هەواڵەکانهەواڵەکان

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامیەتی دەربەندیخان هۆشداری توند دەدەنە هاووڵاتیان و داوایان لێ دەکەن لەم چەند رۆژەدا گەشتەکانیان رابگرن و لە بەنداوی دێوانەش دووربکەونەوە چونکە سەرڕێژ بووە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیان کردووە، بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی بەفر و باران، سەردانە کۆمەڵایەتییەکان و گەشتە شاخەوانییەکان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان رابگرن، چونکە مەترسیی کۆبوونەوەی بەفر و داڕمانیان لێ دەکرێت.

لای خۆیەوە، سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە بەنداوی دێوانە سەرڕێژ بووە و داوا لەو کەسانە دەکەن کە پڕۆژە یان کاری ئاژەڵدارییان لە خوارووی بەنداوەکە هەیە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن.

قایمقام هۆشداریشی داوەتە شۆفێران کە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، رێگە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن و لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی 10ی بڵاوکردەوە و داوا دەکات سبەینێ فەرمانبەران دوای نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتەکە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت و رۆژی چوارشەممە 31ـی مانگ کۆتایی دێت.

وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق دەکەوێتە سبەینێ و گواستنەوەی بۆ بانکەکان کاتی دەوێت، داوا لە موچەخۆران دەکەن "لەدوای سەعات 1ی نیوەڕۆ" سەردانی بانکەکان بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بانگەوازی مەرجەعی باڵای عەلەوییەکان بۆ "مافی چارەی خۆنووسین"، سەدان کەس لە شارەکانی کەناراوەکانی سوریا خۆپیشاندانیان کرد و گرژی لە نێوان لایەنگرانی غەزال و حکومەت دروست بوو.

دوای ئەوەی شێخ غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی و مەرجەعی باڵای عەلەوییەکان داوای خۆپیشاندانی کرد، سەدان کەس لە لازقیە و تەرتوس رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "مافی چارەی خۆنووسین"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادکردنی زیندانییەکانیان کرد.

لە شاری لازقیە گرژی لە نێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری غەزال و لایەنگرانی حکومەتی سوریا دروست بوو، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاوەیان پێکرا و بەربەستێکی مرۆییان لە نێوان هەردوو لادا دروست کرد بۆ رێگری لە پێکدادان.

لە بەرامبەردا، کەسایەتی و پیاوماقوڵانی ناوچەی قەدموس لە تەرتوس رەتیدەکەنەوە بچنە ژێر باری هیچ داواکارییەک بۆ دابەشکردنی سوریا یان جیابوونەوەی فیدراڵی.

ئەم خۆپیشاندانانە دوای تەقینەوەکەی مزگەوتی حومس دێت کە 8 کوژراوی لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لە ناوچەکانی کەناراوی سوریا زیاد کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەمید مەحبوبی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سوور رایگەیاند،  کەس بەهۆی بەفرو باران بارینەوە بێ سەروشوێنن و بەهۆی سەختی کەشوهەواوە گەیشتن پێیان ئەستەمە.

میدیاکانی ئێران  بڵاویانکردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی بەفر و بارانەوە 14 کەس  لە سنوری سەردەشت گیریان خواردوە  و بەهۆی سەختی کەشوهەواوە تا ئێستا نەتوانراوە بگەنە لایان.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی گیریانخواردوە لە نێوان شاخەکانی "مەلیموس" و "بەلفات"دان لە سنوری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان  و لە سەعات 6:30 بەرەبەیانەوە هێزەکانی ئۆپراسیۆنی فریاگوزاری لە هەوڵدان بگەنەلایان، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکە و خراپی کەشوهەواوە گەیشتن پێیان سەختە.

ئەمە لە کاتێکدایە شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ تەواوی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتوەتەوە و دوێنێش بەهۆی هەرەسهێنانی بەفرەوە لە سنوری سەردەشت چوار هاووڵاتی بون بەژێر بەفرەوە و دوانیان گیانیان لەدەستدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار لە پارەی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێم خراوەتە سەر هەژماری بانکییان.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانونی یەکەمی 2025، بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و موچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.

