ئەو ھۆشدارییەی تاڵیبان بۆ تورکیا دوای ئەوە دێت کە ڕایانگەیاندبوو ھەر ھێزێکی بیانی دوای مانگی ئەیلول لە خاکی ئەفغانستان بمێنێتەوە، بە داگیرکەر ئەژمار دەکرێن.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامە، سەبارەت بە پاراستنی ئەمنییەتی فڕۆکەخانەی "کابول".
"پرایس" ڕایگەیاندووە، ئەمریکا ھیچ فشارێک دروست ناکات بۆ دەستپێکردنی خولی حەوتەمی دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، تەنھا "ئێران" خۆی دەتوانێت وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستانانە دیاری بکات.
نیگەرانیشی دەربڕی لە پێشڕەوییەکانی ئەو وڵاتە لە دۆسیەی ئەتۆمی کە کاریگەری لەسەر تێڕوانینەکانی "واشنتۆن" لە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دروست دەکات.
پێشتریش "میخائیل ئیلیانۆڤ" نوێنەری ھەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وتبووی، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی تردا دانوستانەکانی ڤییەنا دەستپێدەکەنەوە.
"جان ئیڤ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە "برۆکسل"ەوە وتی، کۆدەنگییەکی سیاسی ئەوروپی ھەیە بۆ سزادانی بەشێک لە سەرکردە و لێپرسراوانی لوبنان، بەر لە ساڵیادی تەقینەوەکەی بەندەری "بەیروت" کە دەکەوێتە ٤ی مانگی داھاتووەوە.
وتیشی ئەو سزایانە فشار دروست دەکەن، بە تایبەت کە ماوەیەکی زۆرە داوایان لە لێپرسراوانی لوبنان کردووە حکومەت پێکبھێنن و چاکسازی بکەن، بەڵام ھیچ وەڵامێکیان نەبووە.
"جۆزێب بۆریل" کۆمسیاری سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش وتی، ڕەوشی "لوبنان" ھیچ بەرەو پێشچوونێکی بەخۆوە نەبینیوە و ڕەوشەکە ئاڵۆزە.
پەرلەمانتارانی کوردستان و پارێزەرێکی دەستگیرکراوانی بادینان لە بەردەم دادگای دووی ھەولێر بە ڕۆژنامەنوسانیان ڕاگەیاند، لە دانیشتنەکەدا ھیچ تۆمەتێک بەسەر دەستگیرکراواندا ساغنەبووەتەوە و تەنانەت شایەتحاڵەکانیش لە بەرژەوەندیی دەستگیرکراوان شایەتییان داوە، نەک لە دژیان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک ڕایگەیاندووە مووچە بە پێی داھاتی پێویست دابەش دەکەن، لە ئێستادا کە ٢٠٠ ملیار دینارەی لە بەغدادەوە خراوەتەسەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و نرخی نەوتیش بەرزە و داھاتی ناوخۆش زیادی کردووە، ئێستا داھاتی پێویست لەبەردەستە بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە بە ڕێژەی زۆر کەمبکرێتەوە یان کۆتایی پێبھێنرێت.
ئەو سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەزارەتی دارایی ناتوانێت بڕیاری لێبڕینی موچە بدات بەڵکو ئەو بڕیارە لە لیژنەی باڵای ئابووری ھەرێم دەدرێت، بەڵام لیژنەکە تا ئێستا بە ڕەسمی بڕیاری لە بارەوە نەداوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتیشی، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغداد پێداچوونەوە و وردبینی بە حساباتی شەش مانگی رابردووی نێوانیان دەکەن، بڕیاریشە تا ئەو لیژنە دەگەن بە ئەنجام، بەغداد مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت، بەڵام ڕوون نیە بەغداد پابەند دەبێت یان نا.
١٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٨٩ عەبدولرەحمان قاسملو لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر و دکتۆر فازڵ ڕەسوڵ لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا تیرۆرکران، کە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە خۆرھەڵاتی کوردستان لەو وڵاتە بوون.
