(زۆر تەنیا بووم لەبەرئەوە سیسرکێکم کردە هاوڕێم) بەم رستە جیاوازە، سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن پەردەی لەسەر ژیانی تەنهایی خۆی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لادا.
لە تەمەنی 65ساڵیدا و لە جەرگەی فشاری کارە بەردەوامەکانیدا، تاکایچی ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کۆشکەکە سیسرکێکیان لە ژوورەکەی دوورخستووەتەوە، هەستی بە کەمێک تەنهایی و خەمباری کردووە، چونکە پێی وابووە ئەو مێرووە رەنگە بەشێک بێت لە خولی گەڕانەوەی رۆح.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بەهۆی خشتەی کارە چڕەکانییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە؛ لەوانەش ئامادەبوونی لە سەعات 3ی بەرەبەیاندا لە نوسینگەکەی بۆ ئامادەکاریی دانیشتنەکانی پەرلەمان، کە ناچاری کردبوو یاریدەدەرەکانیشی لەو کاتەدا کۆبکاتەوە.
تاکایچی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «X» روونیکردەوە کە هەوڵ دەدات لە رۆژانی پشوو و بەیانیانی زوو یان درەنگانی شەودا، تەنها بۆ کارێکی زۆر پێویست لە کۆشکی رەسمی بچێتە دەرەوە، تا بارگرانی دروست نەکات لەسەر تیمی پاراستنی ئاسایشی تایبەتی (SP).
کۆشکی رەسمیی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کە بینایەکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1929 دەگەڕێتەوە، پێشتر لەلایەن چەندین سەرۆک وەزیرانی پێشووەوە بەوە باسی لێوە کرابوو کە جنۆکەی ێدایە، بەڵام تاکایچی ئاماژەی بەوە کرد هیچ جنۆکەیەکی نەدیوە و تەنها بوونی سیسرکەکان لە بیناکەدا تووشی سەرسوڕمانی کردووە.
لە یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد درودی خودای لێبێت، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانان دەکات.
دەقی پەیامەکە
لە یادی لە دایكبوونی پەیامبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد درودی خودای لێبێت ، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانان دەكەین .
لەم یادە پیرۆزەدا نزا دەكەین یەزدانی مەزن دەرگای خێر و ئاشتی بەسەر ناوچەكە و نیشتمانەكەماندا بكاتەوە و ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی پتەوكردنی گیانی برایەتی و خزمەتكردنی باشتركردنی گەلەكەمان و هەموان نزا و گشت سروتە ئایینیەكان بە شادی بكەنەوە
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات بودجەی تایبەت بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكە تەرخان بكات.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای كردووە، داوایەكی رەسمییان ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران كردووە تا لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیدا بڕە پارەی پێویست بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشكەوتوو لە وڵاتانی روسیا، چین و كۆریای باشوور تەرخان بكرێت.
دەشڵێت، ئامانج لەو هەنگاوە، پاراستنی ئاسمان و سەروەریی عیراقە و ئەو داوایەش لە كاتێكدایە كە سیستمی بەرگریی ئێستای عیراق سنوردارە و نەیتوانیوە رێگری لە پێشێلكردنی ئاسمانی عیراق بگیرێت لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوە.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوەی وڵات و سەرۆكی دەستەی فیدراڵیی هاریكاریی سەربازی و تەكنیكیی روسیا كۆبوویەوە و دۆسیەی ئامادەكارییەكان بۆ كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەهێزكردنی توانای سەربازی و هەواڵگریی هێزە ئەمنییەكان، و پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ كران.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا بە زمانی ئینگلیزی و لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پۆستەرێکەوە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و سەرنجی بۆ دۆخی هەژاری و برسییەتی لەناو ویلایەتە یەکگرتووەکاندا راکێشا.
