هەواڵەکان

فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر سەنعا دەست پێ کردەوە و چەند کاتژمێرێک دواتریش، هێرشیان کردە سەر پارێزگای حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن.

بەپێی زانیارییە خۆجێییەکانی ئەو وڵاتە، فڕۆکەکانی ئەمریکا 50 هێرشیان کردە سەر پێگەی حوسیییەکان لە سەنعا، حودیدە و عەمران. دانیشتوانی ناوچەکە رایانگەیاندوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز شاری سەنعای هەژاندووە. دواتر، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، گەڕەکی نەهدە و نوقومی باکور و رۆژهەڵاتی پایتەختیان بۆمباران کرد.

هەروەها میدیاکانی سەر بە حوسییەکان بڵاویان کردەوە فڕۆکە ئەمریکییەکان زیاتر لە 13 جار لەسەریەک هێرشیان کردوەتە سەر شوێنە جیاوازەکانی پارێزگای حودەیدە لە دەریای سور.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێرشە ئاسمانییەکان دەوروبەری فڕۆکەخانەی حودەیدە لە ناوەندی شارەکە، هەروەها بنکەی دەریایی لە ناوچەی کوتێب لە باکوری پارێزگاکەیان بۆمباران کردووە، جگە لە بۆمبارانی پێگەی حوسییەکان و سەربازگە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە مانگی ئادارەوە 300 هێرشیان کردووەتە سەر یەمەن؛ لە کاتێکدا چەکدارە حوسییەکان ژمارەکە بە نزیکەی 900 هێرش دەخەمڵێنن، کە ناوچە جیاوازەکانی سەرانسەری وڵاتەکەیان گرتووەتەوە.

شایەنی باسە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان لە یەمەن دێت، کە ماوەیەکە بەردەوامن و هەندێک جار بریتانیاش بەشداری تێدا دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دیداری تایبەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کوردسات نیوز پەخشرا، تێیدا باسی لە پرسە ناوخۆیی و جیهانییەکان کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.

پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.

ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.

بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ماوەی دوو هەفتە و زیاتر بخایەنێت و هێشتا نەخۆشییەکە دیاری نەکرابێت و چارەسەری وەرنەگرتبێت، ئەگەری هەیە نیشانەکان توند ببن، بەتایبەت ئەگەر خوێن لەژێر پێستدا بڵاوببێتەوە ئەگەری گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە هەیە.

رێژەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لەنێوان 15٪ بۆ 30٪دایە.

هیچ پێکوتەیەکی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانیشی لەرێگای پێدانی دەرمانی تایبەتەوە کەمدەکرێنەوە.

 

هۆکارەکانی توشبوون:

ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.

هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.

بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.

 

نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە:

-دڵتێکەڵهاتن و هێڵنجدان و رشانەوە

-ئازاری جومگەکان

-سکچوون

-تا

-هیلکی و لاوازی

 

نیشانە توندەکان کە مەترسییان لەسەر ژیان هەیە:

-بێهۆشبوون

-ناڕێکی لە ئیشوکاری کۆئەندامی دەمار

-پەککەوتنی جگەر

-پەککەوتنی گورچیلە

-پەککەوتنی هەناسەدان

-خوێنبەربوونی ژێرپێست

 

باشترین رێگاکانی خۆپارێزی:

-داپۆشینی گۆشت لەناو دەفری سەرقەپاتدا.

-بەباشی پاککردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاک و باشترە ئەگەر ئەو سەتڵانە سەریان هەبێت.

-دانانی پەردەی گونجاو بۆ دەرگا و پەنجەرەکان کە مێروو و خشۆکەکان پێیدا تێپەڕ نەبن.

-بەباشی کوڵاندنی گۆشت و خۆراکەکانی دیکە.

-بڕینی لقوپۆپی زیادەی دارەکان و دوورخستنەوەی گژوگیا لە ماڵەکان.

-دوورخستنەوەی دار و خشت و کەرەستەی کەڵەکەبوو لە ماڵەکان، کە لانیکەم 40 مەتر و زیاتر.

-پاراستنی پاکوخاوێنی جەستەیی و زوو زوو شۆردنی دەستەکان.

-بڕینی چیمەنی ماڵەکان.

-پێویستە هەر ئاژەڵێک کە سەر دەبڕدرێت قڕتێکەرەکان و گەنەی لەسەرنەبێت و تەنها لە کوشتارگەکاندا ئاژەڵ سەرببڕدێت، بۆئەوەی پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیشی بۆ بکرێت.

