سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاڕاستەی هاووڵاتییان و شۆفێران کرد، سەبارەت بە داخرانی کاتیی بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری چاکسازی و رێکخستنەوەی جووڵەی هاتوچۆ.
بەپێی ئاگادارییەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 25ـی ئاب، بەشێوەیەکی کاتی شەقامی سەرەکیی نێوان تەلاری هونەر و باخچەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ گەڕەکی بەختیاری، بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێت.
مەبەست لەم بەربەستکردنە کاتییە، کارکردنی خێرایە لە یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر و چارەسەرکردنی تۆڕێکی ئاوەڕۆ لەو سنوورەدا.
شارەوانیی سلێمانی رێگا جێگرەوەکانی بۆ شۆفێران دیاریکردووە و دەڵێت:
بۆ گەیشتن بە گەڕەکی بەختیاری؛ بەکارهێنانی شەقامی خوار تەلاری هونەر وەک رێگای جێگرەوە.
لە گەڕەکی بەختیارییەوە بەرەو شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود؛ بەکارهێنانی ئەو شەقامە جێگرەوەیەی لە هێڵکاریی نەخشەی دیاریکراودا دەستنیشان کراوە.
هاوکات، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات هاوکار و هەماهەنگی تیمەکانیان بن تاوەکو تەواوبوونی سەرجەم کار و چاکسازییەکان لە ناوچەکەدا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارییەک ئاڕاستەی تەواوی دوکاندار و سەرجەم ئەو بنکانە کرد کە کار لەسەر پڕکردنەوەی باڵانس و فرۆشتنی کارتی یاری و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن لە سنوورەکەدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی گەرمیان، تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە فرۆشتن و زیاکردنی باڵانس بۆ یاری و بەرنامەکانی وەک (Roblox، PUBG، PlayStation، TikTok، Minecraft، Domino) و تەواوی ئەپەکانی تر بۆ منداڵان و مێردمنداڵان، بەبێ رەزامەندی و ئامادەبوونی راستەوخۆی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار قەدەغەیە.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، "هەر دوکاندارێک بێ ئاگاداری و رەزامەندی سەرپەرشتیاری یاسایی پارە بۆ هەژماری منداڵێک زیاد بکات، لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەکرێتەوە."
مەبەست لە دەرکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
پاراستنی منداڵان: رێگری لە خەرجکردنی ناپێویست و بێسەروبەری دارایی.
کەمکردنەوەی کێشەکان: بنبڕکردنی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی نێوان هاووڵاتییان.
کۆنتڕۆڵکردنی ئاراستەی دارایی: رێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروستی پارە.
پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم کاسبکارانی سنوورەکە دەکات بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان بن، بۆ ئەوەی تووشی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نەبنەوە.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیاتر لە 30 ئیمزا كراوەتەوە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆڕتی عیراقی بۆ 25 هەزار دینار، كە لە ئێستادا تێچووەكەی دەگاتە بڕی 91 هەزار دینار.
ئیبتیسام هیلالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە 30 ئیمزایان كۆ كردووەتەوە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرتی عیراقی بۆ 25 هەزار، كە لەئێستادا تێچووەكەی بە سەرجەم رسومات و رێوشوێنەكانە دەگاتە بڕی 91 هەزار دینار و ئەوەش پێچەوانەی یاسای پاسپوڕتە.
ئەوەشی خستەڕو، ئیمزاكان بە رەسمی پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت بە ئامانجی زیادكردنی بۆ كارنامەی دانیشتنێكی ئەنجومەنەكە و تاوتوێكردنی، لە ئەگەری پەسەندكردنی ئەو پێشنیازەش ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازەكە پێشكەشی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دەكات بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە كارگێڕی و یاساییەكانی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پاسپۆڕتی عیراقی ریزبەندی سێیەمی گرتووە لەنێو لاوازترین پاسپۆڕتەكانی جیهان و هەڵگری پاسپۆڕتەكە تەنها دەتوانێت سەردانی 28 وڵات بكات بەبێ وەرگرتنی ڤیزە.
