مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی ھاوسەرۆک "بافڵ تاڵەبانی" کۆبووەوە، و بە پێی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکانی چاکسازی حزبی و حکومی و پرسی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە.
ئاماژە بەوەشەکراوە، مەکتەبی سیاسی پشتیوانی بۆ ھەنگاوەکانی بواری چاکسازی دەربڕیوە و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی کردووەتەوە، چونکە ئەو چاکسازییانە دەبێتە سەرمایەیەکی مەعنەوی و بەرجەستە بۆ سیاسەتی ڕاست و ڕەوای یەکێتی لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکدا.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵسەنگاندنی ئیجابیانە بۆ بەرنامە و کۆششی میحوەرەکانی ھەڵبژاردن لە ھەموو شار و پارێزگاکاندا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامەی ھاوپەیمانی کوردستان کە لیستی ھاوبەشی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕانە کرایەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بە بایەخەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانە کرا کە لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکانی تر کراون، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیدا بەڕێوەبچێت.
میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویانکردەوە، لە ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا پۆلیسی تورکیا، (بەلما نێرگز) ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە موش دەستگیرکردووە و لە لقی بەرەنگابوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شاری موش دەستبەسەرکراوە،.
ھەرچەندە ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە بڕیاری داواکاری گشتی ٤ ڕۆژ بە دەستبەسەری دەمێنێتەوە.
ھاوکات لە ھەڵمەتێکی تردا لە شاری مێرسین لە باکوری کوردستان پۆلیسی تورکیا لە ناوچەی ئاکدەنیز، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، دەستگیرکراوەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرسین کراون.
(عەلی خامنەیی) ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، بەھۆی سەرقاڵییان بە پرسی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران، لە ھەفتەی ڕابردوودا لێپرسراوانی باڵا کەمتەرخەم بوون لە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھەنگاوەکان وەک پێویست نەبوون.
(خامنەیی) داواشیکرد لە ڕێگەی ھاوردە و بەرھەمھێنانی ناوخۆییەوە، ڤاکسین بگاتە دەستی خەڵک و بە زووترین کات بکوترێن.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی پێشوازیکرد لە سەرۆک و سکرتێری حزبەکانی پارتی سەوزی کوردستان، بزوتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان، بزوتنەوەی چاکسازی نیشتیمانی، پارتی نەتەوەیی کوردستان، حزبی پێشکەوتنخوازانی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریی دیموکراتی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ھەڵوێست و ستراتیژی یەکێتی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، ئامانجی یەکێتی یەکڕیزی کورد و کۆدەنگییە لەسەر پرسە نیشتمانییەکان لە پێناو بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان لە بەغداد و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ خەڵکی کوردستان و بەرقەرابوونی ئارامی و ئاسایشە لە ناوچەکە.
عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک پێی ڕاگەیاندین، دوای تێپەڕبوونی ٧٢ سەعات بەسەر ڕووداوەکەدا کە یەکێک تۆمەتبارانی ئەو تاوانەیان دەستگیرکرد و دەستگیرکراوەکە دانی بە تاوانەکەدا نا، دوو تۆمەتباری تریشیان دەستگیرکرد. وتیشی، دوو تۆمەتبارەکەی تری ئەو کەیسەش بە ھەمان شێوە دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکۆک ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا تەواوی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگا، ئاشکراشیکرد، کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە و بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە نزیکی ئەو خێزانەن.
لە بەرامبەریشدا سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی لە پاراستنی مافی ئێران لە دانوستانەکانی ڤییەنا کردەوە و ڕایگەیاند، لە ھەر دانوستانێکدا پێویستە مافی گەلی ئێران و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بێت.
تا ئێستا شەش خولی دانوستان لە نێوان ئەندامانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بەڕێوەچووە، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیش چاوەڕوانی ھەڵوێستی ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆکی کۆماری ئێران دەکرێت.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، پێش چەند ڕۆژێک یەکەم کاروانی ھێزەکانی ئەمریکا بەرەو کوەیت کشاونەتەوە، ئەو کشانەوەیەش لە ئەنجامی لێکتێگەیشتنەکانی دیالۆگی ستراتیژی ئەمریکا و عێراقە.
وتیشی، ئەو ھێزەی کشاونەتەوە ھێزی شەڕکەر نەبوون، بەڵکو ئەرکیان پاسەوانی ھێزەکانی ئەمریکا بووە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
وتیشی، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لەسەر زەوی پێویستیان بە ھێزی شەڕکەری بیانی نیە، بەڵکو پێویستیان بە ڕاوێژکار و ڕاھێنەرەکانە و توانای بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەکی دەرەکیشیان ھەیە.
لە بارەی فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئەمریکیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، فڕۆکە ئێف ١٦کان، ساڵانە پێویستیان بە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ چاککردنەوەیان.
مەزڵوم کۆبانی لە پەیامێکدا لە تویتەر پابەندبوونی ھەسەدەی بە کارکردنی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دووپاتکردەوە.
جەختیشی کردەوە، ھەسەدە ھێزێکی سورییە و ئەرکی بەرگریکردنە لە دەستکەوتەکانی گەلی سوریا و نابێتە ھێزێک ھەڕەشە لە سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بکات.
ئاژانسی بلومبێرگ لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا دوای چەند مانگێک لە دانوستانە ئەتۆمییەکان و شکستھێنان لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئامادەن پێداچوونەوە بە بژاردەکانیان لە بەرامبەر ئێران بکەن، لەوانەش بژاردەی سوککردنی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، بە مەرجێک ئەو وڵاتەش چالاکییە ئەتۆمییەکانی سڕ بکات.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی جۆو بایدن ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ بووەتەوە کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەوانەیە ھیچ سودێکی نەبێت، لە کاتێکدا ئێران ڕێگەیەکی ھەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و ڕەنگە بیگەیەنێتە چەکی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان، بۆ تاوتوێکردنی چەند پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە، یەکێک لە پڕۆژەیاساکان پێشنیارێکی حکومەتی ھەرێمە کە داوا دەکات پەرلەمان یاسایەک دەربکات ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان مەدالیای شکۆمەندی و ڕێزلێنان پێشکەش بکرێت بە ھەر کەسێک کە لە بوارەکەی خۆیدا خزمەت بە خاک و نیشتمان و کوردستان بکات.
دوای توندکردنی ڕێوشوێنەکان لەسەر سنووری لیتوانیا بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران، ئێستا کۆچبەران ڕێگەی پۆڵەندا بۆ پەڕینەوە لە بێلاروسەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەکاردەھێنن، بەڵام پۆڵەنداش ڕێگری لە چوونی ئەو کۆچبەرانە بۆ خاکی وڵاتەکەی دەکات و لەو چوارچێوەدا پاسەوانیی سنووریی پۆڵەندا لە ڕۆژی ھەینییەوە، ٣٤٩ کۆچبەری نایاساییان لە سنوورەکانیان لەگەڵ بێلاروس دەستگیرکردووە، کە زۆرینەیان ھاوڵاتی عێراق و ئەفغانستانن، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە لێشاوی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی پۆڵەندا.
ڕۆژی دووشەممە ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٨٠ کۆچبەری عێراقی، لە فڕۆکەخانەی مینسکی پایتەختی بێلاروسەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەغداد و تەرمی ئەو کۆچبەرە عێراقیانەش دەگەڕێننەوە، کە لەسەر سنووری لیتوانیا و بێلاروس گیانیان لە دەستداوە.
بەھۆی ناکۆکییە سیاسیەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، حکومەتی بێلاروس ئاسانکاری دەکات بۆ پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە سنوورەکانیەوە بەرەو ئەوروپا، بەو ھۆیەوە ھەزاران کۆچبەری عێراقی و سوری و ئەفغانی لەسەر سنوورەکانی بێلاروس و وڵاتانی ئەوروپا گیریانخواردووە و لە ڕەوشێکی خراپی مرۆییدا دەژین.
لەو بارەیەوە سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و خودی قوباد تاڵەبانی بەردەوام لەسەر خەتە لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر بۆ ئەوەی ڕێگری تەواو بکرێت لە ھەر یاسا شکێنییەک کە ئەگەری ڕوودانی ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو و بەھۆی ئەو ھێزانەوە ھیچ جۆرە کارێکی نایاسایی ئەنجام نەدراوە و ھێزەکانی ئاسایش و ھێزەکانی تری دەروازەکان توانیویانە ڕێگریی تەواو بکەن لە ھەر ھەوڵێکی قاچاخچیەتی.
سەمیر ھەورامی ئەوەشی ڕاگەیاند کە ھێزەکانی ئاسایش بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان و لە دەروازەکان دەمێننەوە. وتیشی، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی چاکسازی و سەروەری یاسا و پارێزگاریکردن لە مافی گشتی.
ڕاشیگەیاند، ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بکەن، پێویستە مۆلەتی شۆفێری نێودەوڵەتیان ھەبێت و ئەگەر ھەر گەشتیارێک بیەوێت زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بە ئۆتۆمبێلی خۆی لە ئێران بمێنێتەوە، پێویستە تابلۆی ئێرانی "پلاک" وەربگیرێت.
مستەفا ڕەجەبی مەشھەدی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کارەبای ئێران ڕایگەیاند لەم قۆناغەدا پێویستیان بەوەیە پێداویستی ناوخۆی وڵاتەکەیان پر بکەنەوە ھەر بۆیە ھەناردەکردنی کارەبایان بۆ عێراق ڕاگرتووە.
ئاشکراشیکرد، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢ ھەزار مێگاوات کارەبایان ھەناردە کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی زیادبوونی پێداویستی ناوخۆوە، ھەناردەی کارەبای ئێران بۆ ١٥٠ مێگاوات کەمیکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا ئێران ھەناردەی کارەبای بۆ عێراق ڕاگرت بەو ئامانجەی فشار لەسەر عێراق دروست بکات بۆ دانەوەی قەرزەکانی ئێران کە بەھۆی ھاوردەکردنی بەردەوامی غاز و کارەباوە کەڵەکە بووە و گەیشتووەتە ٤ ملیار دۆلار.
کۆمپانیای گواستنەوەی کارەبای ناوچەی باکوور لە کەرکوک ڕایگەیاند، حەوت تاوەری تری کارەبا لەسەر ھێڵی گواستنەوەی ٤٠٠ کەیڤی لە نێوان کەرکوک و بێجی لە ڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە تەقێنراونەتەوە و لە ئێستادا تیمەکانیان سەرقاڵی چاکردنەوەی ئەو تاوەرانەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەبا بۆ ھاوڵاتیان بگەڕێتەوە.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ٢٧ تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە کەرکوک و سەڵاحەدین و نەینەوا تەقینراونەتەوە و گرفتی کەمی دابەشکردنی کارەبا دروست بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ھەولێر بەڕێوەچوو، لە بارەی دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و لە لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، دۆخی ناوخۆی یەکێتی و ھەنگاوە چاکسازییەکانی ئەم دواییەی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە.
باڵیۆزی ئەمەریکا، پوختەیەکی لە بارەی دەرەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی عێراق _ ئەمەریکا، بۆ جێگری سەرۆکوەزیران باس کرد، پابەندیی ھاوپەیمانانیشی بە شەڕی داعش و پاڵپشتی ئەمریکای بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دووپات کردەوە.
ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ ھەنگاوەکانی چاکسازیی، لە نێویاندا چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جەختیکردەوە "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت".
لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی عێراقیشەوە، ھەردوولا ھاوڕابوون، کە گرنگە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە حکومەت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و نەھێشتنی گەندەڵی بەردەوام دەبێت. پیرۆزباییشی لە ڕۆبێرت پاڵەدینۆ کۆنسوڵی گشتی نوێی ئەمریکا کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکەکەی لە ھەرێمی کوردستان.