مێژووی ڕووداوەکە بۆ ساڵانی نێوان ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ دەگەڕێتەوە و تێیدا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مرۆڤ بوونە قوربانی، بەڵام تورکیا گێڕانەوەیەکی دیکەی بۆ ڕووداوەکە ھەیە و باس لەوە دەکات ئەو کات ئەرمەنەکان دەستیان لەگەڵ ڕووسیای نەیاری دەوڵەتی عوسمانیدا تیکەڵکردووە، بۆیە بڕیار دراوە ئەرمەنەکان لە ناوچەکانی جەنگ دووربخرێنەوە، و لە کاتی ڕاگواستنیشیاندا بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، ژمارەیەکیان کە بە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکەن، بوونەتە قوربانی.
موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، چەند لایەنێک لە ڕێی پشتیوانیکردنی میلیشیاکان بە ئامانجی خراپبوونی ڕەوشی ئەمنیی، دەیانەوێت ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دوابخرێت یان ھەڵبوەشێنرێتەوە.
وتیشی، بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کاریگەری لەسەر مانەوەی ئەو ھێزانە لە عێراقدا دەبێت.
موقتەدا سەدر داواشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردووە، کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا، بکەن.
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ٤٧ ساڵ لەمەوبەر شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و زانکۆی سلێمانی لە لایەن فڕۆکە مەرگچێنەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی (ناپاڵم) بۆمباباران کران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاعی قەڵادزێ و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو شەھید و برینداربوون، دواتر لە ھەشتەمین ساڵیادی بۆردوومانەکەشدا خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەرییان ئەنجامدرا و لەلایەن ئەمن و ئیستخباراتەکانی بەعسەوە بە گولـلە وەڵامدرانەوە و لە ئەنجامدا دوو ژنی قارەمان شەھیدبوون و دەیانی تریش برینداربوون و سەدان کەسیش زیندانی کران.
لاھور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ١٩٨٩ش لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵکی قەڵادزێی دوو جار شەھید بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاکان لە ھەولێر و سلێمانی، دواتر بە پیلانی بەعس و بێبەزەییانە شارەکەیان کاول و وێران کرا و لەگەڵ زەویدا یەکسان کرا.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لەناوچوو ھاوشێوەی تاوانەکانی تری ئەنفال و کیمیایبارانکردن بوو کە لە چوارچێوەی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا تەنھا لەبەر ئەوەی ناسنامەی کوردبوونیان ھەڵگرتبوو.
جەختیشیکردووەتەوە، یەکێتیی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن، داواکارن حکومەتی عێراقیش قەرەبووی مادی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بەو ناوچەیە بکەن.
چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان بەرزتربووەتەوە و لە ئێستادا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ ٦٥٠ دینار و لیترێک بەنزینی موحەسەن ٧٠٠ دینار و لیترێک بەنزینی سوپەریش ٧٧٥ دینارە.
شۆفێرانیش نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، داوا دەکەن حکومەت ڕێگە لە زیادکردنی نرخی بەنزین بگرێت.
ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد، ڕایگەیاند، ھاوڵاتیانی عێراق بە سەرجەم پێکھاتەکانییەوە شایەنی ژیانێکی ئارامن، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی ھێرش و پەلاماری گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت، ئاشتی و ئارامی لە عێراق، سەقامگیر نابێت.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق داوای لە کوتلە سیاسییەکانیش کرد، پشتیوانی لە ھەوڵەکانی حکومەت بکەن بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی، لە عێراقدا.
تڕەمپ لە ڕاگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەختترین بارودۆخدا کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوری ناسیوە و خۆشی ویستوە، بەڵام ھیچ کات ڕێزی لە سەرۆکی کۆریای باشور نەگرتووە.
ئەو ڕاگەیاندنەی تڕەمپ دوای لێدوانێکی سەرۆکی کۆریای باشور دێت بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە تیایدا ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی تڕەمپ کردبوو.
