بەکر پاکدەمیرلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئامارەکانی ١١ ڕۆژی ڕابردووی کەوتنەوەی ئاگری لە وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا لە ٤٧ شاردا ٢٢٢ ئاگر کەوتووەتەوە و لەو ژمارەیەش توانراوە ٢٠٩ ئاگریان کۆنترۆڵ بکرێت و ١٣ ئاگریش بەردەوامە و تا ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
پاکدەمیرلی باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا زۆرترین ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵایە کە ھەشت ئاگرە و بەشێکی ئاگرە نوێیەکانیش بەھۆی بەھێزی ڕەشەباوە کەوتووەتەوە.
خۆبەڕێوەبەری ھەرێمی کوبانیش دەڵێت، ئامانجی تورکیا لە کەمکردنەوەی ئاوی فورات لەسەر ڕۆژئاڤا، بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە دژی ئەو ھەڵوێستەی تورکیا بوەستنەوە و ڕێگە لەو کارەساتە مرۆییە بگرن.
لێپرسراوانی کاروباری ھونەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنیش ڕایگەیاند، زۆرینەی ئاستەنگە تەکنیکییەکان لە بەردەم پڕۆسەکە ھەڵگیراون، ئەو ھاوڵاتیانەشی کارتی دەنگدانیان وێنەی لەسەر نییە، دەتوانن بەشداری پڕۆسەکە بکەن.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ١٠٥٢ کەسی تر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١١ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٦١٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەلوز لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز دەڵێت کۆمەڵێک پەیجی بێ ناونیشان کە خاوەن و شوێنی کارکردنیان نادیارە بە ناوی منەوە ھەواڵی بێبنەما بڵاو دەکەنەوە، کە ھیچ پەیوەندیەکی بە منەوە نیە.
ئاماژە بەوەش دەکات قسەی لەسەر ھەر بابەتێک ھەبێت لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاوی دەکاتەوە، وتیشی لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردووەوە ھیچ قسەیەکی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ ھیچ کەناڵێکی میدیایی نەکردووە.
پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، زانیارییان پێگەیشتووە، سزادراوانی بادینان زۆر ئازار دەدرێن و فشاری زۆریان بۆ دەھێنرێت، بۆیە داوا لە ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە دەم بانگەوازەکەیانەوە بچن، چونکە ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ سزادراوەکان لەو پەڕی خراپیدایە و دوورە لە ھەموو بەھا مرۆییەکان و ڕەچاوی مافەکانی زیندانییان لەگەڵ ناکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داواشکراوە سزادراوەکان بە زووترین کات بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەورانی ھەولێر یاخود چاکسازی زەرکا لە دھۆک.
دەشڵین، ئەم سزادراوانە مرۆڤن و ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانەن، ھیچ بیانوویەک نییە بۆ ھێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش و ئەو کارە نایاساییە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی لە ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاندووە، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان بەغداد و واشنتۆن پێکھاتووە بۆ خێراکردنی کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ و گۆڕانی ئەرکی ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ راوێژکاریی.
ئاشکراشیکردووە، بەم نزیکانە بریت ماکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دێتە عێراق، و ئامادەکارییەکان بۆ دواین خولی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق تەواو دەکات.
دەشڵێت، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە عەین ئەسەد لە ئەنبار و ڤیکتۆریا لە بەغداد وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئیدارەی گشتی و دارایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ تاڵەبانی بە مەبەستی چاککردن و جوانکاری شەقامەکان و ئیدارەدانی سەوزایی و پێداویستییەکانی تر، بودجەیەکی بۆ شارەوانی پارێزگای سلێمانی تەرخان کرد.
لەلایەکی ترەوە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ماوەی چەند رۆژێکە نۆژەنکردنەوە و جوانکردنی شەقامەکانی سلێمانی دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا سەرجەم شەقامەکانی سلێمانی نۆژەن بکرێنەوە.