دەم پارتی هۆشداری دەدات لە بڵاوبونەوەی هەندێك دەنگۆ لەسەر كۆبونەوەكانی ئۆجەلان و دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە بۆ مەبەستی سیاسی و پەكخستنی ئاشتییە.
وەفدی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاند: لە هەندێك میدیا و شۆشیال میدیا، هەواڵی چەواشەكاری سەبارەت بە كۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاودەكرێنەوە، سەرچاوەكەیان نادیارە و بە مەبەستی سیاسی دەستكاری كراون.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئەو هەواڵانە هەندێكیان زانیاری ناراستیان بۆ زیادكراوە، هەندێكی تریان بە ئامانجی چەواشەكردنی رای گشتی و تێكدانی پرۆسەی ئاشتییە، هەروەها جوڵەیەكی مەترسیدارە بۆ پەكخستنی هەوڵەكانی ئۆجەلان.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، دەبێت تەنیا بڕوا بەو بەڵگە و تێبینی و زانیارییانە بكرێت، لەلایەن وەفدی ئیمراڵی، یان لەلایەن ئەو پارێزەرانەوەبن كە لەگەڵ ئۆجەلان كۆدەبنەوە و بنەمایەكی رەسمییان هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی رایگەیاندن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی تری لەبەرانبەردا نییە جگە لە گوفتوگۆکردن بە زمانی رێزگرتن و دۆزینەوەی چارەسەرێک لەسەر بنەمای "دادپەروەری و سەربەرزی".
عراقچی ئاماژەی بەوەشکرد: گوشارە ئابوورییەکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا دووبارەبوونەوەی سیاسەتەکانی پێشوون کە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا شکستیان هێناوە.
جەختیشی کردەوە: واشنتۆن رێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران نادۆزێتەوە جگە لە دیالۆگی بونیادنراو لەسەر رێز.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد؛ ئێران لە گەمارۆی ئابووری ناترسێت و هەموو لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئەمریکا دەبێت رێز لە سەروەریی نیشتمانی بگرێت.
هەروەها گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی سزاکان بە نیشانەی دەستەوسانی لە خستنەڕووی چارەسەری نوێ ناوبرد و رایگەیاند: ئامانجە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکا وەک رابردوو تووشی شکست دەبنەوە.
رەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری کەلەپووری کلتوری و گەشتوگوزاری ئێران، رایگەیاند؛ بەهۆی جەنگەوە 149 شوێنەواری مێژوویی لە وڵاتەکەیدا زیانیان بەرکەوتووە، کە پێنجیان لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یوونسکۆدان.
ساڵحی ئەمیری لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی گەشتوگوزاری وڵاتانی برێکس لە هیندستان ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی زیانەکان لە نێوان 10% بۆ 90%بووە و زیانە ئابوورییەکانیش بە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێن.
ناوبراو وتیشی کە تاران سکاڵایەکی پێشکەشی یوونسکۆ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان کردووە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی شوێنەوارە کلتورییەکان و داوای سەرکۆنەکردنی ئهو تاوانانەی کرد، جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەیان دوای کۆتاییهاتنی جەنگ دەستپێدەکات.
وەزارەتی کارەبا سەبارەی بە داشکاندن بۆ قەرزی پێش پڕۆژەی رونکای راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت کەمتر لە 20 رۆژی ماوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاندووە: سەبارەت بەو پرسیارانەی دەربارەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبای پێش روناکی بڵاوبوونەتەوە، ئەم داشکاندنە تەنها بۆ قەرزی پێش پڕۆژەی روناکییە و پسوڵەی مانگانەی کارەبای روناکی ناگرێتەوە، جێگای باسە کە قەرزی کۆنی پێش روناکی ئەو قەرزانە دەگرێتەوە کە هاوبەشانی کارەبا لەسەریان مابوو پێش ئەوەی پرۆژەی روناکی بگات بە ناوچەکانییان.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەداوە: لەئێستادا پسوڵەی مانگانەی روناکی هیچ داشکاندنێکی لەسەر نییە و دەبێت لەماوەی 50 رۆژ لەدوای دەرچوونی پسوولەکە بدرێت بەشێوەیەکی ئاسایی.
وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە، داشکاندنی سەر قەرزی کۆنی پێش روناکی کەمتر لە 20 رۆژی ماوه، وەزارەتی کارەبا هانی هاوبەشانی کارەبا دەدات لەوەی قەرزە کۆنەکانییان بدەنەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی حەوتی ساڵی 2026 خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) سەرجەم رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواو کردووە و بڕیارە رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە بکرێت.
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، رەشنووسی لێكتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن باشترین رێگەیە بۆ رزگاربوونی تاران لە جەنگ.
مەسعود بزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە وتارێكدا جەختی كردەوە: ئەم رێككەوتنە لە سەر بنەمای شكۆ و بەرژەوەندیی نیشتمانی داڕژراوە و هیچ ئیمتیازێكی تێدا نەدراوە، راشیگەیاند: رابەری باڵا سیاسەتەكان دیاری دەكات و ئەوانیش پێوەی پابەند دەبن.
ئاماژەی بەوە كرد كە وڵاتەكەی لە دۆخێكی ئابووریی سەختدایە و دەبێت مەترسییەكان لابرێن تاوەكو وەبەرهێنانی بیانی رابكێشن.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە مۆڵەتی 60 رۆژیی دانوستانەكان كۆتایی هاتووە و ئەمریكاش گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەكانی ئێرانی توندتر كردووەتەوە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق ئاگادارییەکی هۆشیاریی بڵاوکردەوە و تێیدا هاوڵاتیانی لە مەترسییەکانی مامەڵەکردن بە دراوی دیجیتاڵی و سەرمایەی گریمانەیی ئاگادارکردەوە، بەهۆی ئەوەی لێکەوتەی دارایی و یاسایی قورسی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەکۆ و لایەنە نەناسراو یان بێ مۆڵەتەکاندا.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونی کردەوە: مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان لە عیراقدا بەپێی رێنمایی و بڕیارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکدەخرێت، و جەختی کردەوە کە نابێت وابیربکرێتەوە مامەڵەکردن، ریکلامکردن یان ئاسانکاریکردن بۆ ئەم دراوانە بە شێوەیەکی رەها رێگەپێدراوە.
هاوكات داوای لە هاووڵاتیان کرد: لە هەر مامەڵەیەک کە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان بێت دووربکەونەوە و پێش ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەک لە رێگەی لایەنە رەسمییەکانەوە لە رەوشی یاساییەکەی بکۆڵنەوە.
لە کۆتاییدا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان هۆشداریی دایە هاووڵاتیان کە نەکەونە داوی ریکلامەکان و بەڵێنی قازانجی خێرا و سەرمایەگوزاریی مەترسیدار، و جەختی کردەوە لەسەر قەدەغەی ناردنی پاره بۆ لایەنی مۆڵەتنەدراو یان بەشکردنی زانیارییەکانی بانک، وشەی تێپەڕ بوون و کۆدی پشتڕاستکردنەوە لەگەڵ هیچ کەسێکدا.
كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەبەوەكردووە، ئەمڕۆ یەكشەمە دادگای رەسافەی بەغداد، فەرمانێكی سالاری دەركرد، بڕیارەكانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقی دژ بە كۆمپانیای كۆڕەك تیلكۆم بەشێوەیەكی كاتیی راگرت، تاوەكو ئەو دۆسیە بەرەسمی لە دادگای یەكلادەبێتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق رایگەیاندبوو رێكارەكانی راگرتنی كۆرەك تیلیكۆم دەچێتە بواری جیچبەجێكردنەوە.
