لەپێناو دابەزاندنی نرخی ئالیک و پاڵپشتی کردنی پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و ماسی لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنوسراوێکی فەرمی، کەئاراستەی وەزارەتی دارای و ئابوری کراوە، پێشنیاری لابردنی باج دەکات لەسەر سویا و پرۆتین، کە لەئامادەکردنی ئالیک بەکاردێت بەنوسراوی ژمارە (٥٦١٨) لە ١٥/٨/٢٠٢١ .
دوای ئەوەی نرخی ئالیک بەرزبۆیەوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، لە پێناو پاڵپشتی جوتیاران و بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و سامانی ماسی لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕێگای لابردنی باج لە سەر سۆیا و پرۆتین، ھەوڵدەدات نرخی ئالیک لە بازاڕەکانی ھەرێم دابەزێنێت.
راگەیاندنی وەزارەتی
کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا دوو ھەزار و ٢٠ حاڵەتی نوێی توشبوون و ١٩ حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و ھەزار و ٨٩٦ توشبووش چاکبوونەوە.
بەپێی ئامارەکە کۆی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێم گەیشتووەتە ٢٦٦ ھەزار و ٨٢٢ کەس، لەو ژمارەیە ٢١٥ ھەزار و ٤٠٦ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٥ ھەزار و ٥٨ کەسی تریشیان گیانیان لەدەستداوە.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە دکتۆر عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، لەدیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی ئامادەی بوو، لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموو لایەنەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
لەبارەی چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لەماوەی رابردوودا، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی بەئاراستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام چەند ھەنگاوێکی ناوە، بۆ لەمەودواش درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەک مەرام و ئامانجێکی دیاریکراو، دڵنیایشیدا یەکێتی لە ئاست بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت و دەیانەوێت لەگەڵ سەرجەم ھێز و لایەنەکان ھاوکار و پشتیوان بن بۆ بونیادنانی وڵاتێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر بۆ ھاوڵاتیان.
جوتیارانی ئەو گوندە لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستانیان کردوە، داوا دەکەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێژەی ١٢٪ قەرەبوی موڵکەکانیان بکەنەوە، بەھۆی ئەوەش کە زەوییەکانیان لە دەستچووە داوا دەکەن ھەلی کار بۆ گەنجەکانیان دەستەبەر بکرێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٧٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی کردووە و رایگەیاندوە، ھیوادارین ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان بەو جۆرەی لە قازانجی یەکڕیزی و پێکەوەیی گەلەکەمان بێت لەبەرامبەر ئەو تەحەدایانەی لەمڕۆی دۆخی عێراق و ناوچەکە روبەڕووی بوەتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە...
بەرێزان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
سڵاو ورێز
بە بۆنەی تێپەربوونی حەفتاوپێنج ساڵ بەسەر دامەزراندن و دەستپێکی رەوتی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و سەرکردایەتی پارتی و ئەندام و لایەنگرانی دەکەین.
ھیوادارین ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان بەو جۆرەی لە قازانجی یەکریزی و پێکەوەیی گەلەکەمان بێت لەبەرامبەر ئەو تەحەدایانەی لەمرۆی دۆخی عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی بۆتەوە.
