ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی مەڵبەندەکە خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێدرا، بە ھۆکاری ئەوەی ئەو کارمەندانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکانە و لەخۆبوردوانە ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ڕاپەڕاندووە.
بە شێوەیەکی گشتیش بودجەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢٢ زیادکراوە و لە ٢١٣ ترلیۆن ڕیاڵەوە گەیەندراوەتە ٣٣٩ ترلیۆن ڕیاڵ، بڕی ٩٥٥ ترلیۆن ڕیاڵیش کە دەکاتە ٢٢ ملیار دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری و ٧ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار ڕیاڵیش بۆ خەرجییەکانی سەربازگەی "خاتم الانبیا" ی بەرگری ئاسمانی تەرخان کراوە.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی رۆژی جیھانی کۆچبەران رایگەیاند، لەماوەی ٧ ساڵدا ٤٧٧ کۆچبەر لە رێگەی کۆچدا بوون بەقوربانی، داواشی لە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد ھەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و ژیانێکی تەندروست و شایستە بۆ ھاووڵاتیان دابین بکەن بۆئەوەی چیتر نەبنە قوربانی لەرێگەی کۆچدا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە مووچەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی کارەبا دابەش دەکرێت.
وتیشی، دووشەممە ٢٠٢١/١٢/٢٠ مووچەی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی پەرڵەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و خاندنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاند، رۆژی سێ شەممە ٢٠٢١/١٢/٢١ مووچەی مانگی ١١ی خانەنشینی شارستانی دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو جۆرە کۆتای بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ دێت.
ئاسۆ مستەفا بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، بەھۆی ھەورە بروسکەوە لە ناحیەی تەقتەق ھاوڵاتییەک گیانی لەدەستداوە، زیانی ماددی زۆریش بە پڕۆژەکانی ھاوڵاتیان و حکومەتیش گەیشتووە.
وتیشی، بەھۆی لافاوەکەوە نزیکەی ١٠ حەوزی بەخێوکردنی ماسی لەناوچوون و دوو بەنداویش ئاوبردویەتی.
ژان کاستێکس سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت مانگی داھاتوو و دەستپێکی ساڵی نوێ خراپترین کات بێت بۆ بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن لە جیھاندا.
وتیشی، ئۆمیکرۆن بەخێراییەکی زۆر لە ئەوروپا لە تەشەنەسەندندایە و سنوردارکردنی گەشتەکانی نێوان بەریتانیا و فەڕەنساش بەشێکە لەو بڕیارانەی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو شەپۆلە نوێیەی کۆرۆنا گیراونەتەبەر.
ئاشکراشیکرد، پلانیان ھەیە لە ساڵی نوێدا رێکاری نوێ بۆ فراونکردنی کوتان و روبەڕوبوونەوەی ئۆمیکرۆن بگرنەبەر.
تائێستا زۆرترین حاڵەتی توشبون بە ئۆمیکرۆن لە ئەوروپا، لە بەریتانیا تۆمارکراوە کە ١٥ ھەزار توشبووە.
بەپێی ھەواڵێکی تەلەفیزیۆنی ھەبەر تورک، لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا ٤٧ کەس بەھۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە و ژەھراویبوو گیانیان لەدەستداوە کە ٢٢ کەسیان لە شاری ئیستەنبوڵ بوون و ١٣ کەسی دیکەشیان لە شارەکانی دیکەی تورکیا بوون.
بەپێی ھەواڵەکە تەنھا لە ئیستەنبوڵ ٢٢ کەسی دیکە لەژێر چاودێری چڕدان و ئەگەر ھەیە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەرز ببێتەوە.
ئەو کەسانەی خواردنەوەکەیان بەکارھێناوە ھەستیان بە سەرسوڕان و سەرێشە و لاوازی بینین کردووە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سبەی یەکشەممە دەوام ئاساییە لە سنووری پەروەردەی دەشتی ھەولێر، جگە لە خوێندنگەکانی سنووری دارەتوو و قوشتەپە.
راشیگەیاندووە، ڕۆژی دووشەممە دەوام ئاسایی دەبێتەوە لە سەرجەم خوێندنگەکانی سنووری پەرورەدەی دەشتی ھەولێر.
دەقی پەیامەکە...
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە
بە داخێکی زۆرەوە، بە ھۆی بارانی بەخوڕ و بەھێزی دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ، لافاو لە چەند گوند و ناوچەیەکی شاری ھەولێر دروست بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ھاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و زیانێکی زۆری ماددیشی لێ کەوتووەتەوە. پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەم و ھاوخەمیانم. خوای مەزن گیانیان بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی .
دەزگا پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپاردووە، کە بە پەلە بە ھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت، بۆ ھاوکاریکردنیان و دانبینکردنی پێداویستییەکانیان ئەنجامی بدەن .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
بەشی پێشبینی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە لە باکوری پارێزگای ھەولێر ٨٣ ملم و لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر ٥٩ ملیم و لە باشوری پارێزگای ھەولێ ٧٧ ملم باران باریووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین رێژەی باران بارین لە پیرمام بووە کە ٨٣ ملم باریووە لە ماوەی ١٢ سەعاتی رابردوو.
دەقی بروسکەکە…
بەداخەوە بەھۆی کاریگەری ئەو شەپۆلی باران و لافاوەی کەلەدوێنێ شەوەوە سنوری پارێزگای ھەولێری گرتۆتەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و زیانێکی زۆریش بەماڵ و موڵکی ھاوڵاتیان گەیشتووە.
لەکاتێکدا غەمباری و ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە سروشتییەدا دەردەبڕین، وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ھەوڵەکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ بەھاناوەچوونی لێقەوماوان و ھەموو ئەوانەی بەھۆی کاریگەرییەکانی ھێزی سروشتەوە رووبەڕووی زیان بونەتەوە.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی قوربانییان، جەختی لەوە کردەوە کە لایەنە پەیوەندار و دەزگا حکوومییەکان، خێرا و بە پلەی یەکەم کار بۆ ڕزگارکردنی گیانی ھاوڵاتییان بکەن و ھەرچی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بە ھانای لێقەوماوانەوە بچن و ھاوکارییان بکرێت، نەخۆشخانەکانیش لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ پێشوازیکرن لە قوربانییان و چارەسەرکردنیان.
لای خۆیەوە پارێزگاری ھەولێر دووپاتی کردەوە کە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەکان لەکاردان و بەردەوام بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکان دەکەن و کاری پێویست ئەنجام دەدەن.
بەشی پێشبینی
١٧-١٢-٢٠٢١
پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی قوڵی خۆمان ئاڕاستەی ئەو کەسوکار و ئازیزانەمان دەکەین کە بەھۆی کاریگەری کەشوھەوا و باران و لافاو کە ھەولێری گرتۆتەوە گیانیان لەدەستدا، لەخوای گەورە داواکارین لە بەھەشتی بەرین جێیان بکاتەوە و دڵئارامیش بە ھەموولایەک ببەخشێت.
غەمباریشین بەھۆی ئەم کارەساتە سروشتییەوە زیانێکی زۆری مادی بە ماڵ و موڵکی خەڵک گەیشتووە، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی ھەموو ھاوکاری و پشتیوانییەکین بۆ بەھاناوەچوون و بەدەنگەوەھاتنی لێقەوماوان و ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.
خزمەتکردنی ھەولێر و ھەولێرییەکان بەئەرکی خۆمان دەزانین و ھاوسۆزین لەگەڵ کەسوکارەکانمان لەم رۆژەدا، بەوھیوایەی ھەموولایەک پارێزراوبن و دووربن لە ناخۆشی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٧ی ١٢ی ٢٠٢١ - دەباشان
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە سەعات چواری بەیانیەوە تیمەکان فریای ڕوداووی لافاو کەوتونە، لە حەوت گەڕەک و شوێنی جیاجیای ھەولێر .
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی فریاگوزاری تەندروستی چارەسەری نەخۆشانی کارەساتی لافاو دەکەن و چوار نەخۆشخانەی گەڕۆک لەکاردان بۆ چارەسەری مەیدانی.
وەزیری تەندروستی ھەرێم ئاشکراشیکردووە، تا ئێستا شەش تەرم ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە و دوو بریندار ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە.
دەقی پەیامەکە...
زۆر بەداخەوە کە شەوی ڕابردوو، بەھۆی بەرزیی ڕێژەی بارانبارینەوە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر ژێرئاو کەوتن و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر خەڵکی ئەم گەڕەکە ھەژارنشینانە کەوت.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕِای نیگەرانی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵھەژێنانە و ھاوبەشیی خەمی کەسوکاری قوربانیان، لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین کە بە زووترین کات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بکەن، کە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێکدا، ھاوکات پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونێکی جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، بە تایبەت کە ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی ئاو تێیدا، بۆیە پێویستە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕابگیرێت و لە خزمەتی گەشەکردنی شار و ژێرخانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان ئاراستە بکرێت و کەسانێکی شارەزای دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پیشەییانە پلانی گەشەکردنی بیناسازیی شار دابنێن، بەجۆرێک ئارامی و دڵنیایی بە ھەموو چین و توێژەکان ببەخشێت نەک گەڕەکە ھەژارنشینەکان دوودڵ بن لەوەی نزا بکەن تەنانەت خوای گەورە بە ڕەحمەتی باران بەسەریان بکاتەوە.
د. ڕێواز فایق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/١٢/١٧