عەلی عوسمان ئەفسەری لێکوڵینەوە لە ئاسایشی زاخۆ رایگەیاند، باندی یەکەم بە رێگەی قاچاغ ٢٠ ھاوڵاتی روژئاڤای کوردستانیان لە ھەولێر بەرەو زاخۆ ھێناوە و لە ئاوی خابور لە گوندێک دایانناون پێیان وتوون ئەوە تورکیایە بە ھەڕەشەو ترساندن داوایان لێکردون ڤیدیۆ تۆمار بکەن و کەسوکاریان ئاگادار بکەنەوە کە گەیشتونەتە تورکیا. وتیشی، ھەر ھاوڵاتیەک بڕی ھەزار تا ھەزار و ٥٠٠ دۆلاری لێوەرگیراوە.
راشیگەیاند، باندێکی تری ١١ کەسی لە نوسینگەکانی فڕۆکەوانی دەستگیرکراون کە کاری ساختەکاری پسوڵەی پشکنینی کۆرۆنایان کردوە، بۆ ئەوەی گەشتی دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن، بە بڕیاری دادوەر دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەیە و نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار دیاری کراوە.
وتیشی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەھۆی ھەڵاوسانەوەیەو ٦٥٪ی بودجە بۆ مووچەیە.
راشیگەیاند، ھەڵوێستمان سەبارەت بە ٢٠٠ ملیار دینارەکەی ھەرێم بێلایەن و پیشەیی و بابەتیانەیە و دەبێت ھەرێم داھات و سەرچاوەکانی رادەست بکات.
عەلی عەلاوی ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی قەرزی ناوخۆ و دەرەکییەوە، باشبوونی نرخی نەوت بەخێرایی ھاوکار نابێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، لەم سەردانەی ئەمجارەشیاندا ھیچ قەرزێکیان لە بانکی نێودەوڵەتی نەکردووە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کابوڵ ڕایگەیاند، بەھۆی تەقینەوەکانەوە زیاتر لە ٣٠ کەس برینداربوون لەو ژمارەیەش شەشیان بەر لە گەیشتنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لە دەستدا.
لای خۆشییەوە پنتاگۆن ڕایگەیاند، لەناو قوربانییەکاندا ژمارەیەکی زۆر چەکداری بزوتنەوەی تاڵیبان ھەیە و پێنج ئەمریکیش برینداربوون و ڕەوشی یەکێکیان ناجێگیرە.
لەو بارەیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ڕەوشی کابوڵ لە کۆنترۆڵ دەرچووە و باڵیۆزەکەیان "ئەفغانستان" بەجێدەھێڵێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕایگەیاند، ھیچ سەربازێکیان لە تەقینەوەکان بریندارنەبوون، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش داوای کۆبوونەوەی بە پەلە دەکات.
"کازمی" لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا، کارەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆژی شەممە دەستپێدەکات و "عێراق" ھەوڵدەدات باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری دروست بکات و داواش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات ململانێکان چارەسەر بکەن. وتیشی دەرفەتی گەورە ھەیە لە عێراق کە وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن ھاوکاری و ھاوبەشی تێدا بکەن بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاشتی.
بڕیاریشە بۆ بەشداری کردن لەو کۆنگرەیە، "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا ڕۆژی شەممەی داھاتوو سەردانی "بەغداد" دەکات و دواتریش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکایەتی فەڕەنساش بڵاویکردەوە، ئامانجی "ماکرۆن" لە بەشداریکردن لە لوتکەکەدا، دووپاتکردنەوەی پشتگیری وڵاتەکەیەتی بۆ عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لەلایەکی تریشەوە "حەسەن نازم" وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئامانج لە ڕێکخستنی ئەو کۆنگرەیە کە ٩ وڵات تێیدا بەشداری دەکەن، گەڕاندنەوەی ڕۆڵی عێراقە لە ناوچەکە و ھەوڵێکیشە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری ئەمنی و ئابوری لە وڵاتەکەدا.
لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەرزە ڤۆڵتیەی کارەبا لە نێوان (ڕانیە - بازیان)، (کەمال محەمەد) وەزیری کارەبای ھەرێم ڕایگەیاند، وێستگەکانی کارەبا لە ھەرێم دەتوانن ڕۆژانە ٦ ھەزار و ٩٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنن و ٢٤ سەعات کارەبا بە ھاوڵاتیان بدەن، بەڵام ھۆکاری سەرەکی کەمی کارەبا ئەوەکە کە بە پێی پێویست سوتەمەنی بۆ وێستگەکان دابین ناکرێت.
(کەمال محەمەد) وەزیری کارەبای ھەرێم ڕایگەیاند، لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە کارکردن لە پڕۆژەیەکی نوێی ھێڵی کارەبا لە نێوان (تانجەرۆ - ھەڵەبجە) دەکرێت و لە سنوری قەزای سۆرانیش پڕۆژەی ھێڵی ١٣٢ کەی ڤی دەکەوێتە کار.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم، حکومەت بڕیاریداوە فەرمانبەرانی گرێبەستی دەروازە سنورییەکان بکرێن بە ھەمیشەیی، وەزارەتی داراییش داوای لە حکومەتی ھەرێم کردووە لە پێناو یەکسانی و دادپەروەری سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێن بە ھەمیشەیی، لەبەر ئەوەی ناکرێت فەرمانبەرانی گرێبەستی دەروازە سنورییەکان بکرێن بە ھەمیشەیی و فەرمانبەرانی تر فەرامۆش بکرێن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بە پێی خشتەی شیکردنەوەی دارایی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست، کۆی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست ١٠ ترلیۆن و ٣٣٠ ملیار دینارە، بەڵام لە دوای دامەزراندنیان بە ھەمیشەیی بە کۆی مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان دەبێت بە ٧ ترلیۆن و ٩٧٧ ملیار دینار، بەوەش بودجەی زیاتر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
بە پێی ھەواڵێکی تەلەفیزیۆنی (سی ئێن ئێن)، بزوتنەوەی تاڵیبان ھەریەک لە (حامید کارزای)، سەرۆکی پێشوتری ئەفغانستان و (عەبدوڵا عەبدوڵا)، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاشتبوونەوەی ئەفغانستانی خستووەتە ژێر مانەوەی ناچارییەوە و سەرجەم پاسەوان و چەک و ئۆتۆمبێلەکانیشیان لێ سەندراوەتەوە.
ھەرچەندە تاڵیبان بە ڕەسمی ھیچ ڕاگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەرپرسێکی تاڵیبان بە میدیا ڕووسیەکانی وتووە، (کارزای و عەبدوڵا) نەخراونەتە ژێر مانەوەی ناچارییەوە.
"بەھمەن قادر" وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ئەمشەوەوە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە ھەمان کوالیەتی پێشوو لە سەرجەم بەنزینخانەکانی سلێمانی ٥٠ دینار دابەزێنرا و لە ٨٥٠ دینارەوە کرا بە ٨٠٠ دینار، بەڵام نرخی بەنزینی موحەسەن و سۆپەر وەک خۆیەتی.
لە بارەی ھۆکاری دابەزاندنی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بڕێکی زیاتر بەنزین لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاوردەی سلێمانی کراوە و ھۆکارێکی تریش ئەوەیە لە ماوەی ڕابردووشدا بەھۆی بەرزی نرخی بەنزین بازاڕی فرۆشتنی خاوبووەوە و ھەوڵدەدرێت بازاڕی بۆ پەیدا بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە "کەمال ئەتروشی" وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم ھەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ٢٣ی ئابەوە نرخی لیترێک بەنزین دەبێتە ٦٣٠ دینار بەڵام نرخی بەنزین ھەر وەک خۆی مایەوە.