ئەو ھەوڵانەش لە کاتێکدایە سەرۆکی حکومەت بەڵێنیدا بودجە بۆ شارەوانی سلێمانی تەرخان بکات و دوو مانگ و شەش رۆژ پێش ئێستا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت بڕیاردرا چوار ملیار و ٥٢٧ ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەردن و چاکسازی لە بلوارەکانی سلێمانی و ھەواری شار تەرخان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ بڕێک لەو پارە خەرج نەکراوە و بەشێک لە باخچە و بلوارەکانی سلێمانی وشک بوون و زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، داوایەکی دەوڵەتی یاسا بۆ جیاکردنەوە و ھەژماردنی دەنگەکان لە وێستگەکان بە شێوەی دەستی رەتکراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەپێی یاسای ھەموارکراوی ھەڵبژاردن، لە ئەگەری بوونی گومان، تەنھا ٥%ی دەنگەکان بە دەست ھەژمار دەکرێتەوە.
کۆمسیۆن راشیگەیاندووە، بەپێی یاساکە لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان پێویستە جیاکردنەوە و ھەژماردنی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی بێت و دوای ٢٤ سەعاتیش ئەنجامی سەرەتایی رابگەیەنرێت.
ئاگری دارستانەکانی یۆنان پێی نایە رۆژی پێنجەمەوە و درەنگانی شەوی ھەینیش ئاگرەکە گەیشتە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەسینای پایتەخت و تا ئێستاش ئاگری ناوچەکانی تری دەوروبەری پایتەخت کۆنترۆڵ نەکراون.
بەپێی راگەیەندراوەکانی حکومەتی یۆنانیش، ئاگری دورگەی ئیفیاش بەردەوامە کە دووەم گەورە دوورگەی ئەو وڵاتەیە، تەنھا ئەمڕۆ تیمەکان ھەزار و ١٥٣ کەسیان لە دوورگەکە و گوندێک رزگار کردوووە .
لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا بەھۆی ئاگرەکانی یۆنانەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٦ کەسی تریش بە سوکی سوتاون یان توشی تەنگەنەفەسی بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی ئەو وڵاتەش یۆنان لە ٣٠ ساڵی رابردوودا روبەڕوی شەپۆلی گەرمای ھێندە بەرز نەبووەتەوە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەیان بەناوی مووسا بابا خانی دوای دوو رۆژ لە رفاندنی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە ژوورێکی ھۆتێل گوڵی سلێمانی لە شاری ھەولێر دۆزراوەتەوە کە شوێنەواری ئەشکەنجەدانی پێوە دیاربووە.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوێکی کوشتن لەلایەن ھۆتێل گوڵی سلێمانی، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکەو دەرکەوتووە ئەو کەسەی کوژراوە ھاوڵاتیەکی کوردی خۆرھەڵات بەناوی مووسا باباخانی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە ئەنجامەکەی رادەگەیەنن.
بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
نوسینگەی سەرۆک وەزیران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن ووردەکاری ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردن روونکردووەتەوەو سەرۆک وەزیرانیش دووپاتیکردووەتەوە، حکومەت پابەندە بە ئەنجامدانی پرۆسەکە لەوادەی خۆیدا و ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ پرۆسەکە.
ھاوکات ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کۆکبوون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.
لە راگەیەنراوەکە باس لەوەکراوە، کازمی و ھێزە سیاسییەکان لە بانگەوازێکدا داوایان لەو لایەنانە کردوە کە بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە. جگەلەوەش کازمی پێشنیاری کردوە لایەنە سیاسییەکان لیژنەیەک پێبکھێنن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە و رازییان بکەن لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە لەپێناو یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ قۆناغی داھاتوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، دانیشتوانی گوندی بێستانسوور رێگریان لە بەستنی پێوەری زیرەک کردووە، بۆیە تاوەکو پێوەری کارەبا بۆ گوندەکە دەبەسترێت کارەباکەیان شەش سەعات کەمکراوەتەوە و کراوە بە ١٨ سەعات، ئەو بڕیارەش بە ڕاوێژ لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی شارەزوور سنورەکە دراوە.