قالیباف لە پۆستەرەکەیدا دەستکاریی دروشمە ناسراوەکەی ترەمپی کردووە بۆ (ئەمریکا دووبارە برسی بکەنەوە!)، هاوکات ئاماری لەسەر دۆخی ناوخۆی ئەمریکا خستووەتەڕوو: 47 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی لە هەر 8 کەسێک یەکێکیان رۆژانە رووبەڕووی کێشەی برسییەتی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە 16 ملیۆن منداڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا رۆژانە بە برسییەتی دەمێننەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئامارانە پێچەوانەی قسەکانی بەرپرسانی واشنتۆن ساختە نین و ئاماژەی بەوەش کرد: ناکرێت شکستەکان لە رێگەی بانگەشەی درۆینەوە بشاردرێنەوە.
بەهۆی جەنگی ئێران و كەمیی هێزەكانی ئەمریكا، واشنتۆن بڕیاری دا مانۆڕە سەربازییەكانی لەگەڵ كۆریای باشور هەڵوەشێنێتەوە.
هێزی دەریایی كۆریای باشور رایگەیاند: ئەمریكا بە رەسمی ئاگاداری كردوونەتەوە كە ناتوانن لە مانگی ئەیلولدا مانۆڕی هاوبەش ئەنجام بدەن، چونكە زۆربەی هێزەكانیان بە جەنگی ئێرانەوە سەرقاڵن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، پێشتر فەرمانی كەمكردنەوەی مەشقی سەربازیی وڵاتەكەی لە ناوچەكەدا دەركردبوو، وەك سزایەك بۆ كۆریای باشوور كە ئامادە نەبووە بەشداریی جەنگی دژی تاران بكات.
سەرەڕای ئەم بڕیارە، كۆریای باكوور هەفتەی رابردوو 10 موشەكی بالیستیی كورت مەودای تاقی كردەوە و وەك هۆشدارییەك دژی هەر جۆرە هەماهەنگییەكی سەربازی و سەركۆنەی مانۆڕەكانی واشنتۆن و سیئۆلی كرد.
سوپاسالاری پاکستان بە مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا و بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بە یاوەری موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی گەیشتە تاران. بەپێی راگەیەندراوی سوپای پاکستان، سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسلام ئابادە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگاداری بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو عاسم مونیر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنتۆن داوای لە ئیسلام ئاباد کردووە هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆ راکێشانی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان.
پاکستان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نێوەندگیری نێوان واشنتۆن و تاران، و پێشتریش لە مانگی حوزەیراندا هاوکار بوو لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک پێش ئەوەی دانوستانەکان تووشی ئاڵۆزی ببنەوە، سەرچاوەیەکی پاکستانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "قەیرانی متمانە لە نێوان هەردوولادا هەیە و سەردانەکەی فەرماندەی سوپای پاکستان ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بێمتمانەیی و خستنەوەگەڕی رێڕەوی دانوستانەکانە."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەی سێشەممە، وەزیری دەرەوەی عومان بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە تاران، تاوەكو لەگەڵ عەباس عراقچی دوایین پێشهاتەكانی گەرووی هورمز و ئاسایشی كەشتیوانی تاوتوێ بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان، بۆ تەواوكردنی راوێژەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگاتە تاران.
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا رێڕەوێكی نهێنیی دەریایی لە باشوری گەروی هورمز دروست كردووە بۆ پاراستنی كەشتییە نەوت هەڵگرەكان.
هاوكات بڕیارە ئەمرۆ وەفدێكی باڵای پاكستان بە سەرۆكایەتیی عاسم مونیر فەرماندەی سوپای وڵاتەكە بۆ هەمان مەبەست بگاتە تاران.
هێزێكی ئەمنی لە بەغداد ئەندامێكی دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی و سێ ئەندامی تریان دەستگیركرد.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنی یەكێك لە ئەندامانی دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەكرەم ئەبو جەعفەر دەستگیركردووە، بەبێ ئەوەی هۆكاری دەستگیركردنەكەی روون بكرێتەوە.
هاوكات لە هەمان پرۆسەدا، هێزە ئەمنییەكان سێ ئەندامی تری سەر بەحەشدی شەعبییان لە ناوچەی بەلەدیات لە رۆژهەڵاتی بەغداد دەستگیركردووە، هۆكاری دەستگیركردنی ئەوانیش نەخراوەتەڕوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، راگەیەنراوێکی لەبارەی دروستبوونی پشێوی لە سنوری قەزای خەبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستیان لە تێکدانی ئارامیدا هەبووە دەستگیرکراون.
لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، شەوی رابردوو، چەند کەسێک لە گوندی "گردەڕەشە"ی سنوری قەزای خەبات پشێوی و نائارامییان دروستکردووە، بۆ پاراستنی ئاسایش و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە سەروماڵی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە.
ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمانی دادوەر سەرجەم ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی پشێوییەکەدا هەبووە راگیراون و دەستگیرکراون، رێکاری یاساییش بەرانبەر هەر کەسێکی تر دەگیرێتەبەر کە بەشداری لە روداوەکدا کردبێت.
پۆلیسی هەولێر هۆشداریشیداوە، رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاسایش و ئارامی سنوورەکە تێکبدات و یاسا بەرانبەر سەرپێچیکاران جێبەجێ دەکرێت.
لە وتەیەکدا سالار مەحمود ئەندامی سەکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبوان، سوپاسی کردن بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگێشتەکەی ناوەندی دەرەوە، جەختی لە گرنگی رۆڵی رەوەندی کوردی کردەوە لە جۆشدانی خەباتی نیشتمانی و، پەرەپێدانی گیانی پێکەوە کارکردن بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی پڕ تێکۆشانی گەلەکەمان.
ئاماژەی بە پێویستی رێکخستنی کارو خەبات کردەوە بەهاوتەریبی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، سوپاسی تێکۆشانی رەوەندی کوردی کردەوە لە دەرەوەی وڵات کە کاریگەری زۆری لەسەر پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی هەبووەو هەیە، چالاکی و پێگەیان کاریگەری لەسەر یەکبوونی کورد لە دەرەوە و سڕینەوەی زیهنیەتی پارچەبون و دابەشبوون کردوە.
لەلای خۆشیەوە، عومەر شێخ موس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە خەبات و تێکۆشان و رۆڵی ژنانی کورد کردەوە لە خەباتی رزگاری نیشتمانیی گەلی کوردستان.
جەختی لە یەکخستنی تواناکان کردەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکان بەجۆرێک لەگەڵ میکانیزمەکانی ئەم قۆناغەی خەبات بگونجێنرێت.
دوای وتەکان، فیلمی دیکۆمێنتاری دادە کە گوزارشت بوو لە ژیان و مێژووی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە شاخ و شار نمایشکرا و ئامادەبووان بە گەرمی پێشوازیان لە رێوڕەسمەکە کرد.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان ساماڵ بۆ پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، هاوکات لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵێکی کەم هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما بە گشتی یەک بۆ دوو پلە روو لە نزمبوونەوە دەکەن، جگە لە ناوچەکانی گەرمیان کە بەرێژەیەکی کەم بەرزدەبنەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ سێشەممە، ئەوەشی خستەڕوو، ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش لە ئاستی تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆدا جێگیر دەبن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
پیرمام: 39 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە:43 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 43 پلەی سیلیزی
ئاکرێ:43 پلەی سیلیزی
گەرمیان:47 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران:35 پلەی سیلیزی
دوای گژییەكانی شەوی رابردووی گوندی گردەڕەشە، تا ئێستا هێزێكی زۆر لەو گوندە ماونەتەوە و رێگەنادەن كەس سەردانی ماڵی خورشید هەركی بكات.
پەیامنێری كوردسات نیوز لەسەر گرژییەكانی شەوی رابردووی گوندی گردەڕەشە رایگەیاند، عەشیرەتی هەركی لە گردبوونەوەیەكدا داوایان كردووە خورشید هەركی ئازاد بكرێت، بەڵام گردبوونەوەكە گرژی لێكەوتووەتەوە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هێزێكی زۆر رەوانەی گوندەكە كراوە و تا ئەمڕۆش هێزەكە لەناو گوندەكە ماونەتەوە و رێگەنادەن كەس سەردانی ماڵی خورشید هەركی بكات.