-نابێت بەهیچ جۆرێک ئاژەڵ لەناو ماڵ و گەڕەکەکاندا سەر ببڕدڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای باڵای ئەمریكا بڕیارێكی ئیدارەی ترەمپی بۆ دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی ڤەنزوێلا راگرت و دەشڵێت، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكە بكرێت، چونكە ژیانی بەشێكیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دادگای باڵای ئەمریكا رایگەیاند، بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی ڤەنزوێلی رادەگرێت بە تایبەتی ئەوانەی زیندانیكراون یاخود راگیراون.

دەشڵێت، بڕیارە دوای فشارێكی زۆر پارێزەران هۆشدارییان دابوو لەوەی بەشێك لەو كەسانەی دیپۆرت دەكرێنەوە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

دوای بڕیارەكەی دادگاش حكومەتی ئەمریكا فەرمانی دەكرد بە دیپۆرتنەكردنەوەی هیچ كەسێك تا ئەو كاتەی بڕیارێكی تری دادگا دەردەكرێت.

میدیاكانی ئەمریكاش بڵاویانكردەوە، بڕیارەكەی دادگای باڵا نمونەیەكە كە ئەو دامەزراوەیە روبەڕوی ئیدارەی ترەمپ دەوەستێتەوە لە بارەی سیاسەتی كۆچبەرانەوە و پێی وایە ژمارەیەك لەوانەی دیپۆرتكراونەتەوە هەڵە بووە یاخود بە هیچ پرۆسەیەكی دادگاییكردندا تێنەپەڕیوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كارمەندێكی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بەهۆی توشبوون بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، بەوەش لە ماوەی سێ رۆژدا دوو كەس لە كەركوك بەتای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ كارمەندێكی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، دوای توشبوونی بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.

وتیشی، رۆژی پێنجشەممەی رابردووش دوو حاڵەتی تری تای خوێنبەربوون تۆماركران.

ئەوەشی خستە روو، یەكێك لەتوشبووەكانی دوو رۆژی رابردوو گیانی لەدەستدا، كە كەسێكی تەمەن 30 ساڵ بوو، كەسی دووەمیش تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردووەوە دەڕۆن.

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ئاشتی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانە لەنێوان گەلاندا لەدایک دەبێت، نەک لە سەپاندنی هێزەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە نیازپاکی و روانگەیەکی بەرپرسیارانەوە، لەگەڵ رێزگرتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی ئێران نیشانداوە.

ئەوەش خراوەتە روو، "دەزانین رێگای بەردەممان خۆش نییە، بەڵام بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردوەوە دەڕۆین".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و ستیڤ ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە شاری رۆما لە ئیتاڵیا کۆدەبنەوە.

وتیكۆف پێش كۆبوونەوەكە رایگەیاند، هیچ رێككەوتنێك ناكرێت تا ئەوكاتەی تاران پیتاندنی یۆرانیۆم و سیستمی پەرەپێدانی چەك بە تەواوی رانەگرێت.

عراقچیش رایگەیاندووە، ئێران سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە و دابەزاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات و نایەوێت چەكی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت، بەڵام داوای هەڵگرتنی سزاكان دەكەن و گفتوگۆ لەسەر دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە بەرنامەی ئەتۆمی ناكەن.

خولی یەکەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو کە خودی عوممان نێوەندگیر بوو.

بۆ خولی دووەمی کۆبوونەوەکان، رافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەشدار دەبێت.

لێدوان و راگەیەنراوەکانی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران لەدوای خولی یەکەمی دانوستانەکان ئەرێنی بوون. کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی و بونیادنەر بوون. لەلایەکی دیکەشەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوە گفتوگۆکانی بە بونیادنەر ناو هێنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە راشکاوانە باس لە پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکات.

 

سبەینێ سەعات هەشتی شەو، لە دیدارێکی تایبەتدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆچونی سەبارەت بە سەرجەم پرسە گرنگەکان لە شاشەی کوردسات نیوزەوە دەخاتەڕوو.

 

لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتی باس لە رەوشی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ،ژیانی تایبەتی خۆی، رەوشی ناوخۆی کوردستان، پەیوەندی نیوان لایەنەکان، پێشهاتەکانی سوریا و هەسەدە، پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستی ترەمپ و گۆڕانکارییەکانی جیهان دەکات.

