کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هەندێک کاتیش دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور لەگەڵ ئەگەری بارینی تاوەبارانی کورت خایەن بە تایبەت لە ناوچە شاخاویەکانی سنوری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
کەشناسیی هەرێم پێشبینی 48 سەعاتی داهاتویی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان، بە راورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ یەک بۆ دوو پلە بەزردەبنەوە و ئەگەری باران بارینیش لە چەند ناوچەیەک هەیە.
لە بارەی کەشی سبەینێشەوە، کەشناسیی دەڵێت؛ سبەینێش ئەگەری تاوەباران لە چەند ناوچەیەکی هەرێم هەیە و پلەکانی گەرماش دوو بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی یەکشەممە.
هەولێر: 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 40 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 40 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 40 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 43 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 31 پلەی سیلیزی
بانكی ناوەندیی عیراق دەستی بەسەر سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی 12 ئەندامی ئەنجومەن و لێپرسراوی عیراقدا گرت كە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون.
بانكی ناوەندیی عیراق بڕیاریدا دەستبەسەر موڵك و ماڵ و سەرمایەی 12 كەسایەتی سیاسی و دیاری عیراقدا بگرێت كە بە تۆمەتی گەندەڵی و لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیاندا دەستیگركراون.
بەپێی ئەو لیستەی بانكی ناوەندیی بڵاویكردەووەتەوە، ئیبراهیم سمێدعی راوێژكاری پێشووی سەرۆك وەزیران و پەرلەمانتاران بەها نوری، زیاد جەنابی، عەبدولڕەحمان خالید، محەمەد فەرمان جبوری، هند عەباسی، بوشرا قەیسی، موزەر كرەوی، موسەنا سامەڕایی، ئەشواق جبوری، عالیە نوسەیف و محەمەد سەعدون سەیهود لە خۆدەگرێت.
بانكی ناوەندیی عیراق داوای لە سەرجەم بانكەكانیش كردووە لە كاتی دۆزینەوەی هەر هەژمار و پارەیەكی ئەو كەسانەدا، بەزووترین كات لایەنی دادوەریی پەیوەندیدار ئاگادار بكەنەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، درێژەکێشانی گەمارۆکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری گرانبوونی کاڵاکان، بەوپێیەی تێچوی گواستنەوە و هاوردەکردن زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموان پێشبینی برسێتیمان دەکرد، بەڵام ئەوان دەزانن لەسەر خەزێنە خەوتون.
مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەوان لەسەر خەزێنە خەوتون و نابێت هاووڵاتیەکانیان برسیبن.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی گەمارۆکانەوە هاوردە و هەناردە بە رێژەی ٪25 بۆ ٪35 کەمی کردوە و ئەمەش کاریگەری تەواوی کردوەتە سەر ئابوری وڵاتەکەیان.
پزشکیان باسی لەوە کرد وڵاتەکەی لەسەر گەنجینەیەکی گەورەیە و نابێت هاووڵاتییەکانیان برسیبن، ئەگەر نەتوانن کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن و سەرقاڵی ململانێی سیاسی بن، ناکرێت وەڵامی خوا بدەنەوە.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری و دابینکردنی پێداویستییەکان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند لەڕێگەی بەشداریپێکردنی خەڵکەوە دەکرێت تا رادەیەکی زۆر کێشەی توێژە کەمدەرامەتەکان و کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بکرێت.
داواشی کرد لەبری تۆمەتبارکردنی یەکتر، کەموکوڕییەکانی یەکتر پڕبکەنەوە، چونکە ناتوانێت بە تەنیا وڵات راستبکاتەوە و دەبێط هەموان پێکەوە هەوڵی تێپەراندنی قەیرانەکە بدەن.
سەرەڕای گەمارۆ ئابورییە توندەکان بۆسەر ئێران، واشنتۆن بەپەلە بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ روبەڕوبونەوەی ئێران.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا بە پەلە بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست رەوانەکردوە و ئەگری زۆرە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بێت.