لای خۆشیەوە فەرمانگەی ئاوی شارەزوور رایگەیاند، بەھیچ جۆرێک داوایان نەکردووە کارەبای ئەو گوندە کەمبکرێتەوە، چونکە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
دانیشتوانی بێستانسووریش رایانگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەیەوێت بە دانانی پێوەری زیرەک کارەبای گوندەکەیان جیابکەنەوە و بیبڕن، ئەوە لە کاتێکدایە ھەموو دانیشتوانی گوندەکە سەعاتی کارەبایان ھەیە و بەشداربووی تۆڕی کارەبای نیشتمانین.
دانیشتوانی گوندەکە داواکاریشن ئەو کارەی کراوە چاک بکرێتەوە، بەبێ ئەوەی ھاوڵاتیانی ناوچەکە باجی بدەن.
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا دەڵێت، "ئەم بۆنەیە بەدەرفەت دەزانم کە دووپاتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان بکەینەوە و پێکەوە ھەنگاوی گەورەتر بنێین لەپێناو سەقامگیری زیاتری سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمەتکردنی گەلەکەمان".
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکە...
بەڕێزان کاک محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، کادران و لایەنگرانی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
بەبۆنەی ٤٥ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبە تێکۆشەرەکەتان گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم.
ھیوادارم ئەم یادە ھاندەری زیاترمان بێت بۆ خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەکانمان بۆ تەبایی و یەکخستنەوەی ماڵی کورد. فاکتەری بەھێزکردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک بێت و پێکەوە بەسەر کێشە و قەیرانەکاندا زاڵبین و ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان مسۆگەربکەین.
ئەم بۆنەیە بەدەرفەت دەزانم کە دووپاتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان بکەینەوە و پێکەوە ھەنگاوی گەورەتر بنێین لەپێناو سەقامگیری زیاتری سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمەتکردنی گەلەکەمان.
ھەرشادو سەرفرازبن
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەبەرامبەر مەشقی چڕوپڕو و بەدیسپلینی ھێزەکان و بونیادنانی پێکھاتەکەیان لەسەر بنەما زانستییە سەربازییەکان، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی فەرماندە، و پێشمەرگە و کارمەندەکانی کرد کە شەو و ڕۆژ لەئەرکدان و پشوودرێژانە خۆیان تەیاردەکەن و وەک ھێزێکی تۆکمە ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر مەترسییەک کە ئارامیی ھەرێم تێکبدات.
بافڵ تاڵەبانی روونیشیکردەوە بەچەند قۆناغێک تەواوی ھێزەکان رێکدەخەنەوە و لەسەر بنەمای نیشتمانی و پارێزگاریکردن لەئاسایشی ھەرێم پێکھاتەکانیان دادەڕێژینەوە و دەبێت لەمەودوا ھێزەکانی یەکێتی ھێزی گەل و کوردستان بێت و لەئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی بێت و لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و بەرژەوەندی گشتی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن. بەھیچ شێوەیەکیش نایەڵن تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێن و بۆ مەرامی شەخسی بەکاربھێنرێن، ھەر کەسێکیش یاساشکێنی کردبێت و ھێزەکانی یەکێتی بۆ کاری تایبەت بەکارھێنابێت و تێوەگلابێت بە کاری نایاسایی، رووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
ھەروەھا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە لەچوارچێوەی ھێزی نیشتمانی ئامادەدەکرێن بۆ پارێزگاریکردن لەئاسایش و ئارامی ھەرێم. راشیگەیاند یەکێتی ئامادەیە بۆ سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە و دەمانەوێت لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و تایبەتمەندێتی ھێزەکان ئەم پرۆسەیە سەربخەن.
لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ پێدانی کامێراکانی ھاتووچۆ بە کەرتی تایبەت، بەڵکو کاری دانانی ٢٢٥ کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی لە رێگاکانی دەرەوەی شار لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دراوەتە بەڵێندەرێک و کامێراکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆوە کاریان پێدەکرێت.
لەبارەی کامێراکانی ناوشاریش بەڕێوەبەری ھاتووچۆی ھەرێم وتی، ھەمان بەڵێندەر کامێرا جێگیرەکانی ناوشاری سلێمانی کە پێکھاتوون لە ٢١ کامێرا، چاک دەکاتەوە و دەکەونەوە کار، لە داھاتووشدا ئەو پرۆژەیە لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆکیش دەستپێدەکات.