینەوەکەوە سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی عروبە بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند تەقینەوەکە لە سنوری بنکەکەی ئێمەدا ڕوویداوە.
سەرچاوەکە وتیشی، بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپلدا تەقیوەتەوە کە خاوەنەکەی ئەفسەرە و لە پۆلیسی نەوتی باکور دەوام دەکات. ڕاشیگەیاند، ھێشتا بۆمان ڕوون نەبووەتەوە کە جۆری بۆمبەکە دەستی بووە یان لکێندراو.
وتیشی، تەقینەوەکە تەنیا زیانی ماددی بە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرەکە گەیاندووە و زیانی گیانی بە دواوە نەبووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو شوێنانەی بە سەرپێچی کارەبایان ڕاکێشاوە و پێوەری پێشووی کارەبایان نییە و بە ڕەسمی نەبوونەتە ھاوبەشی کارەبا، بەڵام پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ بەستراوە، تا ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە مۆڵەتیان ھەیە سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن، بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی سیستمی پێوەری زیرەکەوە کارەباکەیان دەبڕدرێت.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا ٢٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ئابووری عێراق ڕایگەیاند، لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا نرخی نەوت بە ٥٠ دۆلار جێگیر دەکرێت.
وتیشی، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان، مانگانە نابێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک پێشینە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە.
پێشتر ئەڵماس فازڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھەندێک کوتلە لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ڕاگرتنی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان، بە پاساوی ئەوەی ھەرێم پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی داھاتەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
لیوا عومەر عەدنان ئەلوائلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، ھەردوو حکومەتی بەغداد و تاران، لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بەڕووی گەشتیاران لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە بەھۆی ھەڵکشانی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لەلایەن ئێرانەوە داخراون.
وتیشی، ئەگەر ھەیە دوای سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران، دەروازە سنورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات جارێکی تر بە روی گەشتیاراندا بکرێنەوە.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە، داواشی لە لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە، رۆڵیان ھەبێت لە ھۆشیارکردنەوەی دەنگدەران بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، و رێگریکردن لە ئەنجامدانی ساختەکاری و یاریکردن بە ئەنجامەکان.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق باسی لەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی لە عێراق زیاتر لە ٢٥ ملیۆن ھاوڵاتی مافی دەنگدانیان ھەیە، بەڵام تائێستا ١٧ ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە، لەو ژمارەیەش کەمتر لە ١٣ ملیۆنیان کارتەکەیان وەرگرتووەتەوە.
دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت کەمترین رێژەی بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە تۆمار بکرێت.
لە کارگەیەکی کەلوپەلی لۆجستی لە ناوچەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبوڵ، بە ھۆکارێکی نادیار ئاگرێک کەوتەوە و بەھۆی گەورەیی ئاگرەکەشەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای چوار سەعات توانیان کۆنترۆڵی بکەن.
تائێستا بەرپرسانی ناوچەکە ھیچ زانیارییەکیان لەبارەی زیانە گیانی و مادییەکانی ئاگرەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردووی شەڕ و پێکدادانەکان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز، ٤٠٦ چەکداری تاڵیبان کوژراون و ٢٠٩ چەکداریش برینداربوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، زۆرترین کوژراوەکان لە پێدادانەکانی ناوەندی شاری تەخار بووە لە باکوری ئەفغانستان.
لەبەرامبەریشدا زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ھێزەکانیان شاری بادباشی ناوەندی ھەرێمی لغمانیان کۆنترۆڵکردووە و نزیکیش بوونەتەوە لە کابوڵی پایتەخت.