بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٢٠٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نۆ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٤٦٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، ھەزار و ٦٠٥ دەستگیرکراوی سیاسی و ئەندامی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، لە زیندانەکانی تورکیا بەھۆی توشبوونیان بە نەخۆشی درێژخایەن و کوشندەوە ژیانیان لە مەترسیدایە، کە لەو ژمارەیە ٦٠٤ زیندانییان باری تەندروستیان زۆر خراپە و پێویستیان بە چاودێری وردی پزیشکی ھەیە.
ھەدەپە داوای لە پەرلەمانی تورکیا کردووە پرۆژەیەک گەلاڵە بکات، بۆ دەرکردنی بڕیاری لێبوردن، بۆ ئەو زیندانیانەی گیرۆدەی نەخۆشی کوشندە بوون.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش، لە ئیستادا زیندانەکانی تورکیا زیاتر لە ٢٦٠ ھەزار بەندکراوی تێدایە، کە لە زۆری ژمارەی بەندکراوان ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی جیھان لە پلەی دووەمدایە.
د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری لە بروسکەیەکی پیرۆزبایدا کە ئاڕاستەی ئیبراھیم رەئیسی کردووە ئاماژەی بەوەکرد، بەبۆنەی سەرکەوتنتان لە ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم. ئومێدەوارم سەرکەوتووبن لەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانتان لە خزمەتکردنی گەلی ئێرانی دۆست و ھەمیشەش لە پێشکەوتن و ئارامی و گەشەسەندندابن.
دەشڵێت، ئێمە لە عێراق چاومان لەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ گەل و وڵاتی ئێراندا ھەبێت، کە چەندەھا رایەڵەی شارستانی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی رەسەنی مێژوویی بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێکی باڵای ھەبووە لە یارمەتیدانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆرستان و ئەو لێکەوتانەی ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکەمان دەکەن، ھەروەھا ململانێ و تەنگژانەش کە لە ئارادان. لە دوا دیداریشماندا لە بەغدا پەرۆشی و گرنگیپێدانی بەڕێزتانم ھەستپێکرد لە پاراستن و پتەوکردنی ئەو ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان ھەردوو گەل و وڵاتی عێراق و ئێراندا ھەن.
راشیگەیاندووە، ناوچەکەمان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەم دۆخەش پێویستە بە دانایی و ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پێویستی بەوەیە زمانی گفتوگۆ و دانوستان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان سیمای سەرەکی و دروشم و سەرمەشق بن، بەوپەڕی پەرۆشی و گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندیی و رایەڵە پێکداچووەکانی گەلانی ناوچەکە بکەین و پەرەیان پێبدەین، بەو ئامانجەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە بپارێزین و رێز لە سەرورەی وڵاتەکانی بگرین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پلەکانی گەرما بەرزبوویەوە بۆ ٤٥ پلەی سیلیزی، ئەوەش بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی ئەمڕۆیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات، بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کەشناسی عێراقی ئەمڕۆ شاری سلێمانی دووەم گەرمترین شارە لەسەر ئاستی وڵات و تەنھا شاری میسان پلەی گەرمی بەرزترە ئەویش ٤٦ پلەی سیلیزیە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی بە تەلەفۆن پیرۆزبایی سەرکەوتنی، لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران لە ئیبراھیم رەئیسی کردووە و جەختیکردووەتەوە، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و زیادکردنی ھەماھەنگییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران، لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و روبەروبوونەوەی تیرۆر.
لای خۆشیەوە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران، سوربوونی وڵاتەکەی لەسەر گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پیشانداوە و مستەفا کازمیشی بانگھێشت کردووە، تاکو لە نزیکترین کاتدا سەردانی تاران بکات.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم پشتیوانی خۆی و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ھیوا و ھەموو نەخۆشخانەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە دووپات کردوەتەوە
کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٦ی ئیوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی مەدەنییان لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەتیان بۆردومان کرد و بەھۆیەوە بۆردومانەکەس دوو کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندارە.