 

رۆژی 5ـی 3ـی 2025، بافڵ جەلال تالەبانی سەردانی دەزگای میدیایی کوردساتی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە کوردسات نیوزەوە 'بێ فلتەر' دیدارێک ئەنجام دەدات، سبەینێ ئەو دیدارە سەعات هەشت لە شاشەی کوردسات نیوزەوە پەخش دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی هەفتەی رابردووی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە شەش ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە پێنج ملیار دینار كەمی كردووە.

ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی هەفتەی رابردوو واتە لە 12ـی نیسانەوە تا ئەمڕۆ 18ی نیسان، شەش ملیار و 444 ملیۆن و 719 هەزار  و 117 دینار بووە.

داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، بە بڕی پێنج ملیار و 318 ملیۆن و 539 هەزار و 533 دینار كەمی كردووە، كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە 11 ملیار دینار بووە.

هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، 211 ملیار و 833 ملیۆن و 589 هەزار و 947 دینار بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریكا دەڵێت، دەستبەرداری هەوڵەكانی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكراین دەبێت، ئەگەر ئاماژەیەكی روون بۆ رێككەوتنەكە نەبێت، سەرۆكی فەڕەنساش رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەوروپا و ئۆكراین بۆ ئاشتی رایگەیاند، دەستبەرداری هێنانەدی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكراین دەبێت، ئەگەر ئاماژەیەكی روون بۆ رێككەوتنكە نەبێت.

وتیشی، ئەمریكا دەیەوێت هاوكاری بكات ئەگەر لایەنەكان جددی بن لە ئاشتی، بەڵام بەردەوام نابێت لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان تا پێشكەوتن بەدەست نەهێنرێت.

لەلایەكی ترەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراین لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.

راشیگەیاند، هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی پێشنیارەكەی سەرۆكی ئەمریكای كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی ئۆكراین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە لە سلێمانی پێشوازی لە موهەند ئەلعەتابی پارێزگاری موسەنا  کردوو جەختیان لە گرنگی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و هەڵکەندن بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە کردەوە.

لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەهەوڵە هاوبەشە نیشتمانیەکان کرا بۆ بەدیهێنانی داواکاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بۆ بەردەوامبوون لەگەڕان و کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەناوچەی تەلشێخەی سەر بە پارێزگای موسەننا کە تا ئێستاش تەرمی پیرۆزی  ئەنفالکراویان تێدایە.

خانمی یەکەم جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و هەڵکەندن بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تری ناوچەکە کردەوە و ستایشی بڕیاری پارێزگاکەی کرد بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی گرێبەستی زەوی لەو ناوچەیەی ناوبراو کە گۆڕەکانی دیکەی شەهیدانی ئەنفالکراو لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە دەگرێتەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگی بەم شوێنانە بدەن و بپارێزن بەتایبەتی زیندانی ڕەشید کە بڕوا دەکرێت قۆناغەکانی زیندانی و ئەشکەنجەدانی شەهیدانی ئەنفالی بەخۆوە بینیوە پێش ئەوەی بنێردرێنەوە بۆ ناوچە بیابانییەکان لە قوڵایی بیابانی شاری سەماوە. 

خانمی یەکەم ئاماژەی بە گرنگی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گۆڕینی بینای بەڕێوەبەرایەتی ئەمنەسورەکەی سلێمانی کرد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بۆ مۆزەخانەیەکی نیشتمانی کە دیوارەکانی تراژیدیا و خوێنڕشتنی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و ببێتە شایەتحاڵی نەوەی نوێ لەسەر ستەم  و دڕندەیی ڕژێمی دیکتاتۆری و وێستگەیەک بۆ یادکردنەوەی چیرۆکی قارەمانێتی و تێکۆشان بۆ ئازادی.

لەلایەکی دیکەوە خانمی یەکەم ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆکانی چەرمۆ و موسەنا بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

لەبەرامبەردا پارێزگاری موسەننا ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی گەشتوگوزار بۆ پاراستنی زیندان و گرتووخانەکانی ڕژێمی پێشوو لە پارێزگای موسەنە بەتایبەتی (نوگرە سەلمان) کە چیرۆکی ترسناکی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی گەلی کوردمان بەژنان و منداڵان و بەساڵاچووانەوە بەخۆوە بینیوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و کەش جێگیر دەبێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان لە زۆربەى کاتەکاندا ساماڵ دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور، پلەکانی گەرماش 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ شەممە، ئاسمان لە زۆربەى کاتەکاندا ساماڵ دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور، پلەکانی گەرماش 2 بۆ 3 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە.

سبەینێ بەرزترین پلەکانی گەرما بە پلەی سیلیزی بەم جۆرە دەبن:

هەولێر : 27  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 24 پلەی سیلیزی

دهۆک : 27  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 30 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 28 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 25 پلەی سیلیزی

سۆران : 26 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 12 پلەی سیلیزی

گەرمیان :33 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەشتیارێك لە سنوری پارێزگای بەسرە بە زیاتر لە چوار هەزار حەبی هۆشبەرەوە دەستگیر كرا.

دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئۆپراسیۆنێكدا بە هاوكاری بەشی تەكنیكی و بەشی ماددە هۆشبەرەكان لە دەروازەی سنوری شەلەمچە، گەشتیارێك دەستگیركراوە، كە بڕی چوار هەزار و 575 حەبی هۆشبەری لە ئامێرێكی كۆسەرەدا شاردبووەوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو گەشتیارە دەیویست ماددە هۆشبەرەکان بیگەیەنێتە ناو خاكی عیراق.

راشیگەیاندووە، تۆمەتبارەكە و كەلوپەلەكانی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەر و دەروونییەكانی بەسرە كراوە، رێكاری یاسایی بەرانبەر گیراوەتەبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت، سوپاكەیان پێشكەوتنی بەهێزی بەدەستهێناوە، هێزەكانیان بەسەر هەموو شتێكدا زاڵ بوون بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی وڵات.

ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی سوپای ئێران لە تاران رێوڕەسمێكی سەربازی بەڕێوەچوو، لە رێورەسمەكەدا مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە وتارێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دەتوانن لە ناوچەكەدا بەهێزەوە، بە ئاڕاستەی ئاشتی و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكان دیالۆگ بكەن.

وتیشی، ئەگەر هێزی سوپا نەبوایە، هەوڵی داگیركردنی وڵاتەكەیان و لەناوبردنی شۆڕش دەدرا، بەڵام دوژمن توانای هاتنە ناو سوپای نەبووە و نابێت.

راشیگەیاند، سوپاكەیان پێشكەوتنی بەهێزی بەدەستهێناوە لە بنیاتنانەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی وڵات، بە هێزی ئاسمانی و وشكانی و دەریایی،  بەسەر هەموو شتێكدا زاڵ بوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دادی عیراق ئازادكردنی نزیكەی دوو هەزار زیندانی راگەیاند كە بەر لێبوردنی گشتی كەوتوون.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی داد ئاشكرایكردووە، لەدوای جێبەجێكردنی هەمواری نوێی یاسای لێبوردنی گشتییەوە، دەستكراوە بە ئازادكردنی ئەو زیندانییانەی كە لێبوردنەكە دەیانگرێتەوە.

ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتەكە رایگەیاندووە، كۆی ئەو زیندانیانەی تا ئێستا ئازادكراون لە دوای جێبەجێكردنی هەمواری نوێی یاسای لێبوردنی گشتی لە 1ی ئادارەوە، گەیشتووەتە هەزار و 967 زیندانی، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی خالید شوانی وەزیری داد كە جەختی لەسەر بەرێوەچوونی پرۆسەكە كردووەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئەمەریكا رایگەیاند، بەندەری نەوتی رەئس عیسایان لە یەمەن خاپوور كردووە كە سەرچاوەیەكی گەورەی داهات بووە بۆ حوسییەكان.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا رایگەیاند، بەندەری نەوتی رەئس عیسایان تێكشكاندووە كە حوسییەكان لە یەمەن بەكاریاندەهێنا بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی و نەوت و ماوەی 10 ساڵە سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتیان بووە.

بەندەری رەئس عیسا یەكەم بەندەری یەمەنە كە ساڵی 1985 لە پارێزگای حودەیدە لەسەر دەریای سور دروستكراوە و رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە كراوە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە كەرتی غەززە، حوسییەكان سەدان هێرشی مووشەكییان لە دژی ئیسرائیل و كەشتییەكانی دەریای سوور ئەنجامداوەو ئەمریكاش لە 15ی ئاداری رابردوەوە بە بەردەوام پێگەكانیان بۆردومان دەكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7374757677...785