رۆژنامەکە، ئاماژەی بەوەکردوە، پێنتاگۆن هۆشداری دەدات لە دابەزینی مەترسیداری ئاستی تەقەمەنی و کۆگاکانی چەکی ئەمریکا لە ئەوروپا، بەهۆی رەوانەکردنی بەپەلەی بڕێکی زۆر لە موشەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی زانیاریی لێپرسراوانی سەربازیی ئەمریکا، کۆگاکانی وڵاتەکەیان لە ئەوروپا بۆ موشەکەکانی دژە-فڕۆکەی و موشەکەکانی زەوی-بۆ-زەویی گەیشتوونەتە ئاستێکی "سەرو مەترسیدار"، ئەمەش نیگەرانیی لای شارەزایانی سەربازی و لێپرسراوان دروستکردوە، کە بەکارهێنانی ئەو بڕە هێزە چەکە توانای واشنتن بۆ بەپەرچدانەوەی مەترسییەکانی چین و روسیا لاواز بکات.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵئاشکرا یکردوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکات بۆ ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای نیگەرانی و هۆشداری لێپرسراوە سەربازییەکان. ئەمریکا دژی ئەم کارە.
عەباس عراقچی، رایگەیاند لە روبەڕوبونەوە سەربازییەکاندا موشەکەکانی وڵاتەکەی بە باشی تاقیکردنەوەی خۆیان تێپەڕاندوە و بە شێوازێکی سەرکەوتووانە بەرگرییان لە ئاسایشی وڵات کردووە.
عباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانە شانازی بە توانای موشەکی و پیشەسازیی سەربازیی ناوخۆیی وڵاتەکەیەوە دەکات لە میانی جەنگ و روبەڕوبونەوە سەربازییەکاندا و دەڵێت؛ تاقیکردنەوەکانیان بە باشی تێپەڕاند.
عراقچی وێرای جەختکردنەوە لە سەرکەوتوی موشەکەکانیان لەجەنگەکەدا دەشڵێت؛ پێشهاتەکانی جەنگەکە راستییەکی گرنگیان سەلماندووە، ئەویش ئەوەیە کە تەواوی ئەو بەرهەم و چەکە سەربازییانەی لە ناوخۆی ئێراندا دروستکراون باشترین کارایی و کاریگەریی مەیدانییان لە کاتی بەکارهێنانیاندا نیشانداوە.
ناوبراو دەشڵێت؛ وڵاتەکەی بە تەواوی جیهانی نیشانداوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستەپاچەن لە بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ئێران، کە بە تەکنەلۆژیای خۆماڵی پەرەیان پێدراوە.
وەزیری پێشووی دارایی عیراق رایدەگەیەنێت؛ ناوی نەخراوەتە لیستی چاودێری تیرۆری ئەمریکاوە.
تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە خستنەناوی بۆ ناو لیستی چاودێریکردنی تیرۆر لە ئەمریکا یان رێگری لێکردنی بۆ چوونە ناو خاکی ئەو وڵاتە دەکەن.
تەیف سامی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زانیارییانەی لەبارەی چوونە دەرەوەی لە عیراق یان رێگریکردن لە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو لە واشنتۆن بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و جەختی کردەوە لە ناوخۆی عیراقدا ماوەتەوە.
وەزیری پێشووی دارایی راشیگەیاند، هیچ بڕیارێکی دادوەری یان رێکارێکی رەسمی لە دژی دەرنەچووە و ئەوەی بڵاودەکرێتەوە تەنها لێدوانی سیاسیی هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسە و پشتی بە هیچ بەڵگەنامەیەکی رەسمی نەبەستووە؛ هاوكات جەختیشی کردەوە مافی یاسایی خۆیەتی بۆ پەنابردنە بەر دادگا بەرانبەر هەر کەس و لایەنێک کە زانیاریی ناڕاست بڵاوبکاتەوە.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکی نوێدا هۆشداری لە لاوازکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەدات و دەڵێت؛ هیچ لێدوانیک مەدەن ورەی هاووڵاتیان داببەزێنێت.
موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە رێگەی پەیامێکی نوێی نووسراوەوە کە ئاژانسی "تەسنیم" بڵاویکردووەتەوە، داوای کردووە رێگری لە هەر رەفتار و لێدوانێک بكرێت کە زیان بە یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ورەی نیشتمانی لە وڵاتدا دەگەیەنێت.
لە پەیامەکەیدا، خامنەیی داوای لە لێپرسراوان کردووە خۆیان لە باسکردنی خاڵە لاوازەکان و راگەیاندنی لێدوانی بێئومێدکەر بەدوور بگرن، چونکە بە وتەی ئەو، دەرخستنی ئەم لایەنانە خزمەت بە دوژمن دەکات.
لە رووی ئابورییەوە، رابەری ئێران جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە هەڵئاوسان، بێکاری و گرانبوونی نرخەکان کردەوە؛ هاوکات رایگەیاند، پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازیدا دەبێتە تەوەری سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی فشارە ئابورییەکان.

وەزیری پێشووی دارایی عیراق خرایە لیستی چاودێریی تیرۆریستی ئەمریكا و ڤیزای ئەو وڵاتەشی لێسەندرایەوە.
تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی لە زاری لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد، بەرەسمی ڤیزای تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عیراق هەڵوەشێنراوەتەوەو رێگری لێكراوە لە چوونی بۆ ئەمریكا و دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵیش ناوی لە لیستی چاودێری تیرۆریستی تۆماركردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تائێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا روونی نەكردووەتەوە بڕیاری خستنە ناو لیستی تیرۆر پەیوەندیی بە تۆمەتی دابینكردنی دارایی بۆ تیرۆر هەیە كە لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە ئەو دۆسێیە وروژێنراوە، یان پەیوەستە بە دۆسێی گەندەڵی لە عیراق و زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا.
لە ساڵی 2022یش ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریكا بە ژنی ئاسنین تەسیف سامی ناوبرد و خەڵاتی ساڵانەی ئازاترین ژنی جیهانی پێبەخشی بەهۆی ئەوەی كەسێكە كە روبەڕوی گەندەڵی دەبێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریی دەداتە ئەفسەر و پێشمەرگەکان و رایدەگەیەنێت؛ وێنە و ڤیدیۆی سەربازی بپارێزن و بۆ کەسی مەنێرن.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا داوا لە تەواوی ئەفسەران و پێشمەرگەکان دەکات وشیار بن و وێنە و ڤیدیۆی سەربازیی خۆیان رادەستی هیچ کەس و پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نەکەن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەم رۆژانەدا بەشێک لە پەیج، ئەکاونت و کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوایان لە پێشمەرگەکان کردووە وێنە و ڤیدیۆکانیان بە جلوبەرگی سەربازی و لە کاتی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکاندا بۆ بنێرن.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە مەبەستی پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتییەکان و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی ئاسایش، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکه ن و بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە بەڵگەنامە و وێنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵوگۆڕ نەکەن تا خۆیان و یەکە سەربازییەکانیان پارێزراو بن.
نرخی نەوت، ئەمڕۆ هەینی، رووی لە دابەزین کرد و بەرەو کۆتاییهێنان بەو بەرزبوونەوەیە دەڕوات کە بۆ پێنج هەفتە بەردەوام بوو، ئەوەش بەپێچەوانەی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە کاتی داخستنی دانیشتنی پێشوودا.
بەپیی راپۆرتەکان، نرخی خاوی برێنت 25 سەنت یان بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و گەیشتە 89.45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها خاوی تێکساسی ئەمریکیش 22 سەنت یان بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و گەیشتە83.31 دۆلار.
