
(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەسەر ووردەکاری گفتوگۆی ستراتیژی نێوان (بەغداد و واشنتۆن) رایگەیاند: تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا خاکی عێراق بەجێدەھڵن، وتیشی پەیوەندییەکانی نێوان (ئەمریکا و عێراق) پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و دەرفەتی گەورە لەبەردەم وەبەرھێنان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی دروست دەبێت .
(مستەفا کازمی) وتیشی" لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، ھەفتانە ٤٠٠ ھەزار ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر بە عێراق دەگاتە.
عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ھەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی سودمەندبوون لە یەکاکانی نیشتەجێبوون و قیستەکانیان بە دۆلارە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەک خاوەن پرۆژە نرخەکانیان کەمکردووەتەوە و ھەندێکی تریش بەھۆی ئەوەی زیان دەکەن لەو کەمکردنەوەیە تا ئێستا رەزامەندییان نەداوە.
وتیشی، "جگە لەوەش ژمارەیەک خاوەن پرۆژە رەزامەندییانداوە ئەو زیادەیەی بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار دەچێتە سەر قیستەکانیان بخرێتە دوای تەواو بوونی قیستەکان و ئەویش بە مانگانە بدرێتەوە، ژمارەیەک لە خاوەن پرۆژەکانیش تەنھا بۆ کڕیاری یەکەی نیشتەجێبوونەکە ھاوکاری دیاریکردووە و ھەر یەکەکەیەکی نیشتەجێبوون مامەڵەی پێوە کرابێت ھاوکارییەکە وەکو پێویست نەبووە".
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی راشیگەیاند، بەھۆی ئەوەی حکومەت نەیتوانیوە پێشتر ئەو پرسە بکاتە بڕیار ناتوانرێت فشار بکرێت و دەبوو بڕیاری حکومەت ھەبوایە.
ئەوەشی ئاشکراکرد، ھەر ھاووڵاتییەکی سود مەندبوو داواکاری بگەیەنێتە لامان ئێمە کاری جدی بۆ دەکەین و تاوەکو ئێستاش چەندین کەس سەردانیان کردووین و بەدواداچوونمان کردووە و ھاوکاری پێویست کراون.
کازمی دوێنێ گەیشتە واشنتۆن و خولی چوارەمی دانوستانە ستراتیژییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ بایدن چەندین پرس و پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات تاوتوێ بکات، گرنگترین تەوەریش تاوتوێی دەکەن، پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.
سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا لە کاتێکدایە رەوشی عێراق بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و زۆرێک لە لایەنەکان دژی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکان.
بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزیش، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت، بەڵام بە شێوازی جیاواز.
فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی پشکی ھەرێم بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عیراق تاوەکو کاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵییە، بەڵام ئەوەی کێشە دروستدەکات بۆ بەردەوامی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ مانگەکانی دیکە، نەبوونی رەزامەندی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵییە و بەپێی زانیارییەکان رێگری دروستدەکات و بەھۆی ئەوەی کورد کەسی نییە لەناو وەزارەتەکەش ناتوانرێت فشار بکرێت ئەم مانگەش بە ھەوڵی سەرۆک وەزیرانی عیراق پارەکە رەوانە کرا.
وتیشی، "چارەسەر کردنی ناردنی پشکی ھەرێم بە بەردەوامی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە فشارکردنی حکومەتی ھەرێمە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عیراق کە لە کۆتایی مانگی ئازار لە پەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر دراو ئەوەش لە بەرژوەندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و بەپێی یاساکە دەبێت ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ ملیار دیناری دیکە رەوانەی ھەرێم بکرێت بۆ مانگەکانی پێشتر".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ٨ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و لە سەعات شەشی بەیانی رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ چاودێریکردنی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی کاندیدەکان و ھەماھەنگیشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی شار و شارۆچکەکانی عێراق ھەیە، یاداشتی لێکتێگەیشتنیشیان لەگەڵ دەستەکانی راگەیاندن و پەیوەندیش ئیمزا کردووە، جەختیشیکردووەتەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەردەوامە.
بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گەمارۆی چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ئەھوازیان داوە و پشکنین بۆ ھەر کەسێکیش دەکەن بچێتە ئەو ناوچەیە، ھەر خۆپیشاندەرێکیش لەناو مۆبایلەکەیدا ڤیدیۆ و وێنەی خۆپیشاندانەکان ھەبێت، دەستگیری دەکەن.
ھاوکات ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گازی فرمێسکڕێژیان دژی خۆپیشاندەران لە شاری فەلاحیە لە ئەھواز بەکارھێناوە، کە دژی حکومەت ناڕەزایی دەردەبڕن.
زیاتر لە ١٠ رۆژە خۆپیشاندانەکان لە ئەھواز و چەندین ناوچەی تری ئێران بەردەوامە لە دژی قەیرانی ئاو، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێرانیش بەڵێنی دابوو بە کردنەوەی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە، ھۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئاویشی گەڕاندووەتەوە بۆ بەرزی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری پزیشکانی ئیندۆنیزیاوە بڵاویکردەوە، لەم مانگەدا ھەفتانە زیاتر لە ١٠٠ منداڵ لە ئیندۆنیزیا کە تەمەنیان لە پێنج ساڵ کەمتر بووە بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو زانیاریانەیە دەوترێت کۆرۆنا مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر منداڵان دروست ناکات.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، زۆرینەی منداڵەکان توشبون جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەم مانگەدا ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە ئیندۆنیزیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە و رۆژانە ئامارەکانی ئەو وڵاتە پێش ھندستان و بەرازیل کەوتووە، تەنھا لە ھەینیی رابردووشدا زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەس لەو وڵاتە توشی کۆرۆنا بوون و ھەزار و ٥٦٦ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستدا، حکومەتی ئیندۆنیزیاش بڕیاریداوە رێکارەکانی خۆپارێزی تا ٢ی ئاب درێژ بکاتەوە.
لەوبارەیەوە محسین شەمزینی بەرپرسی راگەیاندنی ھاتوچۆی سۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە لە سەر رێگەی قەزای چۆمان ناحیەی حاجی ئۆمەران لە سنووری باڵەکایەتی ئۆتۆمبێلێکی تویوتا کرۆلا تەکسی وەرگەڕا.
وتیشی، لە ئەنجامی رووداوەکە شۆفێرەکە گیانی لەدەستداوە و سێ سەرنشینیش بریندار بوون و ھۆکاری رووداوەکەش پابەند نەبوون بە یاساکانی ھاتوچۆ تیژڕەوی بووە.