راشیگەیاند، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كەسایەتی ئاینی و كۆمەڵایەتی گوندەكە لە هەوڵدایە و بەڵێنیداوە كێشەكە چارەسەر بكات.
ئەو گرژییە دوای ئەوە دێت، خورشید هەركی لە زیندانەوە پەیامی ناردووە كە دادگا بەنیازە سزای قورس بەسەر خۆی و براكەیدا بسەپێنێت و دوای ئەو پەیامە هەركییەكان داوای ئازادكردنی دەكەن.
راوێژكاری ئەمنیی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایدەكات، پێشنیازیان بۆ ئێران و سعودیە كردووە ئەنجومەنێكی هەماهەنگیی هاوبەش دابمەزرێنن و جەختیش لەوە دەكاتەوە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ گروپە چەكدارەكان هێڵی سورە.
قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئەمنیی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێشنیازێكیان ئاڕاستەی ئێران و سعودیە كردووە بۆ ئەوەی ئەنجومەنێكی هەماهەنگیی هاوبەش دابمەزرێنن، وتیشی، ئەو دوو وڵاتە هیچ گرفتێكیان نییە جگە قەیرانی بێمتمانەیی بەرامبەر یەكتر.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عیراق بڕیارێكی ستراتیژیی داوە كە دەبێت چەك تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، وتیشی رێكەوتی 30ی ئەیلول بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەكان لە عیراق دیاریكراوە، نەك كۆتاییهاتنی مۆڵەتی دانانی چەكی گرووپە چەكدارەكان.
ئەعرەجی دڵنیاییشیدا، هیچ ئاژاوەیەكی سیاسیی لە ئاكامی ئەو بڕیارە دروست نابێت و رووبەڕووبوونەوەی چەكداریش لەگەڵ ئەو گرووپانە هێڵی سوورە، وتیشی، لە رێگەی گفتوگۆوە بەردەوامن و ئەنجامەكان تا ئێستا ئەرێنین.
راوێژكاری ئەمنیی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای 30ی ئەیلوول بەهێزتر دەبن.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، هێرشێکی دارایی بێپێشینە دەکەنە سەر ئێران بە مەبەستی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی تاران.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دەستپێکردنی هێرشێکی دارایی گەورە بۆ سەر ئێران رادەگەیەنن بە مەبەستی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە.
ئاشکراشیکرد، واشنتۆن هەنگاوەکان بۆ وشککردنی سەرچاوە ئابورییەکانی تاران دەستپێدەکات و هۆشداریشی دا بەو وڵاتانەی پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەیە کە رووبەڕووی فشاری دارایی دەبنەوە.
لە رووی سەربازییەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، وەڵامی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەبێت.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەشاندنی زەبرێکی کوشندەی لە ئابوری ئێران کردبوو، لە بەرانبەردا تاران وەڵامی توندی بەپێدانەوەی ئەو سزایانە دایەوە و هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی هاوکاری واشنتۆن دەکەن.
کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر، بە شێوەیەکی رەسمی سیستمی ڤیزەی ئۆنلاینی (COVA)ی راگەیاند، کە ئامانج لێی ئاسانکاریکردنە بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی دەیانەوێت گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کونسوڵخانەکە، لەمەودوا داواکاران دەتوانن لە رێگەی سیستمە نوێیەکەوە راستەوخۆ فۆڕمی ڤیزە بە شێوەی ئۆنلاین پڕبکەنەوە و بەڵگەنامە پێویستەکان هاوپێچ بکەن، بەبێ ئەوەی پێویست بە رۆتیناتی پێشوو بکات.
هاوکات، تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم سیستمە ئەوەیە کە رێگە بە گەشتیاران دەدات سات بە سات بەدواداچوون بۆ دۆخی داواکارییەکانیان بکەن تا کاتی وەرگرتنی ئەنجامەکەی.
کونسوڵخانەی چین لینکی رەسمیی سیستمەکەی خستووەتە روو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زانیاریی زیاتر وەربگرن و دەست بە پرۆسەی پێشکەشکردن بکەن: