هەواڵەکانهەواڵەکان

ئاگرێکی گەورە لەنێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کەوتەووە و لەماوەیەکی کەمدا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت؛ تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئاگرەكە لەكاتی بەتاڵكردنەوەی تانكەرێكی سوتەمەنی بۆ ناو كۆگای سوتەمەنیی باڵەخانەكە كەوتووەتەوە.

دەشڵێت، تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە، لیژنەیەکمان بۆ ئەم ئاگرە و ئەوەی تانجەرۆش پێکهێناوە.

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، تیمەكانی بەرگری شارستانی توانیویانە لەماوەیەكی كەمدا بگەنە شوێنی روداوەكە و ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.

لەلای خۆشیەوە ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەلایەن تیمەکانیانەوە توانراوە لە کەمترین ماوەدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، لەبارەی زیانەکەی ئاگرەکە دەشڵێت؛ تەنها تانکەری سوتەمەنییەکە زیانی بەرکەوتووە.

جێگەی ئاماژەیە لە دوێنێ شەوەوە، ئەمە دووەم ئاگری گەورەیە لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە و کە بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گەروی هورمز کراوەیە و لە ئێستادا هیچ دانوستانێکیان لەگەڵ ئێراندا نییە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، هیچ جۆرە گفتوگۆ یان دانوستانێک لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە و بۆ داهاتووش هیچ پلانێکیان بۆ ئەو مەبەستە دانەناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەروی هورمز کراوەیە و هەموو مینە دەریاییەکانیش لەناوبراون، جەختیشیکردوە، هێزەکانیان کۆنترۆڵی رەوشەکەیان کردووە.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، گەمارۆدانی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران بە بڕیارێکی کارا و بەهێزەوە بەردەوامی دەبێت.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو، گەرووی هورمز ناکرێتەوە تا ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە لێکتێگەیشتنە کاتییەکان جێبەجێ نەکات، کە بریتیین لە هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئازادکردنی داراییە بلۆکراوەکان، لابردنی سزاکانی سەر نەوت و راگرتنی هەڕەشە و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرەنسا لەڕێگەی 36 ملیار یۆرۆی ترەوە پڕچەککردنی سوپاکەی خێراتر دەکات و ئێمانوێل ماکرۆن بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ 436 ملیار یۆرۆ بەرزدەکاتەوە.

حکومەتی فەرەنسا بڕیاریدا 36 ملیار یۆرۆی تر بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2030 تەرخان بکات، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی یاسای دارایی سەربازیدایە، بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی پڕچەککردنەوە و بەهێزکردنی توانا بەرگریییەکان، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانە بۆ گەنجان.

ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا یاساکەی پەسەند کرد و ئەمڕۆ سێشەممە لە رۆژنامەی رەسمیی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە، بەپێی یاسا نوێکە، کۆی گشتیی بودجەی بەرگریی بۆ ساڵانی 2024 بۆ 2030 بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 436 ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا لە پلانی پێشوودا 400 ملیار یۆرۆ بوو.

بڕیاریشە تا ساڵی 2030 خەرجییە بەرگرییەکانی فەرەنسا ساڵانە بگاتە 75.7 ملیار یۆرۆ، کە ئەمەش هاوتا دەبێت لەگەڵ لانیکەم %2.5ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە.

وەبەرهێنانە نوێیەکان لە 14 بواری سەرەکیدا چڕ دەکرێنەوە؛ لەوانەش: بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی، تەقەمەنی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن)، بەرگریی ئاسمانی و رووبەڕووبوونەوەی دڕۆنەکان، سەرەڕای جەنگی ئەلیکترۆنی، بوارەکانی بۆشایی ئاسمان و لێدانی دوورمەودا.

پلانەکە زیاتربوونی بەرچاوی بەرهەمهێنان و دابینکردنی موشەک و تەقەمەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ فراوانکردنی بەکارهێنانی فڕۆکە و هۆکارەکانی گواستنەوەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمان، وشکانی، دەریا و ژێر دەریادا تا ساڵی 2030.

لەلایەکی ترەوە، یاساکە بڕیاری دامەزراندنی خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانەی داوە بۆ ئەو کوڕ و کچانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە، بۆ ماوەی 10 مانگ، پرۆسەکە لەمساڵدا بە وەرگرتنی سێ هەزار خۆبەخش دەست پێدەکات و تا ساڵی 2030 ژمارەکە بەپێی پلانەکە ساڵانە بۆ 10 هەزار خۆبەخش بەرز دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی د. هاژە عەبدوڵا دەکات و دەڵێت، "ئێستا کە وەک یەکەمین ژن لەسەر ئاستی عیراقدا بەرزترین پلەی زانستی لە بواری شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە، هەموو کورد و بە تایبەتیش ژنان پێی سەربەرزن".

قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: شەرەفمەند بووم کە بە دیداری د. هاژە عەبدوڵا شاد بووم و پێی سەربەرزین. دڵنیاین تا بێت نموونەی زیاتر دەبێت. پیرۆزبایی لە خۆی و هەموو هاوپیشە دڵسۆزەکانی و ستاف و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەکەم و شانازی بە هەموویانەوە دەکەین.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە: ساڵی 2002 دەستپێشخەربوو لە کردنەوەی یەکەم بەشی شێرپەنجە لە تەندروستیی سلێمانیدا کە دواتر بووە بناغەیەکی پتەو بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوا. لەو کاتەوە تا ئێستا بەوپەڕی خەمخۆری و پەرۆشییەوە خزمەتی تووشبووانی شێرپەنجە دەکات، لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانی هیوای ژیانیان بۆ هەزاران کەس گەڕاندووەتەوە. هەربۆیە هەمووان خۆشیان دەوێت و شانازی پێوە دەکەن و ناوی دکتۆر هاژە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و خانەوادەکانیان واتای متمانە و هیوا و بەردەوامیی ژیان دەدات.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: ئێستا کە وەک یەکەمین ژن لەسەر ئاستی عیراقدا بەرزترین پلەی زانستی لە بواری شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە، هەموو کورد و بە تایبەتیش ژنان پێی سەربەرزن. لەپاڵ ئەرکی قورسی رۆژانەی لە چارەسەرکردنی تووشبوواندا لە نەخۆشخانەی هیوا، هەوڵی بێ وچان و کۆڵنەدانی لە بەرزکردنەوی ئاستی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەی بە نرخ، نموونەیەکی باڵا و مەزنە بۆ ژنان و هەموو زانستخوازان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا، پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و برەودانیان بەکاری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیکرد لە کریستیان ئۆلفکە، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لە کاروبارەکاندا، هەروەک هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کارکردنی زیاتر بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریكا ئاشكرایكرد، چەندین گرێبەستی سەربازیی نوێیان ئیمزاكردووە كە بواری ئەندازیاریی و تەكنیكی لە خۆدەگرێت، گرێبەستەكانیش لەگەڵ توركیا، ئیمارات، میسر، ئیسرائیل، بەحرەین و ئوردن ئیمزاكراون. 

هەربەپێی راگەیەندراوەكە، كۆمپانیای لوكهیید مارتن بە بڕی 31 ملیۆن دۆلار راوێژكاری ئەندازیاریی و تەكنیكی رەوانەی توركیا، میسر، بەحرەین و ئوردن دەكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، كۆمپانیای ئایرۆن ماونتەن سۆلیۆشنز بە بڕی 19 ملیۆن دۆلار گۆڕانكاری لە گرێبەستەكەیدا كراوە بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆژەی هەلیكۆپتەرە فرە مەبەستەكانی سوپای ئەمریكا لە رووی تەكنیكییەوە، بەو شێوەیە كۆی گشتی بەهای گرێبەستەكە گەیشتووەتە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، گەورەترین هێزی سەربازیی جیهانیان گەیاندووەتە لێواری داڕمان.

مستەفا ئێزدی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی جەنگی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا رایگەیاند، دوژمنانی ئێران پیلانی زۆریان دانا بۆ لاوازكردنی وڵاتەكەی، بەڵام نەك لاواز نەبوو، بەڵكو بە بەهێزتر لە گۆڕەپانەكە دەركەوت.

وتیشی، لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە تائێستا زیاتر لە 200 فڕۆكەی ئەمریكا خراونەتەخوارەوە، ئەوەش لەسەر ئاستی جیهان كاریگەری هەبووە و دەتوانن بڵێن گەورەترین هێزی سەربازیی جیهانیان تا لێواری داڕمان بردووە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند لە خوێنی  رابەری باڵا و منداڵەکان خۆش نابن، ئاماژەی بەوەشکردوە، بە رێنمایی موجتەبا خامەنیی و لە بەردەم نەتەوەی ئێران، بەڵێن دەدەن هەموو هێزی خۆیان بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی ئێران و سزادانی دەستدرێژکاران بەکاربهێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تا مەرجەکانیان لە لایەن ئەمریکاوە جێبەجێ نەکرێت گەروی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.

قالیباف جەختیکردوەتەوە هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئازادکردنی سەروەت و سامانە بلۆکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە سەربازییەکان لە مەرجەکانی ئێرانن بۆ کردنەوەی گەروی هورمز.

