هەواڵەکانهەواڵەکان

"بافڵ جەلال تاڵەبانی" ئیدانەی پەلامارەکەی تیرۆریستانی داعشی کرد بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە لە سنوری کوڵەجۆ و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری شەھیدان کرد و ھیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، راشیگەیاند، بە نیگەرانییەوە لە چەندبارەبوونەوەی ئەو پەلامارە تیرۆریستیانە بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەڕوانێت و بۆ بەرپەرچدانەوەیان پێویستی زیاتریان بە پلان و بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بە تایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ روبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە ھەڕەشەی جدین بۆ سەر ئەو سنورانە.

داواشی کرد دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی و بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لە پێناو سەقامگیری و ئارامی زیاتر بەڕێوە ببرێن. 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند، جارێکی تر چەتەکانی داعش پەلامارێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە لە سنوری کوڵەجۆ و پۆلێک پێشمەرگە چوونە ریزی کاروانی پڕ لە سەروەری شەھیدان، وتیشی ئەو پەلامارانە دەیسەلمێنن کە ھێشتا مەترسی ئەو تیرۆریستانە ماوە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ھەماھەنگی زیاتر بکەن بۆ نەھێشتنی ئەو مەترسییانە و دزەکردنی تیرۆریستانی داعش، جەختیشی کردەوە لەوەی زۆر پێویستە کار بکرێت لەسەر بنبڕکردنی فیکری تیرۆریستی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ھاوکات وتیشی، پێویستە پەلە بکرێت لە کاراکردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی ھاوبەش لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە ھەماھەنگی ھێزەکانی ھاوپەیمان، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەیان راسپاردووە کە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەھێشتنی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە ھێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە "مەنبەج" لە ریفی "حەلەب" تەقیوەتەوە و بە ھۆیەوە ژن و منداڵێک کوژراون و ٥ کەسی تریش برینداربوون کە ئەندامانی ھێزی ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤان. 


ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە تیرۆریستی بووە و لەکاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا لە دەروازەی باشوری شارەکە روویداوە. 


 شاری "مەنبەج" زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن و لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤایە و ھێزەکانی سوریای دیموکرات تێیدا جێگیر کراون.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"د. رێواز فایەق" سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسی یەكسانی جێندەری و ستراتیژییەتی بەهێزكردنی پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چەند كەلێنێك لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان هەیە و داوای لە شارەزایانی ئامادەبووی كۆنفرانسەكە كرد بە تێبینی زانستی هاوكاری پەرلەمانی كوردستان بكەن بۆ نوسینەوە و هەمواركردنەوەی یاساكە لەپێناو كەمكردنەوە و رێگری لە حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە : 
شەوی رابردوو جارێکی تر چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ ھێرشیانکردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەھاناوەچوونی پێشمەرگەکان، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەھۆیەوە پێنج پێشمەرگە بەناوی(ئیبراھیم بارام - ئیسماعیل محەممەد -ئاراس سەمین -ئەمین حوسێن-نەبەرد سەعید) شەھیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
لێرەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئەم ھێرشانە کاری بەردەوامی تیرۆریستەکانە بۆ بە ئامانج گرتنی خەڵک و خاکەکەمان، بۆیە بەردەوام ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو مەترسییەک ئازایانە رووبەڕووی تیرۆریستەکان بوونەتەوە. داواکارین لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەلە بکەن لە رێکخستنەوەی لیوا ھاوبەشەکان و زیاتر گرنگی بدرێت بە ھەماھەنگی لیژنەی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان سۆپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، بۆئەوەی بۆشایی ئەمنی لەسەرجەم ھێلەکانی رووبەڕووبوونەوە پڕ بکەنەوە، تاکو تیرۆریستانی داعش زەفەر نەھێنن و ئەم رووداوە نەخوازراوانە دووبارە نەبنەوە.
لێرەدا وەکوو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە جارێکیتر ئیدانەی ھێرشەکە دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەس و کاری سەربەرزی شەھیدەکان دەکەین.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"زیاد محەمەد" برای گوهدار زێباری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گوهدار بەبێ تاوان لە دادگای هەولێر بڕیاری شەش ساڵ زیندانی دراوە و چەند مانگێكە نەگوازراوەتەوە بۆ چاكسازی گەوران و لە ئاسایشی گشتی هەولێر شەڕی دەرونی لەگەڵ دەستگیركراوانی بادینان دەكرێت. وتیشی، دوای ساڵێك و دوو مانگ بە گوهداریان راگەیاندووە كە كەیسەكەی لە ئاسایش تەواو بووە و پێویستە پۆلیس یەكلایی بكاتەوە بەڵام ئێستا ئاسایش و پۆلیس خۆیان بێ بەری دەكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"د. ڕەھێڵ فەرەیدون" بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو کە ناسراوە بە ئۆمیکرۆن، لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و ھەرکاتێک رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداریدا لەبارەی ھاتووچۆکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبوەتەوە، ئەوا رێکاری پێویست دەگرنەبەر، ھەروەھا بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن و کەرەنتینەکردنی ئەو کەسانە دەدرێت کە لەو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی وتیشی، رێکارەکانی خۆپارێزی لەم جۆرەی کۆرۆنا ھەمان رێکاری جۆرەکانی تری ڤایرۆسەکەیە و داوای لە ھاوڵاتیانیش کرد لە ئێستاوە رێکارەکان جێبەجێ بکەن و خۆیان بپارێزن. ھاوکات "ڕیاز عەبدولئەمیر" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیاند، ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە و دەشڵێت، پێشنیاریان کردووە گەشتکردن بۆ باشوری ئەفریقا و ئەو چەند وڵاتەی ئەوروپا قەدەغە بکرێت کە کۆرۆنای ئۆمیکرۆنیان تێدا بڵاوبووەتەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"عەلی فەتلاوی" سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، پشتیوانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سوربوونی لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکان، لە مێژووی جیھاندا رووی نەداوە و رووداوێکی دەگمەنە.