سەرۆکی کۆریای باشور ئاماژەی بەوەکردووە، تڕەمپ شکستی ھێناوە لە داماڵینی نیمچە دورگەی کۆریا لە چەکی ئەتۆم.
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، لە مانگی حوزەیرانی داھاتوودا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەردانی بەریتانیا و بەلژیکا دەکات.
وتیشی، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و واشنتۆن لەلایەک و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی، تەوەرەی سەرەکیی یەکەمین گەشتی بایدن دەبێت بۆ دەرەوەی وڵات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماتکاریش، لە سەردانەکەیدا بۆ برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا، سەرۆکی ئەمریکا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای یەکێتی ئەوروپا، ئەنجام دەدات.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و بەڕێوەبەری گشتی ھاتووچۆ، چەند ڕێنماییەکی نوێ بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەرکراوە، بە پێی ڕێنماییەکان، ئۆتۆمبێلی بەکارھاتوو کە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دەبێت ژێرئاوکەوتوو و سوتاو و بڕاوە نەبێت و شاسیش بڕاوە یان لەحیمکراو نەبێت و ھەردوو ئێرباگی شوفێر و تەنیشتی شوفێر کار بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگە پێدراوە ١٠ مۆدێل کەمتر لە مۆدێلی ڕێگە پێدراو ھاوردە بکرێن، بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دیناریش وەک ڕسومات وەردەگیرێت، ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لیستی تەعریفەی ئۆتۆمبێلەکانی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراو دیاری دەکات.
بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران داوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە بۆ تاووتوێکردنی دوایین پێشھاتە ئەمنیی و سیاسییەکان، لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بڕیارە مستەفا کازمی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و ھێزی پێشمەرگەش کۆببێتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێشێلکارییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق و دانانی پلانێکی گونجاو بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی، لە وڵاتدا.
بەدر زیادی باسی لەوەشکردووە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەران، داوای کردووە ھەماھەنگیی تەواو لە نێوان فەرماندە ئەمنییەکان ھەبێت، بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریی ئەمنیی لە عێراقدا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەی خۆی و ھاوسەرەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن و لە پەیامێکی ھاوپێچی وێنەکاندا لە دوای خواستنی ھیوای لەشساغی بۆ ھاونیشتیمانیان، داوای لە ھاوڵاتیان کردووە کە دوودڵ نەبن لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و ژیانی خۆشەویستانیان بپارێزن.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، "با ئەرکی سەرشانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی قورستر نەکەین" .
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ٢٤ی ئەم مانگەوە تا ٣١ی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو، سوپای ئەو وڵاتە سێ ڕێگەی گرنگ لە دەریای ڕەش بە ڕووی کەشتی جەنگیی وڵاتانی بیانیی دادەخات، ڕوونیشیکردەوە، ڕێوشوێنە سەربازییە نوێیەکان، لە سنووری ئاویی ڕووسیا، دەگیرێنەبەر.
دوابەدوای بڕیارەکەی مۆسکۆش، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، نیگەرانییان لە ڕێوشوێنە سەربازییە نوێیەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش، دەربڕی.
سوپای ئەمریکاش ڕایگەیاند، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا، مانۆڕێکی سەربازیی گەورە، بە بەشداری کەشتی فڕۆکەھەڵگر و زیاتر لە ١٥ ھەزار سەرباز و ٢٤٠ فڕۆکەی جەنگیی، لە ویلایەتی ئالاسکا لە باکووری ئەو وڵاتە، بەڕێوەبچێت.
وتەبێژی ھەرێمی (نانگەھار)، ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ھێزی ئاسمانی ئەفغانستان، مۆڵگەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانیان لەو ھەرێمە بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە ٣١ چەکداری تاڵیبان کوژراون و ١٣ی تریش بریندار بوون. ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لە کوژراوەکان، فەرماندەیەکی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبانە.
لەلایەکی تریشەوە بەھۆی تەقینەوەی دوو بۆمب لە ھەردوو ھەرێمی (غەزنی و قەندەھار)، ٧ ھاوڵاتی کوژراون.