هەردوو جۆرەکەی نەوتی خاو بەرەو ئەوە دەچن ئەم هەفتەیە بە دابەزین کۆتایی پێبهێنن، بەجۆرێک خاوی برێنت بە رێژەی5.3٪ و خاوی ڕۆژئاوای تێکساس بە رێژەی 4.3٪ دابەزینیان تۆمارکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئەمڕۆ هەینی، دەستگیرکردنی چوار کەسی لەسەر روداوەکەی دوێنێ راگەیاند، و جەختی لەسەر دەرچوونی فەرمانی گرتنی دادوەری بۆ ژمارەیەک لە دەستپێوەداربووان و بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ ئەوانی تر کردەوە.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاند: دەزگا ئەمنییەکان هەوڵێکی گەورەیان داوە کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چوار کەس، و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەدواداچوون بۆ ئەوانی تریش بەردەوامە، رونیشی کردەوە: فەرمانی گرتنی دادوەری بۆ ژمارەیەک لە تۆمەتباران دەرچووە.
ئاماژەی بەوەش کرد: راسپاردەیەک لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپا، عەلی زێدییەوە هەیە بۆ بەدواداچوونی تاوانباران و رادەستکردنیان بە دادگا، و باسی لەوەش کرد: وهکیلی پێشكەوتووی وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم لایەنە ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن و کار بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و رادەستکردنیان بە دادپەروەری دەکەن.
میری جەختی کردەوە: رێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بەرانبەر هەر کەسێک کە یاسای لەو ناوچانەدا بەزاندبێت، چ ئەوانەی بەشدارییان لە فرۆشتنی سەرەڕۆیانە کردووە یان زێدەڕۆیی و رەفتاری تر، رونیشی کردەوە: لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە کراوەن و هەوڵێکیش لەلایەن پارێزگاریی بەغدادەوە هەیە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە، و هەر کەسێک تێوەگلانی لە هەر بابەتێکدا بسەلمێندرێت دەستگیر دەکرێت.
سەبارەت بەو چەکەش کە لە روداوەکەدا بەکارهاتووە، رونی کردەوە: چەکی قورس بە هیچ شێوەیەک لە ناوچەکەدا بەکارنەهێنراوە، بەڵکو چەکی سووک بەکارهاتووە، و جەختی کردەوە: مامەڵەکردن بە چەک لە دەرەوەی یاسایە و رێکاری وا هەن لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەگیرێنە بەر کە بەم زووانە و دوای تەواوبوونیان رادەگەیەندرێن.
سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، گەروی هورمز بە رووی جووڵەی کەشتیوانیدا کراوەیە و توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان زۆر کەمبووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" رایگەیاند، گەروی هورمز کراوەیە و هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە باڵادەستی و سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی گەروەکەدا بەدەستبهێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێرانییەکان چیتر ئارەزووی ئەوە ناکەن واشنتۆن بگەڕێتەوە سەر رێگەی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان.
لە لایەکی ترەوە، لێپرسراوانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، باڵانسی هێز لە گەروی هورمز بە تەواوی گۆڕاوە، لە دوای ئەوەی ئێرانییەکان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەیانویست بەکارهێنانی داخستنی گەروەکە وەک کارتی فشار بەکاربهێنن. لێپرسراوێکی تری ئەمریکی وتویەتی: "ئێمە هاوکێشەکامان هەڵگێڕایەوە و باڵادەستیی ئەمریکا لە گەروەکەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێراندا".
بەپێی راپۆرتێکی ئەکسیۆس، لە سەرەتای جەنگەکەدا نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ 126 دۆلار بەرزبووەوە بەهۆی مەترسیی مینڕێژکردن و هێرشەکان، بەڵام دوای پەکی کەوتنی لێکتێگەیشتنەکانی مانگی حوزەیران، هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلایەنە و لە رێگەی هاوڕێیەتیکردنی کەشتییەکان، بڕینی رێگەی درۆن و موشەکەکان، و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بۆردومانی دوو هەفتەیی، توانای سوپای پاسدارانیان کەمکردەوە.