ئەمە لە پاش ئەوەدێت، پێشتر کوردسات نیوز بڵاویکردەوە کە لە بەغداوە ئیمزا لەسەر ناردنی موچە کرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پێنجەمجار لەمساڵدا سەردانی ئەمریکا دەکات و لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکیش جەنگی غەززە و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ناتانیاهۆ بە فڕۆکەی "باڵی سەهیۆن" و لەرێگەی ئاسمانێکی پارێزراوەوە بگاتە فلۆریدا، بۆ ئەوەی لە مەترسیی بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دوور بێت.

بەپێی میدیاکان، ناتانیاهۆ دەیەوێت بزانێت پلانی ترەمپ بۆ چەککردنی غەززە چییە، چونکە ئیسرائیل ئەوەی کردووەتە مەرجی چوونە قۆناغی دووەمی ئاگربەست، هاوکات خێزانێکی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ خۆی دەبات تا فشار لە ترەمپ بکەن.

سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ داوای رێککەوتنێک دەکات کە تێیدا پیتاندن سفر بێتەوە و فشارە ئابوورییەکان توندتر بکرێن، هەروەها دەیەوێت ئەمریکا پاڵپشتیی لێدانی بەرنامەی موشەکیی ئێران بکات، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندووە پێشتر ئەو بەرنامەیەی "لەناوبردووە".

چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم داواکارییانەی ناتانیاهۆ لەگەڵ سیاسەتی "یەکەمجار ئەمریکا"ی ترەمپ یەکناگرێتەوە، چونکە بنکە جەماوەرییەکەی ترەمپ دژی جەنگی نوێن، بەڵام هاوکات بەخشەرە گەورەکانی کەمپەینەکەی لایەنگری ئیسرائیلن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ئاماری 24 سەعاتی رابردووی بارانبارینی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و زۆرترین رێژە لە یاخسەمەر تۆمارکراوە.

بەپێی ئامارەکان، لە سەعات 9ی بەیانیی دوێنێ تا 9ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (28ی کانونی یەکەمی 2025)، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی گرتووەتەوە.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی، زۆرترین بڕی باران لە یاخسەمەر باریوە کە 132 ملم بووە، دوای ئەو لە سەرکەپکان 115 ملم و لە پێنجوێن 113.5 ملم باریوە. لە سەنتەری شاری سلێمانیش 38.6 ملم تۆمارکراوە.

لە پارێزگای هەولێر، لە مێرگەسور 124 ملم باران باریوە کە زۆرترینە لەسەر ئاستی پارێزگاکە، لە شەقڵاوە 100 ملم و لە سەنتەری هەولێر 70.8 ملم باریوە.

لە پارێزگای دهۆک، دینارتە بە 120.5 ملم پێشەنگە، لە بجیل 83.8 ملم و لە سەنتەری دهۆک 28.8 ملم باریوە.

هەرچی پارێزگای هەڵەبجەیە، زۆرترین بڕ لە تەوێڵە بووە کە 15.5 ملمە و لە سەنتەری هەڵەبجە 6 ملم باریوە. لە کەرکوکیش زۆرترین بڕ لە تەکیەی جەباری بووە بە 50 ملم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تەواوی رێکارەکانی خەرجکردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کۆتاییهاتووە و تەیف سامی رەزامەندیی لەسەر داوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد ئاشکرای کرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق رەزامەندیی لەسەر نوسراوی خەرجکردنی پارەی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێم دەربڕیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نوسراوەکە رەوانەی بەشی خەرجی کراوە و لە ئێستادا تەنیا ئیمزای بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەشە ماوە بۆ ئەوەی پارەکە رەوانەی هەرێم بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاشکرابوونی هەواڵی لێدانی تونێلێکی نهێنی بە درێژایی 5 کیلۆمەتر لەژێر بازاڕی گەورەی تاران، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە چۆن لە شوێنێکی قەرەباڵغی وادا کەس بەو هەموو خۆڵەی نەزانیوە؟

ماڵپەڕی فەرارۆ بڵاویکردەوە، لەژێر سێ سەرای بازاڕی گەورەی تاران کە رۆژانە 10 هەزار کەس تێیدا هاتوچۆ دەکەن و هەزار دوکانی تێدایە، تونێلێکی 5 هەزار مەتری بەشێوەیەکی نایاسایی لێدراوە.