وتیشی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەیەوێت ئیرادەی ھێزە ناڕازییەکان تێکبشکێنێت و بەرپرسیارێتی شکستی پێکھێنانی حکومەت بخاتە ئەستۆیان و بە زۆر بە ئەنجامەکان رازییان بکات، وتیشی "جینین پلاسخارت" نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ھەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و بێدەنگکردنی لایەنە ناڕازییەکان دەدات."فەتلاوی" ئەوەشی وتووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بە تەواوی ھێزەکانییەوە دژی پیلانی "پلاسخارت" دەوەستنەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند،  یەکەی وێستگەی گازی گەرمیان و یەکەیەکی بەرھەمھێنانی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی خەبات دەکەونەوەکار، ھاوکات قۆناغی یەکەمی ھێڵی شەقڵاوە -سۆران تەواو بووە و زیاتر لە ٢٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ سۆران گواستراوەتەوە.

راشیگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا یەکەیەکی تری وێستگەی خەبات دەکەوێتەوەکار، لە ھەوڵیشدان بۆ گەڕاندنەوەی ھێڵی کارەبا لە تورکیاوە.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئێستا دەتوانن لە رۆژێکدا ٣٤٠٠ بۆ ٣٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەمبھێنن، بەڵام خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا ٥٠٠٠ مێگاواتی تێپەڕاندووە، بەو ھۆیەوە بە تێکڕا ١٤ سەعات کارەبا بە ھاوڵاتیان دراوە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 لە پانێڵەكەدا تیشك خرایە سەر جیاوازی جێندەر و ڕەگەز و كاریگەری یەكسانی جێندەری لەسەر بەرەوپێش چوونی ئەدای فەرمانگە حكومیەكان. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیکرد لە برونۆ ئەنتۆنیۆ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق وپێکەوە باسی دواپێشھاتە سیاسییەکان کرد و جەخت لەچارەسەر کردنی گرفتەکان لەڕێی گفتوگۆوە کرایەوە.

لەو دیدارەدا کە ئەمرۆ یەک شەممە ٢٨/١١/٢٠٢١ لەھەولێر بەڕێوەچوو و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و میکێلێ کامیرۆتا کۆنسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، باس لەدوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لەعێراق کرا بەتایبەت لەقۆناغی دوای بەرێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ، سەرباری خستنەڕووی کێشە و ئاستەنگەکان، پێویستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەرێی گفتوگۆوە دووپاتکرایەوە لەپێناو ھێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لەعێراق دا.

تاوتوێکردنی ئەو چاکسازییانەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرتویەتیەبەر تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، کە لەوبارەیەوە پشتیوانی و ھەماھەنگییەکانی کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیا لەھەرێمی کوردستان بەرزنرخێنرا.

لەبارەی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران کە لەئێستادا رای گشتی جیھانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، ھەردوولا دووپاتیانکردەوە کە پێویستە کاربکرێت تا کێشەی کۆچبەران نەک تەنیا لەسەر سنورەکان  بەڵکو لەسەر ئاستی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش چارەسەر بکرێت و کاربکرێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوری بەھێز کەتیایدا ئاستی بژێوی تاک زامن بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی یەکسانی جێندەری ستراتیژیەتی بەھێزکردنی پێگەی ژنان لە ھەرێمی کوردستاندا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، باوەڕم بە مافی ژنان ھەیە و پەشیمان نیم لەوەی وتومە پیاوبە توندوتیژی دژی ژنان رابگرە.


لەبارەی توندتیژی بەرامبەر کچان لە خۆ پیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ وتی، ئەو کچانەی لە خۆپیشاندانەکان برینداربوون لە بەر ئەوە نەبووە کە کچن، بەڵکو لەبەرئەوە بووە کە خۆپیشاندەر بوون و کچانی زانکۆ سەلماندیان بۆ داواکردنی مافەکانیان لەگەڵ کوڕان جیاوازییان نییە.


سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستانەوە لەلایەن خوێندکارانەوە رایگەیاند، بە ھەزاران خوێندکار رژاونەتە سەر شەقام و داواکاریان ھەیە، بەڵام لە بری ئەوەی لێیان نزیک ببینەوە لێیان تێبگەین، لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە تۆمەتباریان دەکەین بە سوکایەتیپێکردن بە ئاڵای کوردستان، بەبێ ئەوەی بە دوای راستی بابەتەکەدا بگەڕێن و ھێندەی تر خوێندکاران لە خۆمان توڕەتر دەکەین.


وتیشی، بۆیە بچوکترین شت کە ئێستا بکەین داوای لێبوردنە لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و سەرجەم خوێندکارانی زانکۆکانی تر بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو، کە لەئێمە زیاتر خەمی ئاڵای کوردستانیانە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ۲٨ی ۱۱ی ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەری سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال محەمەد، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن ھۆشمەند حیدر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و عەمید عوسمان محەمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانیی، بەشداری پرسەی ھاوخەمی شەھیدانی پەلامارە تیرۆریستیەکەی دوێنێ شەوی سەر ھێزەکانمان لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ کرد. 


لە میانی ئەو بەشداریانەدا، وەزیری پێشمەرگە، لەنزیکەوە، پرسەو سەرەخۆشی مەسڕور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی بەخانەوادەی سەربەرزی ئەو شەھیدە نەبەردانە گەیاند، ھاوکات خەمباری و نیگەرانی قوڵی وەزارەتی پێشمەرگەی بە خانەوادە و کەسوکارو ھاوسەنگەرانی ئەو پۆلە ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانانە راگەیاند، کە بەخوێنی ئاڵی خۆیان، بۆ پاراستنی سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان گیانیان بەخشی. ھیوای شیفای خێراشی بۆ بریندارانی ئەو رووداوە خواست. 


وەزیری پێشمەرگە، وتی، لە پەروەردگاری مەزن داواکارین جێگای ئەو قارەمانانە بەھەشت بێت و سەبووری وئارامی بە ئێمەو ھەمووان بداتەوە. 


لەمیانی لێدوانێکیشی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووپاتیدەکاتەوە، کە رێگە نادەین یەک دڵۆپی خوێنی ئەو شەھیدانە و تەواوی شەھیدانی رێی خەباتی ئازادی و پاراستنی ئاشتی و ئارامی کوردستان و ناوچەکە بەفیڕۆ بڕوات و بەتوندترین شێوە وەڵامی ئەو پەلامارەی تیرۆریستانی داعش دەدەینەوەو، لەتێکشکاندن و ھەڵتەکاندنیان لەرەگ و ریشەوە بەردەوام دەبین.


ئاماژەشی بەوەکرد، لەماوەی رابردوو چەندین جار ھۆشداریمان لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و فەراغی ئەمنی لەوناوچانە دابوو، پێشتریش داوامان لە سوپای عیراق کردبوو ھەنگاوەکان خێراتربکرێنەوە بۆ ھەماھەنگی و ئەرک بینینی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و دەیڤد ھەنت کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێم کۆبووەوە و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە لەسەر بنەمای دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لایەنە سیاسییەکان ھەرچی زووە دەست بکەن بە گفتوگۆی بنیاتنەر لەپێناوی پێکھێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە نوێنەرایەتی خواست و داواکاری ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بکات.


لەبارەی رەوشی سیاسی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردنەکان و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا،  لایەنە کوردستانییەکان بە بەرنامە و پلانی ھاوبەشەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەن بۆ گرەنتیکردنی ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...698699700701702...1004