ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، دوو کورسییەکەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی دوو)، و پارێزگای ھەولێر (بازنەی سێ) ئیستیحقاقی ڕەوای یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانن، کە ھەر ئیستیحقاقی کوردە و لە چوارچێوەی کورسییەکانی کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
وتەبێژی یەکێتی دەشڵێت، گێرانەوەی کورسییەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان دوای رەچاوکردنی تانە یاساییەکان و سەلماندنی ھەوڵی ساختەکاری (تزویر) کارێکی باشە و ئێمە پێشوازی لێ دەکەین.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکردەوە، سەعات ١٠ و ١٨ خولەکی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش پەلامارێکی ترسنۆکانەی خاڵێکی پاسەوانی ھێزەکانی پێشمەرگەیان لە سنووری فەوجی سێی لیوای ١٧ی پیادەیان لە سنوری قەزای کفری دا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھێزەکانی پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی پەلامارەکەیان دایەوە و تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و ئێستا رەوشی ناوچەکە لە ژێرکۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەیە.
ئیئتلافی وەتەنیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٥ رۆژە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی عێراق یەکلانەبوەتەوە و رێکارەکانی کۆمیسیۆنیش سەبارەت بە تانەکان شەفاف نەبووە و بە جدی وەرنەگیراون، وێستگە و ناوەندەکانیش بە باشی ژماردنەوەیان بۆ نەکراوە.
ئیئتلافەکە داواشی لە دەستەی دادوەری کردووە دەستوردان بکات و لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی مانگی رابردوو بکات.
ئیئتلافی وەتەنیە بە سەرۆکایەتی "ئەیاد عەلاوی" داواشیکردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بکرێت سەبارەت بە کەموکوڕییەکانیان، ھەر لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان تا کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان.
ھاوڵاتیانی لوبنان رایانگەیاند، دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەھۆی خراپی رەوشی ئابوری و تەندروستی و بەزربوونەوەی بەھای دۆلارەوەیە.
راشیانگەیاندووە، دەستیان کردوەتەوە بە گرتن و داخستنی رێگەکان و لەو رێیەوە فشار لەسەر لێپرسراوانی وڵاتەکەیان دروست دەکەن.
لیرەی لوبنانی زیاتر لە ٩٠٪ی بەھاکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە و لە چەند رۆژی رابردوودا یەک دۆلار بەرامبەر ٢٥ ھەزار لیرە بووە، لەکاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ھەزار و ٥٠٠ لیرە بووە.
بانکی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە، رەوشی ئابوری لوبنان خراپترینە لە مێژوودا و گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی وڵات لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە ھۆکارە.
مەحمود حەیانی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان یەکدەنگن و بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسیش پەیوەستە بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەوە، بەڵام بژاردەیەکی بەردەمیانە و بەدووری نازانن.
وتیشی، لە رۆژانی داھاتوودا چەندین پێشھات دێنە ئاراوە و چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامەکانن.
قەیس خەزعەلی سەرکردەی "عەسائیب ئەھل حەق"یش دەڵێت، ھەڵبژاردن ھۆکاری کێشەکانی ئەم دواییەی عێراقە و ھۆشداریدا لە خراپتربوونی رەوشەکە.
وتیشی، چەند گروپێک کۆنترۆڵی ناوەندەکانی ھەڵبژاردنیان کردوە و چاودێری قەوارە سیاسییەکانیان دەرکرد.
راشیگەیاند، گومانی ھەیە لە سیناریۆی حکومەت لەبارەی ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە جارێک دەوترێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و جارێکیش دەڵێن بە مووشەک بووە.
عەلی دۆلەمەڕی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا رایگەیاند، ئەو کەسانەی لەناو بەلەمەکەدا خنکان بە تەنھا کورد نەبوون، بەڵکو نەتەوەکانی تریشی تێدابوو وەک سودانی و لیبی و ئەفغانی.
راشیگەیاند، وەک نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم پەیوەندییان بە حکومەتی فەڕەنساوە کردوە لەسەر ناسنامەی ئەو کۆچبەرانەی لەو بەلەمەدا خنکان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کۆچبەرەکان ھیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە، ئەوەش پێویستی بەکات ھەیە بۆئەوەی پزیشکی دادوەری و پۆلیس زانیارییان بدەنێ.
داواش لە ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکات ئەگەر گومانیان ھەیە کەسوکاریان لەو بەلەمەدا بووە، پەیوەندییان پێوە بکەن و وێنەکانیان بۆ بنێرن تا بیدەن بە حکومەتی فەڕەنسا بۆئەوەی ناسنامەی خنکاوەکان ئاشکرا بکەن.
روونیشیکردەوە، وەک حکومەتی ھەرێم دەستوەرنادەنە کاروباری ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی دەچنە وڵاتانی تر، بەڵام ئەگەر بچنەلایان بۆ ھاوکاری، لە کارە یاساییەکاندا ھاوکارییان دەکەن.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ئۆمیکرۆن لە جیھاندا بەرزە و ھەڵسەنگاندنەکانیان سەبارەت بەو جۆرە نوێیە مەترسیدارە، داواشی لە ١٩٤ وڵاتە ئەندامەکەی ناو رێکخراوەکە کرد پێدانی ڤاکسین بەو کەسانەی مەترسییان لەسەرە خێراتر بکەن و پێداچوونەوە بە گەشتە نێودەوڵەتییەکانیشدا بکەن.
