وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، داوا لە سەرجەم ئەو بەریتانییانە دەکات کە تا ئێستا لە ئەفغانستانن و ماونەتەوە، بە زووترین کات خاکی ئەو وڵاتە بەجێبھێڵن و بگەرێنەوە بۆ بەریتانیا.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، ھۆکاری ئەم داواکارییەیان ئەوەیە کە ڕەوشی ئەفغانستان خراپتر بووە و پێکدادانەکانی نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان زیاتر بووە.
ھێرشی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر سوپای ئەفغانستان بەردەوامە و لە دواین پێشھاتیشدا ڕۆژی ھەینی تاڵیبان توانی بەرپرسێکی ئەفغانستان لە کابوڵ بکوژێت، ئەمەش یەکەم جارە تاڵیبان دەستی بە کابوڵ بگات.
میدیاکانی سوریا بڵاویان کردەوە، ئەمریکا (٤٠) گەورە تیرۆریستی داعشی لە گرتووخانەی (سەناعە) لە حەسەکە، کە لە ژێر دەسەڵاتی ھەسەدەیە گواستووەتەوە بۆ بنکەی سەربازی (شەدادیە)، کە لە ژێر ڕکێفی سەربازە ئەمرکییەکانە.
بە پێی زانیاری سەرچاوە ھەواڵییەکانی سوریا، ئەو تیرۆریستانەی کە گواستراونەتەوە بۆ بنکەی سەربازی (شەدادیە)، ئەمیری ھەواڵگری داعش و پسپۆری دروستکردنی بۆمبن.
حەسەن عەزاری ڕاوێژکاری باڵای موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، ھیچ کەسێک لە شوێنکەوتووانی ڕەوتی سەدر، مافی ئەوەی نییە بانگەشە بۆ ھیچ کاندیدێک بکات، و بڕیارەکەی موقتەدا سەدریش لە بارەی بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت یەکلاکەرەوەیە و مشتومڕ ھەڵناگرێت.
کاندیدەکانی حزبی شیوعی عێراقیش لە سەرجەم پارێزگاکان، بە ڕەسمی داوای کشانەوەیان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، پێشکەش بە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کردووە.
چەکدارەکان لە بازگە وەھمییەکەدا کە لە نزیک گوندی کندار لەسەر ڕێگەی ھەولێر مەخمور دایاننابوو، تەقەشیان لە سێ ھاوڵاتی تر کردووە و برینداریان کردوون، دواتریش بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ھەولێر.
ھێزەکانی پاسەوانی سنوری لیتوانیا ڕایانگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سنورەکانی نێوان (لیتوانیا و بێلاروسیا)، (١٧١) کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە و لە ماوەی ئەمساڵیشدا چوار ھەزار کۆچبەر بە نایاسایی گەیشتوونەتە لیتوانیا کە زۆرینەیان عێراقین و لە نێویشیاندا خەڵکی ھەرێمی کوردستانی تێدایە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش ھێڵی ئاسمانی عێراقی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان (بەغداد و مینسک)ی بۆ ماوەیەکی نادیار ھەڵپەسارد.
(جین ساکی) وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ڕەفتاری چەکدارەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تیرۆر، یارمەتیدەر نابێت بۆ ئەو بزوتنەوەیە کە متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبھێنێت. وتیشی، لە ئەفغانستان کردەوە سەربازییەکان شوێنی پڕۆسەی ئاشتی گرتووەتەوە.
(جین ساکی) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەستبھێنێت، بەڵام ئاسۆیەک بۆ ئەوە نابینن.
ئاماژەی بەوەشکراوە، لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، ژمارەی تووشبوونیش بە کۆرۆنا زیادیکردووە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ پابەندنەبوونی ھاوڵاتیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
"ئەبو فەزڵ شکارچی" وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی ئێران ھۆشداریدا بە ئیسڕائیل و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بڕیار بدات ڕووبەڕووی دوژمنەکانی ببێتەوە، ئامادەی ئەو کارەیە و بە ڕوونی ئەنجامی دەدات، وەک ئەوەی لە عەین ئەسەد بەرامبەر ئەمریکا بە ئەنجامی گەیاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنەکانی ئێران ترسیان لە یەکگرتوویی ئێران ھەیە و دەستیان بە جەنگێکی دەروونی کردووە، وەک ئەو زانیارییە ھەڵبەستراوانەی لە بارەی ھێرشی سەر کەشتییەکان بڵاویدەکەنەوە. وتیشی، ستراتیژی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسڕائیل شێواندنی سەقامگیریی ناوچەکەیە.
فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نیگەرانن لە ئاڵۆزییەکانی سەر سنورەکانی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان کە بووەتە ھۆی خراپبوونی ڕەوشی ناوچەکە و داوا لە حزبوڵا و ئیسڕائیلیش دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن.
کوردۆ کەمال یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی و سەرپەرشتیاری تیمەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی بودجەیەک دابینکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و ڕواندنی دار و نەمامی نوێ لە بلواری شەقامەکانی سلێمانی.
وتیشی، چەند ڕۆژێکە تیمەکان دەستیان بە کارکردن کردووە و بڕیارە لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا سەرجەم شەقامە سەرەکییەکانی سلێمانی نۆژەن بکرێتەوە و جوانکاری تێدا بکرێت.
د. شوان عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا ڕایگەیاند، ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەڵەبجە بەردەوامە لە ھەڵکشان و ڕەوشی تەندروستی شارەکە لە ژێر مەترسیدایە.
وتیشی، لە ئەگەری ھەڵکشانی زیاتری ئامارەکان، بە دوور نازانرێت پەنا بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی نوێی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا ببەن.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ڕۆژانە لە ٤ مەرزی سەرەکی سنوری پارێزگای سلێمانیەوە بازرگانان کە ژمارەیان ٢ ھەزار دەبێت، کاڵا و شمەک لە ئێرانەوە ھاوردە دەکەن و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیشتووەتە نزیکەی ٤ ملیار دۆلار.
داواشی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کارئاسانی بۆ بازرگانان بکەن بۆ ئەوەی زۆربەی کاڵا بازرگانییەکانیان لە مەرزەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوردە بکەن.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەگەر پێشتر ھاوڵاتیان پابەندبوونایە بە وەرگرتنی ڤاکیسن، ڤایرۆسەکە بەم شێوەیەی ئێستا تەشەنەی نەدەکرد.
لێپرسراوانی کەرتی تەندروستیش لە بەغداد دەڵێن، وەرگرتنی ڤاکسین گەرموگوڕی پێوەدیارە، ئەوانەشی کە سەردانی بنکەکان دەکەن زۆرینەیان گەنجن.
کەمێک بەر لە ئێستا شەپۆلێکی بارانبارینی بە خوڕ ناو شاری سلێمانی گرتەوە و بووە ھۆی خۆشحاڵی ھاوڵاتیان بە تایبەتی لەم وەرزی گەرمایەدا کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھاوڵاتیانی بێزارکردبوو، چەند ڕۆژی ڕابردووش بارانبارین زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە.
بارانبارین لە ھاویندا لە ھەرێمی کوردستان، ھاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلی بارانبارین و لافاوە بەھێزەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند وڵاتێکی گرتەوە و زیانی زۆری گیانی و مادیشی لێکەوتەوە.