زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم ولایەتەکانی ئەفغانیستان لە ژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندایە و شەرکردن لە ئەفغانیستان کۆتایی ھاتوە ئێستا کاتی بنیادنانەوەیە.
وتیشی، تورکیا و قەتەر ھاوکارمانن لە دووبارە کارکردنەوە لە فرۆکەخانەی کابول و داواکارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکارمان بێت لە دووبارە بنیادنانەوەی ئەفغانیستان.
ئەحمەد مەسعود فەرماندەی بەرگری نیشتمانی ئەفغانیستانیش کۆنترۆڵکردنی ولایەتی پەنجشیری لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبان پشتراستکردوە رایگەیاند، لەدوای بەجێھێشتنی پەنجشێر ئێستا لە شوێنێکی پارێزراوە.
ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە لەبارەی گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی لە چەند ساڵی رابردودا کاریان بۆ ئەڵمانیا کردووە لە ئەفغانستان و ھێشتا لەو وڵاتە ماونەتەوە، گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان بکەن.
پێشتریش زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی تاڵیبان داوای یارمەتی ماددی و دیپلۆماسی لە ئەڵمانیا کردبوو و رایگەیاندبوو، ئێستا خوازیاری دروستکردنی پەیوەندییەکی دیپلۆماسی بەھێز و پەرەپێدانی ھاوکارییە مرۆییەکانن لەگەڵ ئەڵمانیا.
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەکات و شەش پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەیان لە لیژنەکانیان رادەگەیەنن و دەبنە سەرۆک و ئەندامی لیژنەی تری پەرلەمان.
دواتر دەنگدان لەسەر چوار پێشنیاز و پڕۆژەیاسا دەکرێت، ئەوانیش پێشنیازەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکیی و پڕۆژەیاسای نیشان و مەدالیا و پڕۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازین، لەگەڵ پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان.
بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ شێروان تەھا و مەسعود شەنگالی و کارکەر عەباس و بەندەوار ئەیوب دادگایی بکرێن، بەڵام دادگای دووی ھەولێر بڕیاری دواخستنی دا.
وتیشی، قسەیان لەگەڵ دەستگیرکراوان کردووە و رەوشیان باش نییە، چونکە لە زیندان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەدوای ئاگادار کردنەوەیان لە بونی حاڵەتێکی کەمتەرخەمیی بەرامبەر ھاوڵاتییەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار، کە درەنگ نەشتەرگەریی و رێکاری پزیشکیی بۆ ئەنجامدراوە، بڕیاردرا لێکۆڵینەوە لەو دۆسییەیە بکرێت و خودی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان سەرپەرشتی بەدواداچونی دۆسیەکەی کرد.
تەندروستی گەرمیان ئاشکرایکردووە، پاش بەدواداچون دەرکەوت کەمتەرخەمیی ھەبوە بەرامبەر ئەو نەخۆشە و درەنگ بە دەمیەوە چوون و درەنگیش نەشتەرگەرییان بۆ کردوە، ھەربۆیە فەرمانی سزادان بۆ سێ فەرمانبەری نەخۆشخانەکە دەرکرا کە بەرپرس بوون لەو کەمتەرخەمییە.
تەندروستی گەرمیان داوای لێبوردن لەو ھاوڵاتییە و خێزانەکەی دەکات و دەڵێت، دڵنیایی دەدەین کە نەخۆشخانەکە و ستافەکەی بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان بە بەردەوامی لە ئەرکدان و رێگە بە کەموکورتیی و کەمتەرخەمیی نادەین و لەو رووەوە ھەموو لێپێچینەوەیەکی پێویست و یاسایی دەکەین.
سەدر لە تویتێکدا ھۆکاری پاشگەزبونەوەی لە بڕیاری بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونکردەوە و رایگەیاند، بەشداری نەکردنیان لە ھەڵبژاردن وەک بەکارھێنانی فیشەکێک دەبێت دژ بە چاکسازی، بۆیە بڕیاریانداوە لە رێی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەوە بەشدار بن لە پەرلەمان و حکومەتی داھاتوودا، لە پێشینەی کارەکانیشیان لە حکومەتدا چاکسازی دەبێت و لە پەرلەمانیش روبەروی گەندەڵی و گەندەڵکاران دەبنەوە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر بەشداری نەکردنی رەوتی سەدری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، کۆتاییەکانی مانگی ئاب پاشگەزبۆوە و بڕیاریدا بە بەشداریکردنی رەوتەکەی لەھەڵبژارندا .
محەمەد پاکپور فەرماندەی ھیزەی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، چەندین ساڵە گروپە نەیارەکانی ئێران، کەڵک لە خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچە سنورییەکانی ئێران وەردەگرن و چەند جارێکیش ھۆشداری دراوەتە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
وتیشی، پشگوێخستنی ئەو ھۆشداریانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردووڵات دەبێت و لە ئەگەری دوبارەبوونەوەی ھێرشەکان وەڵامی توندیان دەبێت.
فەرماندەی ھیزەی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران داواش لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ پاراستنی سەلامەتیان خۆیان لە بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەدوور بگرن.
ئەنوەر کەریمی بەڕێوبەری سەرچاوە ئاوییەکانی بانە بە ئاژانسی ھەواڵی مێھری راگەیاندووە، ئەمساڵ قەیرانی کەمئاوی و وشکەساڵی لە بانە جددییە و زۆربەی گوندەکان و گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکە روبەڕوی کەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی بێ بارانییەوە، ئاوی ناو بەنداوەکانی بانە بەرەوە تەواوبوون دەڕۆن و لەئێستادا ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە گەڕەکانی بانە، لەڕێی تانکەرەوە دابین دەکرێت.
دەشڵێت، تەنھا رێگەچارە بۆ کێشەی کەمئاوی، دەست پێوەگرتن و کەم بەکارھێنانی ئاوە، چونکە پێدەچێت لە سەرەتای وەرزی پایزدا ئاوی خواردنەوە لە بانە نەمێنێت.
ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک پەیەدە رایگەیاند، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا حەوت ناوچە لەخۆ دەگرێت کە سیستمی ھاوسەرۆکایەتی و پەرلەمانیان ھەیە، وتیشی، دەیانەوێت ئەو سیستمە فراوانتر بکەن بۆ ناوچەکانی دیکەی سوریا و ئەگەر خواستێکی بەھێز ھەبێت، دەتوانن لەرێی گفتوگۆوە سیستمێکی ھاوبەش پێکبھێنن.
لەبارەی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا و روسیا لە ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، ساڵح موسلیم رایگەیاند، ئەو وڵاتانە بەدوای بەرژوەندی خۆیانەوەن و لە کۆتاییدا دەبێت خەڵکی ئەو ناوچانە، خۆیان بڕیار لەسەر داھاتوویان بدەن.
دکتۆر دیار ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، ھەموو بنکەکانی تایبەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا راسپێردراون ئاسانکاری تەواو بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
وتیشی، ھەر توشبوویەکی کۆرۆنا پێویستی بە نەشتەرگەری ھەبێت، پێویست ناکات لەمەودوا رەوانەی دەرەوەی سنوری ئیدارەی راپەڕین بکرێت، چونکە ھۆڵێکی تایبەت بە نەشتەرگەری ئامادە دەکەن بۆ ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە پێویستیان بە نەشتەرگەری ھەیە.