قائیمقامی قەزای ماوەت وتیشی، خەڵکی گوندەکە سەلامەتن و مەترسی لەسەر ژیاینان نییە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروتی حکومەتی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێداویستییەکان بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دابین دەکرێن و دڵنیایی دەدەین کێشەکانی نەخۆشخانەی ھیوا چارەسەر دەکرێن.
وتیشی، حکومەت لە ٩٨%ی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکانی شێرپەنجە دابین دەکات و لە ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٩ ملیار دینار بۆ پێداویستی سەنتەرەکانی شێرپەنجە دابین کراوە.
لای خۆشییەوە د. سەباح نەسرەدین بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، حکومەت و لایەنە سیاسەکان پشتیوانی نەخۆشخانەی ھیوا دەکەن و دڵنیابن کێشەکانی چارەسەر دەبن.
بە بریاری بەرێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەکانی داد و بەمەبەستی گواستنەوەی فەرمانگەکە بۆ ناو بینایەکی نوێ، دەوامی فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی قەزای سۆران، لە ٢٠ی ئەم مانگەوە تاکو ٢٩ی ھەمان مانگ رادەگیرێت.
بینای نوێی فەرمانگە، دەکەوێتە سەر شەقامی جووت سایدی دەروازەی سۆران، تەنیشت بە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە.
لە راگەیەنراوێکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا بێ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ھیچ ڕێنماییەک بۆ بەکارھێنانی جۆرەکانی ڤاکسین و دیاریکردنی ئاستەکانی تەمەن بڵاوبکاتەوە سەدان ھاوڵاتی لە تەمەنە جیاوازەکان بە ڤاکسین کوتراون، بەڵام دوای کوتانی ئەو رێژە زۆرەی ھاوڵاتیان رۆژی ١٦ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی سەبارەت بە بەرنامەی کوتانی ھاووڵاتیان ڤاکسینەکان بڵاوکردۆتەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی دەردەبڕێت لە درەنگ کەوتنی دەرکردنی بەرنامەی کوتان و راشیگەیاند، پێویستە وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێ لەبەرامبەر ھەر لێکەوتەیەک لەسەر ژیانی ئەو ھاوڵاتیانەی لە ماوەی ڕابردوودا ڤاکسینیان بۆ بەکارھێنراوە.
ئەحمەد ھۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ وە بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤیزەی گەشتیاری لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا راگیراوە و بەھۆی کەمبونەوەی گەشتەکانیش لەو ماوەیەدا داھاتی فڕۆکەخانەی ھەولێر نزیکەی ٦٠% کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر راشیگەیاند، لە ئێستادا تەنھا رێگە بە ئەو کەسانە دەدرێت گەشت بۆ ئەوروپا بکەن کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی ھەیە و بەھۆی کەمبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا پێشبینی دەکرێت لە مانگی تەمموزدا ھاتوچۆی گەشتیاران لەنێوان ھەرێم و وڵاتانی ئەوروپا دەستپێبکاتەوە.

(نید پریس) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: لە دانوستانەکانی ڤێیەننا لەگەڵ ئێران چەند ئامانجێک بە دەستھاتوون، بەڵام ئاستەنگ لەبەردەم بەشێک لە ھەنگاوەکاندا ھەیە، ھیچ وادەیەکیش بۆ کۆتایی ھاتنی خولی شەشەمی دانوستانەکانی ڤێیەننا دیاری نەکراوە.
لایخۆشییەوە (عەباس عێراقچی) گەورە دانوستکاری ئێران لە کۆبوونەوەکانی ڤێیەننا گەشبینی خۆی نیشاندا بە گەیشتن لەسەر رێککەوتنە ئەتۆمی و پابەندبوونی لایەنەکان، بەو خاڵانەی کە لە رابردوو لەسەر ئەو دۆسێیە ئیمزاکرابوون.
(عەباس عێراقچی) وتی" ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، کاریگەری لەسەر تیمی دانوستانی تاران و رەوتی گفتوگۆکانی ڤێیەننا نابێت.