دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، دۆسیەی گەندەڵی ٦٣ وەزیر و ٤٤٩ خاوەن پلەی تایبەت ڕەوانەی دادگا کراون، کە تێیدا دەیان ملیار دینار، لە موڵک و سامانی گشتی بە ھەدەر دراون و تۆمەتباران فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکانی (کارەبا و بازرگانی و پیشەسازی) زۆترین گەندەڵییان تێدا تۆمارکراوە و ٢٢٠ فەرمانبەری پلە تایبەت و بەڕێوەبەرانی گشتی لە دۆسیەکانی گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ھەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکان و ڕێکخستنەوەی کار و پلانەکانی وەزارەتی کار و کاروبارەکانی کۆمەڵایەتی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، دەبێت گەندەڵییەکانی پەیوەست بەھاتنی کارمەند و کرێکارانی بیانی و پێدانی ڤیزا و مۆڵەتی نیشتەجێ بوون بنبڕ بکرێن و سزای یاسایی توندی گەندەڵکاران بدرێت.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریدا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنرێت و ھەموو کارمەندان و کرێکارانی بیانی ھاتوو لە داتابەیسێکی تایبەتدا تۆمار بکرێن.
لە بارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش قوباد تاڵەبانی وتی، دەبێت کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت مافیان پارێزراو بێت و داتا و زانیاری تۆمارکراویش لای حکومەت ھەبێت، بڕیاریشدرا پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای کار و ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
"حەربی کەتۆ" بەڕێوەبەری تەکنۆلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ دروستکردنی کارتی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
وتیشی، ئەو کەسانەی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە و کارتەکەیان بۆ دروست دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ٧ بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ئەو کارتە بۆ ھاووڵاتیان دروست بکەن، ڕۆژی سێشەممەش ئەو پڕۆسەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەو کارتە ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەکات، و پێویست بە پشتگیری ڕەسمی وەزارەتی تەندروستی ناکات بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گەشت بکەن.
شاھۆ عوسمان قائیمقامی قەزای شارباژێر، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، سەعات شەشی بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگییەوە، سنووری گوندەکانی شێخڵمارێن و ڕەنگێنە و کانی خەیلان لە سنووری ناحیەی زەلان بۆردوومانکراون.
وتیشی، بۆردومانەکە زیانی گیانی و سووتانی پوشوپاوانی نەبووە، بەڵام یەک خانەباخ بەھۆی بۆردوومانەکەوە ڕووخاوە.
ھەروەھا زانا ڕەحمان قائیمقامی پێنجوێن بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، سەعات ٦:٢٠ دەقیقە بۆ سەعات ٦:٣٠ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە نزیک گوندەکانی ھۆمەرەسێنان و کانی میران و قزلجە و میران و وڵیاوا بۆردوومانکراوە و ئەو شوێنانەشی بۆردوومانکراوە تەنھا چەند سەد مەترێک لە ھاوڵاتیانەوە دووربووە. وتیشی، بۆردوومانەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
"ھەرێم کەمال ئاغا" ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران ئەو پڕۆژەیەی ئامادە کردووە، بەڵام ھێشتا ڕەوانەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.
وتیشی، ئەگەر ھێزێکی نوێ پێکبھێنرێت، تێچوویەکی ماددی زۆری دەوێت و لە ڕووی شوێنەوە ڕێکناخرێت و ئەرکێکی قورسی دەوێت، بۆچونێکی تریش ھەیە و دەڵێن، پێکھێنانی ھێزێکی نوێ لە ڕووی تەمەن و وزە کارێکی گونجاوە.
سەبارەت بە ھەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو ھێزە نوێیە پێکبھێنرێت بە پێی دەستوور لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستانیش ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.
"ڕەحیم عەبودی" سەرکردە لە ڕەوتی "حیکمە" ڕایگەیاند، بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا کۆبوونەوەیەکی سیاسی گرنگ لە نێوان سەرکردەی ھێزە سیاسییەکان و "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە تاوتوێ کردنی چارەنووسی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە ئایا لە وادەی خۆیدا لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، یاخود بۆ مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو دوابخرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە "کازمی" چەندین جار جەختی کردووەتەوە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا و "حسێن ھنداوی" ڕاوێژکاری "کازمی"ش بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان وتوویەتی، ھیچ نیەتێک بۆ دواخستنی پڕۆسەکە نییە.
عەلی ڕازی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، گفتۆگۆ تەکنیکیەکانیان لەگەڵ سوریا، لە چوارچێوەی گەرەنتی بەردانەوەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات بەردەوامن و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان عێراق و تورکیا و سوریا. وتیشی، لەسەر ھەمان بابەت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ئێران بەردەوامن.