پیشتریش، بەلیغ ئەبو كەلەل، سەرۆكی جێبەجێكاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق رایگەیاندبوو، كێشەی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كێشەیەكی یاسایی و تەكنیكییە، باسی لەوەشكرد، ماوەی هەشت مانگ مۆڵەتیان داوەتە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، بەڵام ئەو كۆمپانیایە كێشەكانی چارەسەر نەكردووە.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، رایگەیاند؛ پێشبینی دەکەن بەم زووانە دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە رێککەوتنێکی ئەمنی دەستپێبکەنەوە.
شەیبانی ئاماژەی بەوەشکرد: پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕابوون دوای ئەوەی لە 18ی ئابدا هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەبو ئەلزهور". جەختیشی کردەوە: لە ئێستادا سوریا متمنانەی بە ئیسرائیل نییە و لە پێشینەی کارەکانیان راگرتنی هێرشەکانیەتی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی سوریا باسی لەوەشکرد: سوریا دەستی ئاشتی و دیپلۆماسی درێژ دەکات و پێویستە ئیسرائیل ئەم دەرفەتە مێژووییە بقۆزێتەوە، چونکە ئیسرائیل هەوڵیدا لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە ئاسایشی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا سەرکەوتوو نەبوو.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پڕۆژەی 'جین بانک' دەڵێت، "یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە نیشتمانییەکانی کوردستان و عیراق، خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ ئەم پرۆژە گرنگە نیشتمانییەمان لە سلێمانی کردەوە".
جین بانک یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە نیشتمانییەکانی کوردستان و عیراق، کە جگە لەوەی هەموو جۆرە رووەکێکی کوردستان و ناوچەکە لە مەترسی لەناوچوون دەپارێزێت، کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەی نوێی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات و سەدان هەلی کاریش بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دابین دەکات.
خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ ئەم پرۆژە گرنگە نیشتمانییەمان لە سلێمانی کردەوە. سوپاس بۆ هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی فاو و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەڕیتانی بڵاویکردەوە، ماوەی چوار رۆژە بەهۆی هێرشە سایبەرییەکانی ئێران بۆسەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای بەریتانیا، وێستگەکەی لەکارخستووە.
لێپرسراوانی لەندەن ئاماژەیان بەوە كردوە، بەهۆی هێرشەكەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ وێستگەكە پەكیكەتووە و ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی سایبەریش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.
هاوكات، ئیسرائیل ئاشكرایكرد كە هێرشە سایبەرییەكانی تاران بۆ سەریان زیادی كردووە و لە مانگی شەشدا، چوار هەزار و 800 هێرشیان تۆمار كردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ ئەوەندە زیادیكردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، هێرشی هاوشێوە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا و فینلەنداش تۆماركراون و وەك وەڵامێكی ئەلیكترۆنی بۆ ململانێیە سەربازییەكانی ناوچەكە دەبینرێن.
كەشناسی عیراق پێشبینی دەكات پلەكانی گەرما تا كۆتایی ئەم هەفەتەیە بە بەرزی بمێننەوە بەڵام كاریگەری شەپۆلەكە لەسەر هەرێم كەمتر دەبێت.
دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاند، پێشبینی دەكەن بەرزیی پلەكانی گەرما بە لانی كەمەوە تا پێنج رۆژی تریش بەردەوام بێت بەڵام كاریگەرییەكەی لەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كەمتر دەبێت.
لەبارەی كەشی رۆژی دووشەممەشەوە ئاماژە بەوە كراوە ، لە بەشێكی ناوچەكانی هەرێم ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و كەشوهەوای ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقیش بە گشتی ساماڵ دەبێت، هەروەها بەهۆی خێرایی باوە خۆڵبارینێكی كەم باشووری وڵاتەكە دەگرێتەوە.
لەبارەی پلەكانی گەرماشەوە رایگەیاند، پێشبینی دەكەن پلەكانی گەرما بۆ سبەی لە سلێمانی 43 پلە و هەولێر 44 پلە و دهۆك 41 پلە و هەریەك لە كەركووك و واست و میسان 48 پلە بێت، هاوكات بەسرەش بە 49 پلەی سیلیزی بە گەرمترین پارێزگای عیراق دەمێنێتەوە.