جارێکی تر پیرۆزە و سەرکەوتووبن.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٦-٨-٢٠٢١
سلێمانی
دوای چەند سەعاتێک لەوەی چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ئاڵای ئەمریکا لەسەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە کابوڵ ھێنرایە خوارەوە، وەک دواین ھەنگاو بۆ چوڵکردنی باڵیۆزخانەکە، زۆربەی وڵاتانیش باڵیۆزخانەکانیان چۆڵکرد و کارمەندەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی کابول گواستەوە.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش داوای لە وڵاتان کرد، بزوتنەوەی تاڵیبان وەک حکومەت نەناسن، راشیگەیاند، پێویستە وڵاتان ھەڵویستێکی یەکگرتوو و گشتگیریان بەرامبەر رەوشی ئەفغانستان ھەبێت، بۆئەوەی رێگە نەدەن ئەو وڵاتە ببێتە ناوەندێک بۆ سەرھەڵدانی تیرۆر، بڕیاریشە سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر رەوشی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولەوە و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و محەمەد ئەشرەف غەنیش سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وڵاتەکەی جێھێشت.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیری بەریتانیاش دوای کۆبوونەوەی بە پەلەی حکومەتەکەی ڕایگەیاند، ڕێگەی سەربازیی چارەسەری پرسی ئەفغانستان ناکات و وڵاتەکەشی شانازی بەو کارانەوە دەکات لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان کردوونی و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا دیپلۆماتکار و ھاوکارە ئەفغانییەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەی
ھاوکات حکومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی ھەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان ڕوو بکەنە بنکەکانی تەندروستی و ڤاکسین وەربگرن، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەمتر بکرێتەوە.
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی دۆخە لەناکاوەکانی تورکیا ڕایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی ٩ کەسی تر، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوی شارەکانی باکور گیانیان لە دەستداوە بۆ ٤٠ کەس بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ناوی ١٠٠ کەس تۆمار کراوە کە چارەنووسیان نادیارە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زۆر بەرزتر ببێتەوە.
ماوەی سێ ڕۆژە بارانێکی بە خوڕ شارەکانی کاستامۆنۆ و سینۆپ و بارتنی تورکیای گرتووەتەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ھەر سێ شارەکەی بە ناوچەی کارەساتبار ڕاگەیاند.
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم ڕایگەیاند، ئەگەر ڕەوشی تەندروستی ڕێگە بدات، ١ی ئەیلول دەست بە پڕۆسەی خوێندن دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١ - ٢٠٢٢، یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەدان لە ١ی ئەیلول خوێندن دەستپێبکاتەوە.
وەزارەتی تەندروستیش وەک ھاوکارییەک بۆ وەزارەتی پەروەردە و دەستپێکردنەوەی خوێندن، ڕۆژانی سێشەممەی دیاریکردووە بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان بۆ ئەوەی زۆرترین مامۆستا ڤاکسین وەربگرێت و ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن کەمبکرێتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەمێنێت.
سەرۆکایەتی تونس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەفدێکی ئەمریکی سەردانی قەیس سەعید، سەرۆکی تونسیان کردووە و نامەیەکی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکایان پێداوە، لە نامەکەدا بایدن داوای لە سەعید کردووە بە زوترین کات دیموکراسیەتی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە بۆ تونس.
وەفدەکەی ئەمریکا داوایان لە سەرۆکی تونس کردووە بە پەلە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکات بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ بۆ تونس پێکبھێنرێت و قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکەی ئەو وڵاتە تێبپەڕێنێت.
سەرۆکی تونس لە ٢٥ی تەموزی ڕابردوو پەرلەمانی وڵاتەکەی سڕ کرد و ھیشام مەشیشی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوورخستەوە و بزوتنەوەی نەھزەش ڕێکارەکانی بە کودەتا ناو برد.
لە ئێستاشدا بەھۆی تەقاندنەوەی تاوەرەکان لە سنوری قەزای خانەقین ڕۆژانە نزیکەی ١٠ سەعات کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە ھاووڵاتیان.
فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بڵاویکردەوە، لە ڕۆژێکدا زیاتر لە چوار ھەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە لە ڕێی نزیکەی ١٠٠ ناوەندەوە کە بۆ پێدانی ڤاکسین لە سنوری پارێزگای کەرکوک کراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی ئەو کەسانەی لە کەرکوک ڤاکسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ١٠٥ ھەزار و ٤٠٩ کەس.
وەزارەتی تەندروسیتش داوا لە ھاووڵاتیان دەکات لە ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی ناوی خۆیان تۆمار بکەن و دواتر سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە بنکەکان دروست نەبێت، لە ئێستاشدا ڕۆژانە پڕۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن ھاووڵاتیانەوە بەردەوامە.