راپۆرتەکە بەسەرهاتەکە دەچوێنێت بە فیلمی (Shawshank Redemption) و دەپرسێت: "ئایا ئامێری ئەم کەسانە تەنیا چەکوش بووە؟ ئایا کارێکی لەم شێوەیە لە دڵی شارێکی قەرەباڵغدا بە بێدەنگی دەکرێت؟".

بەپێی راپۆرتەکە، لێدانی ئەم تونێلە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئابووری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و گرنگتر لە هەموویان گیانی خەڵک دروستکردووە، بە تایبەت کە رەنگە کاریگەریی لەسەر درزبردنی دیوارەکان و پایەکانی دەوروبەری هەبووبێت.

هاوکات وەفدی هاوبەشی شارەوانی و داواکاری گشتیی تاران دوای سەردانکردنی بازاڕەکە رایانگەیاند، لەژێر سێ بازاری سەرەکی (ئازادی، نادری و زیبا) تونێل لێدراوە و پایەکانی باڵەخانەکان بۆش کراون بۆ دروستکردنی دوکان و کۆگای نایاسایی.

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تارانیش ئاشکرای کرد، تونێل و هەڵکۆڵینەکان بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کراون و سەقفی تونێلەکان خوار بوونەتەوە و ستوونەکان درزیان بردووە، لەکاتێکدا رۆژانە 5 بۆ 6 هەزار کەس لەو شوێنە هاتوچۆ دەکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، ئەو بە تەنیا ناتوانێت کێشەکانی وڵات چارەسەر بکات، بەڵام بە یەکڕیزی دەتوانن بەسەر سزا و فشارەکاندا زاڵ بن.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی رایگەیاند: "چەندین جار وتوومە "من" ناتوانم، بەڵکو "ئێمە" دەتوانین، کێشەکانی وڵات بەو شێوەیە نین کە من بە تەنیا بتوانم چارەسەریان بکەم".

وتیشی: "بە یەکگرتوویی دەتوانین بەسەر کێشەکان و سزا و فشارەکاندا زاڵ بین، ئەگەر لەگەڵ یەکتر بین مەحاڵە دوژمنان بتوانن داگیرمان بکەن".

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەی لە ماوەی 36 مانگی داهاتوودا ئێران بڕوخێنێت، لەکاتێکدا پێشتر دەیانوت لە 12 رۆژدا دەڕوخێت، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بن، تەنانەت دوای 36 هەزار ساڵیش ناتوانن ئەو کارە بکەن.

پزیشکیان جەختیکردەوە، ئەگەر ئێران و وڵاتانی دراوسێ یەکگرتوو بن، ئەمریکا ناتوانێت وڵاتانی ناوچەکە بەو شێوەیە ئیستیغلال بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئۆکراین و سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانێکی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام جیاوازییەکان هێشتا قوڵن و کیێڤ داوای ئەنجامدانی راپرسی دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا کۆببنەوە. زێلێنسکی رایگەیاندووە، پلانی هەیە لەگەڵ ترەمپ چارەنووسی هەرێمی دۆنباس و وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا تاوتوێ بکات.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە روسیا بە سەدان موشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ و چەند ناوچەیەکی دیکە و کارەبای بەشێک لە پایتەختی بڕیوە، زێلێنسکی ئەمەی بە وەڵامی روسیا بۆ هەوڵەکانی ئاشتی وەسفکرد.

سەبارەت بە پلانی ئاشتی، سەرچاوەکان دەڵێن ئۆکراین و ئەمریکا لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتوون و 90%ی پلانە 20 خاڵییەکە تەواو بووە، بەڵام پرسی دەستبەرداربوون لە خاک هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.

زێلێنسکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هێشتا هیوای هەیە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئۆکراین لە دۆنباس نەرم بکات، بەڵام ئەگەر ئەوە سەری نەگرت، دەبێت تەواوی پلانەکە بخرێتە راپرسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی راپرسی ئەنجام بدرێت، دەبێت روسیا رازی بێت بە ئاگربەستێکی 60 رۆژە، بۆ ئەوەی ئۆکراین بتوانێت خۆی بۆ دەنگدانەکە ئامادە بکات، هەرچەندە راپرسییەکان دەریدەخەن دەنگدەرانی ئۆکراین رەنگە پلانەکە رەتبکەنەوە.

مۆسکۆ سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی دۆنباس بخرێتە سەر روسیا، تەنانەت ئەو ناوچانەش کە لەژێر کۆنترۆڵی کیێڤدان، لە بەرامبەردا ئۆکراین دەیەوێت نەخشەکە لەسەر هێڵەکانی ئێستای شەڕ رابگیرێت.

هەروەها مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە دیداری زێلێنسکیدا بەڵێنی نزیکەی 1.83 ملیار دۆلار هاوکاریی زیاتری بە ئۆکراین دا و رایگەیاند، هێرشەکانی روسیا دەریدەخەن کە پوتن ئاشتی ناوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە و ئەمشەو هەورێکی زەبەلاحی کەڵەکەبووی باراناوی کە بە هەوری سوپەرسێل ناسراوە دەگاتە ئاسمانی هەرێم و ئەگەری بارانی بەخوڕ هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئێستا بارستە هەورێکی زەبەلاحی کەڵەکەبووی باراناوی کە بە هەوری سوپەرسێل ناسراوە، لەجووڵەکردندایە بەئاراستەی ناوچەکانی باشووری سلێمانی و درەنگانی ئەمشەو دەگاته ناوچەکە لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە هەیە.

باسی لەوەشکردووە،  درەنگانی ئەمشەو بۆ کاتی بەرەبەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، کەرکوک، ئیدارەی سۆران و گەرمیان ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە هەیە و لە هەندێ شوێن و ناوچە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە"

هاوکات، کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان هەور و باراناویی دەبێت، لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە بەشێک لە ناوچەکان و بەتایبەت ناوچە بەرزەکان کڕێوە دەبێت واتا بەفروباران پێکەوە، لەگەڵیشیدا خێرایی با زیاد دەکات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تۆمەتباری کوشتنی ئەو هاووڵاتیەی لە هۆتێلێکدا تەرمەکەی دۆزرایەوە دەستگیرکرا. 

ئەمڕۆ شەممە 27ـی 12ـی 2025، تەرمی هاووڵاتییەکی باکوری کوردستان لەناو هۆتێلێکی شاری سلێمانیدا دۆزرایەوە، سەرچاوە ئەمنییەکەی سلێمانی دەشڵێت: دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە کوژراوەکە لەلایەن برایەکی خۆیەوە کوژراوە.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەو کەسەی هاووڵاتییەکەی باکوری کوردستانی لە هۆتێلێکی شاری سلێمانی کوشتووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە دەستگیرکراوە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کەسی کوژراو لەلایەن برایەکی خۆیەوە کوژراوە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کارنامەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردەوە و لە دوو بڕگە پێکهاتووە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كارنامەكەی یەكەمین دانیشتنی خولی شەشەمی بڵاوکردەوە و لە دوو بڕگە پێكهاتووە؛ یەکەم بڕگە تایبەتە بە سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکە و بڕگەی دووەمیش تایبەتە بە هەڵبژاردنی دەستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 329 ئەندام پێکهاتووە، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە و كاندیدی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یەكلایی دەكرێتەوە.

سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبنەوە و ناوی ئەو كەسایەتیانە یەكلایی دەكرێنەوە كە بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكراون.

سەرچاوەكە وتیشی، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری ئێستای كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، كە سەر بە هاوپەیمانییەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقە.

راشیگەیاند، بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایانكردووە موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس، دووبارە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی پێبدرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موهەنەد ئیبراهیم پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، کەمێك پێش ئێستا مەزڵوم کۆبانی گەیشتووەتە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببنەوە.

نوێدەکرێتەوە...

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7475767778...982