جگە لە ئاوی دیجلە و فوڕات، عێراق چەندین سەرچاوەی تری بۆ دابینکردنی ئاو ھەیە، کە زۆرینەیان لە وڵاتانی دراوسێوە دەڕژێنە ناو عێراق.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ڕایانگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی ٧ ھەڵوێستی یەکگرتووی خۆیان بەرامبەر بزووتنەوەی "تاڵیبان" یەکلابکەنەوە، بە سەپاندنی سزا یاخود دانپیانان بە بزووتنەوەکەدا.
ھاوکات ئەو وادەیەش تاوتوێ دەکەن کە لەلایەن "جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکاوە دیاری کراوە بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ئەگەری نیشتەجێکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستان.
وڵاتانی کۆمەڵەی ٧ لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و کەنەدا و ژاپۆن پێکدێن، لە ئەگەری دانپیانان بە بزووتنەوەکەشدا، ئەوا ڕێگە دەدرێت بە گەیاندنی ھاوکاری وڵاتانی دەرەوە بۆ بزووتنەوەکە.
"نێد پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، "واشنتۆن" لەگەڵ "تاڵیبان" لە پەیوەندیدایە، بەڵام ئەوە پەیوەندییەکی ڕەسمی نییە و متمانەیان نییە.
"عومەر چەلیک" وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند، تورکیا ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر سەبارەت بە ئەمنییەتی سەربازانی تورکیا لە ئەفغانستان.
وتیشی تورکیا توانای وەرگرتنی ئاوارە و کۆچبەری نوێی نییە، بە تایبەت لە دوای پێشھاتەکانی "ئەفغانستان"ەوە.
پێشتریش تورکیا ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاوارەی وڵاتی ئەفغانستان، دیوارێک بە درێژایی ٦٤ کیلۆمەتر لەسەر سنور دروست دەکەن.
وتیشی، ڕۆژانە لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و ئەمنییەکانەوە گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان دەکەن، ھاوکات لە گفتوگۆی چڕدان لەگەڵ ھاوپەیمان و ھاوبەشەکانیان دەربارەی گواستنەوەکان و بەرەوپێشچوونە بەدەستھاتووەکان.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی تورکیا، تا ئێستا ڕێژەی لە ٧٤.٦٢٪ ی ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە ژەمێکی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ڕێژەی ئەو کەسانەش کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ٥٧.٥٪ .
کۆی گشتی ئەو کەسانەش کە تا ئێستا لە تورکیا ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە گەیشتووتە ٨٩ ملیۆن و ٦٥١ ھەزار و ١٥٧ کەس.
سەرۆکایەتی تونس لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "قەیس سەعید" بڕیاریداوە ھەڵپەساردنی کارەکانی پەرلەمان و نەھێشتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامەکانی بۆ کاتێکی نادیار درێژ بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مانگێک لەمەوبەر حکومەتەکەی "ھشام مەشیشی" ھەڵوەشاندەوە و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەو ھەنگاوەیان بە کودەتا وەسف کرد.
"قەیس سەعید" ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڕێکارانەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیەتی کە دەستوری تونس ڕێگەیپێداوە و بە گرنگیان دەزانێت بۆ ڕێگری کردن لە کەوتنی وڵاتەکەی.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئاسۆس لە ھەرێمی کوردستان، ٢٠ ھێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە و ٢٨ پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"یان لەناوبردووە، زیاتر لە ٢٠ فڕۆکەش بەشداری ھەڵمەتەکەیان کردووە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، دژی پەکەکە دەستیپێکردووە.
"ئیفگینی ینین" جێگری وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، فڕۆکەکە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە ڕفێندراوە کە چەند سەرنشینێکی تێدابووە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە بە پێی زانیارییەکانیان ئەو فڕۆکەیە بەرەو ئێران براوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕاشیگەیاندووە تەواوی ھەفتەی ڕابردوو کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
خەتیب زادە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، تاران ھیچ جوڵە و پێشھاتێک بەدی ناکات لەلایەن ئەمریکاوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لێپرسراوانی ئەمریکا ھەمان سیاسەتی ئیدارەی پێشوو پەیڕەو دەکەن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ھەر بۆیە لە ئێستادا کات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ گونجاو نییە.
لەلایەکی تریشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بە گۆڕانی حکومەت، سیاسەتی تاران و ھەڵوێستەکانی لە دانوستانەکانی ڤییەننا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی گۆرانکاری بەسەردا نایەت.
"ئەحمەد سەحاف" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتەکە ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ ھاوکاریکردنی ئەو عێراقیانەی لە لیتوانیا و لاتیڤیا گیریان خواردووە و ئەولەویەتی کارەکانیشیان بۆ ئەو مەبەستە ئەوەیە کە ئەو عێراقیانە بە خواستی خۆیان بگەرێنەوە و ھاوکاری مرۆییان پێشکەش دەکرێت و پاسپۆرتیان پێ دەدرێت. ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە بۆ بەھاناوەچوونی کۆچبەرە عێراقییەکان ھەماھەنگییەکی باشیان لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو دوو وڵاتەدا ھەیە.