لە کۆتاییدا، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' بەدەستهێنانی "دەستکەوتێکی گەورە"ی راگەیاند و جەختی کردەوە کە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی لە گەروی هورمز بە تەواوی پاککراونەتەوە و لە ئێستادا ئاسایش بۆ رێڕەوەکە گەڕاوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، سیاسەتی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،، سیاسەتی پەراوێزخستن و گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەکارهێنانی سزای ئابوری و هەوڵدان بۆ دابڕینی وڵاتێک لە سیستمی دارایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی، زیانی راستەوخۆ بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، لە رێگەی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی تایبەتەوە، مەرج و تێچووی پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی بۆ نووسینگەکانی تاکسی دیاریکرد.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، پێویستە هەر نووسینگەیەک خاوەنی 50 تا 100 ئۆتۆمبێلی مۆدێل پێنج ساڵی کۆتایی بێت، هەروەها شۆفێران بەستنی نیشانەی رەسمیی تاکسی، پۆشینی جلی یەکپۆش و بەکارهێنانی پێوەری ئەلیکترۆنی یان ئەپڵیکەیشنی زیرەکیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هاوکات نووسینگەکان پابەندکراون بە بەستنی ئامێری دیاریکردنی شوێن (جی پی ئیس) لەسەر ئەرکی خۆیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی 24 سەعاتی.
رێنماییەکان کارکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت و فەرمانبەرانی دەوڵەتیان لەم نووسینگانەدا قەدەغەکردووە و دیاریکردووە کە کارکردنیان تەنها لە سنووری ئەو پارێزگایە دەبێت کە لێی تۆمارکراون.
تێچووی وەرگرتنی مۆڵەتی نوێ یەک ملیۆن دینار و نوێکردنەوەی ساڵانەش 500 هەزار دینارە بە مەرجی پێشکەشکردنی پاکتاوی باج، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رێکخستنەوەی کەرتەکە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی ئارامتر بۆ هاووڵاتییان.
لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تەقینەوەیەک رویدا و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک گیانیان لەدەستدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە بەردەم کۆشکی دادی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، هاووڵاتییەک و منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، روداوەکە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە بووە لە بەردەم کۆشکی دادی حەسەکە، کە بەهۆیەوە باوکێک و منداڵەکەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و هاووڵاتییەکی دیکەش کە لە شوێنی روداوەکە بووە بریندار بووە.
میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای روداوەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و هێڵێکی ئەمنییان لە دەوروبەری کۆشکی داد دروست کردووە، هەروەها بریندارەکەیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە دەستپێکردووە.
کۆشکی پاشایەتیی نەرویج، ئەمڕۆ هەینی، کۆچی دوایی هارالدی پێنجەم، پاشای نەرویجی لە تەمەنی 89 ساڵیدا راگەیاند، دوای چەند هەفتەیەک لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە.
لە ماوەی رابردوودا دۆخی تەندروستیی پاشا بە مەترسیدار وەسف کرابوو، بێ ئەوەی لە کاتژمێرەکانی پێش راگەیاندنی کۆچی دواییەکەیدا هیچ زانیارییەکی نوێ دەربارەی دۆخی تەندروستیی بڵاوبکرێتەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە بەردەم نەخۆشخانە و کۆشکی پاشایەتیدا کۆبوونەوە، و گوڵیان دانا و مۆمیا سوتاند، هەروەها وەک دەربڕینی خەمباری بۆ کۆچی دوایی پاشا سرودی نیشتمانییان وتەوە.
لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا، شاژن سۆنیا، میر ها کۆن جێنشینی پاشا، لەگەڵ میتە مارێت جێنشینی شاژن، و شازادە مارسا لویس، بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی پاشایەتی لە نەخۆشخانە لە پەنای پاشادا ئامادەبوون.