تەندروستی جیھانی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا گیانلەدەستدان بە ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە سەبارەت بە ئەگەری زاڵ بوونی ئەو ڤایرۆسە بەسەر ڤاکسین و ئەو بەرگرییەی دروستبووە، پێشبینی توشبوونی ئەو کەسانەش دەکات کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.
لێپرسراوانیش لە رێکخراوەکە رایانگەیاندووە، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ئەمڕۆوە کۆدەبنەوە سەبارەت بە ئۆمیکرۆن و چۆنێتی سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکان لە جیھاندا، کۆبوونەوەکەش لە "ژنێڤ" بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابووری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ی عێراق سکھەڵگوشین نابێت و جەختیش دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرھێنان و پلەی وەزیفی و دامەزراندنی ساڵانە بۆ کەرتی تەندروستی و کەرتەکانی تریش لەخۆدەگرێت.
وتیشی، گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت و ئابوری جیھان کاریگەری لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوو دەبێت، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدرێت کە پڕۆژە یاساکە کەمترین قەرزی تێدا بێت تەنھا بۆ پێویستی نەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرزبوونەوەی داھاتی نەوت رۆڵی خۆی دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو خوێندکارانەی لەگەڵ خێزانەکانیان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە و ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ ھەرێم، ھەر خوێندکارێک ئارەزووی ھەیە بگەڕێتەوە بۆ خوێندن، لە ھەر قۆناغێک بێت ماوەی دابڕانی لە خوێندن بە نەھاتوو ھەژمار ناکرێت و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و درێژە بە خوێندنی بدات.
لەبارەی نمرەکانیشیان ئاماژەی بەوەکرد، لە رێنوێنییەکی تایبەتدا رەوشی خوێندکارەکە لەبەرچاو دەگیرێت، بە مەرجێک پێش تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم پەیوەندی بە خوێندنگەکەیەوە بکات.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری کوردسات نیوز ئامادەی بوو رایگەیاند، ئامادەبوونی چین لە دانوستانەکانی ڤییەننا ھەنگاوێکی گرنگە و دەرگای گفتوگۆی وڵاتەکەشی لەسەر دۆسێی ئەتۆمی بۆ ھەمیشە کراوە نابێت، بۆیە پێویستە ئەمریکا ئەو دەرفەتانەی ئێستا ھەیە سودیان لێوەربگرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردسات لەبارەی پەلامارەکان ئەمدواییەی گرووپی تیرۆریستی داعش لە عێراق وتی، دەستی ئاشکرا و شاراوەش ھەیە بۆ جارێکی تر زیندووکردنەوەی داعش لە عێراق.
لە ھەولێر کۆنفرانسێک بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور بەڕێوەچوو، ڤالەنتینا عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری پلان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری ھەولێر بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، تا ئێستا مۆزەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان نییە و ئامانجی کۆنفرانسەکەش ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیانە بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان.
عەقید بەرزان ڕەزا بەڕێوەبەری ھۆبەی پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگە حەوت ھەزار و ٨٣٢ پلەدار و کارمەند پلەیان بەرزکرایەوە، ئەوانیش بەسەر دوو لیستدا دابەشکراون، لیستی یەکەم ٧ ھەزار و ٧٧٧ پلەدار و پێشمەرگەیە و لیستی دووەمیش ٥٥ پلەدار و پێشمەرگەیە.
وتیشی، لەئێستادا تەواوی ئەو کارمەند و پێشمەرگانە بەپێی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەکانیان دابەشکراوە بەسەر ھەردوو لیستدا.
ئاشکراشیکرد، ئامادەکارییەکانی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانیش لە قۆناغی کۆتاییدا و بڕیارە بەم نزیکانە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بکرێت.
بۆ ھەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و سەرووی بڕی ٥٥٠ ھەزار دینار وەردەگرن.
بۆ ھەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم بڕی ٤٥٠ ھەزار دینار وەردەگرن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە رۆژانی داھاتوودا لەسەر بودجەی حکومەتی ھەرێم و لە رێگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لە ئێران، دەست دەکەن بە ناردنی ٥٣ بەرکەوتەی چەکی کیمیایی.
بۆ زانیاری لەسەر چۆنێتی ناردنە دەرەوەشیان، تەندروستی ھەڵەبجە رایگەیاند، رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە و بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە بکەن.
نزیکەی دوو ساڵە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگرتنی گەشتی ئاسمانی و قەیرانە بەردەوامەکان، بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی نەنێردراونەتە دەرەوەی وڵات و لە رەوشێکی خراپدا بوون.
شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان گەندەڵییەکی گەورەی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، حکومەت لێدانی ستیکەری دەرمان دەداتە کەرتی تایبەت لە کاتێکدا پێشتر ئەرکی وەزارەتی تەندروستی بوو.
وتیشی، بەپێدانی ستیکەری دەرمان بەکەرتی تایبەت، ھەر دەرمانێک سێ بۆ چوار ھەزار دینار گران دەبێت و ئەوەش دەبێتە بارگرانییەکی تر بۆ سەر ھاووڵاتیان.
داواشیکرد، ھەموو ئەوانەی لە پشت ئەو کارەوەن ببرێنە بەردەم یاسا و دادگا.