عەبدولرەحمان قاسملو لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٠ لە شاری ورمێ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٤٥ دەستی بە کاری سیاسی کردووە و یەکێک بووە لەو سەرکردانەی پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆک مام جەلال ھەبووە و لە چەندین وێستگەی خەبات کاری پێکەوەییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە خۆرھەڵات و باشوری کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر ھەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین، یارمەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل دەدات.
ڕێکخراوی کەشناسی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پێی پێشبینییەکانیان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران بارین و ھەورەبروسکە و بای توند، بەشێک لە پارێزگاکانی باکور و باکوری خۆئاوا و باشوری وڵات دەگرێتەوە و ڕۆژی چوارشەممە و پێنجەشەمەش، پارێزگاکانی ورمێ، ئازەربایجانی خۆرھەڵات، ئەردەبیل، گوڵستان، گیلان، مازندەران، خۆراسانی باکور، بەرزاییەکانی سیستان و بەلوچستان، خۆرئاوای کرمان، ھۆرموزگان و پارێزگای فارس دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینەوە.
کەشناسی ئێران داواشی لە ھاوڵاتیانی ئەو پارێزگایانە کردووە، خۆیان بپارێزن لە نزیکبوونەوە لە ڕووبارەکان، چونکە مەترسی دروستبوونی لافاو لە ئارادایە.
"ئازاد محەمەد" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بودجەی پڕۆژەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە ھەموو قەزا و ناحیەکانەوە پەسەندکرا.
وتیشی، پێویستە حکومەت ھاوسەنگی بکات لە نێوان مووچە و دەوامی فەرمانبەران، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارێکیان بۆ کۆتایھێنان بە لێبڕینی مووچە پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی سنورەکانی دەپارێزێت و ئەو دوو شتە نابێت پێچەوانەی یەکتربن، بۆیە پێویستە یۆنان کۆتایی بە دەرکردنی پەنابەران لەناو سنورەکانی بھێنێت.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، شەپۆلی گەورەی پەنابەران ڕووی لە یۆنان کردووە کە زۆربەیان لە ترسی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا و ئەفغانستان و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا لە ڕێی ئەو وڵاتەوە، سنورەکان دەبەزێنن.
(ئیلھام ئەحمەد) سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، مەرجی پێشوەختیان بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا نیە بەڵام پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە.
بە پێی پڕۆژەکە دەبێت سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بمێنێتەوە و ھەسەدەش بە پێی میکانیزمێک ببێتە بەشێک لە سیستمی بەرگری سوریا و سوپا وەک دەزگایەکی نیشتمانی تاکە ھێزی چەکدار بێت و دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات.
وتیشی، ھۆکاری سەرنەگرتنی دانوستانەکانی ڕابردوو، حکومەتی دیمەشق لێی بەرپرسیارە، بەو پێیەی ئامادە نییە دان بە واقعی نوێ لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بنێت.
جەختیشیکردەوە، ئەنجومەنی سوریا ئامادەیە بە نێوەندگیری ڕووسیا دانوستان دەستپێبکاتەوە.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، وێڕای ڕاگەیاندنی ماتەمینی و سەرەخۆشی بۆ خێزان و کەسوکاری قوربانیان و تەواوی خەڵکی زیقار، لە ھەمانکاتدا دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە و ئەو کارەساتەی لە نەخۆشخانەی "ئیبن خەتیب" لە بەغداد ڕوویدا، نیشانەی خەمساردی لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری و خراپ بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و گەندەڵی، بە شێوەیەکی ئاشکرا ھەیە.
فراکسیۆنی یەکێتی ڕاشیگەیاند، پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بە تەواوی سیستمی تەندروستی و خزمەتگوزاری و سەلامەتی ھاوڵاتیاندا بکات و ئەوانەی لە پشتی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بوون لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات و ڕاپێچی دادگایان بکات.