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ کە ٤٧ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێ ھێشتا چاوی کەس و کاری شەھیدان ھەر فرمێسکی لێ دەبارێت و نەتوانراوە لانیکەم مۆزەخانەیەکی نیشتمانی لەو شارە دروستبکرێت بۆ کۆکردنەوەی وێنەی شەھید و برینداران و ساتی بۆمبارانەکە، بەڕاستی ناکرێت و نەگونجاوە دوای ئەو ھەموو ساڵە ئەو کارەساتە گەورەیە ساڵی یەک جار بخرێتەوە بەرباس و بیربھێنرێتەوە، شوێنێک نەبێت بۆ بەزیندویی راگرتن و ڕێزگرتن لەخوێن و گیانی ئەو قوربانیانە، تاوەکو بۆ نەوەی داھاتووشمان ئەو مێژووە تاڵە لەبیرنەکرێت و کارەساتەکەش وەکخۆی نیشان بدرێت.
لەبەرئەوە داواکارم یادەکانی ڕاپەڕین و مەرگەساتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و بالیسان و بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و ئازار و نەھامەتییەکانی تری گەلەکەمان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت و کاری ھەمەلایەنەی لەسەر بکرێت.
لەبیرەوەری ٤٧ساڵەی قەڵادزێی شەھید دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھید و قوربانیان و بریندارانی ئەو شارە دادەنەوێنین، وەفاداری و پەیمان دووپات دەکەینەوە وەک یەکێتی ھەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتی ئەو دەڤەرە کارەساتبارە و ھاوڵاتیانی خۆمان درێغی ناکەین.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
٢٤-٤-٢٠٢١
بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، ئامانج لە دانپێدانانی ئەمریکا بەو کۆمەڵکوژیەدا ئەوە نیە کە بەرپرسیارێتیەکەی بخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە زاری وەزیری دەرەوەی چاوش ئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەو بڕیارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی رەتدەکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش رایگەیاند، بە سیاسیکردنی رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەنی سێیمەوە و بەکارھێنانی وەک ئامرازێک بۆ دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی تورکیا سودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت.
وتیشی، ئێمە ڕێگە نادەین بە نەمانی کلتوری پێکەوە ژیانی ھاوبەشی نێوان تورک و ئەرمەن کە سەدان ساڵ بەردەوام بووە و ئەوەی تورک و ئەرمەن کۆدەکاتەوە تەنیا بەرژەوەندی نییە بەڵکو پەیوەستبوونێکی پتەوە بە دەوڵەت و بەھا باڵاکان .
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی گرێبەستێکیان کردووە بۆ کڕینی چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ژەمی تر لە ڤاکسینی کۆرۆنا.
ھاوکات د. ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای گەیشتنی ڤاکسینەکە، عێراق پشکی ھەرێم دەنێرێت.
وتیشی، بڕیاربوو ھەموو ھەفتەیەک بڕێک ڤاکسین رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و رۆژانە بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشی بکەن، بەڵام بەھۆی دواکەوتی ھەناردەکردنی ڤاکسینەکان لە کۆمپانیاکانەوە بۆ عێراق، رەوانەکردنی ڤاکسین بۆ ھەرێمیش دوا دەکەوێت و بەپێی پێویست ڤاکسین ناگات.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی کەمی کردووە و لە وەرزی ھاویندا کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی ٦ ھەزار بیری ئاو و چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەسەر رووباری سیروان و زێی بچوک بۆ دابەشکردنی ئاوی ماڵان ھەیە، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەلایەن ئێرانەوە، ئاوی ھەردوو رووباری سیروان و زێی بچوک کەمی کردووە و لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش کانییەکان وشک بوون، ئەو دیاردەیەش لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم وتیشی، راپۆرتێکیان لە بارەی زیانەکانی کەم بارانی ئامادەکردووە و لە رۆژانی داھاتوودا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کەم کردنەوەی زیانەکان تاوتوێ دەکەن.