قالیباف داوای ەکریخی لە گەلی ئێران کردوە و دەڵێت؛ لەگەڵ داخوازییە رەواکانی ئەوانداین بەتایبەتی رەوسی ئابوری، بەڵام لە ئێستادا شەقام شوێنی گردبوونەوەی نییە و دەبێت هەموومان یەکگرتوبین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی هەندێک لایەن وەک "خەیاڵی خۆدەستەوەدانی بێمەرج" بەرزکردبۆوە بەدی نەهات، و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە مەردایەتی و سەختییەوە جەنگاوە و بە هەمان سەختیش دانوستانی کردووە.

عراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ئەو وەزیرە دەرەوانەی دیداری لەگەڵدا ئەنجامداون پێیان راگەیاندووە کە ئێران لە هەمان کاتدا لە جەنگەکە و لە دیپلۆماسیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی بەوەش کرد: ئەو لایەنانەی کە هەوڵیان دەدا ئێران بە بێمەرج خۆی بدات بە دەستەوە، تەنها ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی جەنگەکە هاتنە پاڕانەوە بۆ ئەوەی دانوستان بکەن، لە بەرانبەردا، ئێران بوو کە رەتیکردەوە ئاگری شەڕ بوەستێنێت و سوور بوو لەسەر بەردەوامبوونی جەنگ تا ئەو شوێنەی لایەنی بەرانبەر رازی بوو بە ئاگربەست و ئەنجامدانی دانوستان بەپێی مەرجەکانی ئێران، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە گۆڕەپانی جەنگەکە یەکلاکەرەوە بووە لە سەپاندنی ئیرادەی تاران.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە بەپێی دانپێدانانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان، ئێران لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا لە هەردوو ئاستی سەربازی و سیاسییەوە دەستکەوتی ستراتیژیی بەدەستهێناوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادوەریی سوریا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەد دەرکرد، دوای ئەوەی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی چەکدار و ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ تایبەت بە سەردەمی رژێمی پێشوو ئیدانە کرا.

دادگای تاوانەکانی سوریا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە: وەسیم ئەسەد گرووپی چەکداری لەبەرانبەر پێدانی موچە و دابینکردنی چەک و پولدا پێکهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە تۆمەتبار وەسیم ئەسەد بەشداریی لە کۆمەڵکوژیی "مەلیحە"دا کردووە کە لە ساڵی 2013دا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 75 هاووڵاتیی مەدەنی.

دادگای تاوانەکان جەختیشی کردەوە کە بۆ دادگا سەلمێنراوە چەکدارانی سەر بە تۆمەتبارەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنییان رفاندووە و لە بەردەم خۆیدا کوشتوویانن، بەوەش دادگا بڕیاری کۆتایی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی هێرشكردن لە عومان دەكات و داواش لە ئێران دەكات خۆی بەدەوەستەوە بدات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر عومان بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران رێگریی لە جوڵەی ئەمریكا بكات لە گەروی هورمز، روبەڕوی هێرش و ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەمریكا دەبێتەوە، داواشی لە ئێران كردووە كە خۆی بەدەستەوە بدات، دوپاتیشیكردووەتەوە، ئەمریكا پابەندە بە سیاسەتەكانی و گەمارۆدان و فشارخستنەسەر تاران تا ئەو كاتەی داواكارییەكانی ئەمریكا جێبەجێ دەكات.

عومان و تاران لە پەیوەندییدان لەبارەی رێكخستنی جوڵەی دەریاوانیی لە گەروی هورمز و ئەمریكاش لە هەوڵدایە رێڕەوە ئاوییەكانی ناوچەكە كۆنترۆڵ بكات.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەردەوامە و ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای حاجیاوا قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەستیپێکردو بڕیارە 91 فەرمانبەر ببنە خاوەنی زەوی خۆیان. 

خالید ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بە ئامادەبونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و داواکاری گشتی، لە رێگەی تیروپشکێکی ئاشکرا و شەفافەوە 91 فەرمانبەری  دەبنە خاوەنی زەوی.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستا نیوز، ئەم قۆناغە تایبەتە بەو فەرمانبەرانەی، کە کۆی خاڵەکانیان لەنێوان (38 بۆ39) خاڵدایە و ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا 146 فەرمانبەر بە خاڵبەندیی 40 بۆ 50 خاڵ سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.

بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە سنوری قەزای حاجیاوا ناوی نزیکەی چوار هەزار و 250 فەرمانبەر  بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا لەسەر ئاستی گشتیی ئیدارەی راپەڕین ئەو ژمارەیە دەگاتە نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەر، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانییەوە پەسەند کراون.

بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێویستە هەموو فەرمانبەرێک کە مەرجەکان دەیگرێتەوە، پارچەیەک زەوی بە رووبەری 200 مەتر دووجای پێبدرێت و پرۆسەکە تاوەکو سوودمەندبوونی دواین فەرمانبەر بەردەوام دەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، بە كەڵك وەرگرتن لە رێكاری دیپلۆماسی، لە هەوڵەكان بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەوشی ناوچەكە و دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایان هەڵسەنگاند و ئەردۆغان رایگەیاند، بە كەڵك وەرگرتنی تەواو لە رێكاری دیپلۆماسی بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، لە هەوڵەكانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام دەبێت و هەنگاوەكانیش بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی غەززە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی رێككەوتنی مەككەش رایگەیاندووە، رێككەوتنی مەككە بۆ بەرگریی هاوبەش لەگەڵ پاكستان و سعودیە، دەرخەری هەڵوێستی توركیایە بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچەكەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی ناوچەی تانجەرۆی ئاشکرا کرد و رایگەیاند لە ئەنجامی روداوەکەدا 41 کەس بریندار بوون.

سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردسات نیوز راگەیاند: لە شوێنی رووداوەکەوە راستەوخۆ چارەسەری پێویست لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە بۆ 19 لە بریندارەکان کراوە و پێویستیان بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە نەبووە.

وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە 22 برینداری دیکە بەهۆی بەرزیی رێژەی سووتاندنیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی کراون، لە ئێستاشدا 21 لەو بریندارانە دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

سامان شێخ لەتیف جەختیشی کردەوە کە لە حالەکی ئاستەمدا تەنها یەک بریندار لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە، کە رێژەی سووتانی جەستەی زیاتر لە 90٪ـە و بارودۆخی تەندروستیی لە ئاستێکی ناجێگیرددایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی تسنیم رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، مەحەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای پەرلەمانیدا دەگاتە بەغدادی پایتەختی عیراق.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی قالیباف تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان، بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و بەغداد، و دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەشە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە دیارەکانی عیراق ئەنجام دەدات.

تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش بریتی دەبن لە: پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەماهەنگی و راوێژە سیاسییەکانی نێوان تاران و بەغدادە سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە جێگەی بایەخی هەردوولا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، عیراق پلانی هەیە لە رێگەی دروستکردنی بۆریەکی نەوتەوە کە بەناو خاکی سوریادا دەڕوات هەناردەی نەوتەکەی بکات بۆ جیهان، ئەمەش وەک جێگەرەوەیەک بۆ گەروی هورمز.

رۆیتەرز ئاماژەیبەوەکردوە، پلانی عیراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە سوریا، بەدەربازبوون لە گەرووی هورمز، پێدەچێت چوار ساڵ بخایەنێت بۆ دروستکردن و لانیکەم 15 ملیار دۆلاری تێبچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە دروستکردنی ژێرخانێکی سەرلەنوێ و تەواو تازە هەیە نەک تەنها نۆژەنکردنەوەی هێڵە کۆنەکە، بەو هۆیەوەش جێبەجێکردنی ئەگەری هەیە نزیکەی چوار ساڵ کارکردنی بەردەوامی پێویست بێت و تێچوەکەشی بە لانی کەمەوە بگاتە 15 ملیار دۆلار.

ئەم خەمڵاندنانەی رۆیترز لە کاتێکدایە، کە پێشتر بڕیاری جیاواز لەسەر زەمەن و تێچووی پڕۆژەکە هەبوو؛ یوسف قبلاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەوڵەتی نەوتی سوریا دوو هەفتە بەر لە ئێستا ئاماژەی بەوە دابوو، کە نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە لە ناوچەی حەدیسەی عیراقەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا لە سەرەوەی خۆیەوە پێویستی بە لایەنی کەم سێ ساڵ هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش  رایگەیاندووە؛ دوای ئاوەدانکردنەوە، ئەم پڕۆژە پێشەنگە توانای سەرەتایی گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی دەبێت لە رۆژێکدا.

ئەمە لە کاتێکدایە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق  و فالح ساری وەزیری دارایی رایانگەیاند بوو، بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە زۆرترین زیان بەر ئابوری عیراق کەوتوە و دەبێت رێگەیەکی جێگرەوە بۆ تێپەراندی ئەو کێشەیە بدۆزنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8687888990...1223